ئیسرائیل ‌تۆڵە لە ئێران و عێراق دەکاتەوە

‌رامیار جه‌مال

دواجار ئێران ئەوەی بەڵێنیدابوو کە تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە بەجێی گەیاند، ١٨٠ مووشەکی (Ballistic) کیشوەر بڕی نا بە دەوڵەتی جوولەکە. لەراستیدا ئەم هێرشە مووشەکیانە چاوەروانکراو بوون، وە چەند مانگێکە جیهان و ناوچەکە چاوەڕێی ئەوە بوون کە ئێران هێرشەکانی بکات، وە ئەوە کە بە چ سیناریۆیەک ئەم ووڵاتە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەکات، بە چ میکانزمێک و تا چەند رووبەری هێرشەکان فراوان دەبن. ئەوەبوو شەوی سێشەممەی رابردوو باشوی خاکی ئیسرائیل باوەشی بۆ مووشەکەکانی ئێران کردەوە. هەرچەند ئەم هێرشانە کاردانەوەی زۆری دروست کردم ئاستی حەماسەتی زۆر کەسی بەرزکرد، وە وازانرا کە رووداوێکی گەورە بووە بەڵام بە پێچەوانەوە هەموو ئەم هێرشانە جگە لە زیانی ماددی، تەنها بووە هۆی کوشتنی کەسێکی فەلەستینی. ئێران دوای هێرشەکان رایگەیاند کە تۆڵەی اسماعیل هەینیەو حسن نەسروڵلامان کردەوەتەوە، وە چیتر هێرش ناکەین، خۆ ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هەبێت ئەوە ئێمە ئامادەی هەر ئەگەرو روبەڕوبونەوەیەکین. 

بەڵام هەر هەمان شەوی هێرشی مووشەکەکانی ئێران، ئیسرائیل بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا، وە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل کۆبوونەوەی ئەنجامدا بۆ ئەگەری هێڕش بۆ سەر ئێران وە لەو کۆبوونەوەیاندا گەیشتن بە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئێران بە شێوازێکی فراوان کە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگرێتەوە. ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر کرد، هێرشی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ووڵاتەکە.

وەکو کاردانەوە ئیسرائیل بریاری تۆڵە کردنەوە دژی عێراقیشی داوە.  بۆیە ئیسرائیل تۆڵە لە ئێران و عێراق دەکاتەوە، ئەمە بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیلە، لە راستیدا میلیشیاکانی عێراق کارێکی خراپیان کرد کە بە درۆن ‌هێرشیان کردە سەر خاکی ئیسرائیل و سەربازی ئیسرائیلیان کوشت، ئەوان بەو کارە تۆڵە کردنەوەیەکی حەتمیان بۆخۆیان پەسەند کرد لەلایەن دەوڵەتی جولەکەوە. ئێمە دوورۆژی تر پێ دەنێینە ٧ ی ئۆکتۆبەر، واتا تێپەرینی ساڵێک بەسەر هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بوو بەهۆی لەناوبردنی زیاتر لە هەزار کەس لە سەرخاکی ئیسرائیل و جەنگێکی خوێناوی فەلەستین و دەوڵەتی جولەکەی لێکەوتەوە، بۆیە پێویستە هۆشیاریمان هەىێت لە روودانی هێرشکردنە سەر ئێران یان عێراق لەم بەروارەدا. بەپێی ڕۆژنامەکانی ئەمریکا هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیکانی عیراق نزیکە. وە لەگەڵ ئەوەشدا ئێرانیش تۆڵەی لێدەکرێتەوە بە شێوازێک کە بەرفراوان دەبێت و جەرگبر دەبێت دژی ئێران. هەر کەمێک لەمەوبەر راگەیانی هیومی ئیسرائیلی ووتی سوپای ئیسرائیل لەئامادەباشێدایە بۆ هێرشی گەورە بۆ سەر ئێران.  لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من وای نابینم ئەم هێرشانە هیچییان ببنە هۆکاری جەنگی بەرفراوان یان هەمەلایەنە. ئەوەی لای ئێمە ئاشکرایە ئەوەیە لەمەودوا لەم جۆرە هێرشە سەربازی و مووشەکی و درۆنیانە دەبینین وە بە بەداخەوە عێراقیش بەشێک دەبێت لەم شانۆیە کە ئێران و ئیسرائیل دەیگێرن، بەلام هیچ کام لەم دوو دەوڵەتە نایانەوێت جەنگی بەرفراوان رووبدات لە نێوانیان، بەڵكو هێرشی مەودا بچووک دەکرێت.


PM:05:53:06/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 1416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی