ئەجێندای سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر

‌ئەنوەر حسێن

لەپاش هەڵبژاردنی لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەكانی (2024) مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران یەكەم سەردانی بۆ دەرەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، هەولێر، بەسرە، نەجەف و كەربەلا دەستپێدەكات و دواتر دەچێتە ئەمریكا.

لەو سەردانەیدا دا بەنیازە (14) ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی ئەمنی، ئابووری و فەرهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بوارەكانی (ڕاهێنان، هاوكاری میدیایی، بواری پەیوەندی، پۆستە، كشتوكاڵ، ڕۆشنبیری و هوونەر و شوێنەوار، پەروەردە، كۆمەڵایەتی، ڕاهێنانی پیشەیی و تەكنیكی، هێزی كاری شارەزا، لاوان و وەرزش، ناوچەی ئازادی بازرگانی، ژوورە بازرگانییەكان، شوێنە گەشتیاری و پیرۆزەكان) ئیمزا بكات.

ئامانجی سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر پەیوەندی هەیە بەدوو تەوەر و چەند فایل و ئەجێندای تایبەتەوە.

تەوەری یەكەم/ فایلی بەغدا:

یەكەم: لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و شەڕی غەززە كۆبوونەوە لەگەڵ هێز و میلیشیا شیعەكانی عێراق (میحوەر) و پشتیوانیكردنیان و ڕێكخستنەوەیان، لەپاش گرژی و ئاڵۆزی دابەشبوونیان بەسەر چەند تەیار و بەرەی ناكۆكدا، هەوڵدان بۆ ئازادكردنی هاوڵاتییەكی ئێرانی (محەمەد ڕەزا نووری) كە لەلایەن ئەمریكاوە دەستگیركراوە.

دوەم: باسكردن لە ئەگەری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و پاشەكشەیان بۆ كوردستان و ڕۆڵی میلیشا شیعەكان و حكومەتی سوودانی لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەلایەن تارانەوە.

سێیەم: پێداچوونەوە و خێراكردن بەجێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنەییەی كە لە ئازاری (2021) لە نێوان (عێراق و هەرێم-ئێران) بۆ داخستن و چەككردنی كامپەكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئیمزاكراوە وەكو عەباسی عێراقچی وتوویەتی.

چوارەم: باشتركردن و زیادكردنی ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و تاران كەوا بڕیارە لە (10) ملیار دۆلارەوە بگاتە (20) ملیار دۆلار، كە یارمەتدەری گەورەی ئێرانە، لە هەلومەرجێكدا كە لەژێر گوشاری گەمارۆكانی ئەمریكا و ئەووروپادایە.

پێنجەم: ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە (11) ملیار دۆلارەی، كە هاتۆتە سەر عێراق لە دابینكردنی غازی سروشتی و كارەبا بۆ عێراق، كە تووشی گرفت و دواكەوتن بوە لە دانەوەی بە تاران بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكاوە.

شەشەم: سەردانیشی بۆ بەسڕە لەلایەك بەمەبەستی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان (بەسرە-شەلەمچە)، لەلایەكی ترەوە پەیوەندی بە ڕاكێشانی ئەو پڕۆژە ئابوورییەوە هەیە، كە توركیا بەنیازە لەنێوان كەنداوی فارس و توركیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا ئەنجامی بدات (ڕێگای گەشە).

تەوەری دوەم/ فایلی هەرێمی كوردستان:

یەكەم: كاراكردن و خێراكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییەی كە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردوە بە گواستنەوەی كامپ و ئۆردوگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە زڕگوێزەوە بۆ سورداش، ڕەنگە ئەوەش باس بكات كە داوای ڕادەستكردنەوە (120) لە كەسایەتی و بەرپرسی هێزەكانی ڕۆژهەڵات دەكات.

دوەم: دڵنیابوونەوە و پێدانی گەرەنتی لە كۆتایهاتن بە بوونی بنكە و بارەگای مووسادی ئیسرائیلی لە هەولێر كە هەمیشە گومان و بانگەشەی ئەوەی كردوە.

سێیەم: پزیشكیان بۆی گرنگە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بزانێت لە كاتی كشانەوەی كۆی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی (2006) دا ئایا هەرێمی كوردستان بۆچوونی چییە لەبارەیەوە؟

چوارەم: پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوولا، كە ئێران خوازیارە هەرێم هاوسەنگی ئابووری و سیاسی نێوان تاران و ئەنكەرە لە هەرێم ڕابگرێت.

ئەم سەردانەی پزیشكیان جیا لە دەعوەتی فەرمی سوودانیە و كە بانگهێشتی بەغدای كردوە ڕەدی ئەو سەردان و بەشدارییە كە هەریەكە لە لەتیف ڕەشید، سوودانی، بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ تارانیان كردوە.

یەكەم سەردانی پزیشكیان بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ بەغدا و هەولێر ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەم دوو ناوچەیە چەندە گرنگن لە چوارچێوەی پێگە و ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێرانن لە ناوچەكەدا و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پێگە و بەرژەوەندییە ساسی، ئابووریە، فەرهەنگی و مەزهەبیانە نابێت كە نەخشەی دوور مەودای بۆ كێشاوە.


PM:12:52:11/09/2024

ئه‌م بابه‌ته 1640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی