ئێران لەبەردەم جەنگێکی ناچاری و پاساودان بە ناتەنیاهۆو حکومەتە راسترەوەکەی
ئهبو بهكر كاروانی
وادەبینم ئیسرائیل ئێرانی خسبووە رەوشێکەوە گرانبێت خۆی لە وەڵامدانەوەو خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری جەنگ بپارێزێت، بەواتایەکیتر، ئیسرائیل لەهەوڵی سەپاندنی جەنگدا بووبەسەر ئێراندا گەرچی ئەو بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ئەوەش بدات خۆی لێبپارێزێت، ئەمەش ئەوەی دەگەیاند وەڵامنەدانەوەی ئێران، هیچ گۆرانێکی شایانی باسی لەهەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر خۆی و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بەدینەدەهێناو سەرانی تەلئەبیبی رازینەدەکرد، بەڵکو تەنها پەیوەند بە کاتی بەریەککەوتن و جەنگەکەوە هەبوو نەك خودی جەنگەکە.
ئەوەش وایکرد ئێران هەستبکات دۆخی بێدەنگی دادی نادات و ئیسرائیل پێداگرتر دەکات لەسەر بەدوادا رۆیشتنی ئامانجەکانی وزیاترکردنی فشارەکانی، دەبێتە بەڵگە لەسەر ترس وبێهێزی، لای گرووپە هاوپەیمانەکانی هەیبەتی دەشکێ و وێنایەکی لێدەگیرێت دەوڵەت وهاوپەیمانێکە لە هەل ومەرجە سەختەکاندا پشتی پێنابەسترێت ولەسەر دۆستەکانی نایەتە دەنگ، هەروەها رۆژ بەرۆژ کارتەکانی دەستی یان دەسووتێن یاخود لاواز و بێکاریگەر دەکرێن وتوانای بەرپەرچدانەوەشی بێهێزو حساب بۆ نەکراو دەبێت یاخودوا نیشان دەدرێت. بۆیە ئێران لەدوای تێکچوونی سەرجەم رێساکانی قۆناغی پێشووی گەمەکەو بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەکان وتەنگبوونەوەی گەمارۆکان لەسەری، رەنگە ئەم هەنگاوەی هەوڵێکی ناچاری بووبێت، بۆ پێشخستنی هەندێ کاتبەندی و توندتر کردنەوەی ململانێکان بۆئەوەی دەستپێشخەرییەکە تەنها بەدەست ئیسرائیلەوە نەبێت و هەرخۆشی گۆرەپان وکات وجۆری ئا
مانج وئامرازە بەکارهاتووەکان دیارینەکات.
هەروەها بۆئەوەی ورەیەك بەبەر هێزە بەرهەڵستکارەکانی نزیک لەخۆی لە ناوچەکەدا بێنێتەوە، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی والێبکات قووڵتر بیرلەئاکامەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران و گەورەکردنی ملانێکان بکەنەوە، یاخوود مەسەلەکە بەهەندێ پەلامارو دژە پەلامار لەنێوان خۆی وئیسرائیل بووەستێت و سەرنەکێشێت بۆ جەنگێکی هەرێمی هەمەلایەنەو کۆمەڵگەی نێو دوڵەتیش هانبدات بەقازانجی کۆتایهێنان بە جەنگ وگرژییەکان وکردنەوەی دەرگای گفتگۆو چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان دەستێوەردانی کاریگەرتر بکەن، گەرچی لەهیچی ئەمانە دڵنیا نییەو خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە.
لەروویەکی ترەوە، هێرشە مووشەکییەکەی ئەمرۆی تاران بۆسەر ئیسرائیل، باشترین بیانوو رەوایەتی وپاساو دەداتە دەست ناتەنیاهۆو حکومەتە راسترەوەکەی بۆ پەلاماردانی ئێران و فراوانکردنی جەنگەکەو گۆرینی بەجەنگی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژ بە هاوپەیمانی رانەگەیەنراوی نێوان تاران و مۆسکۆو پەکین و بەرەی بەرەنگاری وکۆتایهێنان بەهەژموونی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا، لەهەر وەڵامدانەوەیەکی تەلئەبیبیشدا یەکێ لە ئامانجە بەئامانجگیراوەکان رێبەری شۆرش دەبێت. لەهەموو حاڵەتێکدا خۆرهەڵاتی ناوەراست لەبەردەم کوڵان و وەرچەرخان و قۆناغێکی نوێدایەو نازاشنرێت ژانی قۆناغی راگوزەری چەندی پێدەچێت، وەداخۆ ململانێکان هەرلەم ئاستەدا دەمێننەوە یاخود رەهەندێکی جیهانیی لەجاران ئاشکراتر بەخۆوە دەگرن بۆئێمەی کوردیش دۆخەکە هەڵگری هەرەشەو دەرفەتی نوێی تێکەڵە؟.
AM:08:28:02/10/2024
ئهم بابهته 2116
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی