رۆڵی نوخبە لە راستکردنەوەی هەڵەکان و قووڵکردنەوەی پێکەوە ژیان

‌ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

لەم یەک دوو رۆژەی رابردوودا، لێدوانێکی  نەشیاو بەرامبەر ئیسلام و موسوڵمانان،  بە ناوی قاسم شەشۆیی یەکێ لە فەرماندە سەربازییەکانی یەزیدییەکان بڵاو بوۆوە، کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیادا  لێکەوتەوە. حەز دەکەم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ تاووتوێکردن و تۆمارکردنی هەندێ سەرنج، لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی پەیوەندی، زۆرینەی موسوڵمانی گەلی کوردستان و پێکهاتەیەکی تری ئەوگەلە کە یەزیدییەکان پێکیدەهێنن و رۆڵی چاوەروانکراوی نوخبەکانی هەردوولا، ئەویش بەم جۆرەی خووارەوە:

یەکەم ـ  هەموو بیرکردنەوەیەک دەربارەی ئەوەی ئیسلام وەک ئایین لەگەڵ قڕکردن و پاکتاوکردنی یەزیدییەکاندا بووە، قسەیەکی ناڕاست و خەرافی وناواقیعی و نامێژووییە. چونکە پێکهاتەیەکی ئایینی کەمینەی وەك ئەوان، لەنێو دەریایەک موسڵماندا، گەر ئیرادەی قڕکردنیان بە کردەوە هەبووایە، دەمێک بوو شتێ بە ناوی یەزیدیی، لانیکەم لەم ناوچەدا بوونی نەدەما و چارەنووسیان  هەمان چارەنووسی  موسوڵمانانی ئەندەلووس دەبوو دوای فەرمانی قرکردنیان لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکییەوە. بوونی فتوایەک و رەفتاری خراپی میرێ یاخود کاربەدەستێك لێرەولەوێ،  ئەم ڕاستییە مێژوویی و واقیعییە ناشارێتەوە. خودی روحییەتە ئیسلامیە بنەڕەتییەکەو باوەری بەفرەئاینییش، کارێکی کردووە، هەموو ئەوشتانە کاریگەریان کاتی و سنووردار بێت و سەر نەکێشێت بۆ قڕکردن وپاکتاوکردن.

دووەم ـ بە پشت بەستن بە.خاڵی یەکەم، دووپات کردنەوەی باسی حەفتا و دوو فرمانی قڕکردن دژ بە یەزیدییەکان لەمێژوودا، ک لەسەر زاری هەندێ نوخبەی یەزیدی و دەرەوەی ئەوانیش لە ناوەندە عەلمانییە کوردییەکەدا،  بەکارێکی ناڕاست و دژ بەبەرژەوەندی  یەزیدیەکان و پێویستیەکانی پێکەوە ژیانی ئاینی لە کوردستاندا دەیبینم.
 
چونکە جگەلەوەی  هەروەك وتمان بەکارهێنانی وشەی قرکردن هەڵەیە  وە ئەگەر ئیرادەیەک بۆ قڕکردنی یەزیدییەکان لە مێژوودا هەبووایە هەرگیز توانای بە گری لە خۆکردنیان نەدەبوو، ـ لێرەشەوە شەرەکان دژبەوان بەشێوەیەکی گشتی دەچنە چوارچێوەی ئەو شەرە زۆرو زەبەندانەی میرنشین و مەملەکەتە موسوڵمانەکان لەناوچەکە پێش ئەوان دژ بەیەك کردوویانە باهەندێ جار هاوشێوەی سوود وەرگرتن لەمەزهەب بۆ نێو موسوڵمانان خۆیان سوود لەوەرەقەی ئاینی وەرگیرابێت ـ

ئەم گوتارە بەکردەوە یەزیدییەکان بە بەنیمچەهەمیشەیی وەک  جەستەیەکی نامۆ، نەخوازراو،  پەراوێزخراوو ناسرووشتی بەژینگەکەیان نیشان دەدات و د دەهێڵێتەوە! لە کاتێکدا دەبێت، مانەوەی یە زیدییەکان لە ناوچەیەکی بەرچاوی کوردستاندا و دا پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە واقیعی کوردەواریدا، بکرێنە  بنەرەت ودۆخی سرووشتی  وبناغە،  پەلاماردانیان لە مێژوو ئێستاشدادا بە نامۆ و ناسروشتی و پێشێلکردنی ئەو بنەماو دۆخە سرووشتی وبنەرەتیە لە قەڵەم بدرێن و بخرێنە ڕوو. پێویستە لەم روەوە یەزیدییەکان ڕێگەنەدەن ئەوان بکرێنە کەرەسەی ناوەندە عەلمانییە توندرەوەکەی کوردستان بۆ دژایەتیکردنی ناسنامەی ئیسلامیی مێژوویی زۆرینەی موسوڵمان.

سێیەم ـ لە پەیوەندی بە هێرشی دڕندانەی ئەم جارەی داعش بۆ سەر هاوڵاتییە یەزیدییە بێ دیفاع وستەم لێکراوەکانمان و هەڵوێستی زۆرینەی موسڵمانی گەلی کوردستان ئاماژەکردن   بەم  چەندخاڵەی خووارەوە  بە گرنگ دەزانم:

1- لە 99/ و زیاتری موسڵمانانی کوردستان، دژی داعش بوون. بۆیە کارێکی هەڵە و نامەنهەجییە کەمینەیەکی لادەر بکرێنە نوێنەری ئیسلام، تەنها لەسۆنگەی  بەرزکردنەوەی درووشمی ئیسلامییەوە، ئەو لەسەدا نەوەو نۆوزیاترەو ئەوانەی بەپیر ئاوارەکانەوە  چوون و ئەو پێشمەرگە  موسوڵمان ونوێژکەرانەی دژی داعش  جەنگان و بەشێکیشیان شەهید بوون بەکرێن بەنموونە وسەرمەشق!  هەڵبەت ئەمەبۆ ناوەند عەلمانییە توندڕەوە کوردییەکەش ڕاستە.

2- موسڵمانانی کوردستان و بە تایبەتیش لە بادینان زۆر موسڵمانانە و جوامێرانە دەرگای مزگەوت و ماڵەکانی خۆیان بۆ ئاوارە یەزیدییەکان خستە سەر پشت، ناوەندەئیسلامییەکەی کوردستان و دەزگا خێرخووازییە ئیسلامییەکانیش، لەو هەڵمەتەدا رۆڵی بەرچاویان هەبوو. ئەوەش جوانترین دیمەنی ئەخلاقی ڕەتکردنەوەی بەکردەوەی داعش و خوێندنەوە تاریک و خوێناویەکەی بوو بۆ ئیسلام. بەڵکو پێش ئەوەش بۆ مێژوو  لە هەندێ کات  وکێشەدا یەکێ هەندێ لە ئیسلامییەکان و  بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاویان لە کوژاندنەوەی ئاگری هەندێ فیتنەی ئایینیدا لەنێوان بەشێ لەموسوڵمانانی کوردستان ویەزیدییەکاندا هەبووە. بۆنموونە لە سەر و بەندی کوشتنی دوعادا، خەریک بوو کارەساتێکی خوێناوی گەورە دژ بە یەزیدییەکان لە لایەن هەندێ خەڵکی موسڵمانی ئاسایی چەکداری هەندێ لە حیزبەکان ڕوو بدات! یەکێ لە دۆستە یەزیدییەکانم لەوبارەوە پەیوەندی پێوە کردم و داوای یارمەتی لە من و یەکگرتوو کرد. کە ئەو کات بەرپرسیاریتیم لە حیزبەکەدا هەبوو. منیش بەڵێنم پێدان هەرچیمان پێ بکرێت درێغی ناکەین و ناهێڵێن شتی وا لە کوردستاندا ڕوو بدات . خۆشبەختانەش توانیمان ڕێ بەم کارەساتە بگرین و یەکگرتووەکانی بادینان و بە تایبەتیش بەرپرسانی دهۆک ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان لەم روەوە هەبوو.

چووارەم ـ پێم وایە لە کاتی ئەم جۆرە پێشهات  گرژیانەدا، نوخبەی هەردوو لا دەبێت بەگیانی لێپرسراوانەوە مامەڵەبکەن و لەهەوڵی راستکردنەوەی هەڵەکان و پاراستنی پەیوەندییەکاندا بن، نەك خوانەخواستە بۆسوودی تاکەکەسی وگرووپی خۆیان بەکاریبێنن ، لەم پێناوەشدا بەشەکەی خۆم دوێنێ پەیوەندیم بە بەرپرسێکی یەزیدی خوێندەوارەوە کرد، داوام لێکرد بە ناوی دەزگا و دامەزراوییەکی یەزیدییەوە، ڕوونکردنەوەیەك دەربارەی لێدوانەکەی شەشۆیی بدەن، یان بەسرووشتی حاڵ خۆی روونکردنەوەبدات، بۆ ئەوەی لەسەر کۆی یەزیدەکان نەکرێت بەماڵ،سوودی خراپیشی لێ وەرنەگیرێت.

خۆشبەختانەش ئەمڕۆ چاوپێکەوتنی قاسم شەشۆیی بۆ ناردم کەنوکولی لە لێدوانەکەی دەکات و دەڵێت ئێمە پیر و گەورەکانمان فێریان کردووین رێز لە ئایین و لەوانەش ئیسلام وهەستی ئایینی موسڵمانان بگرین، لێدوانەکەی منیش شێوێنراوەو من باسی توندڕەوی ئیسلامی و داعشم کردووە کەناوی محەمەد بە کار دەهێنن بۆ لێدانی ئێمە، نەك ئیسلام و موسوڵمانان  کە ڕێزم بۆیان هەیە و چاکەی ئەوان لە کاتی ئاوارەبوونمان لەبیر ناکەین.. هتد. کەفۆرمێکی داوای لێبووردنە.
 
پێنجەم ـ لەگەڵ ستایشی بەدەمەوەچوونی ئاوارە یەزیدییەکان و خوێنی پێشمەرگە موسڵمانە شەهیدەکان و ئەو هەوڵانەش کە هەندێ لە ئیسلامییەکان لە کاتی خۆیاندا بەقازانجی ئەوان داویانە، پێم وایە وەك ناوەندە ئاینی وئیسلامییەکەی کوردستان و زۆرینەی موسوڵمان، هێشتا وەك پێویست ئەرکمان بەرامبەر هاووڵاتیە یەزیدییەکانمان لەهەردوو ناوەندەکە جێبەجێ نەکردووە:

1- تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە ئاستی موسڵمانی ئاساییدا، بەشێ لەموسوڵمانان جۆرێ لە هەستیاریی و بەربەستی دەروونی و بیرکردنەوەی نەرێنیان بەرامبەر ئێزیدییەکان هەیە؟ بۆ نموونە من لە بۆنەیەکدا لە لالش بەشدار بووم پاسەوانانی بەرپرسی یەکێ لە دوو حیزبەکە، لەکاتی نانداناندا وتیان مامۆستا ئێمە ئەم نانە بخۆین؟ وتم بۆچی نا،  وتیان بە خوا تۆ نەڵێیت دەمی لێ نادەین و بەحەڵاڵی نازانین. دوایی من سەردانی ناو پەرستگای لالشم وەك شوێنەوارێکی مێژوویی کرد، وتیان لەمەدا بە قسەی تۆش ناکەین و نایەین.

ئەمەو چەندین نموونەی تر، ئەوەش ئەگەر بەشێکی بۆ موسوڵمانێکی ئاسایی تەفەهوم کراوبێت، بەشەکەی تری لەسەروەستان و راستکردنەوەی دەوێت. چوونکە هۆکارێکی بنەرەتی ئەم هەستە وێناکردنی مێژوویی یەزیدەکانە وەک شەیتان پەرست، کە لەراستیدا بەوجۆرە نییە خەڵکی ئاسایی لێیتێگەیشتوون،  ئەوانیش باوەڕیان بە خودای جیهانیان هەیە و بە شێوازی خۆیان دەیپەرستن.

راستیش نییە لەئێستای مێژووی جیهان وئێمەشدا پەیوەندی منی موسوڵمان بەئەوی دی یەزیدییەوە تەنها لێکدانەوە مێژووییە ئاینییەکان و ناسنامەی ئاینی دیاریبکات، چوونکە ئێمە پێش هەرشتێك خووای گەورە بە مرۆڤ بەدیهێناوین و دەبێت مرۆڤانەش مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەین، لەپاڵ ئەوەدا رەچاوی هاوبەشیی نیشتیمانی و نەتەوەیش بکەین ورۆڵیان لە داڕستنی پەیوەندییەکاندا هەبێت.
 
2- پێم وایە ناوەندە ئیسلامییەکەش گەرچی  پەیوەندییان  یەزیدەکانەوە نەپچڕاندووە بەتایبەتیش یەکگرتوو، بەڵام هەست دەکرێت بە گوێرەی پێویست بە روویاندا نەکراونەتەوەو قەرەبووی بەشێ لەو زەبرە مەعنەوی و دەروونیەیان بۆ نەکردوونەتەوە، کە داعش بە ناوی شەریعەت و دینەوە لێی داون!  بە راشکاوی و دەنگی بەرزەوە لە یاد و بۆنەکانیان و قسەکردن لەسەر کەیسەکانیان لەسەر خەت نین. کە بە ئەزموونی خۆم کاریگەری زۆری دەبێت و باوەشی واڵای بۆ دەکرێتەوە.  لەباریشیدایە بەشێکی بەرچاو لە بەدگومانی و هەستە نەرێنییەکانیان کەم بکاتەوە و وێنە شێواوەکانیش، زیاتر راست بکاتەوە.


AM:09:12:08/08/2024

ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی