بۆ پشتگیری مامە ڤاندام - کورد نەتەوەیەکی جنێوفرۆش

‌رێبوار فەتاح

بە هیچ جۆرێك پەیوەندیم بە سیاسەتی مامە ڤاندامەوە نیە. هەرچیەك دەنووسم، پەیوەندە بە بێمۆڕاڵی خەڵکەوەیە.

بەرلەوەی خۆی کاندید بکات بۆ ئەندام پەڕلەمان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، من بینەری زۆربەی ڤیدیۆکانی مامە ڤاندام بووم، پیاوێکی گەلێك شیرینزمان و بەئەدەبە. نمونەی زۆر بێ! بەدرێژی ئەو ساڵانە، هەرگیز پەیڤێکی زبرم لێ نەبیستووە.

مامە ڤاندام گەر لە وڵاتێکی ئەوروپادا بژیابا، تەنیا بە کەلامی شیرین و قسەی نەستەقی، دەژیا و ناوبانگی دەبوو.

ئەوەی جێی نیگەرانی منە، تێکشکانی شکۆی مرۆڤە. مامە ڤاندام، لە هەڵبژاردنی تایبەت، دەنگی زۆر نەهێنا. ئەمە بۆچی پاساوە بۆ ئەوەی شکۆی بشکێنن، سوکایەتی پێ بکەن. جێی داخە، کورد نەتەوەیەکی جنێوفرۆشە.

بۆچی هاوسەری مامە ڤاندام دەکەن بە وێردی سەرزاری تۆڕی کۆمەڵایەتی.

مامە ڤاندام پیاوێکی جوان و زمانشیرینە، دەنگی بۆ مەدەن، بەڵام ڕێزی وەك مرۆڤ بگرن. گەر توانیتان ئەمە بکەن، شکۆی خۆتان بڵند ڕاگرتووە. تەنیا کەسێك دەتوانێ شکۆی مرۆڤ بشکێنێ، کە خودی خۆی بێشکۆ بێ یان لە دەوروبەرێکدا ژیابێ، بەردەوام شکۆی شکابێ.

بە چوار زمان لە ئینتەرنێت دەڕوانم، کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی؛ هەرگیز وەك کورد جنێوفرۆشم نەدیووە. خۆ ڕەنگە هەر بەو هۆیەوە بێ، کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، باڵا سەیر ناکرێ.

هەمیشە لە خۆم و لە هاوڕێیانم دەپرسم: کورد بۆ جنێو دەدات؟

کلپی مامە ڤاندام، داوامان لێ دەکات شکۆی مرۆڤ نەشکێنین. بژی مامە ڤاندام!


PM:04:56:19/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی