سه‌ركه‌وتین

‌تاریق ئه‌لحه‌مید

هه‌موو ئه‌م شه‌ڕ و فه‌رته‌نه‌یه‌ی هه‌نووكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ماندا ده‌یبینین، له‌لایه‌ن هه‌موو به‌ره‌كانی ململانێكانه‌وه‌، ته‌نها و ته‌نها له‌ پێناو یه‌ك وشه‌دایه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ "سه‌ركه‌وتین"، ئیدی گرنگ نییه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌، سه‌ركه‌وتێكی تاكه‌ كه‌سییه‌ یان حزبییه‌ یا سه‌ركه‌وتنێكی پاوانخوازییه‌.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان سه‌لماندوویانه، ئه‌وه‌یه‌ هیچ لایه‌ك (به‌ره‌یه‌ك) له‌ لایه‌نه‌كانی ململانێكه‌، سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتنی چه‌مكی ده‌وڵه‌ت یان خوێن نه‌ڕشتن ناوێت، سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان بۆ به‌رزراگرتنی به‌های نیشتیمان و هاوڵاتیبوون و به‌ده‌ستهێنانی ئاشتی نییه‌، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌ به‌ دوای سه‌ركه‌وتنێكی هه‌نووكه‌یی كه‌ نه‌ ناوچه‌كه‌ و نه‌ ده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندیدار، هیچ سودێكی لێنابینێت، تاكو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی ببات و به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ری.

بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، له‌ ساته‌وه‌ختی ده‌ركه‌وتنی له‌سه‌ر شانۆی سیاسی تا ئێستا، به‌ ئاسۆیه‌كی ته‌سكبین له‌ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا ده‌خوولێته‌وه و به‌ دوای گه‌ڕانی چاره‌سه‌ری كورتمه‌ودا ده‌گه‌رێت، هه‌مو چاره‌سه‌ره‌كانی فه‌شه‌لی هێناوه‌ و له‌ پێناو مانه‌وه‌یه‌تی له‌ دیمه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌دا و پاشان مانه‌وه‌ی له‌ كورسی ده‌سه‌ڵاتدا.

ئه‌وه‌ ناتانیاهۆ بوو به‌هۆی گه‌مه‌ بچووكه‌كانییه‌وه‌ و له‌ پێناو راكردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاستی، وایكرد حه‌ماس و حزبوڵڵا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، ئاخر جگه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی هیچ به‌دیلێكی باشتر له‌ ئارادا نییه‌. ناتانیاهۆ هه‌ر له‌ تیرۆركردنی ئیسحاق رابین-ه‌وه‌ تا رۆژی ئه‌مڕۆ، ئه‌و كاره‌ی كردووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تر چاره‌سه‌ر ده‌كات.

ئه‌وه‌ ناتانیاهۆ بوو له‌ پێناو لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی له‌ غه‌ززه‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی رێكه‌وتنی ئۆسلۆ له‌ هه‌مو گرنگییه‌كه‌ی و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، وایكرد حه‌ماس، له‌ غه‌ززه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت. خۆشحاڵ بوو به‌ په‌ره‌سه‌ندن و تووندبوونی ململانێكانی فه‌له‌ستینی- فه‌له‌ستینی، له‌مه‌شدا ناتانیاهۆ هاوبه‌شی زۆری هه‌بوو، درنگ یان زوو مێژوو ئاشكرایان ده‌كات.

ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ ناتانیاهۆ بوو وایكرد حزبوڵڵا، شه‌رعییه‌تێكی درۆزنانه‌ی چه‌واشه‌كارانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌. به‌ڵام كاتێك ناتانیاهۆ دوای 7ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ ئاگری حزبوڵڵا داخكرا، بریاریدا زه‌برێكی كه‌مه‌رشكێنی تێسره‌وێنێت، به‌ڵام به‌بێ بوونی ئاسۆیه‌كی روون، ئه‌وه‌تا حاڵی حازر ناتانیاهۆ له‌ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا ده‌سوڕێته‌وه‌.

حه‌ماس لای خۆیه‌وه‌، هه‌وڵی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی نه‌داوه‌، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی بۆ یه‌ك ریزی گه‌لی فه‌له‌ستینی نه‌داوه‌، بگره‌ ته‌نانه‌ت هه‌وڵی نه‌دا غه‌ززه‌ش بپارێزێت. له‌وه‌ش خراپتر، له‌سه‌ر سه‌ركێشییه‌كانی به‌رده‌وام بوو، تا گه‌شتین به‌ پێنجه‌مین شه‌ڕی ماڵوێرانكه‌ری غه‌ززه‌، له‌ ئێستادا سه‌ركه‌وتن لای حه‌ماس، بریتییه‌ له‌ گره‌نتی مانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌ به‌ سه‌لامه‌تی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، حزبوڵڵا هه‌میشه‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی هه‌وڵیداوه‌ "یه‌كێتی گۆڕه‌پانه‌كان" مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنێكدا تا بتوانێت له‌ رێگه‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامبێت له‌ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر لوبناندا.

ئه‌م حزبه‌ به‌ بیانوی به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌، ئۆپه‌راسیۆنێكی خۆكوژی ئه‌نجامدا كه‌ ئاگاداری زیان و ئاكامه‌كانی نه‌بوو، لوبنانی فڕێداوه‌ته‌وه‌ نێو نادیاره‌وه‌ و بێ ئاگابوو له‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی دوای 7ی ئۆكتۆبه‌ر دێت، هه‌رگیز له‌وه‌ی پێش 7ی ئۆكتۆبه‌ر ناچێت.

له‌مڕۆدا حزبوڵڵا لای نێرده‌ی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كه‌، به‌ دوای ده‌قێك یان بڕگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت، تا سه‌ركه‌وتنێكی وه‌همی راگه‌یه‌نێت وه‌ك "سه‌ركه‌وتنه‌ ئیلاهییه‌كه‌ی" پێشتر. ته‌واوی سیاسییه‌كانی لوبنان، وه‌ك حزبوڵڵا، به‌ دوای سه‌ركه‌وتنێكی رووكه‌شانه‌دا ده‌گه‌ڕێن گره‌نتی مانه‌وه‌یان له‌ گه‌مه‌كه‌دا بۆ مسۆگه‌ر بكات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ده‌رك به‌وه‌ بكه‌ن هه‌نووكه‌ رۆژگاره‌كه‌ هه‌مان رۆژگاری پێشوو نییه‌.

له‌ حاڵه‌تی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی لوبناندا، ئه‌وه‌ی زۆر جێگای سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی لوبنان پێی وتم و ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لوبنان تێبگه‌یت، بیرت لای ئه‌مه‌ بێت: له‌ لوبنان شتێك ده‌ڵێین، بیر له‌ شتێك ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌چی شتێكی دیكه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین"، له‌ راستیدا عاقڵمه‌نده‌كانی ناوچه‌كه‌ش هه‌ر ئاوا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ر شتێكی له‌و جۆره‌ش ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌وانیش كاتیان نییه‌ بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵ سه‌قامگیری و ژیان و پاشه‌كه‌وتكردن.

ئایا ئه‌مه‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ لوبنان و ئیسرائیل؟ نه‌خێر. هه‌مو ئه‌وانه‌ی به‌دوای ده‌سه‌ڵات و بینینی رۆڵێكی به‌رچاودا ده‌گه‌ڕان، له‌ ئێستادا دووچاری قه‌یران بوون و به‌دوای سه‌ركه‌وتنێكی وه‌همیدا ده‌گه‌ڕێن، بگره‌ بڵێ به‌ دوای سه‌ركه‌وتنێكدا ده‌گه‌ڕێن تۆزێك روو سوریان بۆ بهێڵێته‌وه‌.

پێویسته‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی "ژووری چه‌واشه‌كاری له‌ ناوچه‌كه‌" كه‌ له‌ هه‌مو شوێنێكدا هه‌یه و چی ده‌ڵێن و چی ناڵێن‌، سه‌رقاڵمان نه‌كه‌ن بۆ نه‌بینینی ئه‌م هه‌مو زه‌ره‌ر و زیانانه‌ كه‌ زۆر به‌ روون وئاشكراییدیارن.


PM:07:36:20/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی