لە ٣ ئابەوە بۆ ٣ تەمووز، لە شەنگالەوە تا برادۆست و بەرواری

‌زاگرۆس هیوا

ئەمڕۆ دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی و جینوسایدی شەنگالە. ئەو کۆمەڵکوژییەی کە یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکانی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی گەلی کوردە و گەلی ئێزیدی کردە ئامانج.  ئەو هێزانەی کە لەو رۆژە تەنگانەدا گەلی ئێزیدییان بە بێ هیچ پاراستنێک رادەستی داعش کرد و رایان کرد، ئەمڕۆ لە ژێر ناوی دروشمی بریقەداری وەک "ئاوەدانکردنەوەی شەنگال"، "ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال"، "سەقامگیری شەنگال" و  "ڕێککەوتنی شەنگال" و هتد  پەیمانی جۆاروجۆر مۆر دەکەن و بە بێشەرمییەکی مەزنەوە وەک بڵێی گاڵتە بە بیرەوەری مێژویی ئەم میللەتە بکەن خۆیان وەک دڵسۆز و رزگارکەری شەنگال نیشان دەدەن. لەمەش بێشەرمانەتر ئەوەیە ئەم بەناو خاوەنانەی "ڕێککەوتنی شەنگال" لە ژێر دەیان پاساوی جۆراوجۆردا ئەو هێزە بە نایاسایی و دەرەکی و قەدەخەکراو نیشان دەدەن کە لەو ڕۆژە سەختانەدا بە هانای گەلی ئێزیدییەوە چوو و بە سەدان هەزار کەسی لە کۆمەڵکوژی رزگار کرد. ئەوەی هەڵهات ئەمڕۆ خۆی بە پاڵەوان و خاوەن ماڵ دەزانێت، ئەوەش کە لە پێناو پاراستنی ئێزیدی و ئێزیدخان سەدان شەهید و برینداری دا نایاسایی و قەدەخەکراوە. هەموو ئەم هەوڵدانانە بۆ شاردەنەوەی تاوان و شەرمەزارییە و  ڕاکردنە لە حەسابدایین و بەرپرسیارێتی.

هەمان هێزەکانی خاوەنی "ڕێککەوتنی شەنگال" ئێستا واژۆیان لە سەر شەرمەزارییەکی نوێ کردووە و ئەویش‌ ئەوەیە کە بە ڕیککەوتنێکی نوێ جارێکی دی کۆمەڵکوژی و ئەنفالێکی دی بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن. ئەم ڕیککەوتنەش هەمان ڕیککەوتنی ئەمنی نێوان پەدەکە و عێراق و دەوڵەتی تورکیایە کە داگیرکردن و ئەنفالی برادۆست و بەرواری باڵای لێکەوتۆتەوە. ئارمانجەکەشی پاکتاوکردن و لەناو بردنی ئەو هێزەیە کە بە خۆڕاگری خۆی رووی راستەقینەی داگیرکەران و بەکرێگیراوان و خیانەتکارانی بۆ هەمووان ئاشکرا کردووە. ئەوەی کە ئێستا لە برادۆست و بەرواری باڵا روو دەدات، بەردوامی هەمان جینوساید و ئەنفالە کە ١٠ ساڵ لەمەو پێش لە ئێزیدخان روویدا. ئەگەر بێین و بیرەوەری مێژوویی خۆمان تازە بکەینەوە دەبینین کە ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکییان لە کۆمەڵکوژی شەنگالدا گێڕا دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، پەدەکە بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و داعش بە سەرۆکایەتی ئەبوبەکەر بەغدادی بوو. لەو سەردەمانەدا مەسعود بارزانی لەسەر ناوی ئەم رێککەوتنە نهێنییە سەردانی عەممانی پایتەختی وڵاتی ئوردونی کرد  و لەوێی لەسەر ناوی کورد واژۆی خۆی لە ژێر پەیمانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و کۆمەڵکوژی شەنگالدا دانا. فؤاد حسێن ئەو کاتە لە سەر ناوی مەسعود بارزانی ئەم وڵات و ئەو وڵات دەگەڕا بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان قەناعەت پێ بێنێت کە "هەرێمی کوردستان دراوسێیەکی نوێ هەیە". لە واشنتۆنەوە و لە بەناوبانگترن ناوەندەکانی لۆبی و  لیکۆڵینەوەی ستراتیژییەوە جاڕی ئەم دراوسێیە نوێیەی دەدا و دەیەویست وەک ئەمرێکی واقیع بەسەر هەموو کەسێکدا بیسەپێنێت، لە سەر ناوی کورد لۆبی بۆ ڕەوایەتیدان بە داعش دەکرد.

دە ساڵ ( ڕێک ٩ ساڵ و یازدە مانگ) پاش کۆمەڵکوژی شەنگال لە ٣ ئابدا، ئەمجارەش مەسعود بارزانی و پەدەکە هەر وەکو چۆن پێشتر ڕێگەیان بۆ خەڵیفەی داعش کردبۆوە، لە ٣ی تەمووزی ٢٠٢٤دا ڕێگەیان بۆ خەڵیفەی عوسمانی نوێ کردەوە کە بە سەدان تانک و زرێپۆشەوە لە کانی ماسی و باتیفا و ئامێدی و دێرەلۆک و شێلادزێوە بگرە هەتا  سیدەکان هەرێمیەکانی برادۆست و بەرواری داگیربکات. لە هەمان رۆژدا، هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی ئوردونی ١٠ ساڵ پێش، مەسعود بارزانی ئەمجارە لە بەغداد بوو تا هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق، نوێنەری زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان و هێزەکانی نزیک لە ئێران قەناعەت پێبکات کە لە دژی داگیرکاری تورکیا هەڵوێست نیشان نەدەن. جارێکی دیکەش فواد حسێن لە سەر کار بوو تا ئەمجارە لە سەرناوی وەزارەتی دەرەوی عێراق قەناعەت بە هەموو لایەنەکان بێنێت کە ئەوەی تورکیا دەیکات داگیرکاری نییە و "جمۆجۆڵی سەربازییە". تورکیا هەرێمێکی هێندە رووبەری وڵاتی لوبنان لە باشوری کوردستان و عێراقدا داگیرکردووە، بە دەیان هەزار سەربازی تیایدا جێگیرکردووە، بە سەدان بنکەی سەربازی تۆکمە و بە سەدان کیلۆمەتر رێگای دروست کردووە، بە سەدان گوندی چۆڵ کردووە و دەیان هەزار گوندی ئاوارەی شارەکان بوون، فواد حسێن هێشتا ئەمە بە "جمۆجۆڵی سەربازی" دەزانێت. ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت کە دەزگای دیپلۆماسی عێراق لە ڕیگەی فواد حسێنەوە لە لایەن تورکیا و میتەوە بە بارمتە گیراوە و ئەم دەزگایە لە جیاتی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و هەموو گەلانی عێراق بپارێزێت، پاکانە بۆ داگیرکاری تورکیا دەکات و خزمەت بە سیاسەتی تورکیا دەکات و لقێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیایە. برادۆست و بەرواری لە خەڵک چۆڵ کراوە، مانگانە بە سەدان جار بە فڕۆکە بۆردمان دەکرێت، بە هەزاران جار تۆپ و هاوەن و کاتیۆشای لێدەدرێت، دۆنمێک زەوی و دارستان نەماوە کە نەسوتابێت، چەکی کیمیایی و چەکی بۆشایی و بە جۆرەها چەکی قەدەخەکراوی  تیایدا بەکار دێت، بەڵام نە حکوومەتی عێراق و نە دەسەڵاتی پارتی بارزانی ئەمە بە داگیرکاری نازانن، بە "جمۆجۆڵی سەربازی" دەیزانن. ئەوەی کە ئێستا بەسەر برادۆست و بەرواریدا دێت شاڵاوێکی نوێ ئەنفالە لە سەر دەستی ئەردۆغان و بارزانی و سۆدانی. هەروەکۆ چۆن لە ٣ ئابی ٢٠١٤دا شەنگال فرۆشرا بە داعش و ئەبوبەکر بەغدادی، بەرواری باڵا و برادۆستیش  لە ٣ تەمووزی ئەمساڵدا  لە بەغدادەوە فرۆشرا بە  خەلیفەی عوسمانی نوێ کە هەمان ئەردۆغانی هاوەڵی ئەبوبەکر بەغدادییە. جێ تێڕامانە کە بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان بە سەدان چەکداری داعش ئێستا لە بەرواری و برادۆست دا شانبەشانی سەربازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جێگیر کراون.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە گەریلای ئازادی کوردستان  کە لە ٣ ئابی ٢٠١٤دا وێڕای هەموو کەم دەرفەتی و ئاستەنگییەکان لە شەنگالدا رووبەڕووی داعش بووە و بە سەدان هەزار کەسی پاراست، پاش دە ساڵ لە جوگرافیایەکی دی دا، کە هەمان برادۆست و بەرواری باڵایە، وێڕای هەموو گەمارۆ و ئاستەنگی و کەمدەرفەتییەک رووبەڕووی داعش و سپۆنسەرەکەی واتە ئەردۆغان و تورکیا بۆتەوە و گەلی کورد و هەموو گەلانی عێراق لە سوپاکەی خەڵیفەی عوسمانی نوێ دەپارێزێت. بۆ ئەم هێزە گرنگ ئەوەیە کە، تەنانەت ئەگەر بە ناحەقیش قەدەخە کرابێت، بتوانێت بە گوێرەی روانگەی مێژویی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی خۆی، گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لە  پلان و  گەلەکۆمە و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی هێزە دەسەڵاتداران بپارێزێت.

خاڵێکی دی بۆ لێکۆڵینەوە و تێڕامان جێگە و رۆڵی  هەژماری ٣یە لە کۆدی هەواڵگری و ئیستخباراتی پارتی بارزانیدا. بەرواری زۆربەی خیانەتەکانی پەدەکە و مەسعود بارزانی ژمارە ٣یەکی تێدایە.  لە ٣١ی ئابدا (١٩٩٦) سەدام حسێن دێنێتە هەولێر، لە ٣ێ ئابدا (٢٠١٤)شەنگال دەفرۆشیتە داعش، لە ٣ ئاداردا (٢٠١٧) بە فەرمانی میت هێرش دەکاتە سەر خانەسوور لە شەنگال، لە ٣ تەمووزدا(٢٠٢٤)  برادۆست و بەرواری دەفرۆشێتە ئەردۆغان.


PM:03:27:03/08/2024

ئه‌م بابه‌ته 1952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی