ئابڕووچوونە گەورەكان و ناپاكیە شاراوەكان
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری ئەم ساڵ ڕۆژنامەنووس و نووسەری بەناوبانگی ئەمریكی (Bobwoodward) كتێبێكی بەناونیشانی (WAR / جەنگ) بڵاوكردەوە ، ئەم كتێبە بەلای زۆرێك لە نووسەر ئەمریكییەكانەوە كتێبێكی شۆكهێنەرە و، گرنگترین نهێنی و زانیاری و زۆرترینی ئابڕووچوونەكانی سەدەی بیست و یەكی لەخۆگرتووە !
نووسەری ئەم كتێبە کە ئێستا تەمەنی (81) ساڵە بە بەهێزترین ڕۆژنامەنووس دادەنرێ لەمێژووی ئەمریكادا و، هەموو ساڵێك كتێبێك بڵاودەكاتەوە و، لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتی هەموو سەرۆكێكی ئەمریكادا كتێبێكی تایبەت بەو سەرۆكە ئامادە دەكات.
ئەم ڕۆژنامەنووسە بەهۆی ئەو زانیارییە متمانەپێكراوو هەستیارو گرنگانەوە كە لە كتێبەكانیدا بڵاویان دەکاتەوە توانیویەتی گەورەترین ئابڕووچوون لەمێژووی سیاسیی ئەمریكادا تۆمارو ئاشكرا بكات كە بە ئابڕووچوونی ( ۆتەرگێت ) وەسف دەكرێ! ئەو ئابڕوچوونەی كە (ڕیچارد نیكسۆن)ی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكای لە ساڵەكانی حەفتاكاندا ناچار بەدەست لەكاركێشانەوە كرد!
ئەم كتێبە كە لە یەكێك لە چاپخانەكانی نیۆیۆرك چاپ کراوە لە (448) لاپەڕە پێكدێت ، نووسەرەكەی بە پشت بەستن بەو زانیارییە گرنگ و هەستیارانەی كە لە میانەی كۆبوونەوە و ووتوێژە نهێنییەكانی لەگەڵ بەرزترین ئاستی ناوەندی بڕیاری سیاسیی و سەربازیی ئەمریكادا كۆی كردوونەتەوە لە سێ بابەتی سەرەکی دەدوێ کە بریتین لە : (شەڕی ئۆكرانیا) ، (شەڕی غەززە) ، (كێ بەركێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ) !
ئەڵبەتە ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەم نووسینەدا بیخەمەڕوو دوو خاڵە :
یەكەم : خستەڕووی ئەوەی لەدوو توێی ئەم كتێبەدا هاتووە سەبارەت بە پێكهاتە و پێناسە و كەسایەتیی حەقیقی (دۆناڵد ترامپ)ی پاڵێوراوی ئێستای كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا.
دووەم : ئاشكراكردنی ئابڕووچوونە گەورەكان و ناپاكیە شاراوەكانی سەرانی وڵاتانی عەرەب دەرهەق بە گەلی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس و پشتیوانی كردنی قەوارەی زایۆنیی .
* ( دۆناڵد ترامپ ) چ جۆرە كەسێكە ؟
نووسەری ئەم كتێبە پێشتر سێ كتێبی بەناونیشانەكانی (FEAR / ترس) ، (PELIL / مەترسیی) ، (RAGI/ توڕەیی ) لە سەر (دۆناڵد ترامپ) نووسیووە ، ئەو دەڵێ : پێشتر چاوی بە (ترامپ) كەوتووە كاتێك تەمەنی (45) ساڵ بووە ، ترامپ پیاوێكی سەرمایەدار بووە سەرقاڵی بازرگانیکردن بووە و، كەسایەتییەكی سیحریی هەبووە ، (ترامپ) جگە لە ئارەزووی بازرگانی كردن و سامان كۆكردنەوە ، هەر لەسەرەتای تەمەنیەوە حەزو ئارەزوو و خولیای سەرۆكایەتی ئەمریكای لە مێشكدا هەبووە ، ترامپ زۆر زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ بەرانبەرەكانیدا دەكات و زۆر خێرا بەرانبەرەكەی دەناسێ و زۆر بە ئاسانیش كاریگەریی لەسەر دروست دەكات ، هەر ئەمەش وایكردووە ناوبراو بتوانێ زۆرترین پشتیوانی جەماوەریی بۆخۆی پەیدا بكات و بگاتە (كۆشكی سپی) ، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو تاكە كەسێكە لەمێژووی ئەمریكادا بێ ئەوەی پێشینە و كەسایەتییەكی سیاسیی هەبێ توانیویەتی بگاتە باڵاترین پۆست لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا!
ئەم ڕۆژنامەنووسە دەڵێ : (ترامپ) نەبڕوای بە ( پارتی کۆماریی ) هەیە ، نە كۆمارییەكانیشی خۆش دەوێن ، بەڵكو ئەو (پارتی كۆماریی ) بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆی بەكاردەهێنێ ، چونكە ئەو كەسایەتیەكی هەلپەرستیی سەرمایەداریی دیكتاتۆریی خۆسەپێنی سەرەڕۆو دەمارگیرە و، ئەوەندەی خۆی خۆش دەوێ وڵاتەكەی خۆش ناوێت و بەهیچ شێوەیەكیش شیاوی پۆستی سەرۆكایەتیی نیە.
* ئابڕووچوون و ناپاكیەكانی سەرانی عەرەب :
ڕۆژنامەنووس (Bob woodward) لەمیانەی ئەو سەدان كاتژمێرەی وتووێژو گفتوگۆ نهێنیانەی كە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكادا ئەنجامی داون ئەو ڕاستیە ئاشكرا دەكات كە سەرانی وڵاتانی عەرەبی گەورەترین پشتیوانی قەوارەی زایۆنین و لەپشتی پەردەوە و لە كۆبوونەوە نهێنی و تایبەتەكاندا هەموو جۆرە ئامادەییەكیان نیشانداوە بۆ سەرخستنی ئیسرائیل و شكست پێهێنانی موقامەوە و كۆتایی هێنان و ڕیشەكێشكردنی بزووتنەوەی حەماس .
دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر تۆفانی ئەقسا (ئەنتۆنی بلیكن)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتێك بۆ ناوچەكە دەکات و لە تەلئەبیب بە ناتانیاهۆ دەڵێ:(ئەوەتانێ من ئێستا لێرەم بۆ یارمەتیدانی ئێوە ، چ وەك جولەكەیەك چ وەك ئەمریكیەک) كە ئەم جۆرە لێدوانانە پێشتر لە هیچ وەزیرو بەرپرسێكی تری باڵای ئەمریكا تەنانەت (كێسەنجەر)یش نەبیستراوە!
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوە لەگەڵ ناتانیاهۆ سەردانی هەریەك لە ئوردن و بەحرەین و قەتەرو سعودیە و ئیمارات و میسر دەكات ، پادشا و سەرۆكەكانی ئەو وڵاتانە وەك لە دەقی كتێبەكەدا (لاپەڕە : ٢٥٥ – ٣٦٠ ، ٢٦٣ ، ٢٩٧ ) هاتووە بەم شێوە وەڵامی (ئەنتۆنی بلیكن) دەدەنەوە:
- لە ئوردن ... شا عەبدوڵڵای دووەم بە بلیكن دەڵێ : ( ئێمە چەندین جار ئیسرائیلیمان لە حەماس ئاگادار كردەوە ، حەماس كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینن ، دەبێ ئیسرائیل كۆتایی بە حەماس بهێنێ و لەناوی ببات ، بەڵام من ناتوانم بە ئاشكرا ئەمە لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵێم ) .
- لە بەحرەین ... بلیكن هەمان ئەو قسانەی گوێ لێبوو كە پێشتر لە ئوردن لە شا عەبدوڵڵاوە گوێی لێ بوو.
- لە سعوودیە .... وەزیری دەرەوەی سعوودیە (میر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود) بە بلیكن دەڵێ :
(دەبوو ئیسرائیل متمانە بە حەماس نەكات ، ئێمە چەند جار ئیسرائیلمان ئاگاداركردەوە ، حەماس واتە ئیخوان موسلمین... لە ڕاستیدا كۆمەڵە تیرۆریستییەكان بەس تەنها ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیل نیە ، بەڵكو ئامانجیانە سەركردەكانی تری وڵاتانی عەرەبیش لەناوو ببەن ، ئێمە بێزارین لەوەی لە غەززە ڕوودەدات ، چونكە ئەوانەی دوای حەماس پەیدا دەبن زۆر لە حەماس خراپترن ، داعش دوای قاعیدە پەیدابوون كە زۆر لە قاعیدە خراپتر بوون).
-لە ئیمارات .... محمد بن سەلمان بە بلیكن دەڵێ : (دەبێ حەماس لەناوببرێ و كۆتایی پێ بهێنرێ ، حەماس ئیخوان موسلمینن ، ئێمە دەتوانین دەرفەتێك بدەینە ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس).
- لە میسر ..... وەزیری هەواڵگری میسر سەرەتا نەخشەی تونێلەكانی غەززە پێشكەش بە (بلیكن) دەكات و دواتر داوا دەكات ئیسرائیل پەلە نەكات لە چوونە نێو غەززەوە ، دەبێت ئیسرائیل بە چەند قۆناغێك بڕواتە نێو غەززە تاوەكو تاك بە تاكی سەركردەكانی حەماس لە كۆنەكانیان – واتە تونێلەكان – دێنە دەرەوە ئینجا سەریان لەلاشەیان دەكاتەوە).
لێرەدا دووپاتكردنەوەی ئەوەی كە حەماس ئیخوان موسلمینن ، هەروەها ئیخوان ڕۆڵ دەبینن لە بڵاوكردنەوەی نائارامیی لە ناوچەكەدا خاڵێكی هاوبەشی كۆی ئەو قسانە بوو كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەرانی وڵاتانی عەرەبییەوە بەرگوێی كەوت!
ئێستا ئەوانەی لاپەڕەكانی ئەم كتێبە دەخوێننەوە و لەم ئابڕووچوونە گەورانەی سەرانی عەرەب ئاگاداردەبنەوە و، پرسی غەززە و گەلی ستەمدیدەی فەلەستین بەلایانەوە پرسێكی گرنگە مافی خۆیانە ئەم پرسیارانە بكەن :
1-سەرانی عەرەب لەڕووی ئاین و پێناسە و ئینتمای نەتەوەییەوە لەسەر چ بناغەیەك خۆیان دەناسێنن ؟! ئایا ئەوان لەگەڵ فەلەستینییەكاندا خاوەن یەك ئاین و پێناسە و نەتەوە و كەلتوورو مێژووی هاوبەش نین؟! دەی كەواتە بۆچی دەستیان دەخەنە نێودەستی داگیركەرانەوە دژ بە نەتەوە و براكانی خۆیان؟!
2- ئەم هەموو دوژمنایەتییە لەگەڵ حەماسدا بۆ ؟! لە كاتێكدا حەماس هیچ جۆرە دەست تێوەردانێكی لە كاروباری ناوخۆی ئەو ڕژێمانەدا نەكردووە و، تاكە فیشەكێكیشی بە ئاڕاستەی وڵاتەكانی ئەوان نەتەقاندووە! ئایا ئەو سەركردە عەرەبانە نازانن پشتیوانیی و جەماوەری حەماس لە وڵاتەكانی ئەواندا زۆر زیاترو سەرووترە لە جەماوەری ئەو سەرۆكانە خۆیان؟!
3-ئەگەر ئەو سەركردانە كێشە یان لەگەڵ حەماسدا هەیە ، ئەی دەبێ كێشەیان لەگەڵ گەلی ستەمدیدەی فەلەستین چی بێ ؟! ئایا كوشتنی (43) هەزار هاوڵاتی مەدەنی و برینداركردنی (120) هەزاری تر و، وێرانكردنی دەیان قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و كەنیسە و هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووریی هێشتا گۆڕانكاریی بەسەر سیاسەتی ئەواندا نەهێناوە بەرانبەر ئەو گەلە هەژار و بێ تاوانە؟!
4-سەركردەكانی عەرەب بۆچی ڕێگە نادەن گەلانی موسڵمان گوزارشت لە ئیرادە و ویژدان و هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان بكەن سەبارەت بە فەلەستین و گەلەكەی ؟! لە كاتێكدا ڕاپرسییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ڕێژەی %90ی جەماوەر دژی ئاشتی عەرەب – ئیسرائیلە!
5- زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیی وەك (پۆلیڤیا) و (كۆڵۆمبیا) و (چیلی) و (بەرازیل) و (باشووری ئەفریقا) و (نیكاراگوا) پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند ، یان لانی كەم باڵوێزەكانیان كشاندەوە! خەیرە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییە دیبلۆماسیی و ئابوورییەكانیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا درێژەیان هەیە؟! زۆرێك لە وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستی ئیسرائیل ڕێگەیان نەگرتووە لە ئەنجامدانی ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ پشتیوانیكردنی غەززە و فەلەستین! لە كاتێكدا وڵاتانی عەرەبی ڕێگە نادەن گەلانی موسڵمان ڕێپێوانی پشتیوانی ئەنجام بدەن و هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان ڕابگەیەنن!
6- ئایا سەرکردەکانی عەرەب هەستیان بەوە نەكردووە موقاوەمە لە فەلەستین هێڵی یەكەمی بەرگرییە لە وڵاتەكانیان و تاكە دیواری پاراستنی گەلانی موسڵمانە لە پەلامارو هێرشەكانی دووژمنی داگیركەر، لە كاتێكدا ناتانیاهۆ بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێ كە جارێكی تر هەوڵی ڕێكخستنەوە و داڕشتنەوەی نەخشە و سیستمی ئەمنی ناوچەكە دەدات بەپێی ویست و میزاج و مەرجەكانی جولەكە ؟!!
PM:09:35:03/11/2024
ئهم بابهته 2288
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی