بڕوام نەبوو وازوو بڕۆیت
شۆخان شەریف
بڕوام نەبوو وازوو بڕۆیت، بڕواشم نەبوو بتوانم لەدوای تۆ
بژیم، ئەی چۆن ئێستا بۆ یادی سێ ساڵەت ئەنووسم؟ پرسیارێکە کە وەڵامەکەی هەموو رۆژێک
بەشێوەیەکی جیاواز خۆیم پیشان دەدات.
من ئەو ژنەم کە پێموابوو بێ هێزترین بونەوەری ئەم دنیایەم
گەر تۆ لەناو ماڵەکەمدا نەبیت، کەچی نەمزانی روح لەگەڵ کاریزمادا رێ ناکات. ئەوە سێ
ساڵە تۆ بە روح و بە جەستە لەگەڵ ئێمە نەبوویت کەچی تۆ بەشێکی دانەبڕاوی لە هێزو
ورەی خۆڕاگری و کاریزمای تۆ هەموو رۆژێک پەروەردەم دەکاتەوە.
بروام نەبوو ئەم رۆشتنە ئاوا پەروەردەم
بکاتەوە کە لەنێوان گریان و کوڕوزانەوە ژیان و هیوا هەڵبژێرم.
گرتنەبەری رێگای ژیان و هیوا پڕ لە مەشاق و سەختی بوو، بە
پشتی شکاوەوە، بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە، بە یادو یادەوەرییە شیرینەکانتەوە دەکەوتم
و گەورەیی کاریزمای تۆ جارێکیتر هەڵیدەسانمەوە.
ئازیزی دڵەکەی من، هاوسەرە دڵسۆزەکەم، باوکە باشەکەی مناڵەکانم
یادەکانی تۆم بە توندی لە باوەش گرتوون، تۆ دەبێت بۆ هەمیشە لەماڵەکەماندا بە زیندوویی
بمێنیتەوە.
پێموابوو چرای ماڵەکەم بۆ ئەبەد کوژاوەتەوە، سوپاس کە هێندە
جوانیت لەجیاتی خۆت بەجێ هێشت کە هەر رۆژە و یەکێک لەو جوانیانە دەبێتە ئەستێرەیەکی
گەشاوەی ماڵەکەمان.
ماڵەکەمان بە دەنگی قاقا و پێکەنین و گاڵتەو گەپی کچە
جوانەکانمان قەرەباڵغ بووە، ئەم دوو کچە نازدارە لە ئێستاوە نموونەی پاکی و میهرەبانییەکی
بێ وێنەن لە چەشنی تۆ، دڵنیام هەزاران مناڵی دیکە ئێستا دەخوازن لەجێی ئەمان بان نەک
کچی باوکێکی جەلاد.
بەردەوامین لەسەر گەورەکردن و پەروەردەکردنی کچە جوانەکانمان.
من لەم کارەدا بەتەنیا نیم تەتول و پورو مام و خاڵ و کەسوکارو هاوڕێ دڵسۆزەکانی تۆم
لەگەڵدایە، گەڕەک و کۆمەڵگەیەکی بەرپرس ودڵسۆزم لەگەڵدایە. لە هەر کوێ بم و لەهەر
بارودۆخێکدا پێویستیم بە یارمەتی هەبێت دەست لەسەر سنگ بۆ یادو وەک وەفایەک بۆ گەورەیی
و دڵسۆزی و جوانییەکانی تۆ هەموان لە سەر خەتن. ئای چەند سوپاسگوزاری ئەو هەموو
باشی و چاکەیەی دەوروبەرەکەمم.
ئەم ساڵیادە دەکەمە دەرفەتێک بۆ هاندان و بەخشینی ئومێد
بەو ژنانەی کە وەک من هاوسەرەکانیان لەدەستدا، مەبەستمە بڵێم بەهێز بن، رەنگە ئەمە
جوانترین دیاری بێت بۆ ئاسودەکردنی روحی ئازیزە کۆچکردووەکانمان.
PM:04:55:05/12/2024
ئهم بابهته 9800
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی