فۆبیای هەڵبژاردن لای پارتی و ترس لەگۆڕینی هاوسەنگیی هێز

‌نیاز سەعید عەلی

بەدەر لەهۆکارە خۆیی و بابەتیەکانی پەیوەست بەسیاسەت و شێوازی خراپی بەڕێوەبردنی سیستەمی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی کوردستاندا؛کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و کاردانەوەو ڕەخنە؛ بەپلەی یەکەم لەدژی پارتی و حکومەت،ئەو حکومەتەی پارتی؛ بە تاکڕەوی،بەخۆسەپێنی و قۆرخکاری ئەیباتبەڕێوە،چەندین هۆکارو فاکتەری تر لەم هەڵبژاردنەدا؛ڕۆڵ و نەخش و کاریگەریان، لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز هەیە بەزیانی پارتی.

هۆکار و فاکتەرەکانی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەم هەڵبژاردنەدا

١- بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن؛لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق،جێی باسە ئەمە یەکەمین جارە ئەو کۆمسیۆنە؛لەبری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی کوردستانی هەڵوەشاوە،پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەئەبات؛کەبەهۆی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق،لە(٢١/٢/٢٠٢٤)دا هەڵوەشایەوە.

کۆمسیۆنی کوردستان لەڕابردوودا؛ زیاتر لەژێر هەژموون و جڵەوو ئاراستەی پارتیدا بوو؛ لەهەڵبژاردنی ڕابردووی (٢٠١٨)دا، بەهۆی کۆمسیۆنەوە؛توانیبووی دەنگێکی بێشومار، بەساختەو بەدەستکاریکردن،لەسنووری هەولێرو بادینان؛ بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ژمارەی کورسیەکانی پێ زیاد بکات.

لەبەرئەوەی پارتی،هەژموونی بەسەر کۆمسیۆنی عێراقدا نیە،پێناچێت لەم هەڵبژاردنەدا بتوانێت بەچەشنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو؛ساختەکاری و دەستکاریکردن لەئەنجامەکاندا بکات.

٢-کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی کۆتای کەمایەتیەکان، لەیانزە کورسیەوە ، بۆ پێنج کورسی و دابەشکردنی بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی و هەولێرو دهۆک، لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، پارتی بەسوودوەرگرتن لەپێگەو هەژموونی بەهێزی لەناو کۆمسیۆنی کوردستان و بەقۆستنەوەی سیستەمی یەک بازنەیی هەڵبژاردن و تەکتیکی دەنگدان؛بەئاسانی توانیبووی هەموو،یان زۆرینەی ڕەهای کورسیی کۆتای کەمایەتیەکان،بۆ خۆی قۆرخ و مسۆگەر بکات.

دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق لەبڕیارێکدا، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی؛  لە(١١١) ئەندام کەمکردەوە   بۆ (١٠٠) ئەندام و یانزەکورسیەکەی کۆتای کەمایەتیەکانی لێ دەرکرد،دواتر لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛لەکۆی ئەو (١٠٠) کورسیە، پێنج کورسی بۆ کۆتای کەمایەتیەکان تەرخانکراو دابەشکرا بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا.

بەم بڕیارە پارتی؛ ئەو یانزە کورسیە مسۆگەرە پێشوەختانەی لەدەستداو هیچ ئاماژەیەک لەئارادانیە؛بتوانێت هەموو ئەوپێنج کورسیە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

٣-پەیڕەویکردنی سیستەمی چوار بازنەیی بۆ دەنگدان؛ لەبری سیستەمییەک بازنەیی؛ کە لەهەڵبژاردنی ڕابردوودا پەیڕەوکراو پارتی؛ لەڕێگەی کۆمسیۆنەوە،بەتەکتیک و قۆستنەوە؛ سوودی لەیاسای هەڵبژاردن وەرگرت و دەنگەکانی بەسەر بازنەکاندا؛بەشێوازێک دابەش کرد،تاکو هێزە سیاسیەکانی تر نەتوانن لەسنووری هەولێرو بادینان؛کورسیی زۆر  بەدەستبهێنن،لەبەرامبەردا خۆی  بتوانێت لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا،بەتەکتیکی هەڵبژاردن؛کورسیی زیاتر لەشایستەیی خۆی مسۆگەر بکات.

٤-کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛بەلیستی تۆماری دەنگدەرانی تۆمارو کارپێکراوی لای خۆی،کەپشت بەسیستەمی بایۆمەتری و فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتمانی ئەبەستێت،نەک تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەڵوەشاوەی کوردستان؛کە پڕ بوو لەسەدان هەزار ناوی مردوو،ساختە،دووبارە،کۆچکردووی هەندەران،بندیوارو هاوڵاتیانی پارچەکانی تری کوردستان.

پارتی لەهەڵبژاردنی ڕابردوودا؛بەهۆی باڵادەستیی بەسەر کۆمسیۆنی کوردستاندا، وانی بەپشتبەستن بەم ژمارە بێ ئەندازەیەی دەنگدەری نایاسایی و ساختە؛چەندین کورسیی مسۆگەر بکات،بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا،دەرگا بەڕووی ئەو چانسەدا داخراوەو ناتوانێت ئەزموونی هەڵبژاردنی (٢٠١٨) دووبارە بکاتەوە.

٥- دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و فەرمیی دەنگدان؛هێزە سیاسیە بەشدارو خاوەن کورسیە براوەکانی هەڵبژاردن،ئەتوانن هاوپەیمانێتیی زۆرینە پێکبهێنن بۆ دروستکردنی حکومەت.

پارتی لەهەڵبژاردنی (٢٠١٨)دا؛ بەهۆی ساختەکاری و یانزە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان؛ (٥٦) کورسی،کەئەکاتە (نیوە زائید یەک)ی لەپەرلەماندا بۆ خۆی مسۆگەرکردبوو؛ بەهۆیەوە تووشی لەخۆباییبوون و بێ منەتی بووبوو.

لەم هەڵبژاردنەدا؛هیچ دەرفەت و زەمینەیەک بۆ پارتی لەئارا نیە،تاکو بتوانێت هێندەی کورسیەکانی پێشوو بەدەستبهێنێت،ناتوانێت بەئاسانی و بەچەشنی پێشوو؛ بێتە هێزی زۆرینە و خاوەن هەژموون و بڕیا و دەسەڵات؛بەسەر پەرلەمان و حکومەتدا،ئەمە ئەگەر هاوپەیمانێتیی نێوان (یەکێتی)و هێزە سیاسیە خاوەن کورسیەکانی تر؛پارتی بەناچاری نەکەنە هێزی ئۆپۆزسیۆن.

جێی ئاماژەیە؛پارتی هێشتا بەتەواوی بەنجی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و دابەشکردنی پۆستە کارگێڕیەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا بەرینەداوە،ئەترسێت هەمان ئەزموون بەشێوازێکی تر،لەپێکهێنانی حکومەتی تازەی هەرێمی کوردستاندا دووبارەبێتەوە و بەهۆیەوە بەنجەکەی تازەو درێژبێتەوە.

لەم سۆنگەیەوە مەسعود بارزانی ترسێکی گەورەی لێنیشتووە؛ بەهۆی ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی نەیارو دژ بە(پارتی)؛بەسەرپەرشتیی یەکێتی و بەبەشداریی ژمارەیەک لەهێزە سیاسیەکانی تر،بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

٦-ژمارەیەک لەهێزە سیاسیە بەشداربووە سەرەکیەکانی هەڵبژاردن؛ناکۆکی و کێشەیان لەگەڵ پارتی هەیە،بەتایبەتی لەکاروکردەوەو هەڵوێستە توندەکانی مەسرور بارزانی ناڕازین،ئەمەش ئەبێتە هۆکارێک بۆ بەرتەسککردنەوەی چانسی دروستکردنی حکومەتی ئیئتیلافی؛لەبەردەمی مەسرور بارزانیدا، ئەگە چانس یاوەری بوو ! .

٧-دروستبوونی کۆدەنگیەک بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ لەدژی پارتی و لاوازکردنی لەناو ناوەندی بڕیارو سیستەمی فەرمانڕەوایی و لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ،لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسیە سەرەکیە بەشدارەکانی هەڵبژاردن لەکوردستان. 

فۆبیا، یان خەمە گەورەکە !

پارتی بەهۆی دروستبوونی کۆدەنگی بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەکوردستان؛درکی بەخەم و ترسێکی زۆر گەورە (فۆبیا) کردوە،لەلایەکی تر نیگەران و هەراسانە بەبوونی ئاراستەو پرۆژەو ویستێکی عێراقی،بەتایبەتی لەلایەن هێزە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە؛بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزو لەقاڵبدانی پارتی و بەرتەسککردنەوەی قەبارەو ڕۆڵ و بەشداری و  کاریگەریی،لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا.

جێی ئاماژەیە سەرچاوەی نیگەرانی و ڕەخنەو بێ متمانەیی؛هێزە فەرمانرەواکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، لەبەرامبەر پارتی؛ هیچ پەیوەندیەکی بەناکۆکی  و کێشەی نەتەوەییەوە نیە،بەڵکو لەسێ ڕەهەندەوە سەرچاوەی گرتووە : 

ڕەهەندی یەکەم/ ئەگەڕێتەوە بۆ مانۆڕی سیاسی و بژاردەی پارتی، لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای (٢٠٠٣)؛ کە بەبەردەوامی لەسەر ئاستی عێراق،داشکاوەتەوە بەلای پێکهاتەی عەرەبی سووننەدا هەرکاتێکیش بەگونجاو و پێویستی زانیبێت؛درێغی نەکردوە لەقۆستنەوەی دەرفەت بۆ دژایەتیکردنیان، لەنموونەی چوونە ناو هاوپەیمانێتیی ڕەوتی سەدرو بەشێک لەهێزەکانی عەرەبی سووننە،لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە (٢٠٢٢). 

ڕەهەندی دووەم/ پەیوەستە بەپەیوەندیە ئقلیمیەکانی پارتی، بەتایبەتی لەگەڵ توورکیاو سعودیەو ئیمارات و ئەردەن، چونکە لەدیدو جیهانبینیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی فەرمانڕەوادا؛ئەو وڵاتانە بەهۆی جیاوازی و ناکۆکی ئایینزایی و جیاوازیی بەرژەوەندیی سیاسی و ستراتیژیەوە؛ ئەکەونە خانەی نەیار لەدژی باڵادەستیی ئایینزای شیعە، لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراقی دوای (٢٠٠٣)، بەتایبەتی کە ئەو چوار وڵاتە،بەمیکانیزم و ڕێگەی جیاجیا؛لەدوای (٢٠٠٣)ەوە،پشتیوانیی ئایینزایی و سیاسی و دیبلۆماسیی هێزە سیاسیەکانی عەرەبی سووننەیان کردوە،هەروەها کۆمەکی دارایی زۆریشیان کردون؛ ئەویش بەئامانجی بەهێزبوون و بەرەنگاربوونەوەی پێگەی ئایینزای شیعە،لەناو دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی عێراقدا،هاوکات پێیانوابووە لەڕێگەی لاوازکردنی پێگەی شیعەکان،لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراقدا؛ ئەتوانن پێگەو هەژموونی دەوڵەتی ئێران لەعێراقدا لاواز بکەن و کاریگەریی بووژانەوەو پەلهاویشتنی دیاردەی بووژانەوەی شیعەگەرێتی لەناوچەکەدا سنووردار بکەن. 

هێزە سیاسیە بەشدارە سەرەکیە فەرمانڕەواکانی شیعە،چەند بەئەرکی سەرشانی خۆیان ئەزانن؛بەرەنگاری پەلهاویشتنی پێگەو دەستتێوەردانی ئەو وڵاتانە ببنەوە؛بەهەمان شێوە لەناوخۆی عێراقیشدا، هەوڵ بۆ لاوازکردن و پەراوێزخستنی ڕەوتی سەدرو پارتی و هێزە سیاسیەکانی عەرەبی سووننەی وابەستە بەو وڵاتانە ئەدەن.

ڕەهەندی سێیەم/ لەهەرێمی کوردستاندا؛بنەماڵەی بارزانی بەگشتی و ماڵی مەسعود بارزانی بەتایبەتی؛بوونەتە خاوەنی سەرمایەی گەورەو بەرژەوەندیی ئابووریی زەبەلاح،بۆ پاراستن و بەردەوامی و گەشەپێدانی سەرمایەو کاری بازرگانی و بەرژەوەندیەکانیان، پێویستیان بەدەسەڵاتێکی ڕەهای تۆتالیتاری خۆسەپێنەر هەیە.

پارتی بەرنامەی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی حکومەتیان؛ بەپراکتیکی خستۆتە خزمەتی دوو ئامانج،ئەویش بەرژەوەندیی ئابووری بنەماڵەو خێزان؛ لەگەڵ مسۆگەرکردن و پاراستنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی خێزانی مەسعود بارزانی.

لەم پێودانگەوە؛هەر هەنگاوێک لەناو پرۆسەی سیاسیدا،پیادەو جێبەجێ بکەن؛ئەبێت گرێی بدەن بەمەرجی خزمەتکردنی ئامانج و بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان؛بەبەکارهێنان و پاڵپشتیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی،ئیتر لێرەوە ئەبنە تاکڕەوو قۆرخکاری حکومەت؛زەوتکەری سامان و داهاتی کوردستان و ...هتد.

لەسەر ئەو بنەمایە هەموو کێشە و ناکۆکی و ململانێکانی پارتی،لەناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراق؛گرێدراوە بەو دوو ئامانجەوەو لەپێناویدا ململانێ ئەکات،هەر بۆیە ئامادە نیە دەستیان لێ هەڵبگرێت.

لەم سۆنگەیەوە پارتی؛ دروشمی کوردایەتی کردۆتە کراسەکەی عوسمان و مانۆ و موزایەدەی پێوە ئەکات؛هاوکات کردویەتیە دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ئەو دوو ئامانجە، لەسەر ئەم بنەمایە؛ لەگەڵ کێ و چ لایەنێک؛ لەپێناوی ئەو (٢) ئامانجە؛تووشی ناکۆکی و بەریەککەوتن و ململانێ ببێت؛ئەوا بەدیماگۆکی و فریودەرانە؛ لەمیدیاو سۆشیال میدیادا؛بەرگێکی کوردایەتی بەبەردا ئەکات. 

پارتی لەبەر ئەو دوو ئامانجە؛لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەبەغدا،لەکێشەو ململانێیەکی قووڵ و ئاڵۆزدایە؛بنەڕەت و ناوەرۆکی کێشەو ناکۆکیەکان،پەیوەستە بەبەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بنەماڵەو خێزانی مەسعود بارزانی، نەک کوردایەتی و بەرژەوەندیە گشتیەکان.

خۆدزینەوەی پارتی لەهەنگاونانی پراکتیکی؛بۆ چارەسەرو یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکان؛لەکاردانەوەدا چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کەهیواخوا و پێشوازگەرم بن،بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەکوردستان،تاکو بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەلتەرناتیڤێکی میانڕەو بکەن،چونکە متمانەیان بەپارتی نەماوە.
خوانێک کوشندەتر  لەخوانەکەی مەسیح !

 پارتی بەتیۆری پیلانگێڕی، خوێندنەوەو شیکردنەو و  لێکدانەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەکات،پێیوایە بەچەشنی ئاشبەتاڵ؛گەورەترین هەڕەشەو مەترسیان لەسەرەو ئەوەی ڕووئەدات،شەڕی مان و نەمانە،ئەبێت بەهەموو توانایان؛ بەرگریی لەمانەوەو پارێزگاری لەباڵادەستیی دەسەڵاتی بازنەی یەکەمی ماڵی مەسعود بارزانی و پارتی بکەن،چونکە ناتوانن بەرگەی بەرتەسکبوونەوەی قەبارەو کەمبوونەوەی دەسەڵات و لەدەستدانی جڵەوی کایەو جوومگە بەهێزەکانی فەرمانڕەوایی بگرن،بەتایبەتی حکومەت،پەرلەمان،هەولێری پایتەخت،دۆسیەی نەوت و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و ...هتد.

مەسعود بارزانی و کوڕەکانی؛لەم هەڵبژاردنەدا تووشی فۆبیای ئەنجامە ترسناکەکانی لاوازبوون،یان دۆڕاندن بوون؛لەلایەک لەبەرامبەر یەکێتی و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن، لەلایەکی تر لەبەرامبەر دەوڵەتی ئێران و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە.
گۆڕینی هاوسەنگیی هێزو لەدەستدانی زۆرینە لەناو پەرلەمانی داهاتوو، ئەبێتە دوو شکست بۆ ئەوان؛شکستێک بۆ خودی پارتی؛ شکستی دووەم بۆ مەسعود بارزانی  و کوڕەکانی.

لەکاتی ڕوودانی ئەم شکستەدا؛هۆکارو ئۆباڵی شکستەکە؛ئەکەوێتە ئەستۆی مەسعود بارزانی و کوڕەکانی،بەمەش ئەستێرەی نێچیرڤان بارزانی ڕوو لەدرەوشانەوە ئەکاتەوە، هاوکات مەسعود بارزانی و کوڕەکانی،ترسێکی تریان لەلا دروست ئەبێت؛ئەو کاتەی کەخۆیان داناوە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن،بەڵام بەبێ بەدەستهێنانی کورسی زۆرینە؛ترسی ئەوەی کەمەسرور بارزانی؛ نەتوانێت دەنگی (٥٠ + ١)،لەناو پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازە بەدەستبهێنێت،ئەوکاتە وەکو دیفاکتۆ؛هەل و چانس و زەمینە بۆ نێچیرڤان بارزانی بڕەخسێت و ببێتەوە بەسەرۆکی حکومەت.

لەدۆخێکی لەو جۆرەدا،ئەگەر پارتی چانسی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی پێدرا؛ ئەوا هێزو لایەنە نەیارو ڕکابەرەکانی مەسعود بارزانی و کوڕەکانی؛کەژمارەیان کەم نیە؛ مەسرور بارزانی ڕەتبکەنەوە و ئەو چانسە بدەن بەنێچیرڤان بارزانی،ئەمیش لەپێناوی هەستانەوەو بەهێزکردنەوەی پێگەو هەژموونی خۆی و لاوازکردنی ئامۆزا ڕکابەرەکەی پەسەندی بکات،ئەو کات توورکیاو ئێران و بەشێک لەهێزە سیاسیەکانی کوردستان و چوارچیوەی هەماهەنگیی شیعەش؛پشتیوانی لەم بژاردەیە ئەکەن.

ئەم خوانەش لەسەر سفرەی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان،بۆ پارتی و مەسعود بارزانی؛ئەبێتە خوانێک،مەگەر حەزرەتی مەسیح؛زاخاوەکەی نۆشی بێت.
کێ لەخەمی شکستی پارتیدایە ؟

پێشبینی ئەکرێت توورکیا لەکاتی شکستی پارتیدا،نەتوانێت ئارام بگرێت وکاردانەوەی هەبێت،لەدژی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەزیانی پارتی؛ لەم سۆنگەیەوە بەئەنجەت و پاساوی دروستبوونی کەلێن و  بۆشایی  بۆ پەکەکە و بەبیانووی دروستبوونی هەڕەشەو مەترسی؛لەسەر پێگەو بەرژەوەندیەکانی لەهەولێرو  بادینان؛ دەستتێوەردانی سیاسی و سەربازی بکات بەچەشنی ئەزموونەکانی دەستتێوەردانی سەربازی و سیاسی، لەقوبرس و سووریاو لیبیا.

لەلایەکی تر پێئەچێت بەشێک لەهێزەکانی عەرەبی سووننەو ڕەوتی سەدر نیگەران بن بەلاوازبوونی پێگەی پارتی،جێی ئاماژەیە ئەو هێزە سیاسیانە،هیچیان لەناو پرۆسەی فەرمانڕەوایی عێراقدا؛ بەهێزو خاوەن بڕیاروکاریگەر نین؛ناتوانن دەستتێوەردان و کاردانەوە،بەبەرژەوەندیی پارتی ئەنجام بدەن.

پێشبینی ئەکرێت لەدوای ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامی دەنگدان؛بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەمان ئەزموونی ناکۆکی و ململانێی نێوان هێزە سیاسیە خاوەن کورسیەکانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەهەرێمی کوردستان دووبارە بێتەوەو لەدەرەنجامدا هەل و زەمینە بڕەخسێت بۆ دەستتێوەردانی ئێران و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەو لەدوایین دەرەفتیشدا؛ پرۆژەیەکی تر لەنموونەی ئەو چوارچێوەیە لەکوردستان،لەدژی پارتی پێکبهێنرێت، وەک چۆن لەدژی ڕەوتی سەدر پێکیانهێنا،یان حکومەتێک پێکبهێنرێت؛ چیتر پارتی نەتوانێت،تیایدا ببێتە تاکڕەوو قۆرخکارو باڵادەست؛بەچەشنی حکومەتی پێشوو؛یان ببێتە زووخاو بۆ خەڵکی کوردستان،یان ببێتە قیرسچمە بۆ حکومەتی ناوەند.


AM:11:50:15/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی