مەرگی خوێنەر

‌ عه‌بدولڵا رێشاوی‌

لەناو ئەدەبیاتی رەخنەگرانەی مۆدێرندا تێرمێک پەیدابو بە ناوی مەرگی نوسەر کە مەبەست لێی ئەوە بو دەبێ دەق لە نوسەرەکەی جیا بکرێتەوە  ئەو جا رەخنە بکرێ یان هەڵبسەنگێنرێ پێم وابێ یەکەم کەسێ ئەو  تێرمەی بەکار هێنا بێ نوسەری فەرەنسی رۆلان پارت  بوە وەک لە هەندێ لە سەرچاوە عەرەبی و کوردیەکاندا  بینیومە بێگومان چەمکی مەرگی نوسەر بەوشێوەی باسمکرد بەکار هاتوە و  ئەوە گرنگترین بەکار هێنانیەتی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا.

لە هەمانکاتدا ئەشێ و ئەستەم نیە بە شێوەی تریش بەکارببرێت چونکە هەر خودی چەمکەکە بانگەشەیە بۆ  ئازاد کردنی وشەکان لە دەسەڵاتی نوسەر. لێرەشدا (مەرگی نوسەر ) ئازاد دەبێت لەوەی پارت ویستویەتی بۆی تەوزیف ببێت.

هەرچەندە  (مەرگی نوسەر) رەخنەشی لێگیراوە و هەندێک رەتیان کردۆتەوە بەڵام دواجار ئەم تێرمە ئەتوانێ ماناو مەدلولی وشەکان زیاتر بەرجەستە بکات تا ئەوەی خۆمان ببەستینەوە بە خواستی نوسەرەوە و لە ڕێی خودی وشەکانەوە لە نوسین تێبگەین نەک بە کنەو پشکنینی نیازو نیەتی نوسەر

بێگومان  تێرمی مەرگی نوسەر بە دیوە پۆزەتیڤەکەیدا بەکار هاتوە واتە نوسەر دەمرێ و دەق باڵادەکاو ئازاد تر دەبێت ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم تێرمە سەر بە دنیای پڕ لە رۆشنبیری و عەقڵانیەتی کۆتاییەکانی کلاسیک و سەرەتاکانی مۆدێرنەیە کە تیایدا رەخنەی ئەدەبی و نوسین و دەق، لە ترۆپکی گەشەکردن و بزاوتی خۆیدایە بەراورد بە دنیای دواتر و ئەمڕۆ کە میدیاو سۆشیال میدیاو زیرەکی دەستکرد و دنیای شتە روکەش و کورت و خێراکان جێیان بە جەوهەرگەرایی لەق کردوە.

بۆیە لەم دنیا نوێیەدا ئێمە لە بەردەم ئیشکالیەتێکی گەورەترداین.  ئەویش مەرگی خوێنەرە ئیدی لە دنیای نوێ و بەزاڵ بونی سۆشیالمیدیا دەبێ باس لە مەرگی خوێنەر بکەین وەک دیاردەیەکی دەق کوژ. ئیتر لە دنیای نوێدا ئەوە خوێنەرە کە مردوە ئەوە وردبونەوەیە لە دەق کە پەکی کەوتوە.

لێرەدا مەبەست لە مەرگی خوێنەر  حاڵەت یان دیاردەی نەخوێندنەوە نیە وەک باس دەکرێ بەگشتی ، بەڵکو مەبەست لەو ساتەیە کە خوێنەر وەک خوێنەر ناخوێنێتەوە  بەڵکو وەک کارەکتەری دی،کە دواتر رونی دەکەمەوە لە دەق و لە نوسین دەڕوانێ
مەبەست لە خوێندنەوەش تەنها خوێندنەوەی دێرەکانی سەرکاغەز یا سەر شاشە نیە بەڵکو هەمو جۆرەکانی مامەڵە کردنە لەگەڵ ماناو وشە و کارو لێکدانەوە و روداوەکان .. جا بە بینین بێت یا بیستن.

بۆیە لێرەدا  من تێرمی مەرگی خوێنەر  بەکار دێنم  بۆ ئەو حاڵەتەی خوێنەر نایەوێ وەک خوێنەر دەق بخوێنێتەوە بەڵکو   بە مێنتاڵێتی دەیەها کارەکتەری دیکەوە مامەڵە لەگەڵ دەق دەکات  ئەمە ئەگەر بیشی خوێنێتەوە.

لەم حاڵەتەدا لەناو ئەوکەسەدا کە گوایە سەرقالی پرۆسەی خوێندنەوە یە، خوێنەر مردوە و لە جێگ ئەو   دەیەها کارەکتەری دیکە ئیش دەکەن جگە لە کارەکتەری خوێنەر  ، کارەکتەری ئایدۆلۆژی،حزبی،دینی، ئۆپۆزسیۆن، دەسەڵات و ..هتد

لەم حاڵەتەدا خوێنەر تەنها وەک پرۆسە میکانیکیەکە خوێنەرە واتە تەنها دەخوێنێتەوە ئەویش ئەگەر بەتەواوی دەقەکە بخوێنێتەوەو هەر لەسەرەتاوە بڕیار نەدات، ئەم خوێنەرە  مردوە کاتێک دەقێک دەبینێت بیر لەوە دەکاتەوە ئاخۆ ئەم دەقە بەچ مەبەستێک نوسراوە،لەگەڵ ئەوەی ئەو دەیەوێ دێتەوە یا نا؟ نوسەر دەیەوێت خزمەتی کێی پێبکات ،نوسەر بەچەند کڕراوە تا ئەم دەقەی نوسیوە، پاشان ئایا ئەم دەقە دەکەوێتە بەرژەوەندی کێ؟

ئەمە ئەو حاڵەتەی مەرگی خوێنەرە کە تۆ خوێنەرێکت هەیە سەرقاڵی دەیان جۆری بیرکردنەوەو حوکمدانە لەسەر دەقەکەی تۆ تەنها حوکمدانی بابەتیانە نەبێت بۆ راستی و دروستی دەقی نوسەر لێرەدا ئیدی خوێنەر مردوە،  خوێنەر زیندو ئەو خوێنەرەیە  ئەوپەڕی بێلایەنانە-کە ئەوەش زەحمەتە و هەوڵی دەوێ-دەقەکان بخوێنتەوەو لە روانگەی  دروستی و نادروستی دەقەکە لە ڕوی تێوری و بابەتی  و نابابەتی بونیەوە بڕیار بدات.

خوێنەر کە مرد ئیدی دەق نابینێ بەڵکو نوسەر دەبینێ لە نوسەریشدا ئەو ئاراستەیەی ئەم دەیەوێت بۆ ئەوە دەگەڕێ
خوێنەری مردو ئەوەندەی سەرقاڵی نییەتی نوسەرە سەرقاڵی جەوهەری دەق نیە هەر ئەمەشە وا دەکات ئیدی نوسەر تاقەت و عەشقی بۆ نوسین نەمێنێت و نوسینەکانیش هەموی دوبارەو کۆپی یەکتربن لەسەر یەک ئاراستەو بەیەک ئاواز  بخوێنن و هەڵپەڕن
خوێنەری مردو تەنها حەزی بۆ یەک جۆر نوسین هەیە ئەو دەیەوێت تەنها باسی فیل ببیستێ ئیتر هەرچی بۆ بنوسی دەڵێت ؛ ئەی بۆ قسەیەک لەسەر فیل ناکەیت.

ئێستا ئەوە نوسەر نیە کە تەنها دەتوانێ باسی فیل بکات وەک ئیدیۆمە میللیەکە دەڵێت، بەڵکو ئەوە مەرگی خوێنەرە کە نوسەر ناچارەکات تەنها باس لە فیل بکات، واتە کێشەو قەیرانەکان تەنها لە یەک رەهەندوە ببینێت و هەمو پانتاییەکانی تر بۆ قسە کردن فەرامۆش بکات.
بێگومان سۆشیالمیدیا رۆڵێکی گەورەو سەرەکی بینیوە لە کوشتنی خوێنەر دا و یەکەم بەرپرسیاری مەرگی خوێنەر ئەم داهێنانە بلیمەتەی رۆژئاوایە کە ناوی سۆشیالمیدیایە.


PM:02:09:30/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی