بزانن چۆن راستییەكان ئاشكرا دەكات

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

(كاتیك بۆ یەكەمجار هەڵبژێردرام بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران كۆمەڵێ هیوا و ئاواتی زۆر گەورەم هەبوون و تا ئەندازەیەكیش گەمژە و ساویلكە بووم، بەڵام زوو بەزوو بۆم دەركەوت خۆماندووكردن  و خۆپڕوكاندن بۆ حیزب و دڵسۆزیی نواندن بۆ لیژنەكانی كاری سیاسیی و كاركردن بۆ ئەوەی جارێكی تر هەڵبژێردرێمەوە زۆر گرنگتر بوو لەلام لە خەون و بیرۆكە و كارە تایبەتە كەسییەكانی خۆم ).

ئەمە سەرەتای وتەكانی ئەندامێكی كۆنگرێسی ئەمریكایە كە پێی خۆشبووە بەناونیشانی (ئێكس) ئاماژی پێبكرێ لە كتێبی (دانپێدانانەكانی ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا: ئێكس) كە (ڕۆبەرت ئەتیكسن) نووسیویەتی.
 
وتەكانی ئەم ئەندام كۆنگرێسەی ئەمریكا لەچوارچێوەی چاوپێكەوتنێكی تایبەت و پەنهانیدا هاتووە لەنێوان ناوبراو و خاوەنی ئەم كتێبە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی ئەم ئەندام كۆنگرێسە رووبەڕووی غەزەب و توڕەیی گەورە ئەندامانی حزب نەبێتەوە و كۆتایی بەژیانی سیاسیی بهێنرێ.

1- سیناتۆر (ئێكس) باسی پڕۆسەی سیاسیی و دیموكراسیی دەكات و عەیب و عارەكانی (سیستمی سیاسیی حیزبیی) لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ریسوا دەكات و دەڵێ: سیاسەت ناگۆڕێ، گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان و سەرۆكەكەی بڕیار دەدەن و سەرپەرشتی كاروبارەكان دەكەن، ئەندام پەرلەمانی نوێ هیچی بۆ نیە تەنها ئەوە نەبێ دەست بەدەم و زمانیەوە بگرێ و قسە نەكات و، كت و مت دەنگ بەوە بدات كە هێڵی سیاسەتی گشتی حزب دیاری دەكات و داوای دەكات.
 
2- ئەندام پەرلەمان ئەگەر پشتیوانی سەرۆكی ئەنجوومەن بكات ئەگونجێ ڕۆژێك لەڕۆژان لە لیژنەیەكی سەرەكیدا ئەركێكی پێ بسپێردرێ، یان سەرۆكایەتی لیژنەیەكی فەرعی بكات.

3-  ئێكس دەڵێ: (كاتێك بۆ یەكەمجار گەیشتمە واشنتۆن رادەی توڕەیی حزبیی و لایەنداریی كردن بۆ حزب زۆر سەرسام و شۆكی كردم، نەك تەنها لە كۆنگرێسدا، بەڵكو سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە حكومیەكان و ئاژانسەكان و دەستە و رێكخراوەكانی تریش بە سیاسیی كراون، تەنانەت (دادوەرە بێ لایەنە) كانیش كاتێك بابەتەكە پەیوەندیدار دەبێ بە بڕیاردان لەسەر پرسە سیاسییەكان، زۆر بە ئاشكرا دەردەكەوێ كە ئەوانیش شوێنكەوتەی (ئاڕاستە و هێڵی گشتی حیزبی فەرمانڕەوان)، چونكە ئەم پرسانە گرنگن بەلای ئەوانەوە كە ئەو دادوەرانەیان لە (پۆستە داوەرییەكان)دا داناون یان دامەزراندوون.

4- ئێكس دەڵێ: (هیچ یەكێك لە ئێمە لەچوارچێوەی مامەڵەكردن لە كۆنگرێسدا هەست بە یاسا و رێساو لیاقەت و لێوەشاوەیی و لێهاتوویی تایبەتی خۆی ناكات، هیچ جۆرە گفتوگۆ و نیقاشێكی جدیی و راستگۆیانە لەنێوان دوو حیزبی دەسەڵاتداردا نیە و، هەموو كاروبارەكانیش مشتومڕ و لایەندارییە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی حزبیی و هیچی تر، زۆر بەدەگمەن ڕێك دەكەوێ قسە و باسی كۆبونەوە و نیقاشەكان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بن).
 
5- شاری (واشنتۆن)یش هیچ نیە تەنها چاڵێك نەبێ كە پڕە لەوانەی هەوڵ دەدەن یاری بە سیستمی سیاسییەوە بكەن تەنها بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان.

6- ئەو سیناتۆرە دەڵێ: لەڕاستیدا هەوڵ و كۆششی سەرەكی من ئێستا لە كۆنگرێسدا تەنها بۆتە ئەوەی دەست بە كاروپیشەی خۆمەوە بگرم و،  منیش وەك هاوڕێكانی ترم كارمان بۆتە ئەوەی تەنها بەڵێنی بەدیهێنانی كۆمەڵێك شتی گەورە بەدەنگ دەرەكانمان بدەین كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانین بۆیان جێبەجێ بكەین، كاتێكیش ئەو بەڵێنانە دڵخۆشیان دەكات ئەی بۆچی نەیاندەینێ و پێشكەشیان نەكەین، لەڕاستیدا ئەوانیش گەمژە و ساویلكەن، حەق و راستیش لەگەڵ ئەواندایە نەك لەگەڵ مندا!

7- ناوبراو كۆتایی كتێبەكە بەم رستانە دەهێنێ و دەڵێ:
(بێگومان ئێمە هەموو لەسەرەتاوە بەنیاز و نییەت و مەبەستی چاكەوە هاتین ، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات كارەكە و ئامانجەكە گۆڕدرا بۆ ئەوەی تەنها بیر لە بەرژەوەندیی و دەستكەوتی خۆمان بكەینەوە و كورسیەكەمان بپارێزین و لەدەستی نەدەین).
 
 لێرەدا ئێمەش دەپرسین: ئەمە حاڵی دیموكراسییەت بێ لە وڵاتێكدا كە پێشەنگی دیموكراسییەتە لە جیهاندا، ئەمە بارودۆخی مومارەسەی ئەركی سیاسیی و كێ بەركێی حزبیی و كاری پەرلەمانیی بێت لە كۆنگرێسدا (واتە ئەنجومەنی یاسادانانی ئەمریكا) كە وڵاتی دەزگای عیملاق و دامەزراوەی زەبەلاحە و بە یەكەم زلهێزی سەربازیی و ئابووریی دادەنرێ لە ئاستی جیهاندا!  دەي حاڵی دیموكراسییەت و ژیانی حزبیی و مومارەسەی كاری پەرلەمانیی لە وڵاتی ئێمە و وڵاتانی تردا چۆن بێ كە نەك وڵاتی ئازادیی و دیموكراسیی و دامەزراوەکان  نین، بەڵكو كودەتا و عەسكەرتارییەت و دیكتاتۆرییەت و میلیشیاگەرایی هێما و پێناسەی هەرە زەق و دیاریانە!!

ئەگەر ئەوە حاڵی دوو حزبە سەرەكیەكەی نێو ئەنجومەنی یاسادانانی گەورەترین وڵاتی جیهان بێ، دەبێ حاڵی حزبەكانی لای ئێمە چۆن بێ كە نەك لەسەرەپای ژیانی سیاسیی خۆیاندا بۆ یەك جاریش مومارەسەی حەقیقی دیموكراسییەت و ئازادیی ڕاستەقینەیان نەك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتدا نەكردووە، بەڵكو لە كۆنگرە حزبییە یەك لەدوایەكەكانی خۆشیاندا نەیانتوانیوە نمونەیەكی جوان و راستەقینە نیشان بدەن لە دەستاودەستكردنی دەسەڵات و گۆڕینی سەركردە و قیادە و گۆڕینی دەم و چاوە دووبارە بووەكانیشیان! تا كۆنگرەیەكیش دەبەستن هەزارو یەك بوومەلەرزە روویان تێدەكات و دەیانلەرزێنێ و، بە هەزارو یەك سەفقە و ڕێكەوتنی ژێربەژێری ناوخۆیی و دەرەكیی و پینەكردن و رازیكردنی ئەم و ئەو ئینجا دێنەوە مایە!!

كاتێك ئەندام كۆنگرێسی ئەمریكا بەم ڕیتمە قسە لەسەر ئەدای ساختە و ڕواڵەتیی كاری حزبیی و تەشریعیی نێو كۆنگرێس دەكات و، ئەوە دووپات ئەكاتەوە كە هەموو خەمێكی پاراستنی كورسی و پێگەكەی خۆیەتی! دەبێ ئەندام پەرلەمانەكانی لای ئێمە حاڵیان چۆن بێ كە ئەوە حاڵی حزبەكانیانە ئەوانی سەرخستووە، ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە جگە لە كۆمەڵێ دەم و چاوی سواو و  هەندێ جار بێزراو و دووبارە بووەوە هیچی تر نین و، بە هەموو پێوەرێكیش نەشیاو و ناشارەزا و نەزانن لە سیاسەت و كاری پەرلەمانیی دا و، كۆڵەواریشن لە زمان و گوتارو دەربڕین و، لاوازو بێ تواناشن لەڕووبەڕووبونەوەی بەرانبەرەكانیان، كەسیش نازانێ بە كەفائەت و دەنگی حەقیقی خۆیان هاتوون یان تەزویرو دەنگی ئەلیكترۆنیی ساختەی ئامادەكراو شەفاعەتی بۆ كردوون، ئەمە جگە لەوەی مەگەر بەس خواش بزانێ ئەجێندای سیاسیی و حزبیان چیە و، بۆ چ  پڕۆژە و بەرنامەو ئەجێندایەکی سیاسیی پشت پەردە تەوزیف کراون! ئەم مۆدێل پەرلەمانتارانە كە دەوترێ مووچەی هەریەكێكیان لە مووچەی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاترە، ئێوە باوەڕ دەكەن زیاتر لە پڕكردنی گیرفانیان و خۆشگوزەرانی خێزانەكانیان و پاراستنی پێگە و كورسیەكانیان لە خەمی وڵات و میللەت و نیشتماندا بن؟! ئێوە وەڵام بدەنەوە.


AM:11:41:11/09/2024

ئه‌م بابه‌ته 3884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی