پاڵمەنێ خۆم ئەڕۆم!
رێبوار عەلی
بەرواری 5/9/2024ڕودانی هەڵکوتانە سەر بنکەی ڕوناکبیریی چاودێرو گۆڤاری گەلاوێژ، وەکو پەللاماردانی سەر بارەگای حیزبەنەیارەکان و سوتانی کتێب و دەستگیر کردنی ڕۆشنبیران و ڕاونانی ڕۆژنامەنوسان واها بوو، کە کردەیەکی دژ بە بنەماکانی دیموکراسییە و یەکپارتی (یەکێتی + پارتی ) چەندینجار ئەنجامیانداوەو ڕەفتارێکی نامۆ نیە بۆیان و بووە بە بەشێک لە ناسنامەیان.
ئەوەی لەم ڕوداوانەدا جێگەی سەرنج و تێڕامانە، پێداگری مەلا بەختیارو هاوڕێکانیەتی لە مانەوە لە حیزبێکدا کە گەمارۆیان دەدات و دەرگاکەیان بۆ دەخاتە سەر گازەرەی پشتوو کشەیان لێ دەکات، پێیان دەڵێت: فەرموو بۆ دەرەوە! دەبوو لە گەرمەی ئەم پێشهاتانەدا، هەریەکە لە بەڕێان: مەلا بەختیارو فەرەیدون عەبدولقادرو سالار عەزیزو مامۆستا چەعفەرو ئەوانی تر. خۆیان بڕۆشتنایەو مێژویان بە باش و خراپیەوە وازیان لێ بهانیایەو پێکەوە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان وەربگرتایە و ئەوەندە دیل و دەست بەستراوی میژو نەدەبوون و لە مێژودا نەدەژیان و بیریان لە ئایندەو گۆڕانکاری دەکردەوەو بە هەڵوێستی نوێیان وەڵامی مێژویان دەدایەوە.
خۆ مرۆڤ بوونەوەرێکی بێ گیان نیە، لە شوێنێک دانرا نەتوانێ هەرگیز بجوڵێت، ئەوان لە نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامیق و عەبدوڕەحمان سدیق زیاتر نین، کەهەریەکەیان هێما و کۆڵەکەیەک بوون لە ناو یەکێتی و پارتی و یەکگرتوودا، بەوپەڕی جوامێرییەیانەوە لە حیزبەکانیان هاتنەدەرەو هەڵوێستی بەرزیان بۆ خۆیان تۆمارکردو بە لادان و ترازانی سەکردە دەستڕۆیشیتوەکانیان ڕازی نەبوون و بە هەڵوێستی مەدەنی بەرپەرچیان دانەوە.
مرۆڤایەتی مرۆڤ یەکسانە بە هەڵوێست وەرگرتن، کە هەڵوێسنەما ڕەوڕەوەی ژیان دەکەوێتە مەترسییەوە. تەنانەت کەسە بودەڵەو ترسۆنەکەکانیش، ئەو هەڵوێستەیان هەیە کە چاوەڕوانن مرۆڤە بوێرو بەهەڵوێستاکان هەڵوێستی خۆیان وەرگرن و ئازارو مەینەتی بێ هەڵوێستی لە کۆڵی ئەوان بکەنەوە. ئێستا ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی وەها، پێویست دەکات سەرجەم کەسایەتیە کاریگەرەکان دەستبەرداری بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان ببن و بە ئەقڵی کراوەوە، نەخشە بۆ ئایندەی گەش و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئامادەبکەن و هەڵەی سێ دەیەی دەسەڵاتدارانی ئەم نیشتیمانە ڕاستبکەنەوە. لەبەرهەموو ئامانە هەڵوێست وەرگرتن گرنگەو بێ منەت بە نەیارەیاخیەکانتان بڵێن:
پاڵ مەنێن، خۆمان دەچینە دەرەوە... ئەحمەد موختاربەگی جاف ساڵی 1930 لە ئاوا دەورانێکدا فەرمویەتی:
لادە شاعیر تۆ لە باسی عیشقبازی و سەیرکە
چۆن خەریکن چەند کەسێ، ئێستا وەتەن وێران ئەکەن
ئاسمان ئێستا واچەرخاوە، جاهیل غاڵبن
گورپەو ڕێوی، خەیاڵی مەڕتەبەی شێران ئەکەن
PM:06:10:09/09/2024
ئهم بابهته 948
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی