کامە بو هەڕەشە و چاوسورکردنەوە لە هێزە سەربازییەکان ؟!

‌بارزان شيخ عوسمان

سەرەتا دەمەوێت دەستخۆشییەکی بێ سنور لە هەردو سایتی وێستگە نیوز  بکەم کە  وەك کەناڵێکی سەربەخۆ و بێ لایەن ، زۆر پیشەیی و شارستانییانە دیمەن و لێدوان و ئاهەنگەکانی بانگەشەی هەڵبژرادنی گەیاندە خوێنەر و بینەرەکانی .دەستی ماندو بونی یەکبەیەکی کوڕان و کچانی وێستگە نیوز و کاك سیروان غریب دەگوشم . 
  
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ، لیستەکانی تر کە بەرامبەر لیستی ژمارە ١٢٩ ی (ی،ن،ك) بانگەشەیان دەکرد ، تەواوی تواناکانیان  خستبوە گەڕ ،بەو مەرامەی بە وەهم و خەون و خەیاڵی خۆیان  بیر و رای گشتیی دەنگدەران  ژەهراوی بکەن بەوەی (ی،ن،ك) ، بە هەڕەشەو چاو سورکردنەوە لە  کارمەندانی هێزە چەکدارەکان  لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا ،دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر دەکات .

کەچی ئەنجامی بەرایی و ناڕەسمیی رێك نەك هەر بەدرۆی خستنەوە بەڵکو ئەو سیاسەت و باوەڕە نەگۆڕەی (ی،ن،ك) ،  بۆ ئازادیی و سەرپشک بونی دەنگدەران ، زیاتر بۆ رای گشتیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان و چاودێرانیش زیاتر بەرجەستە کرد کە کارمەندانی ئەو هێزانە بە ئازادیی خۆیان دەنگیان داوە و هیچ گوشارێك یا   خوا نەکردە هەڕەشەیەكیان لەسەر نەبوە . 

هەمو سەرکردەی ئەو حزب و لیستانە بە دەمی خۆیان دانیان بەو راستییە دا نا کە کارمەندانی ئەو هێزانە هیچ گوشارێکیان لەسەر نەبوە ،بەوەی هەریەکەیان بە گوێرەی حەجمی خۆیان دەنگیان لەو پرۆسەیەدا مسۆگەر کردوە .

ئەوەش  پەردە هەڵماڵینێکی ئاشکرایە لەسەر  درۆ و دەلەسە و خۆڵ لەچاو کردنەکانی  ئەو لیستانە بۆ لەخشتە بردن و ترساندنی  دەنگدەران و چەواشەکردنی ژن و مناڵ و کەسوکاری هێزە چەکدارەکان .

دەنگدانی تایبەت ئەو راستییەی زیاتر سەلماند و بەرجەستە کرد کە ئەوە هەرگیز نەریت و ئاکاری (ی،ن،ك) نییە ، نان و موچە وەك کارتی گوشار بەکار بهێنێت بەرامبەر نەك ئەو کارمەندانە بەڵکو هیچ موچە خۆر و فەرمانبەرێکی حکومیی یا کاسبکار و خەڵکی تر ،چونکە (ی،ن،ك) ، هەرگیز کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان  ناکاتە بارمتە و دیل بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خواستە نیشتمانیی یەکان. 

بۆیە هەقە ئێستا  لەو لیستانە بپرسرێت ئەرێ راستتان فەرمو بو کە هێزە چەکدارەکان هەڕەشەیان لێکرابو ؟!یا …..!. .
ر


PM:04:33:19/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی