بەدەر لەکورسی؛ ویست و ئامانجی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا
نیاز سەعید عەلی
هەر هێزێکی سیاسیی بەشداربووی ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ بێجگە لەهەوڵ و تێکۆشان، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی بەرچاو لەهەڵبژاردن و مسۆگەرکردنی کورسیی زۆر لەپەرلەمان، هاوکات خاوەنی چەندین ویست و ئامانجی تری سیاسی و تایبەتیە.
ویست و ئامانجەکان، لەهێزێکی سیاسی، بۆ هێزێکی تر ئەگۆڕێت، ویست و ئامانجی سیاسیی (یەکێتی) لەم هەڵبژاردنەدا؛ بریتیە لەگۆڕینی هاوسەنگیی هێز، لەناو پرۆسەی سیاسی و ڕاستکردنەوەی سیستەمی فەرمانڕەوایی؛ لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕزگارکردنی پەرلەمان و ناوەند و دەسەڵاتی بڕیار و جوومگە گرنگەکان، لەقۆرخکاری و دەسەڵاتی تاکڕەویی (پارتی) .
شکست و هەستانەوە لەمێژووی (یەکێتی)دا
(یەکێتی) لەمێژووی خۆیدا؛ بە (٤) شکستی سەربازیی کاتیی گەورە و چەندین جیابوونەوەی ناوخۆیدا تێپەڕیوە، هەر یەکێکیان بەگوێرەی هەلومەرجی قۆناغەکە، کاریگەرییان هەبووە لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ بە زیان و دژی (یەکێتی) .
شکستە سەربازیەکان بریتین لەکارەساتی هەکاری (١٩٧٨)، ئەنفالەکان (١٩٨٨)، کۆڕەو (١٩٩١)، (٣١)ی ئابی (١٩٩٦)، جیابوونەوە کاریگەرەکانیش؛ پێکهاتوون لەجیابوونەوەی (بزووتنەوەی سۆشیالیست ١٩٧٩)، (ئاڵای شۆڕش ١٩٨٥)، (بزووتنەوەی گۆڕان ٢٠٠٩) و هەندێک وردە لێکترازانی تر .
خەسڵەتێکی نەگۆڕی (یەکێتی) لەمێژووی خۆیدا؛ بریتی بووە لەچۆک دانەدان و تەسلیم نەبوون، لەبەردەم هیچ ڕووداو و بارودۆخێکی سیاسی و سەربازیی سەخت و دژوار، کە مەترسی ئەوەی لێکرابێت؛ لەڕووی هاوسەنگیی هێز و ڕۆڵ و کاریگەریەوە، ببێتە هۆی لاوازبوون و پەراوێزکەوتنی (یەکێتی)، بەڵکو بە ورە و ئیرادەی بەرز و گیانی بەرەنگاریی پتەوەوە؛ خۆی ڕاگرتوە و ڕووبەڕوویان بووەتەوە، نەیهێشتووە ئەو شکست و جیابوونەوانە، ببنە هۆی داکشان و بچووکبوونەوە لەگۆڕەپانەکەدا، بەڵکو بەگوێرەی هەلومەرج و زەمینەی قۆناغەکە؛ تێکۆشاوە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکان و داڕشتنی پلان و هەنگاوی نوێ، بۆ هەڵکشان و بەهێزکردنەوەی دووانەی ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگە .
بە تێپەڕاندنی زۆرینەی ئەو شکستانە و هەنگاونان بەرەو وەرچەرخان، بۆ قۆناغی بووژانەوە و گەشەکردن؛ (یەکێتی) لەمێژووی خۆیدا، چەندین قۆناغی جیاجیای بەهێزبوونی لەڕووی جەماوەری، سیاسی، ئایدیۆلۆژی، سەربازی و شۆڕشگێڕی بەخۆیەوە بینیوە و لەدەرەنجامدا پێی بووەتە؛ جڵەوگیری شۆڕشی نوێ و ناوەندی بڕیار و چەقی هاوسەنگیی هێز لەکوردستاندا .
هاوکات بووەتە نەخشێنەر و ئاراستەکەر و خوڵقێنەر و بزوێنەری سەرەکیی، ڕووداو و پێشهات و وەرچەرخان و گۆڕانکاریە سیاسیەکان؛ لەکوردستاندا .
لەدەستدانی هاوسەنگیی هێز؛ لەپێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی
لەدوای پرۆسەی ڕزگاریی عێراق (٢٠٠٣)، (یەکێتی) و هێزە سیاسیەکانی تر؛ چوونە ناو قۆناغێکی تازەی کاری سیاسیی جیاوازتر، لەقۆناغی پێش (٢٠٠٣)، ئەم قۆناغە کەوتە ژێر کاریگەریی دەرەنجام و لێکەوتەکانی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق .
هەلومەرجی قۆناغەکە وای ئەخواست؛ بۆ دانەبڕان و دوانەکەوتن، لەزنجیرە گۆڕانکاریە ڕیشەیی و هەمە چەشن و خێراکان لەعێراق؛ (یەکێتی) هاوتەریبانە ئاراستەی سیاسیی خۆی لەگەڵ ئەو ڕەوش و بارودۆخە تازەیەدا بگونجێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەریی نەخشێنەر و بەشدار؛ لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراقی نوێدا .
(یەکێتی) پێیوابوو؛ نەتەوەی کورد لەعێراقی نوێدا، ئەبێت ئامادەییەکی بەهێزی لەبەغدای پایتەخت هەبێت، تاکو لەداواکارێکی مافی نەتەوەیی لەکوردستانەوە؛ ببێت بە بەشدارێکی کارای سەرەکی، لەناو ناوەندەکانی بڕیار و سیستەمی فەرمانڕەوایی لەبەغدای پایتەخت .
لەم ڕووەوە سەرکردەی نەمر مام جەلال؛ هەموو توانا و کۆشش و قوورسایی و فۆکسی خۆی، بۆ بەڕێوەبردنی شێوازی تازەی خەبات و کاری سیاسی لەبەغدا تەرخانکرد؛ توانی جێدەستی بنەخشێنێت لەدەستووری تازەی عێراق؛ کە لەڕووی دەستووریەوە، چەندین مادەی گرنگی بە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستانی تیادا چەسپێندرا، لەلایەکی تر توانی لەسەر بنەمای پێکهاتن (تەوافوق)ی دیموکراسی؛ ئەو ناهاوسەنگیە دیمۆگرافیەی نەتەوەی کورد لەعێراقدا بگۆڕێت، بۆ بنەمای شایستەیی دەستووری؛ ئەویش بە پشتبەستن بە پرانسیپی پێکهاتنی عێراق، لە (٣) پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینزایی، ئەمە بەدەر لەچەندین دەستکەوتی تر .
مام جەلال لەو قۆناغەدا، زۆر پێداگریی ئەکرد؛ لەسەر یەکڕیزیی هێزە سیاسیە کوردیەکان بەگشتی و (یەکێتی) و (پارتی) بەتایبەتی، پێیوابوو ئەرکی نەتەوەیی سەرەکی هێزە سیاسیە کوردیەکان؛ ئەوەیە ململانێ و ناکۆکیەکانی نێوانیان وەلانێن و ببنە خاوەنی یەک ئیرادە و یەک هەڵوێست و یەک ئاراستەی نوێنەرایەتیی؛ بۆ داکۆکیکردن لەماف و داخوازیەکانی کورد لەبەغدا .
لەم سۆنگەیەوە (یەکێتی)، هەنگاوی گەورەی نا؛ بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی سیاسیی کورد، ئەوەبوو لەپێناوی ئەو ئامانجەدا، چەندین دەستپێشخەریی گەورە و ڕازیبوون بە داواکاریی تایبەتیی (پارتی)، هەڵویستی نەرمی لەبەرامبەر (پارتی) نواند؛ بێ لەبەرچاوگرتنی ماف و بەرژەوەندیە تەسک و تایبەتیەکانی خۆی، دیارترینیان ئەمانەی خوارەوەن :
١- نەرمی نواندن و ڕازیبوون، لەبەرامبەر چەندین داواکاری و پێداگریی (پارتی)؛ لەکاتی گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای ئاشتیی نێوان (یەکێتی) و (پارتی) .
٢- بڕیاری یەکگرتنەوەی حکومەتی سلێمانی و هەولێر، کە ئامانجەکەی لەیەکگرتنەوە گۆڕ؛ا بۆ لەخۆگرتن و دواتر باسی ئەکەم !
٣- ئیمزاکردنی (ڕێککەوتننامەی ستراتیژی)ی نێوان (یەکێتی) و (پارتی)، لەڕۆژی (٢٧/٧/٢٠٠٧) .
٤- بەگوێرەی هاوپەیمانێتی و ڕێککەوتنی نێوان (یەکێتی) و (پارتی)؛ سەرۆکایەتیی حکومەت لەنێوان (٢٠٠٥ – ٢٠٠٩)؛ ئەبوو هەر دوو ساڵ بۆ لایەک بووایە، سەرۆکی (پارتی) پێداگری کرد، دوو ساڵی یەکەم بۆ ئەوان بێت، (مام جەلال) ڕازی بوو، دواتر (یەکێتی) لەهەنگاوێکی تردا؛ وەکو نیازپاکی و دەستپێشخەریەک بۆ بەهێزکردنی تەبایی و گەشەپێدانی متمانە، لەنێوان (یەکێتی) و (پارتی)؛ سەرۆکایەتیی دوو ساڵی دووەمی حکومەت (٢٠٠٧ – ٢٠٠٩)، کە پشکی شایستەیی خۆی، بوو؛ ڕەتی کردەوە و بەخشی بە (پارتی) .
بەهۆی بڕیاری یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەت، کە لەسەر زەمینەی واقیع و بە پراکتیکی دەرکەوت؛ یەکگرتنەوەیەکی هاوسەنگانە و دادپەروەرانە نەبووە، بەڵکو لەبنەڕەتدا ئەوەی جێبەجێکراوە؛ زیاتر بریتیبووە لەهەڵوەشانەوە و لەخۆگرتن (ئیحتیوا)ی حکومەتی سلێمانی ؛ لەلایەن حکومەتی هەولێر .
ئەتوانین هەڵوەشانەوە و لەخۆگرتنی حکومەتی سلێمانی؛ بە یەکەم هەنگاو و دەستپێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندی (پارتی)، لەپێش جیابوونەوەی (بزووتنەوەی گۆڕان) ئەژمار بکەین .
لەدوای (٢٠٠٩) و جیابوونەوەی (بزووتنەوەی گۆڕان)؛ بەشێوەیەکی ئاشکرا و زەق، درک بە تەشەنەسەندنی زیاتر و خێرای دیاردەی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز ئەکرا؛ بە دژ و زیانی (یەکێتی)، ئەوەبوو درێژەی کێشا، تا سازدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە(٢٥/٩/٢٠١٧) و هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی (٢٠١٨) .
بەدرێژایی ئەو قۆناغە؛ نەک هیچ هەوڵێک نەدرا بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز؛ بەڵکو ئاراستەی زاڵ و دەستڕۆیشتووی ئەو سەردەمەی ناو مەکتەبی سیاسیی (یەکێتی)؛ لەلایەک بە شێواز و ئاراستەیەک کاریکرد، بووە هۆی چەمانەوەی زیاتری (یەکێتی) و لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و بوون بە پاشکۆی سیاسەتەکانی (پارتی)، ئەمەش بووە هۆی قوورسبوونی تای (پارتی) لەهاوسەنگیی هێزدا، لەلایەکی تریش ئەو ئاراستە زاڵە؛ دژی هەموو هەنگاو و پرۆژە و هەوڵێک ڕائەوەستا و بەتوندی بەرەنگار ئەبووەوە، کە ئەبووە هۆی گۆڕین و ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز؛ لەنموونەی ڕەتکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڕێککەوتننامەی (یەکێتی) و (بزووتنەوەی گۆڕان)، لە(٢٠١٦) .
پاش لاوازبوونی ئەو ئاراستە دەستڕۆیشتووە و نەمانی ڕۆڵ و دەسەڵاتی لەناو ناوەندی بڕیاری (یەکێتی)دا، ئەتوانین بڵێین لەساڵی (٢٠١٩)ەوە؛ مەسەلەی تێکچوون و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ بە بەرژەوەندیی (پارتی) لەهەرێمی کوردستاندا، بووە بابەتێکی زیندوو و هەنووکەیی گەرم و ورووژاو؛ لەناو ڕیزەکانی (یەکێتی)دا .
هۆکار و فاکتەرەکانی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ بە زیانی (یەکێتی)
وەک لەپێشووتر ئاماژەم پێکرد؛ هاوسەنگیی هێز لەنێوان (یەکێتی) و (پارتی)، گۆڕانی بەسەردا هات، ئەویش بە بەرژەوەندیی (پارتی) و بە زیانی (یەکێتی)؛ ئەو هۆکار و فاکتەرە سەرەکیانەی کە بوونە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ خۆی لەم خاڵانەدا ئەبینێتەوە :
١- قۆستنەوەی سیاسەتی نەرم و سوودمەندبوونی تاکلایەنەی (پارتی)؛ لەدەستپێشخەری و هەنگاوە ئاشتیخوازی و نیازپاکیەکانی (یەکێتی)، بەشێوەیەکی هەلپەرستانە،کە (یەکێتی) لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و دروستکردنەوەی متمانە و پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی ماڵی سیاسیی کورد؛ لەبەرامبەر (پارتی) گرتبوویەبەر، ئەوانیش هەتا توانیان درێغیان نەکرد ، لەقۆستنەوەی بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی تەسک و بۆ بەهێزکردن و ئەستوورکردنی باسکی دەسەڵاتی خۆیان؛ بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی خۆیان؛ بەتایبەتی لەچۆنیەتیی هەڵبژاردن و جێبەجێکردن و پیادەکردنی خاڵەکانی هەردوو ڕێککەوتننامەی ئاشتیی واشنتۆن و ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان (یەکێتی) و (پارتی) .
٢- قۆستنەوەی بڕیاری یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەتی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد؛ لەسەر بنەمای مانەوەی حکومەتی هەولێر و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی سلێمانی، لەبەرامبەر پێدانی دەیان پۆست بە (یەکێتی)؛ لەناو حکومەتی هەولێر .
لەبنەڕەتدا بڕیاری پرۆسەکە؛ بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەت بوو، لەسەر بنەمای سەرلەنوی داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت و دابەشکردنەوەی سەرجەم پلە و پۆستەکان؛ بە یەکسانی و بە هاوسەنگی .
بەڵام ئەوەی لەپراکتیکدا جێبەجێکرا؛ بریتیبوو لە مانەوەی حکومەتی زەرد و توانەوەی حکومەتی سەوز لەناویدا؛ لەکاتێکدا (یەکێتی) ئەیتوانی؛ بەدەر لەشایستەیی خۆی، لەپلە و پۆستە باڵاکان؛ چەندین هەزار کادر و هەڤاڵی ئاوارە، لەزۆنی سەوزەوە بە دامەزراویی، لەناو پەیکەری تازەی حکومەت، بەتایبەتی لەناو ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکاندا؛ بگەڕێنێتەوە بۆ هەولێر .
ئەتوانین بڵێین؛ یەکەم تێکچوونی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی (پارتی) و بە زیان و بە دژی (یەکێتی)؛ لەپرۆسەی یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمدا ڕوویدا، تیایدا (پارتی) بە باڵادەستی و بە زۆرینەی ڕەها و بە قۆرخکاری؛ لەناو حکومەتی زۆنی زەرددا مایەوە و بە پلان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەی (یەکێتی)، تیادا لاوازتر ئەکرد و درێژەیپێداوە تاکو ئێستا .
٣- لەدوای (٢٠٠٣)ەوە؛ دیاردەی بەکەسیکردن (شەخسەنەکردن)ی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو ئۆرگانە باڵا نەگونجاوەکانی (یەکێتی) و خراپ بەڕێوەبردنی ململانیکان، بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە و پاکتاوکردن؛ یان کەنارگیرکردن و بچووککردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی یەکتر، لەنێوان (٢٠٠٣ – ٢٠٠٩)؛ لەدەرەنجامدا بە لاوازبوونی (یەکێتی) کۆتایی پێهات، بەڵام لەچەندین ڕەهەندەوە، سوود و قازانجی لێکەوتەوە بە بەرژەوەندیی (پارتی)؛ ئەویش پاش ئەوەی کە بەهۆی تەشەنەسەندنی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان؛ لێکترازان و جیابوونەوەییەکی قووڵ و شەقار شەقار ڕوویدا و (بزووتنەوەی گۆڕان)ی لێهاتە بەرهەم .
یەکێک لەڕەهەندەکانی ئەم لێکترازانەی ناو (یەکێتی)؛ بریتیبوو لەگۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە بەرژەوەندیی (پارتی)، واتە پێشکەشکردنی بەنرخترین دیاری و گەورەترین دەستکەوت لەسەر سینیەکی زێر، بە بێ بەرامبەر بە (پارتی)؛ ئەو دیاری و دەستکەوتەی کە بنەماڵەی بارزانی لەدامەزراندنی (یەکێتی)ەوە، خەویان پێوە ئەبینی و چاوەڕێی هاتنەدیان ئەکرد .
جێی وەبیرهێنانەوەیە؛ (پارتی) بۆ هێنانەدی ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەشۆڕشی نوێدا، چەندین کارەسات و ناپاکیی نەتەوەیی و شەڕ و پەلاماردانی لەدژی (یەکێتی) ئەنجامداوە، لەنموونەی شەهیدکردنی ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێکانی (١٩٧٦) ، کارەساتی هەکاری (١٩٧٨)، پەلاماردان و هێرشکردن بۆ سەر شارە ڕزگارکراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ لەکۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، پێکهێنانی بەرەی جود (١٩٨٠)، درێژەدان بە شەڕی ناوخۆ؛ تاکو ناوەڕاستی هەشتاکان، لەئامێزگرتنی زۆرینەی ڕەهای جاش و بەعسیە کوردەکان (١٩٩١)، وەرگرتنی هاوکاریی دارایی و سەربازی؛ لەعێراق لەکاتی گفتوگۆی (بەرەی کوردستانی) و حکومەتی عێراق (١٩٩١)، هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ (١٩٩٤ - ١٩٩٧) .
شایەنی باسە لەگەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆدا؛ (پارتی) بە پشتیوانی و هاوکاری ئێران و بە هاوپەیمانێتیی، لەگەڵ (بزووتنەوەی ئیسلامی) و (حیزبوڵڵای شۆڕشگێری کورد)؛ کەوتە شەڕ لەدژی (یەکێتی)، لەگەڕی دووەمدا، بۆ تێکشکانی (یەکێتی)؛ پێش سوپای عێراقی دڕندە و دیکتاتۆر کەوت و ڕووداوی ناپاکیی نەتەوەیی (٣١/٨/١٩٩٦)ی ئەنجامدا، لەگەڕی سێیەمی شەڕی ناوخۆدا؛ لە(١٩٩٧)، لەگەڵ سوپای توورکیای داگیرکەر؛ درێژەی دا بە شەڕ، لەدژی (یەکێتی) .
(پارتی) هەموو ئەم هەنگاوانەی گرتۆتەبەر؛ لەپێناوی یەک ئامانج، ئەویش سەرکەوتن بەسەر (یەکێتی) و هێنانەدی ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ تاکو خۆی ببێتە هێزی یەکەم و خاوەنی دەسەڵاتی یەکەم؛ لەهەرێمی کوردستاندا .
٤- لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرکردەی نەمر مام جەلال؛ بۆشاییەک لەناو ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی (یەکێتی)دا دروستبوو، (پارتی) توانی سوود لەم دۆخە تازەیە وەربگرێت و پێگە و هەژموونێک لەناو بڕیاری سیاسیی (یەکێتی)دا، بۆ خۆی دروستبکات؛ ئەویش لەڕێگەی هەندێک دەسەڵاتداری خاوەن بڕیار و دەستڕۆیشتووی ناو مەکتەبی سیاسی .
ئەوە بوو لەم ڕێگەیەوە توانی (یەکێتی)، بکاتە تەواوکەر و پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی و خەسڵەتی خاوەندارێتیی بڕیار و سیاسەتی سەربەخۆی لێ زەوتبکات؛ ئەمەش بووە هۆی فراوانکردنی ڕووبەری جیاوازیی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی (پارتی) .
ویستی (یەکێتی) بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز
لەپێش کۆنگرەی (٤) لە(٢٠١٩)، پرسی پێویستێتیی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بووە دیفاکتۆ و هاتە ناو ئەدەبیات و جیهانبینیی و لێکدانەوە و تێڕوانینی سیاسیی (یەکێتی)، لەیەکەم هەنگاوی پراکتیکیدا، سەرۆکایەتیی تازەی (یەکێتی)، لەدوای کۆنگرەی (٤)، هێڵێکی جیاکەرەوەی کێشا لەنێوان سیاسەتی هەردوولادا و (یەکێتی) گەڕاندەوە بۆ خاوەندارێتیی بڕیار و هەڵوێست و هێڵی سیاسیی سەربەخۆ و جیاوازی خۆی، بەدوایدا لەچەندین وێستگەی سیاسی و کێبڕکێ و بەریەککەوتن و ڕووداوی تردا؛ (یەکێتی) توانی بە ڕوونی ئەو جیاوازیە بەرجەستە بکات، بە کردەوەش لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و لەهەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی پارێزگای نەینەوادا؛ توانی هاوسەنگیی هێز لەشار و ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستاندا، بگۆڕێت بە بەرژەوەندیی (یەکێتی)، ئەویش بە بەدەستهێنانی (9) کورسیی، لەبەرامبەر (٦) کورسی بۆ (پارتی)، هەروەها بە هەڵکشانی ژمارەی دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو؛ بەسەر ژمارەی دەنگەکانی (پارتی)دا .
(یەکێتی) لەئێستادا کارکردن بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستاندا؛ کردۆتە ئەرکێکی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە پرسی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و بناغەیی ئەزانێت؛ بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو ناڕێکی و نادادپەروەریانەی کە لەناو پرۆسەی سیاسی و فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستاندا لەتەشەنەسەندندایە .
هاوکات بە چارەسەرێکی گرنگی لەقەڵەم ئەدات، بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو قۆرخکاری و تاکڕەویەی؛ کە بەسەر ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستیاندا سەپێندراوە .
گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، لەلایەکی تر پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو هەنگاوە سیاسیە هەڵە و سەرکێشی و شکستخواردووانەی (پارتی)؛ کە هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی، خستۆتە ناو چەندین قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری، هەروەها بووەتە هۆی خوڵقاندنی چەندین هەڕەشە و مەترسی و دروستکردنی دۆخێکی نائومێدی و نائارامی لەکوردستاندا، لەوەش خراپتر بە هەڵدێرابردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان؛ بەرەو چارەنووسێکی تەمومژاویی و تەنگپێهەڵچنراو؛ بە چەندین بەرەنگاری و کۆت و بەند، لەلایەکی تریش بەتەنگژەکردنی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند لەبەغدا .
PM:03:38:07/10/2024
ئهم بابهته 1260
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی