ترەمپ یا بۆ كۆشكی سپی یانیش بۆ بەندیخانە
کەنعان بەهادين
رۆژی 5ـی ئەم مانگە ئەمەریكییەكان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان دەكەن، هەردوو ركابەر كاملا هاریسی لە دایكبووی 1964ـی كاندیدی دیموكراتەكان و دۆناڵد ترەمپی لە دایكبووی 1946ـی كاندیدی كۆمارییەكان، بۆ بەدەستهێنانی كلیلی كۆشكی سپی لە هەوڵدان.
ترەمپ 34 دۆسییەی جۆراوجۆری لە دادگاكانی ئەمەریكا هەیە، چەندینجاریش رووبەڕووی یاسا كراوەتەوە و دادگاییش كراوە، رەنگ بێت بەهۆی دەرچوونی وەك سەرۆكی ئەمەریكا، ئەو هاتوهاوارەی لە دژی دەكرێت، كەمتر بێتەوە و یاخوود نەمێنێت.
هاریس، كاندیدی كۆمارییەكان و خوودی جۆ بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكایە، ئەمەریكییەكان بەوە تۆمەتباریی دەكەن (كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو وەك جێگری سەرۆک كاریكردووە) بەهاوکاری لەگەڵ بایدن دەستیان لە درووستبوونی ئەو هەموو شەڕەی جیهان هەبووە و تۆمەتباریش دەكرێن بەوەی كۆرۆنا لەسەردەمی ئەواندا زۆر بە خراپی لە ئەمەریكا بڵاوبووەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 600 هەزار كەس.
بە گوێرەی هەموو ئامارە بەردەستەكان، ترەمپ چانسی بردنەوەی زیاترە بەوەی پیاوێكی بزنسكار و بەردەوام بە دوای پارەوەیە و بۆیە ترەمپ توانای ئەوەی هەیە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئۆكرانیا، غەززە، لوبنان و سوودان بوەستێنێت، كە بەهۆیەوە ملیۆنەها كەس كوژراو و ئاوارە و بریندار بوونە.
ستراتیژییەتی ئێستای ئەمەریكا لە جیهاندا لاوازكردنی نەیارەكانییەتی، هەروەك رووسیای لە رێگەی جەنگی ئۆكرانیاوە لە رووی سەربازی و چەك و تفاق و ئابوورییەوە لاواز و ماندوو كرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە رێگەی ئیسرائیلەوە هەموو ئەو سەركردانەی بۆ واشنتن بەربەست بوون، لە رەئیسییەوە بگرە، تاوەكو سنوار و نەسرووڵڵا و ئەوانەی دیكە لەناوی بردن، حووسییەكانیشی كز كردووە، ئێستا بە دوای خستن و بێهێزكردنی مقاوەمەی عێراقیشە، ئەوەتا تاران لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی دەڵێت، لە رێگەی مقاوەمەوە وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە، كاتێك عێراق لەلایەن ئێرانەوە وەك گۆشتی خێر سەیر دەكرێت.
بۆیە هاریس ئەگەر دەربچێت، تینی ئاگرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بە گوڕتر دەبن و ترەمپیش قۆڵبەستی بەندیخانە دەكەن، بە پێچەوانەوەش، ترمەپ چاوەڕێیی ئەوەی لێدەكرێت جیهان هێور بكاتەوە و دووبارە كار بۆ هاوسەنگییەكان و پێكەوە كاركردن لەگەڵ نەیارەكانی هاوشێوەی كۆریای باكوور، چین، رووسیا و ئێران بكات.
PM:07:44:04/11/2024
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی