سەرۆك مامجەلال ، شارەزایەکی کارامەی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە وعێراق ،

‌بارزان شێخ عوسمان

 بە داخەوە رەوتی پێشهات و روداوەکان هەمیشە لەگەڵ ویست و خواستی مرۆڤەکان وێك نایەتەوە ، دەنا  دەبوایە کەسایەتییەکی سیاسیی مەزنی وەك سەرۆك مامجەلال وا زو   جێی نەهێشتینایە، کە نەك هەر بۆ کورد ،بەڵکو بۆ عێراق و ناوچەکە  زۆر پێویست بو  تەنانەت سەرکردەکانی وڵاتانی بڕیار بەدەستی جیهانیش بە پارسەنگی تەرازوی پەیوەندییە نێودەوڵەتەکان لە ناوچەکەدا وەسفیان دەکرد.

سەرۆك مامجەلال زۆر بە قوڵیی   و باشیی لە دابەشکردنی جوگرافیای ناوچەکە لە دوای یەکەمین  جەنگی  جیهان  تيگەیشتبو ،بۆیە زۆر بەدیقەت و شارەزایی  و کارامەییەوە مامەڵەی لەتەك  پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسیی ، مرۆیی ،کۆمەڵایەتیی ،ئاینیی ،مەزهەبیی و ئابورییەکاندا دەکرد  .  لەو روانگەیشەوە   بە کارامەییەکی بێ سنور ببوە خاوەنی تیورێکی واقیعی لە ئاست مەسەلەی رزگاریی  گەلی کوردستان لە عێراق و لە بەشەکانی تریش . 

ئەگەر بە دیقەت گوێ لە لێدوان و خیتابەکانی سەرۆك مامجەلال بگرین و  بە وردیی وتار و  کتێب و نامیلکەکانی   بخوێنینەوە ئەو راستیەمان لا بەرجەستە دەبێت کە  بە تیۆر و  فیکرە کامڵبوە سیاسییەکەی ، نەخشەیەکی رێگای وای داڕشتوە  کە لادان لەو تیۆر و میتۆدە  ،سەرئێشە و ئاڵۆزیی و لەدەستدانی مافەکانی گەلی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە . کورد بون و کوردایەتیی پایەیەکی بەهێز و لە بن نەهاتوی بیروباوەڕی سەرۆك مامجەلال  بو ،بەڵام بە   داناییە سیاسییەکەی ، ئەم بیروباوەڕەی لە گۆشەگیریی،دەمارگیریی، خۆبەزل زانین ، لاف لێدان و زیادڕەویی نەتەوەیی پاك کردبوەوە و بەرگێکی پێشکەوتخوازیی و کرانەوەی بەبەردا کردبو کە هاوسۆزییەکی ناوچەیی و جیهانیی بۆ پەیدا کردبو تەنانەت روناکبیرە راستەقینەکانی نەتەوەی سەردەستیش پشتیوانیی لێ بکەن ،  هەر بۆیە عەرەب ،تورك و فارسیش بە چاوی رێز و گەورەییەوە لێیان روانیوە. . سەرۆك مامجەلال لە هەردو سەردەمی خەباتی سەخت و دژواری چەکدار و خەباتی پەرلەمانیی و سیاسی و حوکمڕانیدا ،وەك چۆن داکۆکیکارێکی سەختی مافەکانی کورد بوە  لەعێراقدا ، بە هەمان سیاسەت و بیرکردنەوە داکۆکی لە مافەکانی تورکمان ،  مەسیحیی ،ئاشوریی و عەرەبی شيعە و سونە و  پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبییەکانی تریش گردوە ، هەر بۆیە  هەموان بە پارێزەری خۆیان زانیوە . لەو روانگەیەشەوە بو کە   موزایەدە و دروشمی بریقەدار و ناواقیعی بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوە و خاك ،جێگەی  نەبو لە فەرهەنگی بیرکردنەوە راستەقینەکەیدا.

 سەرۆك مامجەلال  بە سیاسەتە حەکیمانەکەی هانی هەموانی دەدا  بۆ قبوڵکردنی یەکتر ،پێکەوەژیانی بە ئاشتیی نێوان پێکهاتە جیاجیاکان لە عێراق ،بە هەمان شێوە  پەنابردن بۆ ئەو میتۆد و بیرکردنەوەیەی بە تاکە زامنی ئاشتیی و ئۆقرەیی دەزانی لە ناوچەکەدا . دیارە سەرۆك مامجەلالی مەزن    هەمیشە دوپاتیکردۆتەوە سیستمی دیموکراسیی  و فرەیی  لە حوکمڕانیی عێراق و ناوچەکەدا گرەنتی سەرەکییە بۆ هێنانەدی سەقاگیرییەکی سەرتاسەریی و هەمیشەیی . 

ئەو شارەزاییە قوڵ و بەرفراوانەی سەرۆك مامجەلال لە نەخشەی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە  و عێراقدا ،فاکتەرێکی گرنگ بو کە دروشمی خەبات چڕ بکرێتەوە لە هێنانە کایەی سیستمێکی دیموکراسیی و فیدراڵیی لە عێراقدا تا گەلی کوردستان هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر بە مافە رەواکانی شاد بێت .

خۆشبەختانە  مافە رەواکانی گەلەکەمان دوای خەباتێکی سەخت و دژواری پڕ قوربانیدان ،لە دەستوری ئەوعێراقەدا چەسپا کە سەرۆك مامجەلال بە بنیاتنەری دادەنرێت .  بەوەش ئاوات و ویستی لە مێژینەیەی گەلەکەمان  لە عێراقدا هاتەدی بۆ سەربەخۆیی  و خۆبەڕێوەبردن لە چوارچێوەی دەستورێکی دیموکراسییدا . 

بەراستیی تا سەرۆك مامجەلال لە گۆڕەپانی سیاسیی و حوکمڕانیدا چالاك بو ، هەرێمی کوردستان بە دەوڵەت و سەربەخۆییەکی رەها ی رانەگەیەنراو  شاد ببو ، هەرچەندە کۆسپ و تەگەرەی زۆریش لەبەردەم  جێبەجێکردنی تەواوەتی مادەی ١٤٠ ی دەستور دا بو ،کەچی ناوچە جێناکۆکەکانی بازنەی تەعریبی بەعس بێ ئەوەی رابگەیەنرێت گەڕابونەوە سەر هەرێمی کوردستان ، ئەوەش بەرهەمی  سیاسەتی حەکیمانە و دیپلۆماتیی ئەم رابەرە مەزنە بو ،کە بە حوکمی شارەزایی و قاڵبوەکەی  هیچ بیانویەكی  بۆ سیاسییەکانی تری عێراق نەهێشتبوەوە  کە رێگری بکەن بەوەی لەساڵی ٢٠٠٤دا کە  کە سەرۆکی دەوریی ئەنجومەنی حوکم بو لە مورافەعە گەورەکەدا لە نۆی فێبروار/شوباتدا لە میانەی خستنە روی دۆکیۆمێنتەکاندا ،بە بەشداربوانی  وتبو” ساڵانی بیست لە سەروبەندی  نەخشەی جوگرافیای ناوچەکە دوای جەنگی یەکەمی جیهان و دروستکردنی دەوڵەتی عێراقدا مافی سەربەخۆیی و  دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد خرابوە رو ، دەبێت مەمنونمان بن کە ئێستا بە فیدراڵیی رازی دەبین ". 

سەرۆك مامجەلال  هەمیشە بیر هەموانی دەهێنایەوە  کە هێشتا بارودۆخەکە بەو جۆرە نەڕەخساوە کە بێ باك بین لە ئاست ئایندەی ناوچەکە و عێراق و کوردستان ، بۆیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە عێراق ،پێویستە خۆ بپارێزین لە هەر دروشمێکی ناواقیعیی و بریقەدار و هەر هەوڵێك کە دەرەنجامەکەی  هەرێمی کوردستان بخاتە بەر مەترسییەوە ، هەمیشەش دوپاتیکردۆتە "ئەگەر بزانێت نەخشەی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت  و لەقازانجی کورد دەبێت ،ئەوا هەرگیز شەرەفی راگەیاندنی دەوڵوتی کوردیی لە دەست خۆی نادات ". 

لەو روانگەتەشەوە بو. کە هەمیشە تەئکیدی دەکردەوە لە چەسپاندنی قورسایی و سەنگی سەرکردایەتیی کوردستان لە دەزگاو دامەزراوە فیدراڵییەکانیشدا . 

ئەو شاەەزاییە قوڵەت سەرۆك مامجەلال فاکتەرێك بو کە  لە پاڵ ئەوەی  بە شێواز و زمانە دیپلۆماتییە بێ هاوتاکەی هانی سیاسییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەی دەدا  بۆ بەئاشتیی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە وڵاتەکانیاندا ،  تەواوی هەوڵیشی خستبوە کار  بۆ ئەوەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی ئەو بەشانە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ بخەنە ریزی پێشەوەی خەبات .لەو بوارەشدا هەوڵەکانی بە شێوازی جیاجیا  سەرکەوتو بون . هەر بۆیە شێوازی مامەڵەی دەوڵەتانی دراوسێ هەم لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا ،هەم لەگەڵ کوردی وڵاتەکانی خۆیاندا زۆر جیاوازتر بو لە ئێستا .

 پە  داخەوە دوای  نەخۆش کەوتنەکەی و ماڵئاواییەکەی لێمان ، رۆژ بەرۆژ  بناغەی ئەو عێراقە نوێ یە و دەستورە کەی بە ئەنقەست  هەڵوەشێنرانەوە ، ئەو  پلان و 
بەرنامانەی سەرۆك مامجەلال بۆ سیاسەتمەداران و گەلی عێراقی داڕشتبو  بونە قوربانیی دەمارگیریی ، دروشم و سەرکێشییە سیاسییەکان ،تەنانەت ناوچەکەش ئەو هاوسەنگییانەی لە دەست دا کە لە ئەنجامی مامەڵەی دروستی سەرۆك مامجەلال لەگەڵ دابەش بونی جوگرافیای سیاسیی و مرۆیی ناوچەکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە لایەك ، عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان دروستی کردبو .هەر بۆیە دوای رۆیشتنی نەخشە و دیمەنی سیاسیی ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش تێکچو.


AM:10:38:03/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی