نەوەی نوێ وەک سەنگ و قورسایی تەرازوی هاوکێشەکە

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگە ... ئەو چوار پرەنسیپەن کەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی خاوەن زۆرینەی پەرلەمانی، بۆ حوکمداری کابینەی نوێ رایگەیاند . 

هەرچواریان، چوار چاڵی شێرپەنجەیی موزمینی چارەکە سەدەیەک ژیان و تەمەنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە، بەویست و بەرنامە و دەستومەچەکی (پارتی خۆی و هاوپەیمانەکانی) چێکراون و هەڵکەندراون، خەڵکوخوای کوردستانیش لەچاوەڕوانی چارەسەردابون، نەکرا و بێچارە ماونەتەوە .

پارتی و یەکێتی، هەمیشە رێککەوتن، پێکهاتن، ئاشتی و تەنانەت شەڕی نێوانیشیان بەویست و داوا و نێوەندگیری بێگانە بوە ! ئەو چوار خانە شێرپەنجەییەش هەر دەستکرد و دڵخوازی ئەوان بوە ! جارێکیتر چەندبارە حوکمداری هاوشێوە بۆ کابینەی ئایندە ( هەمان تاس و حەمام ) پرەنسیپەکانی بارزانی ئەکاتە بڵقی سەرئاو، زامنێکیش نیە فەوت و فەنابونیشی بەدوایا نەیەت.

لەکۆبونەوەکانی گفتوگۆی پێکهاتن و بەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەرێم و ئەنجومەنی وەزیراندا، هەمیشە پۆستی سەرۆکایەتی عێراقیش ئامادەیە، وەک عورفێکی سیاسی بۆ شاری سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی ئەو سەرۆکایەتیە یەکلا بۆتەوە، بۆیە گەر بەشدار و هاوبەش یان برابەشیش بن ! یەکێتی هەر دوانی لەو چوارە پێدەبڕێت، هەر چوار پرەنسیپەکەی باڤڵی سەرۆکیش ( هاوسەنگی، راستکردنەوەی حوکمڕانی، فەوتی دەسەڵاتی خۆسەپێن و ناروونی داهاتی هەرێم ) وەک چارەنوسی چوار پرەنسیپەکەی سەرۆکی پارتی بەسەردێت و فەوت و فەنابونیش ئایندەیەکی ئامادەتر ئەبێت.

قورسترین ئەرک و هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێن و پرەنسیپەکانیان (بۆ یەکێتی زیاتر لەپارتی) بەجیا کۆکردنەوەی " یەک و نیوەیە " لەم حاڵەتەیا (نەوەی نوێ) سەنگ و قورسایی راگرتنی تەرازوی هاوکێشەکەیە . ئەگەر بەراستی ! بۆ یەکەمجار بەدڵسۆزی خاوەنی بەڵێنی خۆیانن ؟ نەم بەتەنگ ژیان و مانەوەی خەڵک و خاکی کوردستانەوەن !؟ پێویستە هەریەک لای خۆیەوە لەهەوڵی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە قورس و گرانەدا بێت و ئەویتریش قەبوڵی هاوبەشی و کەمبەشی دەرئەنجامەکانی بکات.

ئاشکرایە (نەوەی نوێ) بەستونی و ئاسۆیی، لەهیچ جومگەیەکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنا نەبون و نین، هەر دوو چوار ئامانجەکەی دوو سەرۆکی پارتی و یەکێتیان وەک پرەنسیپ، لەرێککەوتنێکی کۆنکرێتیا، بەچاودێری زۆرینەی پەرلەمانی قەبوڵە، مەرجی ئەوەڵ و ئەخیریشیان وەرگرتنی دەسەڵاتی یەکەمی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستانە .! 
  
بە پێی شوناس و ناسینی پارتی و یەکێتی، لای خۆیان و خەڵکی کوردستان، رادەستکردنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ نەوەی نوێ، خەیاڵ و کاری نەکردەیە بەڵام لەدنیای حوکمڕانی و پەرۆشی بۆ نیشتیمان و پرۆسەی دروستی حوکمڕانی ( لەپێکنەهاتن و قەبوڵنەکردن ) ی دوو هێزی یەکەمدا، ئاسانترین رێگە پەنابردنە بۆ هێزی سێیەم و تەنانەت چوارەم و پێنجەم و هەتا کەسی تەکنۆکراتیش ... ئەزمونی حوکمڕانی پێشوی ئەوانیش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە بەهێزی سێیەم نەبێت بەخۆیان ناکرێت و تونێڵێکی تاریک رێی بەردەبازیانە ..!

کاتێک بەرنامەیەکی گشتویست و گشتگیری خزمەتکردن و مانەوەش مەرج و ئامانجی هەموان بێت ! ئیتر عینادی و پاوانکردنی پۆست و دەسەڵات بۆ خزموخوێش سەرەخۆرەیە، جگە لەمانەوەی کیانی گیانێکی داڕزاوی لێواری سەرەمەرگ هیچیتری لێ سەوز نابێت .
   
لەدنیادا، دەیان نمونەی لەمجۆرە بۆ پاراستن و دەربازکردنی قەوارەی سیاسی پیادە کراوە، سودانیەکەی  سەرۆکی حکومەتی ئێستای عێراقی فیدراڵ، نزیکترین و زیندوترینیانە .


AM:10:14:04/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 2316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی