لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە
عهبدولرهزاق شهریف
لەسەر مەسەلەیەک تایبەت بەماڵی مامجەلال، بەبێ ئاگایی نەوشیروان مستەفا، من بۆ سەید عومەرم گێڕابۆوە، لێکتر زویربون، نێوانیان تێکچوبوو ! چەند رۆژێک بو یەکتریان نەئەبینی، پێکەوە قسەیان نەدەکرد . وەک عادەتی رۆژانەی خۆی، دوای کۆبونەوە و مەجلیسی بەیانیان، نەدەچوە بیناکەی سەرەوە، سەردانی سەیدی نەدەکرد . دەنگۆی کێشەی نێوانیان لەناومانا، وابڵاوبۆوە کەلەسەر دانانی وەزیرەکان بوە .!
سەید عومەر بانگی کردم و وتی :
- ئەوباسەی پێش چەند مانگێ پێت وتم، رامسپاردی کەبە کاک نەوشیروان بڵێیت ، پێت وت یان نا ؟
+ نەخێر کاک عومەر، لەکاتی خۆشیا پێم وتی کەمن باسی وا لای ئەو زاتە ناگێڕمەوە .
- کوڕی خوا من پێم وتی پێی بڵێ ! فەرموو عیلاجی بکە ! من بەناوی تۆوە گێڕامەوە ئەویش وتی رەزاق قسەی واناکات و قسەی خۆتە، بوە بەشەڕمان و خەتاکەش هەموی تۆی .
بەیانی رۆژی دواتر چومە هۆڵی کۆبونەوەکانی رێکخەری گشتی، تەنیا مابوینەوە کەپێم وت :
+ کاکە ئەو مەسەلەیەی سەید عومەر خەتای من بوە ! لەکاتی خۆیدا رایسپاردم پێت بڵێم و منیش پێم نەوتی .
- ئنجا ئێوە عەیبناکەن قسەوباسی وەها لەسەر ماڵی مامجەلال دەکەن .
دەمم بوبەتەڵەی تەقیو ... چونکە جارێکیتریش ئاگاداریکردبوم کەخۆمان لەهەندێ مەسەلەی شەخسی و تایبەتی کەس نەدەین ! هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو کەبەقسەی سەید عومەرم نەکرد و لەکاتی خۆیدا، بۆم نەگێڕابۆوە .
لەناچاریدا وتم :
+ خەتایەک لەمن رویداوە، داوای لێبوردن ئەکەم .
تۆش هەمیشە بەمن ئەڵێی داواکاریت چیە بۆت بکەم ! ئێستا داوام ئەوەیە بڕۆیت سەید عومەر ئاشتبکەیتەوە .
- کەمێک بوەستە و پێکەوە سەرێکی لێئەدەین .
پێکەوە چوینە ژورەکەی سەید عومەر
- رێبوار چاو قاوە .. باکەس نەیەتە ژورەوە .
وەک هەمیشە کەمیوانی رەسمی ئەهات سەید عومەر وای وت .
ئەو لەشانی راستی لەسەر کورسیەک و منیش لەبەرامبەری سەید عومەر دانیشتم، چەند دەیقەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر دانیشتنەکەماندا، کێشا .
بۆئەوەی کەشێکی ئاسایی گفتوگۆی رۆژانە دروستبکەم و بێدەنگیەکە بشکێنم وتم :
کاکە تۆ ئەزانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتەی یەکێتی و پارتی رۆژ بەرۆژ کاری سەیروسەمەرە لەئیدارە و حوکمڕانیا ئەکەن .
من هیچی تازەم پێنەبو ! ناچاری بۆ دەسپێکی قسەکردن، شکاندنی بێدەنگی نێوانیان، حیکایەتێکی كۆنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیم گێڕایەوە :
+ ژمارەی جوانی ئۆتۆمبێل بەپارەیەکی خەیاڵی ئەفرۆشرێت، ژمارە ( یەک - سلێمانی ) موڵکی وەرەسەی شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفیدە، نێوانی خێزانەکەیان لەسەر موڵکدارێتی رەقەمە تایبەتەکە کێشەی تێکەوتبو، کاتی خۆی هانایان بۆ مامجەلال بردوە، سوڵحی بۆ کردون ... بەڵام چۆن سوڵحێک، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی راسپاردوە کە لەجیاتی یەک تابلۆی " ژمارە یەک " ، دوو تابلۆی " ژمارە یەک " دروستبکەن ! هەریەک بەناوی تەرەفێکی کێشەکەوە بکەن و کۆتایی پێ بهێنن .! ئێستا دوو تابلۆی تایبەتی ژمارە یەکی سلێمانی لەمروری سلێمانی تۆمارکراوە و هەیە .
ئێستاش سوێند دەخۆم کەمن بەبێ ئاگایی و بێ مەبەست، تەنیا بۆ شکاندنی بێدەنگی مەجلیسەکە ئەمەم گێڕایەوە بەڵام پێش ئەوەی قسەم تەواوکەم وەڵامی دامەوە :
- ئینجا تۆ مەعلوماتەکانت راست نین ! ئەو سوڵحە مامجەلال نەیکرد ! ماڵی شێخ مەحمود چونە لای ئەم سەید عومەرە، پێشنیاز و سوڵحی دوو رەقەمەکە ( سەید عومەر ) کردویەتی .! مامجەلال بەس تەکلیف و قسەکانی ئەوانی جێبەجێکردوە .
ئێمە بۆ ئاشتبونەوە چوبوین، بەتایبەت من وەک پیاوی نێوانیان، دڵسۆزی خۆم نمایشکرد، زۆر قنج دانیشتبوم .
لەچرکەیەکدا، هەمو شتێک وەک ئەوەی گوڵدانێکی شوشەت لەنێوانیانا، لەناوەراستی ژورەکەیا، لەدەست بەرببێتەوە بشکێ و هاڕەبکات و دەنگبداتەوە .
سەید عومەر دەستی بۆ گۆچانەکەی برد و بەتوڕەییەوە وتی :
- رەزاق من ئەزانم ئەم قسانە هی تۆ نین تۆ ئەم شتانە چوزانی ؟ ئەشزانم پێش ئەوەی بێنە لای من پێی وتوی ئەو مەسەلەیەی سوڵحە، بگێڕیتەوە ! هەردوو دەستی چەندجارێ بڵاوکردەوە و ئەیدایەوە بەیەکدا و رو لە نەوشیروان مستەفا ئەیوت :
- قابیلە من تۆ نەناسم ؟ ئێستا بۆ شەڕکردن هاتویت یان ئاشتبونەوە ؟
من لەسوێند و قورئان خواردنا بوم، ئەمویست بڕوا بەسەید عومەر بهێنم کەدورونزیک کاک نەوشیروان ئاگای لەم حیکایەتە نیە بەڵام بڕوای نەدەکرد، بەبێ ئەوەی تەماشای لاشانی راستی خۆی بکات، بەسەرمنا هەڵدەشاخا، لەلایەکیتر ئەمویست ئەو تەدەخول بکات، لای کەمی سوێندی قسەکانی من پشتڕاستبکاتەوە بەڵام بۆیەکەمجار بەهەمو هەستەکانم قاقایەکی پێکەنینم لێبیست ولێبینی ! هەرگیز بڕواناکەم کەسێک بەو شێوەیە قاقای پێکەنینی نەوشیروان مستەفای بینیبێت .
بەناچاری ، لەکاردانەوەیا، سەید عومەر بەپێکەنینەوە بەدەستەواژەی (دەی سوپاستان ئەکەم بۆ هاتنەکەتان، چاکەتان بخۆنەوە) کۆتایی بە هەموو حیکایەتەکانی توڕەبون و عاجزی خۆی هێنا .
AM:09:43:20/11/2024
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی