تەڵەی چەپڵە لێدان
رهحمان غهریب
لانی كەم نزیكەی چارەكە سەدەیەك مام جەلال لە هەرێم و بەغدا، وەك سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆك كۆمار، لە ساتەوەختی تۆفان بوبێت یان سایەقەی سیاسیدا كە دەچووە سەر ستەیج یان وتارێكی پێشكەش دەكرد، وردبین و هاوسەنگ و واقعی بوو بۆیە لە ناوخۆ و دەرەوە كاردانەوە و كاریگەری هەبوو.
جەنابیان كە وتاریان دەدا، تێكەڵیان دەكرد بە شۆخیی ژنە جوتیارێكی گوندەكانی پشدەر، گێڕانەوەیەكی نوكتە ئامێزی هاوڕێ عەزیز محمد، بە یادەوەری دیداری لەگەڵ سەركردەیەكی نێونەتەوەیی، تێكەڵ بە وەفای هاوڕێیەكی، بە گەشبینی سیاسی پێشمەرگەیەكی كەمئەندام، تەڵەی چەپڵە لێدان پێیەكانی نەدەخلیسكاندە نێو زمانێكی كۆنترۆڵنەكراوی سیاسی.
روحی شاد بێت، ئەو لەناو پاركی ئازادیدا، سەكۆیەكی ئازادی بۆ هاوڵاتیان دروست كرد لە یەكەمین لێدوانیدا ووتی" جوێندانیش بێت وەرن لە منەوە دەستپێبكەن"، مینبەرێكی بۆ جوێندان بە خۆی دروستكرد نەك بۆ جوێندان بەخەڵك، ئەو لە خەیاڵیدا نەبوو دەورانێك بێتە پێشەوە لەمینبەری رەسمیی پۆست یەكێتییەوە، جوێن بە هاوڵاتییان بدرێت، بە " گەواد" وەسفییان بكرێت.
بەكارهێنانی دەستەواژەیەكی وەك " گەواد" لە مینبەری هەڵبژاردنی شارێكی جوان و بە مەعریفەت و خاوەن فەرهەنگی رەنگینی وەك هەڵەبجە، دەبوو شۆكهێنەر بێت بۆ هەموو ئەوانەی باس لە رێبازی تاڵەبانی باوك دەكەن، لەسەردەمی ئەودا رەخنەگرتن برەوی پێدەدرا، ئەندامانی یەكێتی و هاوڵاتیانیش زاتیان دەكرد رەخنە لە سكرتێرەكەیان بگرن.
ئێستا لەناو یەكێتیدا، سەدان خاوەن بڕوانامەی بەرزی ئەكادیمی، نووسەر، هونەرمەد، چەند سیاسەت مەدارێكی بێدەنگی نەوەی پێشووش هەن كە سەریان لە سیاسەت سپی كردووە، رەنگە درك بەمەترسی ئەو زمانە ئاست نزمە بكەن، زاتبكەن وەك چۆن رەخنەیان لە تاڵەبانی باوك دەگرت، لانیكەم رەخنە لەو هەڵسوكەوتە بگرن، سنووردار بكرێت تا لەسەر ستەیجەوە شۆڕنەبێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی سەركردایەتی.
یەكێتی مافی خۆیەتی لە دروشمەكانیدا بۆ ڕازیكردنی دەنگدەر، پەنا بۆ هەموو دەستەواژەیەكی وەك "دەیڕوخێنین" و "لۆمارێ" و "شامسوار" و "زاب خودێ" و " وین حصە "و "مودیرعام" و هەموو ئەو دەستەواژانەی تریش لە گوتاری سیاسییان رەنگبدەنەوە، بەڵام نەختێكیش سوود لە زمانی نەرم و روونی مام جەلال وەربگرن كە بە زیاتر لە مانایەك كراوە بێت بۆ لێكدانەوە.
رەخنەگرتن لە ووتاری سەرۆکی گشتی، پشتگیری نییە لە " مێشی ئەلكترۆنی" كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دژ بە سەرۆكی یەكێتی، بە پارەی گشتی كارایان كردوون ، كە بە روخسارو جەوهەر، تەنها لەم سەردەمی پوچگەراییەدا شوێنی دەبێتەوە.
PM:12:35:03/10/2024
ئهم بابهته 1292
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی