هەژماری من یان تەوتین ؟
دڵشاد ئەنوەر
* هەژماری من و تەوتین لە کێشەی نێوان موچەخۆر بە لایەنگیری هەر دوو تەرەفەکەوە دەرچووە، بەڵکو بووەتە کيشەی نێوان لوتکەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی.
سەرۆکی یەکێتی هەژماری منی بە هەژماری مەسرور ناوبرد، سەرۆکی حکومەتیش بەرهەڵستکارانی هەژماری منی بە ناشەفاف و هەژماری منیشی بە هەژماری هاوڵاتی وەسفکرد. گرفتەکەش ئەوەیە هەم تاڵەبانی و هەم بارزانی بە دوو کارەکتەری کەلە رەق و نەکشاوە لە بڕیاری خۆیان دادەنرێن کە ئێستا شاخیان لە یەکتری گیرکردووە، مادام شاخیان لەیەک گیرکردووە دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەگەرێک بکەین.
* جوڵەی یەکێتی بۆ تەوتین جدییەتی پێوە دیارە، هاتنە سەر خەتی بارزانی و بڵاو بوونەوەی نوسراوێکی هەڕەشە ئامێزی وەزارەتی دارایی لە فەرمانگە حکومیەکان و دواتر بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێکیش نیگەرانی و توڕەبوون و بە جدی وەرگرتنی مەسەلەکەی لێ بەدی دەکرێت.
* ئەستەم نییە، بەڵام ئاسانیش نییە یەکێتی و پارتی لەسەر تەوتین و هەژماری من لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕێکبکەون، چونکە تەوتین لە سلێمانی سەر بگرێ داشی یەکێتی سوار و گەر هەژماری منیش سەر بگرێ داشی پارتی سوار، بۆیە دوور نییە ئەم مەسەلە تەنانەت پێکهێنانی حکومەتیش دوا بخات.
* یەکێتی گەر پرسی تەوتین وەکو فشار بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی زیاتر لە حکومەتی داهاتوو بەکار بهێنێت، دووچاری چەند گرفتێک دەبێت لەوانە؛ گەر پێش هەڵبژاردنی عێراق حکومەتی هەرێم پيکبهێنرێ و تەنازول لە تەوتین بکات، ئەوا بۆ هەڵبژاردنی عێراق باجەکەی دەدات.. گەر تەنازولیش نەکات پێکهێنانی حکومەت ئەستەم و قورستر دەبێ و ئەمە لە خیتابی بەرپرسانی پارتی هەستی پێدەکرێ.
* کێشەی هەژماری من و تەوتین گەورەبووە، مادام بەناوی ئیدارەی سلێمانییەوە دۆسیەکە دەبرێتە دادگای فیدراڵی ، گەر ببرێت، کەواتە نە یەکێتی تەنازول دەکات نە پارتیش پاشە کشەو گەمەکە قوڵتر دەبێتەوە.
* گەر کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر هەژماری من و تەوتین کێشەی نێوان دوو حزب بێت ڕێگە چارە زۆرە بۆ چارەسەر کردن، لەوانە فەرمانبەر ئازاد بێت کامیان هەڵدەبژێرێ، یاخود دیوی پارتی هەژماری من و ئەمدیو تەوتین، یان دۆزینەوەی رێگەی تر. بەڵام گەر مەسەلەکە رەهەندی ئیقلیمی هەبێت و بۆ درز دروستکردن بێت ئەوا چارەسەر قورسەو دوور نییە تا پەرتبوون بمانبات.
* گەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پێش نەبایە، وێنەکە زووتر ڕوون دەبوویەوە، بەڵام گەر پێکهێنانی حکومەت بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی عێراق و درێژە بکێشێت، پارتی تەنازول لە زۆر پۆست بۆ یەکێتی بکات، سەرگرتنی هەژماری من واردترە.
* دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم و تەوتین راستگۆو جدی نین، ئەوەتا سەرووی ٩٥٪ ی فەرمانبەرانی هەولێرو دهۆک و ٣٥٪ ی سلێمانی هەژماری منیان پڕ کردووەتەوە، لە گەرمەی مشتو مڕی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم پرسە، ئەوان قسەی جدییان نییەو تەماشاکارن.
ڕەنگە ئەم مشتو مڕەی نێوان پارتی و یەکێتی دەرفەتی باش بێت بۆ ئەوان تا هەندێ پرسی گرنگتێپەڕێنن.
* تەوتین گەر لە سلێمانی بکرێ پرۆسەیەکی ئاسان نییە، کردنەوەی دەیان و بگرە سەدان لقی بانکە عێراقییەکانی لە پارێزگاو قەزاو ناحییەو ئۆردوگاکانی دەوێت، دانانی هەزارەها فەرمانبەری دەوێت، بەڵام جدییەت لە بانکە عێراقییەکان وەکپێویست بەدی ناکەین.
*لە پەیجەکان هەندێک شت بەناوی مامۆستایەکی سلێمانی بڵاو کرابوویەوە، گوایە خانوو بە کرێ دەگرن بۆ بانکە عێراقییەکان، بانکی عێراقی خاوەنی ملیارەها دۆلار بێت و چاوەڕێی مامۆستا بکات بینای بانکی بۆ بگرێ، ئەمە گاڵتە جاڕییەو گەر ئەم قسەیە بینا بێت لەسەر قسەی بانکەکان، کەواتە بانکەکانیش جدی نین.
* وەکخۆم تەوتینم بۆ خۆم بەلاوە گرنگترە تا هەژماری من، چونکە تەوتین هی دەوڵەتێکەو هەژماری من هی هەرێمێکی بێ پارەیە کە چاوەڕێی دەستی ئەو دەوڵەتەیە، بەڵام تەوتین بێ یان هەژماری من، گەر هەرێم بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە زۆر جیاواز نابێ، بۆ؟
گەر هەرێم و بەغدا ڕێککەون، پارە بۆ فەرمانبەری بەشداربووی تەوتین و هەژماری من وەک یەک داخل دەبێت، خۆ گەر هەرێم و بەغدا ناکۆک بن، هەردوو هەژمارەکە سفر دەبن، واتە داخلکردنی پارە گرێدراوە بە ناکۆکی یاخود ڕێککەوتنە سیاسییەکانەوە.
PM:09:00:29/10/2024
ئهم بابهته 1240
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی