کۆمەڵە و دیموکرات هەمیشە فاکتەری سەقامگیریمان بوون، نەك…..

‌بارزان شێخ عوسمان

لە چەندین وتار و کۆڕو کۆبونەوەدا ،ئەو راستییەم خستوەتە رو کە هەردو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحەت کێشانی کوردستان(کە ئێستا بووەتە سێ رێکخراو )، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە لەوەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوە ، رێزیان لە قانون و رێساکانی پەرلەمان و حکومەت گرتوە کە لە سنورەکانەوە هەڕەشە دروست نەکەن بۆ ئاسایشی  ئێران ،تا بیانو نەدرێتە دەست  کۆماری ئیسلامیی  بۆ هێرشکردنە سەر سنورەکان ،بەم هەنگاو و سیاسەتە ژیرانەیەیان سەقامگیریی و ئۆقرەیی خەڵکی کوردستانی عێراقیان  پاراستوە  و خۆیان نەکردوەتە کوێخا کە کوردستان هەر کوردستانە.
 
هێزەکانی کوردستانی ئێران، وەك هەست کردن بە لێپرسراوێتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و رەچاو کردنی بارودۆخی ناسکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق  (هەرچەند قورس و گرانیش بوە)، ئەو بڕیارەیان جێبەجێکرد بۆ  جێگیر بون و نیشتەجێبون لەو. بارەگا نوێ یانەی بۆیان دیاریکراوە (دیارە پێشتر دیموکرات و بەم دواییەش کۆمەڵە).
 
وەك چۆن (ی، ن، ك) هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەگەڵ پشتیوانییکردنی لە خەباتی  پارچەکانی تری کوردستان، هەلومەرجی خەباتی هێزەکانی هەر پارچەکانی تریشی رەچاو کردوە بێ دەستوەردان لە کاروباریان، کۆمەڵە و دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کردوە، نەك هەرئەوە بەڵکو بۆ رۆژێکش دەستیان وەرنەداوەتە کاروباری ناوخۆی هیچ کام لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق و هیچ بەشێکی تر، هاوزەمان لەوەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکگاتوە، ئەوان هەرگیز سنورەکانی ئێمەیان بەکار نەهێناور بۆ دەستدرێژیکردنە  سەر پایەگاو و سەربازگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە هەمیشە ئەوان لەم ناوچەیە فاکتەری ئارامیی و ئۆقرەیی بون هەرگتز قانون شکێنییان نەکردوە، زەوی و موڵك و مەزرای هیچ گوند ناوچەیەکیان داگیر نەکردوە، ناوچەی موحەڕەمە و قەدەغەکراویان دروست نەکردوە، خاڵی پشکنین و گومرگ و سەرانە سەندنیان لە هیچ شوێنێك دانەناوە، خۆشیان نەکردوە بە کوێخا و ئاغای  کوردی عێراق و ئەڵتەرناتیڤی حزبەکانی هەرێمەکەمان.

ئەوان تەنیا وەك مافێکی دەستوریی عێراقیی و قانونە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و قانونەکانی نێودەوڵەتیی و نەتەوەیەکگرتوەکان لەم ناوچەیە بارگەو هەواریان هەیە و چالاکییە رۆشنبیریی و هونەریی و سیاسییەکانی خۆیان بە رەزامەندیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە بردوە.

رازیی بونیان  بە گواستنەوەی بارەگاکانیان لە سنورێك بۆ سنورێکی تر، بەڵگە و سەلمێنەری ئەو راستییە کە ئەوان نیشتمان پەروەر ی راستەقینە و دڵسۆزن، سەلماندییان کە دۆست و پشت و پەنا و هێزی پشتگیریی ئەزمونی هەرێمی کوردستانن، گەرەکیان نییە گۆبەندی بۆ دروست بکەن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، نایانەوێت هەلومەرجەکە بەو جۆرە بشکێتەوە کە نەیارەکانمان مەرامیانە، واتە ناچنە ناو داوی پیلانی لەباربردنی ئەزمونی هەرێمی کوردستانی عێراق و شێواندنی ژیانی سیاسیی و ئاسایشیی کۆمەڵایەتیی ئەم بەشەی کوردستان و خۆیان بە کوێخا و پاوانخواز نازانن.

بۆیە  یەم هەڵوێستە نیشتمانیی و نەتەوەییە رەسەن و راستەی  حزبە رەسەنەکانی کوردستانی ئێران بەرامبەر حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گەورەترین سەروەریی لە مێژودا تۆمار دەکرێت.


AM:11:57:09/09/2024

ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی