بەبۆنەی چالاکی 15 ڕۆژ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندویژی دژ بە ژنان
کاوە محمود
ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەك بەشێك لە ئەركی چەپی كوردستانی
بەشی یەكەم
دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە هۆی مێبوونی، دیاردەیەكی جیهانییەو بە شێوازی جۆراجۆر ئەنجامدەدرێت. هەرچەندە ئەم دیاردەیە هەر لە سەرەتای بوونیەوە جیهانیبووە، بەڵام بایەخدانی پێی بەتایبەتی لەلایەن بزووتنەوەی فێمینیستی لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابووردووە دەستیپێكردوەو، بە رژدی جەخت لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی مافەكانی ژنان بە بابەتەكانی مافی مرۆڤەوە كرایەوەو، بەم جۆرە توندوتیژی دژ بە ژنان بە پێشێلكردنێكی زەقی مافە سەرەكییەكانی دانرا.
لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابووردوو تا ئێستا چەندین كۆڕی نێودەوڵەتیو توێژینەوەو لێكۆڵینەوە سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنانو منداڵان ئەنجامدراوەو، ئەمەش لەگەڵ بوونی فشاری ڕێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافو ئازادی ژنان، هۆكاری ئاراستەی داڕشتنی یاساكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو.
لەژێر درووشمی (یەكسانی، گەشەپێدان، ئاشتی) نەتەوە یەكگرتووەكانی ساڵی 1975 بە ساڵی نێودەوڵەتی ژنان داناو، تا ئێستاش نەتەوە یەكگرتووەكان چوار كۆنگرەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی دۆزی ژن ئەنجامداوە. كۆنگرەی مەكسیك لە ساڵی 1975، كۆنگرەی كۆبنهاگن لە ساڵی 1980، كۆنگرەی نیرۆبی لە ساڵی 1985و، كۆنگرەی بێجین لە ساڵی 1995، كە تیایدا بەرنامەی كارو ڕاگەیاندنی بێجین، كە گرنگیەكی جیهانی هەیە بڕیاردرا.
پێناسەی توندتیژی
كۆنگرەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، كە لە ساڵی 1993 لە ڤییەنا بەسترا، لە ڕاگەیاندنو بەرنامەی كاركردنیدا، بابەتی توندوتیژیو جیاكاریی دژ بە ژنانی بەیەكتر گرێدا. لە بەندی 38ی ڕاگەیاندنی ئەو كۆنگرەیە، كە لەژێر ناونیشانی یەكسانی لە ناوەندەكانی بڕیارو مافی مرۆیی ژنان هاتووە: دیاردەكانی توندوتیژی بریتین لە هەرەسانی سێكسیو ئیستغلالی سێكسی بە وابەستەیی بە جیاكاری بە هۆی ڕەگەزو دەمارگیریو توندوتیژی.
لەو بڕگەیەدا هاتووە: گۆنگرەی جیهانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەكی تایبەت جەخت لەسەر گرنگی كاركردن لە پێناوی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكاتەوە لە بوارەكانی ژیانی گشتیو تایبەتو، قەڵاچۆكردنی سەرجەم شێوازەكانی هەراسانو ئیستغلالكردنی سیكسیو بازرگانی بە ژنانو، نەهێشتنی جیاكاری لە سەر بنەمای ڕەگەزو لە بواری دادگاداو، نەهێشتنی هەر بەركەوتنێك، كە بە هۆی پاراستنی مافی ژنان لە لایەكو لێكەوتە زیانبەخشەكانی هەندێ لەو كارو ڕەفتارانی پەیوەندییان بە بەها كۆنەكانو، ئەوانەی پەیوەندییان بە دابونەریتو توندڕەوی كەلتووریو توندوتیژی ئایینەوە هەیە.
فەرهەنگی ڕاندۆم هاوس Random House Dictionary)) ئاماژە بەوە دەكات، كە چەمكی توندوتیژی سێ بابەتی سەرەكی دەگرێتەخۆ، كە ئەمانەن: توندی، ئازاردان، بەكارهێنانی هێزی ماددی، بەڵام ئەم بۆچوونە دواتر بەكارهێنانی هێزی مەعنەویشی گرتەوە.
لە ئینسایكلۆبیدیا ( Universal ) هاتووە: چەمكی توندوتیژی مانای هەر كارێكی توندوتیژییە، كە لە ڕێگای ئاخافتن یان كردەوە، لە لایەن تاك یان كۆمەڵێك دژ بە تاكێك یان كۆمەڵێك ئەنجامبدرێت، كە تیایدا هێزی مادی یان مەعنەوی بەكاربێت.
ئەگەر بمانەوێ ئەم پێناسەیە بۆ توندوتیژی لە بواری خێزاندا بەكاریبهێنین، ئەوا توندوتیژی خێزانی ( شێوازێكە لە ڕەفتاری دەستدرێژی، كە لە ئاكامی پەیوەندی نابەرامبەرو ناهاوسەنگ لە چوارچێوەی سیستمی دابەشكردنی كار نێوان ژنو پیاو لە خێزانداو، درووستدەبێتو ڕۆڵو شوێنی هەر تاكێكی خێزان لە چوارچێوەی سیستمی ئابووری ـ كۆمەڵایەتی باو لە كۆمەڵگادا، دەستنیشان دەكات.
لە بەڵگەنامەی چوارەمین كۆنگرەی جیهانی ژنان ساڵی 1995 لە بێجین هاتووە ( توندوتیژی دژ بە ژنان هەر توندوتیژییەكە یان هەڕەشەكردنە بە توندوتیژی، كە وابەست بە جۆری ڕەگەزەوە بێت، كە بێگومان دەبێتە هۆكاری زیانگەیاندنی گیانی یان سیكسی یان دەروونی یان ئازاریك بە ژنو، بە خورتی ئازادییەكانی زەوتدەكاتو، جیاوازیش نییە ئەگەر ئەو كارە لە پانتاییەكی گشتی یان لە ژیانی تایبەتییدا بكرێت.
لە ڕاگەیاندنی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە دیسەمبەری 1993 پەسەندكراوەو سەرجەم دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم پێناسەیەیان بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان پەسەندكرد:
دەستەواژەی توندوتیژی دژ بە ژنان ( هەر كارێكی توندوتیژییە لەسەر بنەمای ڕەگەز، كە لە ئاكامیدا ئەگەری درووستبوونی ئازارێك یان زیانێكی گیانیو سێكسیو دەروونی بە ژن بگەیەنێتو، بە هەمان شێوە هەڕەشەكردن بە ئەنجامدانی ئەم كارەو، بە زۆر ناچاركردن ژنو بەخورتی زەوتكردنی ئازادییەكانی بە توندوتیژی دەژمێردرێت ئەگەر لە ڕەوشی گشتی یان لە ژیانی تایبەتدا ئەنجام بدرێت.
ڕاگەیاندنەكە باس لەوە دەكات، كە چەمكی توندوتیژی دژ بە ژن ئەم جۆرانەی خوارەوە دەگرێتەوە، بەڵام بێ ئەوەی تەنها ئەو جۆرانە بێت.
جۆرەكانی توندوتیژی ئەمانەن:
ـ توندونیژی جەستەییو سێكسیو دەروونی لە چوارچێوەی خێزان، كە لێدانی توندو دەستدرێژی سێكسی منداڵی مێیینەی نێو خێزانو توندوتیژی تایبەت بە مارەییو، بە زۆر سەرجێی لە چوارچێوەی خێزانو برینی ئەندامی سیكسی مێیینە دەگرێتەوەو، جگە لە ڕەفتارە نەریتییە ئازاربەخشەكان دژ بە ژنو، توندوتیژی دژ بە ژن لە دەرەوەی بازنەی خێزانو سەرجەم ئەو توندوتیژییانەی وابەستن بە ئیستغلالكردنی.
ـ توندوتیژی جەستەییو سێكسیو دەروونی، كە لە چوارچێوەی گشتی كۆمەڵگا ئەنجامدەدرێت، بە لاقەكردنو زیانگەیاندنی سێكسیو تۆقاندنو هەرەسانكردنی سێكسی لە شوێنی كارو دامەزراوە فێركارییەكانو هیدیكە، جگە لە بازرگانیكردن بە ژنانو ناچاركردنیان بە لەشفرۆشی.
ـ توندوتیژی جەستەییو سێكسیو دەروونی، كە دەوڵەت ئەنجامی دەدات یان چاویلێدەنوقێنێت.
ـ ئەم شێوازانەی خوارەوەش لە توندوتیژی جۆرێكە لە پێشێلكردنی مافە مرۆییەكانی ژنان:
1ـ توندوتیژی دژ بە ژنان لە كاتی شەڕی چەكداریو، ئەو توندوتیژییەی دژ بە ژنانی كۆچبەرو پەنابەر دەكرێت.
2ـ ئەو ژنانەی لە ناوەندەكانی دەسەڵاتی كۆمەڵایەتیو ئابووریو سیاسی دووردەخرێنەوە.
3ـ حاڵەتەكانی ناچاریكردن بە نزۆكیو ڕێگرتن لە دووگیانیو، كوشتنی كۆرپەلەی كچو بژاردەكردنی ڕەگەزی كۆرپەلە پێش لە دایكبوونی.
4ـ هەڕشەكردن بە ئەنجامدانی توندوتیژی لە نێو ماڵ یان لە نێو كۆمەڵگا بە گشتی.
بەم جۆرەو بە پێی ئەم ئاماژانە بۆ پێناسەكردنی توندوتیژیو جۆرەكانی داوا لە سەرجەم حكومەتو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكرێت، كە بایەخ بە مەسەلەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەك بەشێك لە رێزگرتنیان بۆ جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بدەن.
شایانی باسە لە سێیەمین بڕگەی ماددەی یەكەمی قانونی ڕووبەرووبونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە 8ی ساڵی 2011دا هاتووە:
توندوتیژی خێزانی: هەموو كردارێك یان وتەیەك یان هەڕەشەكردنێكە لەسەر بنچینەی جۆری كۆمەڵایەتی، كە لەچوارچێوەی ئەو پەیوەندیە خێزانییەدا ئەنجامبدرێت، كە لەسەر بنچینەی هاوسەرگیریو خزمایەتی تاكو پلە چوارو، ئەو تاكەی بە یاسا خراوەتە پاڵ خێزان، بنیات نراوەو، ئەشێت لەڕووی جەستەییو سێكسیو دەروونیو لە بواری زەوتكردنی مافەكانو ئازادیەكاندا زیان بگەیەنێت.
بەم جۆرە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە تێڕوانینێكی فراوانەوە دەڕوانێتە پێناسەكردنی توندوتیژی بە بەستنەوەی بە چەمكی جۆری كۆمەڵایەتیو بەو پێیەی كارێكی زیانبەخشە، كە ئاراستەی تاكێك بان كۆمەڵێك لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی دەكرێتو، ڕەگوڕیشەی ئەم توندوتیژەیەش بۆ نایەكسانی لە بواری جۆری كۆمەڵایەتیو بەخراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتو بوونی عورفی زیانبەخش دەگەڕێتەوەو، لەوانەشە كۆڕێشكو پیاوانیش بگرێتەوە.
بەشی دووەم
جۆرەكانی توندوتیژی
1ـ توندوتیژی خێزانی: واتە لێدانو سوكایەتكردن بە ژنو منداڵ بە شێوازی جۆراجۆرو لاقەكردن بە ژنی مەحرەمی نێوخێزانو شێوازی دیكەی توندوتیژیو ئازاردان، كە لە كۆمەڵگای پیاوسالاریدا بە هۆی بوونی دەسەڵاتو هەژموونی پیاو، مێرد، كوڕ، باوك یان برا ئەنجامدەدرێت.
لە كۆمەڵگای پیاوسالاریدا هەردەم نێرینە لە ژیانی ڕۆژانەیدا بیانووی ئامادەكراو بۆ لێدانو ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ژن دەهێنێتەوەو، لە كۆتاییشدا هەردەم ژن بە تاوانبار دەزانێتو، پێی وایە ئەو ڕێگای "ڕاستكردنەوەی" ڕەفتاری ژنەو مەبەستی ڕاستەقینەشی كۆنتڕۆڵكردن ژنو خۆسەپاندنە. هەر لەم بوارەشدا پیاو چەندین بیانووی قانونیو شەرعی بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی بەكاردەهێنێت، جگە لە بیانووی كۆمەڵایەتیو كەلتووری، لەوانە:" ژنەكەی نەخۆێندەوارو نەزانەو لە قسەو ئامۆژگارییەكانی دەردەچێتو ماڵداری نازانێتو دایكێكی باش نییە"، كە تێكڕای ئەم بابەتانە بیانووی پێشوەختو ئامادەكراوە.هاوكات لەگەڵ ئەم ئاراستەیەدا لێدانی ژنو منداڵ بە مەبەستی تەمیكردنی لە یاسای سزادانی بەشێكی زۆری وڵاتە ئیسلامییەكاندا ڕەوایەو لە قانونی سزادانی عێراقی پیاو بەرپرسیاری یاسایی ناكەوێتە ئەستۆی ئەگەر لێدان بۆ ژنو منداڵی خۆی بە مەبەستی تەمیكردنی بەكاربهێنێت.
بە شێوەیكی مێژوویی بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان دیاردەیەكە پاشخانی میژووی هەیەو، لە بواری توێژینەوە ئەنسرۆپۆلۆجیدا پەیوەندی بە دابەشكردنی كار بە شێوەیەكی مێژووییو گواستنەوە لە كۆمەڵگای ژنسالاریەوە بۆ پیاوسالاریو پەرەسەندنی چەمكی موڵكداریەوە هەیەو، لە ئاكامیدا پیاو ئاغاو سەروەربووەو ژنی بە بەشێك لە سامانی خۆی داناوەو، خۆی بە خاوەنی ژن داناوە، كە مافی هەیە بە هەر شێوەیەك بیەوەێ مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
لە ئاكامی پەرەسەندنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیو پەرەسەندنی سەرمایەداری، گۆڕانكاری لە بابەتی دابەشكردنی كار نێوان هەردوو ڕگەز لە كۆمەڵگادا بەتایبەتی لە كۆمەڵگە ڕاگوزارەكان گۆڕانكاری بەسەرداهاتو، لە ئاكامی گۆڕانكارییەكان ژنان توانییان پلەوپایەی باڵاو پیشەی گرنگ لە كۆمەڵگادا بەدەستبهێننو، ئەمەش جێگای قایلنەبوونی پیاو بوو، چونكە پێی وابوو هەڕەشە لە دەسەڵاتو هەژموونو تەنانەت كاریگەریبوونی لە كۆمەڵگادا دەكات.
لە عێڕاقدا هۆكاری بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان زۆرن. بەشێك لەو هۆكارانە بۆ سیاسەتەكانی سەردەمی دیكتاتۆری دەگەڕێتەوە، جگە لە نەبوونی سەقامگیربوون بۆ نەریتو بەهای دیموكراسیو مەدەنی لە كۆمەڵگاو بنیاتنانی پەیوەندییەكان نێوان و هێزو لایەنە سیاسییەكاندا لەسەر بنەمای هێزو ڕەتكردنەوەی یەكترو، بەم جۆرە زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بابەتی قەیرانی ئازادییەكانی نێو كۆمەڵگادا هەیە.
هۆكاری ئابووری ڕۆڵی بەرچاو بۆ فراوانبوونی دیاردەر توندوتیژی لە چوارچێوەی خێزاندا دەبینێتەوە. خراپبوونی ئاستی بژێویو تێرنەكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانو تەسكبوونەوەی بواری كاركردن بۆ پیاوان هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەو گرفتی نێوخێزانە، كە زۆر جار بە توندوتیژی و لێدانی ژن كۆتایی دێت.
شێوازەكانی توندوتیژی خێزانی دژ بە ژن زۆرن، لەوانە: جنێودانو سوكایەتیكردنو لێدانو لە ماڵدەركردنو كوشتن. بەشێك لە هۆكارەكانی دیكەی لێدانی ژن بۆ هەندێ هۆكاری دیكە دەگەرَێتەوە لەوانە: دەستبەسەرگرتنی سامانو داهاتو ناچاركردنی بۆ وازهێنان لە مافە ئابوورییەكان لەو ڕوانگەیەوە، كە پیاو خاوەنی سامانی خێزانە.
بەشێك لە هۆكارە كەلتوورییەكانی فراوانبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریو لاوازی ئاستی زانستی میتۆدو وانەكانی خوێندن دەگەڕێتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا لە بازاڕو كتێبخانەكاندا سەدان كتێب بە نرخێكی هەرزان بە هۆی كۆمەكی لایەنی ئیسلامی سیاسیەوە لە چاپكردنیدا دەفڕۆشرێت، كە بانگەشە دەكات: بۆ كەمیو نزمبوونی ئاستی ژنو بیرۆكەی درووستبوونی ژن لە پەراسوییەكی گێڕی پیاو و، عەقڵو ئایینی ژن كەمەو، هەر ژنو پیاوێك بە تەنها بن شەیتان سێیەمیانەو دەپێ ژن لە ماڵەوە بێت و پێ ڕەزامەندی پیاوەكەی لە ماڵ دەرنەچێتو ناكرێ بە تەنها سەفەر بكات.
ئەم هۆكارانە بوو بە هۆی بەرهەمهێنانەوەی كەلتوورێكی پۆپۆلیستی كە ژن بەردەوام ملكەچی پیاو و پرۆژەیەك بۆ ئەنجامدانی گوناهكاری بێت.
هەندێ جار دەزگاكانی میدیاو ڕاگەیاندن بە مەبەستو هەندێ جاریش بێ مەبەست بەشداری لە سەقامگیركردنی كەلتووری بەكەمتەماشاكردنی ژنان دەكەن. لە بەشێكی زۆری زنجیرە تەلەفزیونییەكاندا ڕچاوی ئەوە دەكرێت كەسایەتی ژن لاوازەو پیاو لە خشتەدەباتو، ئەگەر باس لە ژنێكی سەركەوتوو لە ژیانی گشتی كۆمەڵدا بكرێت، ئەوا وا دەخرێتە ڕوو، كە لە ژیانی خێزانیدا سەركەوتوو نەبووە، جگە لەو كەلتوورو دابونەریتەی پەیوەندی بە پەروەردەكردنی نێو خێزان و جیاكاری نێوان منداڵی كوڕو كچەوە هەیە.
سەرجەم ئەم هۆكارانەی ئاماژەی پێكراوە بە ئاراستەی گۆمانخستنە سەر كەسایەتیو تواناو وزەی ژنەو لە بواری بەشداریكردنی لە ژیانی گشتی كۆمەڵگادا بەكاردەهێنرێت.
سەرەڕای ئەم هۆكارانەی ئاماژەمان پێكردن، ئاراستەی كۆمەڵگایەك بەروە مەدەنیبوونو خوازیاری پێشكەوتن بێت، پێویستی بە توێژینەوەی مەیدانیو ئامار هەیە، تیایدا پرسیارە ئاڵۆزو گرنگەكان، كە پەیوەندییان بە ڕەوشی گشتیو ژیانی تایبەتی ژنانەوە هەیە بخرێتەڕوو، وەك: پەیوەندی نێوان فرەژنیو دیاردەی لێدانی ژنانو هاوسەرگیری زۆرەملێو ڕۆڵی دابونەریتی كۆمەڵایەتیو ئایینی، كە ڕەوابوون بە لێدانی ژنان یان ئەنجامدانی توندوتیژی دژیان دەبەخشێت لە كۆمەڵگایەكدا پیاو هەردەم خاوەن ڕاستی ڕەها بووەو دووا وشەی یەكلاكەرەوە لە بڕیاری نێو خێزانو دەستنیشانكردنی چارەنووسی ژن بەدەست ئەوە بووە، تا ئەو ڕادەیەش، كە هەستو عەقڵی ژن لەم كۆمەڵگایانەدا وا داڕژراوە، كە تێكڕای دەسەڵاتی پیاو وەك مێردو باوكو برا مافی سروشتی خۆیەتیو بەرپرسیاری "ڕاستكردنەوەی" ڕەوشتی مێینەی نێو خێزان لە ئەستۆی ئەودایە.
ئەوەی، كە زیاتر ئەم تابلۆیەی هێشتۆتەوە ناچاربوونی ئەو ژنانەیە، كە لە بواری داراییدا پشت بە پیاو دەبەستنو بەم هۆكارەشەوە بە مەبەستی مانەوەی خێزان بە هەر شێوەیك بێتو منداڵەكانیان سەرگردان نەبن، داكۆكی لە خۆیان ناكەنو چاوپۆشی لە توندوتیژی دەكەنو بە چەوساندنەوە قایلدەبن. بەم جۆرە شێوازەكانی توندوتیژی لە نێوخێزاندا بوارەكانی ئابووریو دەروونیو سۆزداریو سێكسی دەگرێتەوە.
بە پێی ئامارەكانی سەنتەری ستراتیجی مافەكانی مرۆڤ لە عێڕاقدا ئەو سكاڵایانەی لە ماوەی سی ساڵدا لە عێڕاقدا سەبارەت بە توندوتیژی تۆماركراوە 53,889 سكاڵایە. بە پێی ئامارەكانی ئەنجوومەنی دادوەریی عێڕاق لە ساڵی 2022، (21,595) سكاڵاو، لە 2023، (18,436) سكاڵاو، لە شەش مانگی یەكەمی 2024، (13,857) سكاڵا تۆماركراوەو، ڕێژەی توندوتیژی لە بەغدا 31% بووە.
هەڵبەتەش ڕێژەی توندوتیژی لەو ژمارانە زیاترە بە هۆی مانەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژی بە نهێنیو ئامادەنەبوونی ژنان بۆ تۆماركردنی سكالا بە هۆكاری جیاوازەوە.
بەشی سێیەم
جۆرەكانی توندوتیژی
2 ـ هاوسەرگیری ژن بە ژنو شیرباییو بە شوودانی بچووك.
هاوسەرگیری ژن بە ژنو شیربایی و بەشوودانی بچووك لە عورفو نەریتی وڵاتە ئیسلامییەكاندا باوە.
مەبەست لە بەشوودانی بچووك ئەو بەشوودانەیە، كە كەمتر لە تەمەنی 18 ساڵ ئەنجامدەدرێتو، یەكێكە لە دیاردە مەترسییەكان، كە لە عێڕاقدا زۆر بڵاوە. بە پێی ئامارەكانی یونیسێف ڕێژەی بەشوودانی منداڵان لە عێڕاقدا دەگاتە 28%.
فراوانبوونی ئەم دیاردەیە پشت بە هەندێ ڕێسای ئایینی ئیسلام دەبەستێت، كە ماوە بە شوودانی بچووك لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەدات. هەرچەندە یاسای باری كەسێتی عێڕاق ژمارە 188ی ساڵی 1959 ئەم دیاردەیەی قەدەغەكردووە، بەڵام بە هۆی بەشوودان لە دەرەوی دادگا بەتایبەتی لە بیست ساڵی ڕابووردوودا، ئەم دیاردەیە فراوان بووە. لە هەلومەرجی ئێستا، كە لە عێڕاقدا كار بۆ نەهێشتنی یاسای باری كەسێتی ژمارە 188 دەكرێت، كە تیایدا ماوە بەشوودانی منداڵان نادات، لە جیاتی ئەو یاسایە كار بۆ نەریتەكانی فقهی شیعیو سوننیو بوار بە فقهی مەزهەبیو تایفی دەدرێتو، بەم جۆرە كار بۆ پێدانی ڕەوابوون بە بابەتی بەشوودانی بچووك دەدرێت.
بۆ ئەم ئاراستەیە حوكمرانەكانی بەغدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری كەسێتی بوار بۆ بەشوودانی منداڵان، بەتایبەتی كچان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەرەخسێننو، بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە بڕگەی یەك لە ماددەی دووی دەستووری عێڕاقو ماددەی 41 لەو دەستووردا دەبەستن.
هەڵبەتە كاركردن بەم ئاراستەیە بە پێچەوانەی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە سەبارەت بە مافی منداڵو، مەترسییەكی گەورەیە لە سەر تەندروستی جەستەییو دەروونی منداڵانو، هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخوێندەوارییەو، لە كۆتاییشدا دەبێتە هۆكاری پەیدابوونی دیاردەی زۆر لێكردن بۆ هاوسەرگیری و بەشوودان لە بڕی خوێن.
بەشوودانی كچان بە بچووكی بە پێچەوانەی دەقی ڕاگەیاندنی جیهانی مافی مرۆڤە ساڵی 1948 كە تیایدا ئاماژە دەكات: هاوسەرگیری بە تەواوی ڕەزامەندی لاینەكانی ئەنجامدەدرێت. ئەم بۆچوونە لە هەردوو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ لە ساڵی 1966 دووپاتكراوەتەوە، كە بنەمای گرێبەستی هاوسەرگیری بریتییە لە تەواوی ڕەزامەندیو ئازادی لایەنەكانیو، بەم پێیەش بەشوودانی بچووك خوار تەمەنی 18 ساڵ، دەچێتە خانەی بەشوودانی زۆرەملێ، چونكە منداڵ ناتوانێ بە هۆشیارییەكی ئازادو تەواو ڕایەكی هۆشمەندانە دەڕبڕیت.
ڕێكەوتننامەی قایلبوون بە هاوسەریو ڕادەی نزمی تەمەنی هاوسەریو تۆماركردنی گرێبەستی هاوسەری لە ساڵی 1964 لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڕیاڕدراو، لە ماددەی یەكەمی ئەو ڕێكەوتننامەیە جەخت لەسەر ڕازیبوونی كەسایەتییەكانو بوونی دەسەڵاتێكی تایبەتمەند بە تۆماركردنی گرێبەستەكە دەكات. ماددەی دوو لە حاڵەتی ناچاریدا بەدەر لە تەمەنی پێگەیشتن بە مافی ئەنجامدانی گرێبەستی یاسایی، ماوە بە هاوسەرگیری دەدرێتو، ئەم دۆخە واتە ماوە بە هاوسەرگیری بە كەمتر لە تەمەنی یاسایی تەنیا لە یاساكانی باری كەسێتی وڵاتە عەربییەكاندا هەیە.
لە ماددەی 16 لە ڕێكەوتننامەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی جیاكاری دژ بە ژنان هاتووە، كە دەوڵەتی لایەن لەم رێكەوتننامەیە لەسەر بنەمای یەكسانی ژنو پیاو ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری دابیندەكاتو، ئەم گرێبەستە دەبێ بە ڕەزامەندییەكی تەواوی ئازادانە ببەسترێتو، مارەبڕینی منداڵیش هیچ لێكەوتەو كاریگەرییەكی یاسایی نییەو، پێویستە لایەنەكانی ئەو ڕٍێكەوتننامەیە كەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری لە یاساكانیدا دەستنیشانبكەن.
ڕێكەوتننامەی مافی منداڵ 1989 پابەندی دەوڵەتی لایەن لەو ڕێكەوتننامەیە بە گرتنەبەری كاری پێویستو گونجاو بە مەبەستی نەهێشتنی كاری نەریتی زیانبەخەش بە تەندروستی منداڵان دەكاتو، بەشوودانی منداڵانیش یەكێكە لەو كارانە. بە پێی ڕێكەوتننامەی جنیفی تەواوكەری قەدەغەكردنی كۆیلایەتیو بازرگانی بە كۆیلە، كە لە ساڵی 1957 خرایە ئاستی جێبەجێكردن، بەشوودانی منداڵان بە شێوازێك لە كۆیلایەتی دەژمێردرێتو، بە هەمان شێوە مەسەلەی شیربایی قەدەغەكردووە.
نەتەوەیەكگرتووەكان لە كاتێكدا كار بۆ نەهێشتنی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە پرۆژەی گەشەپێدانی بەردەوامی جیهان تا ساڵی 2030 دەكات، بەڵام زەنگێكی مەترسی لێدەدات بەوەی تا ئەو كاتە 120 ملیون كەنەنیشك پێش گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵ دووچاری شوكردن دەبنەوە.
بە پێی توێژینەوەكانی سەندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان، بەشوودانی منداڵان بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە:
هەژاریو هەوڵدان بۆ دابینكردنی ژیانی دوارۆژی كەنیشكەكانو، نایەكسانی نێوان ڕەگەزەكانو، بابەتی بەرژەوەندی ئابووریو دەستبەسەراگرتنی زەویوزارو، كۆنتڕۆڵكردنی ژیانی سیكسی كەنیشكەكانو، پارستنی شەرەفی خێزانو، پەیداكردنی داهات بۆ باوكو خێزانی كەنیشكەكان.
لە هەندێ وڵاتی دیكە، كە چەنگو شەڕی جۆراجۆرو دیاردەی فەرزكردنی ئایینی تێدا هەیە بەشوودانی منداڵان لە لایەن خێزانەكانیانەوە بە هۆكارێك بۆ پاراستنیانو پاراستنی شەرفی خێزان دەژمێردرێت.
بەشوودانی منداڵان ڕێگرتنە لە نشونەماكردنی ئاسایی جەستەیی كەنیشكەكان، بەتایبەتی لە بواری تەندروستیو، ناچاركردنیان بە ئەركی دایكایەتیو سەرجێی بێ ئەوەی كاتی ئەوەیان هاتبێتو، زۆربەیان لە خوێندن بێ بەشدەبن، جگە لە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی سێكسی.
3 ـ خەتەنەكردن: بڕینی بەشێك یان تەواوی بەشە دیارە هەستیارەكانی ئەندامی سێكسی ژنە.
بە پێی ئامارەكانی یونیسیف ئەم دیاردەیە بە شێوەیەكی فراوان لە 27 وڵاتی كیشوەری ئەفریقیاو لە هەندێ وڵاتی دیكەی جیهان لەوانە كوردستان بڵاوبۆتەوە.
لە بەیاننامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە 200 ملیۆن ژنو كەنیشك لە جیهاندا ناچاركراون خەتەنەبكرێن.
ئامارەكان سەبارەت بە دیاردەی خەتەنەكردن لە هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن ڕێكخراوەی وادیو لە لایەن یونوسێفەوە كراوە بۆ ساڵی 2011و 2017 دەگەڕێتەوە. بە پێی ئەو ئامارانە دیاردەی خەتەنەكردن لە ناوچە جۆراجۆرەكانی كوردستان، بەتایبەتی لە گرمیان زۆرە. بە پێی ئاماری یونیسێف لە ساڵی 2018 لە عێڕاقدا 7,4% لە كیژانی عێڕاق دووچاری خەتەنەكردن بوونەتەوە.
لە ئاماری ڕێكخراوێكی مەدەنی بە هاوكاری یونیسێف لە 2017 دا، 16.7% لە كیژانو 67.6% لە ژنان لە هەولیرو، 11.8% لە كیژانو 60.3% لە ژنان لە سلێمانیو، 4.1% لە كیژانو 7,4% لە ژنان لە دهۆكو، 1.1% لە كیژانو 40% لە ژنان لە هەڵەبجە، دووچاری خەتەنەكردن بوونەتەوە.
هەندێ جار بیانووی ئایینی بۆ ئەم دیاردەیە دەدۆزرێتەوە، لە كاتێكدا هیچ دەقێكی ئایینی ڕوون سەبارەت بە ڕەوادان بە خەتەنەكردنی مێینە نییە، بەڵام ئەم دیاردەیە لە چوراچێوەی دابونەریتی كۆنو پاشماوەی ڕێسا كۆمەڵایەتییەكانی پێشینان بۆ نەوەی نوێی ئەو كۆمەڵگایانەی ئەم دیاردەیەی تێدایە ماوەتەوە، كە پێیان وایە خەتەنەكردنی مێیینە پاكیزەیی ژن دەپارێزێتو، بە بڕینی میتكی مێیینە ئارەزووی سێكسیان نامێنیو لە "لادان" دەیانپارێزێت.
سەرەڕای هەڵەبوونی ئەم بۆچوونە لە بواری زانستیدا، بە پێی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەكان خەتەنەكردنی مێیینە لێكەوتەی مەترسیدار لەسەر ژنان درووست دەكات، لەوانە:
ـ مردنی ژن بە هۆی خوێنبەربوونو، درووستبوونی ترۆما لە ئاكامی خەتەنەكردن.
ـ هەوكردنی شوێنی بڕینەكە بە هۆی نەبوونی كەرەستەی پاكەكردنەوەو، ئەنجامدانی ئەم كارە بە بەكارهێنانی ئامرازی نەگونجاو دەكرێت، لە ئاكامدا هەوكردن لە هیلكەدانو حەوزو كەناڵەكانی منداڵدان درووستدەبێتو ژن دووچاری نەزۆكی دەبێت.
ـ ڕوودانی ڕیشاڵەو تێكچوونی پێست بە هۆی شێواندنی ئەندامی سێكسیو، ئەمەش دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازار بۆ ژن لە كاتی ئەنجامدانی سەرجێیی.
بەشی چوارەم
جۆرەكانی توندوتیژی
4 ـ لاقەكردن: بریتییە لە دۆخی هەرەساندنو گێچەڵكردنو خۆنوساندن بە لەشی ڕەگەزی بەرامبەر، ئەنجامدانی ئەم كارە بە بەكارنەهێنان یان بە بەكارهێنانی هێز لە هەردوو حاڵەتی ڕوودان، یان ڕوونەدانی جووتبوونو كاری سێكسی بێ ڕەزامەندی ژن بە لاقەكردنو دەستدرێژی سێكسی دەژمێردرێتو، لەم بابەتەش هیچ جیاوازییەك نییە كە قوربانیەكە خوار تەمەنی یاسایی یان خاوەن پێداویستی تایبەت بێت.
لە زۆر وڵاتانی جیهان، بە پێی یاسا سەرجێی زۆرەمڵیو ناچاركردنی ژن لە لایەن مێردەوە بۆ جووتبوون بە لاقەكردن دەژمێردرێتو لە دادگاكانی وڵاتی ئەوروپییەكان چەندین كەیسی دادگا لەم بوارەدا هەیە و لە بەرژەوەندی ژن یەكلاكراوەتەوە.
یەكێك لە بابەتە گرنگەكان كە بەداخەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیدەكرێت دۆخێكە كە پێی دەوترێ (كەلتووری لاقەكردن). مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەیە كە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی لە ئارادایە كە بیانوو بۆ بواردانو بەئاسای وەرگرتنی ڕووداوی لاقەكردن دەدۆزێتەوە. بنەمای ئەم دۆخە پەیوەندی بە سیستمی پیاوسالارییەوە هەیەو بەدەوام نایەكسانیو جیاكاری بواری جەندەری درووستدەكات.
لە زۆربەی ئەو وڵاتانە گرفت لە خودی یاسای سزادان هەیەو كاتێك تاونبار سكاڵای لێدەكرێت دەتوانێ بە قایلبوونی هاوسەری لەگەڵ قوربانییەكە (لاقەكراو) لە سزا دەربازبێت.
5 ـ هەراسانكردنو گێچەلچی سێكسی لە كاتو شوێنی كاردا
ئەمەش بریتییە لە ڕەفتاری ناشیاوی كەسێكی دیاریكراو یان كۆمەڵە كەسانێك لەگەڵ بەرامبەر كە ژنە، بە هۆی جیاوازی ڕەگەزەوە.
هەراسانكردن لە بواری كاركردن جۆرێكە لە خۆبەزلزانینو نەخۆشییەكی دەروونی كەسانێكە هەست بە هێمنیو ئاسایشی خودی ناكەنو، كاردانەوەكی بە شێوازی خۆسەپاندنو هەراسانكردنی بەرامبەر دەردەبڕن.
هەراسانكردنو گێچەڵكردن بەرامبەر ژنان لە كاتو شوێنی كاركردندا ئاكامەكەی زیانگەیاندنە بە ژنو نەرێنیانە كاردەكاتە سەر بەرهەمو توانای بەرهەمهێنانی ژنو لە ئاكامدا ژنان دووچاری فشارو تێكچوونی دەروونیو گرفتی تەندروستی دەبنەوە.
بە هۆی ئەم دیاردەیەوە زۆر چار ژنان ناچاركراون كارەكانیان جێبهێڵنو بە دوای شویچنی نوێی كاركردن بگەڕێنو لە ئاكایشدا زۆر جار ژنان دووچاری نائومێدیو بێ هودەییو نامۆبوون بوونەتەوەو ئەمەش كاركردۆتە سەر ژیانی خێزانیو گشتیدا.
كۆمەڵگای پیاوسالاری هەردەم كار بۆ بیانوو دۆزینەوە بۆ بابەتی هەراسانكردنو گێچەڵی سێكس دەدۆزێتەوەو دەیەوێ تاوانەكە بخاتە سەر ژن كە گوایە جلوبەرگی ژنو میكایاچكردن حاڵەتی وروژاندن درووست دەكات، لە كاتێكدا دیاردەی هەراسانكردن لە كۆمەڵگا پارێزخوازەكان كە بەشێك لە ژنان جیجابی ئیسلامی دەكەن زۆرە.
6ـ ژنانو ناكۆكییە چەكدارییەكان
ئا/ تاوانی ئەنفال لە كوردستانی عێڕاق
تاوانی ئەنفال كە بەشێكە لە جینوساید دژ بە گەلی كوردستان لەلایەن ڕژێمی دیكتاتۆی بەعس لە ساڵی 1988 ئەنجامدراو، 182 هەزار قوریانی لە ژنو پیاو منداڵی كورد قوربانی ئەم تاوانەبوون. ژنان بەتایبەتی خێزانی ئەنفالكراوەكان بە هۆی لە دەستدانی مێردەكانیانو لەدەستدانی سەقامگیری یەكەمین زیانبەخشی تاوانەكانی ئەنفالبوون. جگە لە گرفتە قانونییەكان لە ئاكامی بوونی بیوەژنو ڕەوشی قانونی منداڵەكانیانو بوونی ژنانی مارەبڕ یان ئەوانەی بۆ ماویەیكی ئێجگار كورت شویان كردبوو، بابەتی چاوەڕوانی مێردو دەزگیرانی ماڕەبڕ گەوەرترین كێشە بوون كە لە ڕوانگەی شەرعو قانون ئەو ئەنفالكراوانە بە وونبوو دادەنران.
بە هۆی فەوتانی بەڵگەنامەكان لە ئاكامی پرۆسسە سەربازییەكانی ئەنفال دژ بە خەڵكی كوردستان، ژنان دووچاری كێشەی نەبوونی بەڵگەنامەو بوونی گرێبەستی هاوسەرگیری دەبوونەوە، جگە لەوەی ناسنامە باری كەسێتی بۆ منداڵەكانیان بە هۆی نەبوونی بەڵگەنامەی پێویست، دەرنەهێنراو، بەم جۆە بەشێك لەو منداڵانە لە خوێندن بێبەشبوون.
لە هەمان كاتدا ئەو ژنانەی میچردەكانیان لە كاتی ئەنفالدا لە دەستدا ناتوانن شوو بكەنەوە، چونكە بە پێی یاسا خاوەن مێردەو ناتوانن مامەڵە لەگەڵ بابەتی میراتی بكەن چونكە یڕیارێك لە دادگاوە دەرنەچووە كە بە مردوو یان وونبوو دایانبنێت.
ئەك گرفتانەی دووچاری ژنانی خێزانی ئەنفالكراوەكەان بۆتەوەو تەنانەت منداڵو پیاوانیش مۆركێكی سیاسیو كۆمەڵایەتی هەیە، جگە لە بواری دەروونی بەسەر سەرجەم خێزانی قوربانییەكانی ئەم تاوانەدا.
ب / تاوانی جینوساید دژ بە ژنە ئێزیدییەكان
تاوانەكان دژ بە ژنانی ئێزیدی بوارەكانی بەدیلگرتنو بەنكردنو ناچاركردنیان بۆ وازهێنان لە ئایینو كەلتووری خۆیانو كڕینو فرۆشتنو كوشتنی گرتەوە. ئەم تاوانانە بەشێكە لە تاوانی جینۆساید كە دەوڵەتی خلافەتی ئیسلامی لە عێڕاقو شان دەرهەق تەواوی ئێزیدییەكان ئەنجامیدا.
لە ماددەی سێی پرۆتۆكۆلی تەواوكەر بۆ ڕێكەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو لە ئاستی نێونەتەوەیی، پێناسەی بازرگاری بە مرۆڤ كراوە كە هەر كارێكە بچێتە خانەی "پارە پێدان یان وەرگرتن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی كەسێك بۆ كۆنتڕۆلكردنی كەسێكی دیكە بە مەبەستی چەوساندنەوە"و، بەم جۆرە تاوانی كڕینو فرۆشتنی ژنانی ئێزیدی دەچێتە خانەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
ژمارەی ئێزیدییە دەستبەسەراگیراوەكان لەلایەن میلیشیاكانی دەوڵەتی خلافەتی ئیسلامی گەیشتە ( 6417 )و دوای هەوڵی جۆراجۆر داڕمانی دەوڵەتی خیلافەت(3517) رزگاركرانو تا ئێستا چارەنووسی ئەوانەی دیكە نادیارە.
ژنانی ئێزیدی رزگاربوو لە دەستەی دەوڵەتی خیلافەت (داعش) لەگەڵ گەڕانەوەیان دووچاری چەندین كێشە بوونەوە لەونە:
ـ بەشێك لەو ژنانە لە كاتی بەدیلگرتنیان وەك كۆیلە منداڵیان بووە. باوكی ئەو منداڵانە كە كوژراون داعش بوونە. كۆمەڵگای ئێزیدی ئامادەیی خۆی بۆ باوەشكردنەوە بۆ ژنەكان كردەوە، بەڵام بە منداڵەكان قایل نەبوو. ئەم ڕەوشە بارودۆخێكی دەروونی خراپی بۆ ئەو ژنانە درووستكرد چونكە بوونەتە دایكو بەجێهێشتنی منداڵو كۆرپەكانیان بۆ چارەنووسی نادیار كارێكی ئێجگار ئەستەمە بۆیان. لە ئاكامی ئەو ڕەوشە مەزندە دەكرێ هەندێ ژن دوای ڕوخاندنی داعش مابنو لە ترسی ئەوەی كۆمەڵگا بە خۆیانو منداڵەكانیان قایلنابێت، لە پێناوی مانەوەیان لەگەڵ كۆرپەو منداڵەكانیان نەگەڕاونەتەوە.
ـ زۆربەی ئەو ژنانە دووچاری ترۆماو نەخۆشی دەروونی جۆراجۆربوونە لە بارودۆخێكدا كە نەخۆشخانەی دەروونیو یارمەتیدانی پێویست بۆیان نییە.
ـ زۆربەی ئەو ژنانەی گەڕانەوە بۆ چەندین ساڵ ژیان لە كەمپی ئاوارەیان بەسەربرد كە نزمترین پێداویستییەكانی ژیانی تێدا نییە.
ـ بەشێك لەو ژنانەی كە بە دیلگیرابوون، لە ئەنجامی فشاری دەروونیو شاڵاوی دزێوی "مێشك شووتنەوە" بە ناچاری ئایینی خۆیانیان گۆڕیو هەندێكیان لە لایەن داعشەوە تۆو بیری توندوتیژییان تێدا چێنرا، بە جۆرێك ڕەوشی بەدیلگرتنیان وەك چارەنووسی دیاریكراو بۆیان خرایە مێشكیانو تەنانەت هەندێك لەوانە كەوتنە داوی شانە نووستووەكانی داعش.
بەشی پێنجەم
سیاسەتێكی گشتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی
یاسای برەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە كوردستاندا، پێویستی بە بابەتێكی تایبەتە، لە ماوی دوو هەفتەی چالاكییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندتیژی دژ لە ژنان لە 25ی نۆڤەمبەر تا 10ی دیسەمبەر كە لە ژێر درووشمی: هەر دە خولەكێك ژنێك دەكوژرێت (هیچ بیانوییەك نییە پاساو نییە)، ئاماژەی پێدەكەم بەتایبەتی هەوڵێكی زۆر بۆ خراپ هەمواركردنەوەی هەبوو.
لگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بۆ جۆرەكانی توندوتیژی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان دەكەم.
لە یەكەمین بڕگەی ماددەی دووی ئەو یاسایە هاتووە:
یەكەم: قەدەغە دەكرێت لەسەر هەركەسێك كە وابەستەی پەیوەندی خێزانی بێت توندوتیژی خێزانی ئەنجام بدات لەوانەش توندوتیژی جەستەییو سێكسیو دەرونی لە چوارچێوەی خێزانو، ئەم كردارانەی لای خوارەوە وەك نمونە بە توندوتیژی خێزانی دادەنرێت:
1ـ زۆر لێكردن بۆ هاوسەرگیری.
2ـ هاوسەرگیری ژن بە ژنو بە شوودانی بچووك.
3ـ بەشوودان لە بڕی خوێن.
4ـ تەڵاقدانی بە زۆر.
5ـ بڕینی پەیوەندی خزمایەتی.
6ـ زۆر لێكردنی مێرد لە ژنەكەی لەسەر لەشفرۆشیو داوێن پیسی كردنە پیشە.
7ـ خەتەنەكردنی مێینە.
8ـ ناچاركردنی تاكەكانی خێزان لەسەر وازهێنان لە فەرمانبەریەتی یان كار بەبێ ڕەزامەندی خۆیان.
9ـ ناچاركردنی مناڵان لەسەر كاركردنو دەرۆزە كردنو وازهێنان لە خوێندن.
10ـ خۆكوشتن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی.
11ـ لەبار بردن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی.
12ـ لێدانی تاكەكانی خێزانو مناڵان بەهەر بیانوویەك.
13ـ ڕیسواكردنو جنێودانو جنێودان بە كەسو كار وبەرەو ڕوو تەماشاكردنیان بەكەمو ئازاردانو پیادەكردنی گوشاری دەروونی لەسەریو پێشێل كردنی مافەكانیو بەزۆر سەرجێی كردنی هاوسەریەتی.
ئەم دەستنیشانكردن بۆ پێناسەی توندتیژی خێزانیو ئاماژەكردن بە جۆرەكانی وەك نموونە بە وابەستەی بە سەرجەم ماددەكانی یاساكە زەمینە خۆشكردنە بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی گشتی كردەیی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندتیژی خێزانی كە لەم خاڵانەدا دەیبینەمەوە:
ـ بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی توندوتیژی خێزانی بە جۆرێك ساڵانە بگات بە ڕای گشتیو دەزگاكانی ڕاگەیاندنو بەستنی كۆرو چاوپێكەوتنی میدیایی سەبارەت بەم بابەتەو چۆنێتی ڕووبەڕووبونەوەی.
ـ سەەدوەرگرتن لە تۆڕەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بۆ بڵاوكردنەوەی كەلتوورو ۆشەوشتی ناتوندوتیژی.
ـ پەرەپێدانی بەرنامەیەكی سەرتاسەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی كچان و ژنان، بە هاوكاری نێوان دەسەڵاتە فەرمییە پەیوەندیدارەكانو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو ڕێكخراوە ناحكومییەكانی ژنان.
ـ داڕشتنی سیاسەت و میكانیزم بۆ پاراستن و گرنگیدان بە ژنان و كچانی قوربانی توندوتیژی.
ـ دامەزراندنی ناوەندێك بۆ پاراستن و یارمەتیدانی دەروونی ئەو ژنان و كچانەی كە بوونەتە قوربانی توندوتیژی، بە هاوكاری نێوان دەسەڵاتە فەرمییە كارامەكان و ڕێكخراوەكانی ژنان.
ـ ئامادەكردنی توێژینەوەو لێكۆڵینەوە بۆ زانینی پاڵنەرە ڕاستەقینەكانی توندوتیژیو ئازاردان.
ـ ئامادەكردنی توێژینەوەو لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی ئەوەی ئافرەتانو كچان ئەو تاوانە توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجامدراون ڕاپۆرت نەكەن.
ـ داواكردن لە دامودەزگاكانی حكومەت، كە بە خێرایی ڕەچاوی ڕێكارە یاساییەكان بكەن لە مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسەكانی توندوتیژی دژی ژنانو كچان.
ـ پەروەردەكردنی ژنو كچان سەبارەت بە مافە یاساییەكانیان لە ڕێگەی سیمینارو وتار و كاری میدیاییەوە، بە هاوكاری نێوان دامەزراوە فەرمییەكانو ڕێكخراوەكانی ژنانو دەزگا میدیاییە جیاوازەكان.
ـ پەروەردەكردن و ڕاهێنانی كارمەندان لە دەزگاكانی دادپەروەری تاوانكاری (پۆلیس، دادوەر، داواكاری گشتی، پزیشكی دادوەری، دەزگاكانی سزا) لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ جۆرە جیاوازەكانی توندوتیژی دژی ژنانو كچان.
ـ گۆڕینی مەنهەجی پەروەردەیی لە قوتابخانەو زانكۆكان بۆ بەرزكردنەوەی بەهاكانی ڕێزگرتن لە خۆو ڕێزگرتن لە یەكترو هاوكاری نێوان ڕەگەزەكان.
ـ داواكردن لە هەموو لایەنەكان گرنگی بدەن بە دەركردنی سەرجەم ئامارە فەرمییەكان لە هەموو بوارەكاندا، بە پۆلێنكردنی ڕەگەز، بۆ ئاسانكاری بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروستی پەیوەست بە ژنان.
-پێشكەشكردنی پاڵپشتی تەكنیكیو دارایی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر ڕادەی كێشەی توندوتیژیو بڵاوبوونەوەیو هۆكارو كاریگەرییەكانی.
ـ داواكردن لە ئۆرگانە فەرمییەكان، ڕێكخراوە حكومیو ناحكومییەكانو، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هەوڵبدەن بۆ پەرەپێدانی بەرنامە و میكانیزمی خۆپارێزیو چاكسازی بۆ چارەسەركردنی كێشەی توندوتیژی خێزانی بە گشتیو توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەتی.
ـ پێداچونەوەی هەمەلایەنە بە هەموو یاساو ڕێساو ڕێنماییەكانی پەیوەست بە مافەكانی ژنان و كچان، بە ئامانجی نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڵاواردنێك لە دژی ژنانو پاراستنیان، هەروەها ئەنجامدانی هەمواركردنی پێویست كە یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا زامن بكات.
ـ ناساندنی چەمكی تەندروستی دەروونی ژنان شانبەشانی تەندروستی جەستەیی لە یاسا و ڕێسای كارپێكراودا.
ـ دانانی پزیشكی دادوەری ژن كە پسپۆڕن لە پزیشكی دادوەری بۆ پشكنینی قوربانیانی تاوانە توندوتیژەكان كە لە ئاكامی "تاوانی شەرەف"، ئەنجامدراوە، ئەمە جگە لە دانانی پزیشكی ژن و پیاو بۆ پشكنینی دەروونی ژنان پێش ئەوەی پشكنینی جەستەیییان بۆ بكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخو ڕەوشی تایبەت بە هەلومەرجی ئەنجامدانی تاوانەكانی توندوتیژی.
ـ ڕاهێنان و هاندانی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی ژنان بۆ ناساندنی خزمەتگوزاری "هێڵی گەرم” بۆ ڕێنماییكردنی ژنانو ئاڕاستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ سكاڵاكانیانو، ڕێنماییكردنیان بۆ باشترین ڕێگاكانی چارەسەركردنی كێشەكانیان، هاوكات كاركردن بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو ڕێكخراوانە بە پسپۆڕی و ستافی تەكنیكی كارامە.
ـ چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی توندوتیژی بە هۆی سیاسییەوە كە ئاراستەی ژنانو منداڵان لە كاتی بوونی حوكمرانی دكتاتۆری كراوە، بەتایبەتی توندوتیژی جەستەیی، سێكسی، دەروونی، زارەكی و سۆزداری كە لە ئەنجامی سیاسەتەكانی دیكتاتۆری دەسەڵاتدار لە عێراقدا دروستبووە.ــ
ـ دانانی بەرنامەیەكی هۆشیاری بەردەوامی پەروەردە كە كارتێكردنی لەسەر ڕۆَڵی خێزان لە نەهێشتنی توندوتیژی هەبێت. بە مەبەستی ڕوونكردنەوی سەبارەت سروشتی پەیوەندییەكانو، چۆن كێشەكان بە هێمنی و حیكمەت چارەسەر بكرێن لەبری توندوتیژیو دڕندەییو لەم بەرنامانەشدا جەخت لەسەر (چەمكی خێزان، چەمكی توندوتیژی، كۆمەڵایەتی پێناسەكان).
ـ بەرنامەیەكی یاسایی مۆبایل بۆ بنبڕكردنی نەخوێندەواری یاسایی و ڕوونكردنەوەی یاسای باری كەسێتیو ئەو هەمواركردنەوانەی لە كوردستاندا ئەنجام دراو یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.
PM:08:31:29/11/2024
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی