ئەو سیناریۆیەی زۆر نزیکە ڕووبدات
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
ڕاوبۆچوونەکان سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران لەبەرانبەر تیرۆرکردنی ( ئیسماعیل هەنییە ) جۆراوجۆرن ، هەندێک پێیان وایە ئێران ئەگەر بۆ پاراستنی شکۆ و ئاوی دەم و چاویش بێت گورزێکی ڕواڵەتیی لە ئیسرائیل دەدات، بەڵام هەندێک لە شارەزایان و چاودێران و دامەزراوەکانی توێژینەوەی سیاسیی و ستراتیژیی بڕوایان وایە سیناریۆی هەرە نزیک ئەوەیە: سەفقەیەک لەنێوان تاران واشنتۆندا بێتە ئاراوە و لەچوارچێوەی ئەو سەفقەیەدا ئێران دەست لە بڕیاری وەڵامدانەوە هەڵبگرێت یان بە وەڵامێکی زیاتر ڕەمزیی و ڕواڵەتیی ڕازی ببێت، لەبەرانبەر ئەوەدا ئیسرائیل بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بدات و لە غەززە بکشێنەوە، دووریش نییە کە ئەمریکا کۆمەڵە دەستکەوتێکی پەیوەست بە سوککردنی گەمارۆکان پێشکەش بە ئێرانییەکان بکات !
ئەوەی من دەمەوێ بیخەمە ڕوو سەبارەت بە کۆی ئەم بابەتە ئەم چەند سەرنجەی خوارەوەیە:
یەکەم: ئەوەی ڕوویدا کارێکی تیرۆرستانە بوو ، تێیدا سەرۆک وەزیرانی حکومەتێک لەنێو قوڵایی وڵاتێکی تردا لە سەردانێکی فەرمیدا تیرۆرکرا، ئەم ڕووداوە بەپێی نەریت و یاسا نێودەوڵەتیەکان بە تاوانێکی شەرمەزارانە لە قەڵەم دەدرێ و وەک ڕاگەیاندنی حاڵەتی جەنگە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا کە تیرۆرەکەی تێدا ئەنجام دراوە ، کەواتە قسەکردن لەسەر وەڵامدانەوە (تەنها وەڵامدانەوە) جۆرێکە لە مەهزەلە و خەڵەفاندن و گەوجاندن ، چونکە ئەوەی تیرۆرکرا بەرپرسێکی بچووک نەبوو، هەروەها لە سەردانێکی گەشتیارییدا نەبوو ، ئەو سەرۆک وەزیرانی (غەززە) و ئەو تاکە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارە فەلەستینیە بوو کە دانوستان و گفتوگۆی ڕاگرتنی شەڕی لەگەڵدا دەکرا ، بۆیە قسەکردن لەسەر وەڵامدانەوە و پەلاماردانی دەوڵەتی جولەکە و بەرژەوەندییەکانی سوکایەتیی و کەمکردنەوەی نرخ و قورسایی ئەو پیاوەیە کە بە سەردانێکی فەرمی چوبووە ئەو وڵاتە ، ئەمە جگە لەوەی کەمکردنەوەی سەنگ و قورسایی و لە کەدارکردنی ناوبانگی دەوڵەتی ئێرانیشە کە نەیتوانی گیان و ئەمنییەتی میوانە گەورەکانی بپارێزێ چ جای میوانە بچوکەکان.
دووەم: ( ئیسماعیل هەنییە) سێ ساڵ لە قەتەر مایەوە، دەوڵەتی جولەکە بوێریی نەکرد لەو وڵاتەدا تیرۆری بکات، (هەنییە) هەر لە قەتەریشەوە سەردانی هەریەک لە میسر و تورکیا و جەزائیر و مەغریب و وڵاتانی تری کرد! هەندێک لەو وڵاتانە یان زۆربەیان پەیوەندی فەرمیی و دیبلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام ئیسرائیل نەیتوانی لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانەدا ناوبراو تیرۆر بکات، کەواتە ئەی چۆن جورئەت و بوێریی ئەوەی کرد کە (هەنییە) لەنێو پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانیدا تیرۆر بکات!!!
سێیەم: ئیسرائیل سێ مانگ پێش تیرۆرکردنی (هەنییە) حەوت سەرکردە و بەرپرسی گەورەی ئێرانی لەنێو قونسوڵییەتی ئێران لە سوریا تیرۆرکرد ، ئەوانەش :
- "محمد ڕەزا زاهیدی" سەرکردەی فەیلەقی قودس لە سوریا و لە لوبنان.
ـ ئەندامی ئەنجوومەنی شورای حیزبوڵڵای لوبنان.
- حسێن ئەمان / سەرۆکی ئەرکانی فەیلەقی قودس لە سوریا و لە لوبنان .
کە کوشتنی ئەمانەش جەنگێکی تری تیرۆریستیی نێودەوڵەتییە کە ئەگەر بەرانبەر هەر دەوڵەتێکی دیکەی خاوەن سەروەریی ئەنجام بدرایە ئەوا خێرا ڕاگەیاندنی شەڕی بەدوای خۆیدا دەهێنا ، بەڵام وەک بینیمان ئێران لەبەرانبەر تیرۆرکردنی ئەو سەرکردە گەورانەدا تەنها نمایشی چەند درۆن و موشەکێکی کرد لەسەر ئاسمانی ئیسرائیل کە تەنها کوژرانی منداڵێکی جولەکەی لێکەوتەوە کە ڕەنگە بەهۆی دەنگی موشەکەکانەوە ترسابێت.
چوارەم : وەک چاودێران و شارەزایانی بواری ئەمنیی و سەربازیی دەڵێن : ئێران هەر لە سەردەمی (محمد ڕەزا شا )وە تاکو دەگاتە سەردەمی ئیمام خومەینی و قۆناغی ئێستای دەسەڵاتی خامنەئی ڕابەری ئێستای ئەو وڵاتە ، پڕبووە لە هەزاران هەواداری ئیسرائیل و ئەوانەی مامەڵەی بازرگانیی و سەربازیی و ئەمنیی لەگەڵ ئەو قەوارەیەدا دەکەن ، واتە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دزەی کردووەتە نێو دەزگا و دامەزراوە عەسکەریی و ئەمنیەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بەڕادەیەک دەتوانن بگەنە ژووری خەوتن و حەوانەوەی میوانە فەرمیەکانیش لەنێو کۆشک و هوتێلە گرنگ و هەستیارەکاندا !
دیارە خودی ڕاپۆرتەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش کە هەر ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (تەلەگراف)ی بڕیتانی بڵاویکردەوە ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوان واتە سوپای پاسداران دڵنیا بوونەتەوە لەوەی دەزگای مۆساد چەندین کەسیان لەناو (یەکەی مەهدی) سەر بە سوپاس پاسداران و بەرپرس لە پاراستنی ئەمنییەتی میوانە دەرەکیە گەورەکان چاندووە ، هەروەها دەستیش بەسەر چەندین بۆمبی تەقینەوەدا گیراوە لە دوو ژووری تری نزیک لەو ژوورەی (هەنییە)ی تێدا تیرۆرکرا ، ئەم دزەکردنە ئەمنییە ترسناکە پاڵی بە ( ڕابەری باڵا )وە نا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرجەم سەرکردە سەربازیی و ئەمنییەکانی وڵات بانگهێشت بکات بۆ لێپرسینەوە و وەڵام دانەوەی پرسیارەکانی پەیوەست بەم پرسە.
پێنجەم : لە یادەوەرییە تۆمارکراوو نوسراوەکانی (ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی) و (ئایەتوڵڵا حسێن مونتەزەری)دا هاتووە کە : ئیمام خومەینی هاریکاریی و مامەڵەی سەربازیی و بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە حەڵاڵ و ڕەوا زانیوە و ڕەزامەندی لەسەرداوە ، بۆیە دەوترێت سەفقە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەسەردەمی ڕابەری شۆڕشی پێشوودا بۆ زەرورەتی ئەو قۆناغە بووە و دەڕواتە چوارچێوەی تەکنیکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمەوە و دەکرێ بەردەوامیشی پێ بدرێ ، کە ڕەنگە ئەمەش هەمان بیانووی ڕەوایەتیی دان بێت بەو سەفقە سەربازییەی کە مانگی 9ی 2012 و مانگی 4ی 2013 وڵاتی یۆنان ئاشکرای کرد ، کاتێک دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر چەندین کەلوپەلی سەربازیی و پارچە یەدەکی فڕۆکەی جەنگی ئێرانیدا گرت کە لە ئیسرائیلەوە ڕەوانە کرابوون ، سەرەڕای ئابڵوقە نێودەوڵەتییە سەپێنراوەکانی سەر ئێران.
شەشەم: مانگی شەشی ساڵی1981 ئیسرائیل پەلاماری دامەزراوە ئەتۆمیەکەی عێراقیدا کە ئەوکات لە قۆناغی بنیاتنان و دامەزراندندا بوو ، ساڵێک پێش لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمیەکەی عێراق دەوڵەتی ئیسرائیل دکتۆر ( یەحیا موشید ) ی بەڕەگەز میسریی کە عەقڵی سەرپەرشتیارو ئەندازیاری پرۆژە ئەتۆمیەکەی عێراق بوو تیرۆر کرد!
ئەمە لەکاتێکدا بنکە ئەتۆمیەکەی بوشەهری ئێران 13 ساڵ بەر لەئێستا و له سێپتەمبەری 2011دا بەشێوەیەکی فەرمیی کرایەوە و ئیسرائیل هیچ جۆرە گورزێکی ئەگەر چی ڕواڵەتیش بێت ئاڕاستە نەکرد ، وەک ئەوەی پڕۆژە ئەتۆمیەکەی ئێران بەشێک بێت لە ستراتیژییەتی دەوڵەتی ئیسرائیل !!!
PM:10:14:04/08/2024
ئهم بابهته 8800
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی