دڵنیابن تەنها ئەم دەرمانە چارەسەریان دەكات
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
مرۆڤ غەمبار دەبێ كاتێك دەبینێ دیاردەیەك لەنێو گەنج و لاوەكاندا سەریهەڵداوە كە بریتیە لە حاڵەتی (بێ هیوایی و بێ ئومێد بوون)، (خەمساردیی و تەمبەڵیی)، (دوودڵیی و گومان و ڕەشبینی بەرانبەر بە هەموو شتێك لەم ژیانە)، بەرانبەر بەخێزان، بەرانبەر بەدۆست و هاوڕێ و نزیكەكان، بەرانبەر بە زانست و مەعریفە و زانكۆ و بڕوانامە، بەرانبەر بە حیزب و دەسەڵات و حكومەت و سیاسەت، بەرانبەر بە داهاتوو، تەنانەت بەرانبەر بە بوونەوەر و خوا و دەسەڵاتەكانی!! كە ئەمەش بوةتە هۆكارو پاڵنەرێك بۆ ئەوەی ئەم چینە زیندووە ئەكتیڤەی كۆمەڵگە بەرەو خلیسان و لادان و هەڵگەڕانەوە لە دین و باوەڕ بڕوات و، لە كۆتا وێستگەشدا خۆی لە بازنەی ئیلحاد و بێ بڕواییدا ببینێتەوە!
پرسیار ئەوەیە: سەرچاوەی پەیدابوونی ئەم حاڵەتە چییە؟ ئەو هۆكارانە چین بوونەتە هۆی پەرەسەندن و تەشەنەكردنی ئەم دیاردەیە؟ كێ لە پشت سەرلێشێواویی و بەلاڕێدابردنی ئەم نەوە نوێیەوەیە؟ ئەركی نوخبە و لایەن و مرۆڤە خەمخۆرەکان چیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم دیاردەیەو، ئاڕاستەكردن و ڕێنمونیی كردنی تاكەكانی ئەم شەریحە كاریگەرە و، یارمەتیدان و دەستگرتنیان بەرەو گەشبینی و ڕێگا ڕاستەكە؟!
لێتان ناشارمەوە تا ئێستا ژیاننامەی دەیان ڕووناكبیری خۆرئاوایم خوێندوەتەوە ، لە بیرمەندو ئەدیب و زاناو سیاسیی و كەسانی بەناوبانگ و كاریگەر، كە زۆربەیان بێ باوەڕ بوون و بە (خۆكووشتن / انتحار) كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە! بێگومان هیچ یەكێك لەوانەش تاكە بەڵگەیەكی زانستیی و لۆژیكیی پێ نەبووە تاوەكو بەرەو ئیلحاد و باوەڕنەبوون بە خواو ئایین و بوونەوەر پاڵی پێوە بنێ !
سەرجەم هۆكارو پاڵنەرەكانی تووشبوونیان بەو حاڵەتە و پەنابردنیشیان بۆ (خۆكوژیی) تەنها و تەنها فاكتەری دەروونیی و عاتیفیی بووە و هیچی تر! كە ئەمەش بەشێكی هەرە زۆری مرۆڤە بێ باوەڕەكانی خۆرهەڵات و خۆرئاواش دەگرێتەوە.
لەڕاستیدا ئەوانە و ئەوانەی لای ئێمەش كە تووشی ئەم دەردو پەتایە دەبن بیرمەندە خۆرئاواییەكان بە كەسە (باوەڕدارە بریندارەكان) ناویان دەبەن و، چارەسەریان ئەوە نیە زانایەك یان مەلاو بانگخوازێك یان زمانزان و زمانپاراوێك لەگەڵیاندا دابنیشێ و موناقەشەیان بكات، بەڵكو ئەمجۆرە كەسانە پێویستیان بە خۆشەویستیی و گرنگیی پێدان و نازپێدان و لەئامێزگرتن هەیە ، پێویستیان بە كەسانێكە لەو قەیرانە رۆحیەیاندا بەچاوی خەمخۆریی و بەزەییەوە – لەگەڵیاندا بوەستێ و پشتیان بگرێ و پشتیوانیی مەعنەوییان بكات بۆ ئەوەی برینی ڕۆحییان ساڕێژو چارەسەر بكات!
بۆیە ئەگەر بڵێن: كەسانی زاهیدو خواناس و سۆفیە پاك و راستەقینەكان گونجاوترین و بەتواناترین و شیاوترین كەسن بۆ تیماركردنی ئەم مرۆڤە بەدگومان و ڕەشبین و بەستەزمانانە تا ئەندازەیەكی زۆر بۆچوونەكەمان ڕاستە و باوەڕ ناكەم بەهەڵەدا چووبین، چونكە لەڕاستیدا ئافەت و پەتای (گومان و ڕەشبینی و بێ هیوایی) نەخۆشییەكی دەروونییە و، پێویستی بە پزیشكێكی (وریا و زیرەك) لەهەمان كاتدا (دڵنەرم و بەبەزەیی) هەیە چارەسەری بكات، نەك زانایەك و پڕۆفیسۆرێك و قسەزانێك كۆمەڵێ بەڵگەی زانستیی و قسەی ئینشائی و ووشەی وشك و بێ گیان ڕیز بكات.
ئەمجۆرە مرۆڤانە كە ئەمە حاڵ و بارودۆخ و بیركردنەوەیانە دەكرێ لە ڕیزی ئەوانەدا سەیر بكرێن كە تازە بە تازە هاتوونەتە بازنەی دین و باوەڕ و ئیسلامەوە و، گومان و دوودڵیی و ڕەشبینییەكەشیان لە قەناعەت و بۆچوون و بڕوایەكی عەقڵیی – لۆژیكیی توندوتۆڵ و چەسپاوەوە سەرچاوەی نەگرتووە.
بۆیە بڕوام وایە ئەركی ئێمەیە ئەو جۆرە كەسانە (كە زۆربەیان گەنج و لاوەكانن بەو دەردەوە دەناڵێنن) بگرینە خۆمان و، هەندێجار خۆشەویستیی و نازیان پێبدەین، هەندێجار پارە و پشتیوانیی ماددیان بكەین، هەندێجار گوێیان لێ بگرین و كێشە و گرفتەكانیان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی لەو نەخۆشییە رزگاریان بێ، بۆ ئەوەی لەو گرێ دەروونییە قووڵە بێنە دەرەوە.
لەلایەكی تریشەوە زەرورە ژینگەیەكی پاك و ئارامیان بۆ بڕەخسێنرێ بۆ ئەوەی جارێكی تر نەڕووخێن و نەگەڕێنەوە بۆ جیهانی قەلەقی و گومان و بێزاریی و نامۆیی بوون.
PM:10:11:13/09/2024
ئهم بابهته 1932
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی