ووتاری سەرۆك

‌ره‌حمان غه‌ریب

خوشكان برایان

لێدوانی ئاگرین تەواو، تێربووین لەنمایشی بەردەم لۆگۆی كەناڵەكانی راگەیاندن، تەواو بوون بە بەشێك لە رابردوو، ئێستا چاو لەسەر چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستانە، چاو لەسەر دیدارو كۆبونەوەی بنیاتنەرە، بە راستگۆیی، بە زاڵكردنی گیانی بەرپرسیارێتی، نەك دەستبادان و دەستشكاندن، یان ملكەچكردنی ئەویدی بۆ ئەجێندای یەك لایەن، چونكە بەمەیان نیشتمان دەكەینە ناو لەپی عفریت.

پێكەوەبوون، قورس نییە، لەناو جەنجاڵی دۆخی ناوچەكە، مەترسی و هەڕەشەو ئاڵەنگارییەكان زۆرن، هێزگەلێكی زۆری ئەو دیو سنور، وەك تەماشاكەرێكی دڵڕەق چاوەڕوانن كە یەقینی یەكترسڕینەوە زاڵبێت، ئێستا كاتی لێكدانەوەی ماتماتیك و بردنەسەری دروشم نییە، كاتی ئەوەیە پێشبڕكێ بكرێت كام هێزە ئەتوانێت دەستپێشخەرتر بێت، ژینگەیەكی لەبار بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی بڕەخسێنێت، كاتی ئەوەیە لایەنە براوەكان دانیشن لەسەر مێزێك بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرو راشكاوانەی رووبەروو، نەك لە رێی میدیا سێبەر و بەكرێگیراو.

بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی بەرژەوەندی نیشتمانیمان، ئاشتەوایی ژیانی سیاسی سەقامگیر و ئارام، لەسەر بنچینەی هاوبەشی سیاسی راستەقینە و رێزگرتن لە بەهاكانی دادی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و فرەیی فكری و سیاسی و یەكسانی و شەڕی گەندەڵی و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ژیانی هاوڵاتیان دێنەدی، هەر بەمەش پێگەكانی ماڵی كوردستانی دەپارێزێت.

مێژووەكەمان پڕ بووە لە هەزاران كۆست و تراژیدیای گەورە، بەڵام ڕۆحی پێكەوەبوون و مانەوە لەناوماندا زیندوو بووە. جگە لە خەم و خەون و تراژیدیای هاوبەش، زمانێكی هاوبەشمان هەبووە كە توانای  تێپەڕاندنی سەدان قەیرانی لەم شێوەیەی هەبووە. 

 باچاو لەسەر دەەرفەت بێت، دەرفەت بۆ گەلی كوردستان و ئەزمونە نیشتیمانییەكەی، با هەموو حیزبەكان، ئەوانەی سەركەتووبون، ئەوانەی سەركەتووبون و تانەیان لە ئەنجامەكان هەیە، ئەوانەی دەنگی تەوایان بەدەستنەهێنا، ئەوانەی دەنگیشییان نەدا، با هەڵمەتی بانگەشە لە دڵ و دەروونی هەموواندا بنێژرێت و تەنها بیر لە ئایندە بكرێتەوە، هیچ هەنگاوێك بۆ بەرژەوەندی كوردستان و هاوڵاتییانی بە سازش و شكاندن نەزانن، لێرەشدا سیاسەت نەك هونەری مومكینە، بەڵكو هونەری دەربازبوونیشە لە كەوتنە ناو خەرەندی كەللەڕەقی و دڵرەقی سیاسی. 

بێگومان بۆ ساڕێژكردنەوەی برینەكانی بانگەشەكانی هەڵبژاردن، هەر  ئەم رێگایەمان لەبەردەستدایە، خۆتان دڵنیان پاش سەدەیەكیش ناكۆكی هەر دەچینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئیدی چاوەڕوانی چین ؟ با روحی سرینەوەی "ئەویدی جیاواز" كۆتایی بێت، با زەمانی لێكدابڕانی سیاسی، درێژترو و ناكۆكییەكان قوڵترنەبنەوە.

خوازیاربووم پاش راگەیاندنی دەرئەنجامەكان سەرۆكێك ووتارێكی لەو شێوەیەی پێشكەش بكردایە.


PM:06:34:22/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی