په‌روه‌رده‌ له‌سه‌رده‌می جیهانگیریدا

‌ عه‌لا سابت

له‌ رۆژگاری ئینته‌رنێت و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و پانتایی كراوه‌دا، منداڵه‌كانمان چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ بكه‌ین؟ ئاشكرایه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئاسان نییه‌. ئاخر منداڵه‌كانمان هه‌ر له‌ ته‌مه‌نێكی زووه‌وه،‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی ئامێری مۆبایل، ئامێرێك ده‌توانیت له‌رێگه‌یه‌وه،‌ ئاگاداری هه‌مو ئه‌و شتانه‌بیت كه‌ له‌ جیهاندا رووده‌ده‌ن.

ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ندێك به‌رنامه‌ له‌ناو ئه‌و ئامێره‌دا هه‌یه‌، ئاراسته‌كراوه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌لتور و ئه‌خلاق دروست ده‌كات و به‌ها بیانییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر شوناسی كه‌لتوریمان داده‌نێت. ئه‌م غه‌زووه‌ كه‌لتورییه‌، له‌ میانه‌ی ئامێرێكی زۆر ساده‌وه‌ رووده‌دات كه‌ لای منداڵه‌كانمان هه‌یه‌ و دوور له‌ ئێمه، چ له‌ ژووره‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیاندا یان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیان،‌ به‌كاریده‌هێنن و سه‌یری ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. ئه‌ڵبه‌ته‌‌ تواناكانی منداڵه‌كانمان له‌ گه‌ڕان به‌دوای ماڵپه‌ڕه‌كان و سه‌یركردن و دابه‌زاندنی به‌رنامه‌كاندا، زۆر له‌ تواناكانی ئێمه‌ زیاتره‌. ئاخر‌ ئێمه‌ له‌ پیریدا ئاشنای ئه‌م ئامێره‌ بووین، كه‌چی ئه‌وان هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌بوون و له‌سه‌ری راهاتوون.

ئێمه‌ له‌ رابردوودا، زۆربه‌ی كات له‌به‌رچاوی دایك و باوكماندا بووین، ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داب و نه‌ریت و زانیارییه‌كان بوون، ئه‌و به‌ها و نه‌ریتانه‌یان تیاده‌چاندین كه‌ ئێمه‌ی له‌وانی دیكه‌ جیاده‌كرده‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌روه‌ختێك تێكه‌ڵ به‌ ژماره‌یه‌كی زۆرتری ناسیاو و هاوڕێ و دۆست و براده‌ری دیكه‌ ده‌بووین، ئه‌وانیش خاوه‌نی هه‌مان بیروڕا و داب و نه‌ریت و به‌هاكانی ئێمه‌ بوون.

قوتابخانه‌ ماڵی دووه‌م بوو كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌بوو. له‌وێ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و مامۆستایانه‌ فێری زانست و مه‌عریفه‌ ده‌بووین كه‌ وه‌ك دایك و باوكمان وابوون و هه‌ڵگری هه‌مان به‌ها و داب و نه‌ریت بوون. ئێمه‌ هه‌ستمان به‌ هیچ جیاوازییه‌ك نه‌ده‌كرد، له‌ نێوان ئه‌وه‌ی له‌ دایك و باوكمانه‌وه‌ فێریده‌بووین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ مامۆستاكانمانه‌وه‌ فێرده‌بووین، ئاخر له‌ رۆژگاری ئێمه‌دا، قوتابخانه‌و ماڵه‌وه‌، ته‌واوكه‌ری یه‌كبوون. هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌ میانه‌ی یارمه‌تیدانمان بۆ دایك و باوكمان له‌ كاری رۆژانه‌ی ناوماڵ یان ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، وه‌ك پاكڕاگرتنی ژووره‌كانمان، رێكخستن و هه‌ڵواسینی جلوبه‌رگمان له‌ شوێنه‌كانی خۆیاندا، به‌شداریكردن له‌ كڕینی پێداویستییه‌كانی ماڵه‌وه‌، ورده‌ ورده‌ فێری كارامه‌ییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان ده‌بووین.

هاوشان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونمان، ئه‌و ئه‌ركانه‌ی سه‌ر شانمان تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو، ده‌بوایه‌ زیاتر پشت به‌ خۆمان ببه‌ستین و بتوانین خۆمان به‌خێوبكه‌ین و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌شداری كاره‌كانی دیكه‌ش بكه‌ین. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، سه‌روه‌ختێك من له‌ گونده‌كه‌ی خۆمه‌وه‌، بۆ خوێندن رۆشتم بۆ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی قاهیره‌، به‌لامه‌وه‌ قورس و سه‌خت نه‌بوو، گرنگی و بایه‌خ به‌ ژووره‌كه‌م و رێكخستنی جلوبه‌رگ و پێداویستییه‌كانم بده‌م. له‌وێ بینیم هاوڕێكانیشم هه‌مان بیروڕا و نه‌ریت و به‌های منیان هه‌یه‌، وه‌لێ هه‌نووكه‌ دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و وه‌ك جارانی ئێمه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

له‌ ئێستادا خێزان یه‌كه‌مین كۆڵه‌كه‌ یان تاقه‌ كۆڵه‌كه‌ نییه‌ له‌ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردن و فێربوونی كارامه‌ییه‌كان و داب و نه‌ریته‌كان، بگره‌ له‌به‌ر دوو هۆكار، كاریگه‌ری خێزان پاشه‌كشه‌ی كردووه‌: یه‌كه‌میان سه‌رقاڵبوونی دایك و باوكه‌ به‌ كاری رۆژانه‌ی خۆیانه‌وه‌. دووه‌میان كه‌ مه‌ترسیداره‌، بریتییه‌ له‌ هاتنی ئه‌و بیرۆكه‌ و به‌رنامانه‌ی له‌ رێگای ئامرازێكی زۆر ساده‌وه‌، ده‌گاته‌ ده‌ست منداڵه‌كانمان كه‌ بریتییه‌ له‌ مۆبایل و له‌ ته‌مه‌نێكی زووه‌وه‌ ده‌درێته‌ ده‌ستیان. ئه‌ڵبه‌ته‌ به‌ هه‌زاران پێگه‌ و ماڵپه‌ڕ و به‌رنامه‌ی هه‌مه‌جۆر له‌و مۆبایله‌دا هه‌یه‌ و به‌شێك له‌و به‌رنامانه‌ی له‌وێدا هه‌یه‌، به‌رنامه‌ی پاك نین و ئاراسته‌كراون و زیاتر بۆ تێكدانی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی جگه‌رگۆشه‌كانمانه‌.

ئێمه‌ پێویست بوو له‌سه‌رمان، ئه‌وه‌نده‌ی پێمانده‌كرا و له‌ تواناماندابوو، ئاشنابوونی منداڵه‌كانمان به‌م ئامێره‌ دوابخه‌ین و كارێك بكه‌ین زوو نه‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستیان و نه‌بن به‌ خاوه‌نی. به‌ڵام ده‌بینین ئه‌وه‌ ئاسانترین ئامرازه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌یه‌وه و له‌كاتی پێویستیدا‌، په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكه‌ین و له‌سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستیان دڵنیاببینه‌وه‌. ته‌نانه‌ت كار گه‌شتووه‌ به‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی مۆبایل لای منداڵه‌كان، بووه‌ته‌ پێویستییه‌ك و ده‌ستبه‌رداربوون لێی زه‌حمه‌ته‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت و قوتابخانه‌ و شوێنی ئیشكردن و ژماره‌یه‌ك له‌ دایك و باوكان، توانیویانه‌ له‌ رێگه‌ی دیاریكردن و ده‌ستنیشانكردنی هه‌ندێك كاتی تایبه‌ت، بۆ به‌كارهێنانی مۆبایل، كاریگه‌ری و زیانه‌كانی ئه‌م ئامێره‌، تا راده‌یه‌ك له‌سه‌ر منداڵه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام زۆرجار گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێوشوێنانه‌، له‌لایه‌ن منداڵه‌كانه‌وه‌، سه‌رسه‌ختانه‌ روبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌ و به‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی خۆیانی ده‌زانن.

لێره‌وه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ په‌نا ببه‌ینه‌ به‌ر رێگای دیكه‌ و پشت به‌وه‌ نه‌به‌ستین مۆبایل له‌ منداڵه‌كانمان قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین یان وه‌رگرینه‌وه‌. باشترین رێگا بۆ ئه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمان و به‌ وردی زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی هه‌ندێك له‌ پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌كانیان بۆ روونبكه‌ینه‌وه‌. باسی ئه‌و ئامانجه‌ نه‌رینی و مه‌به‌سته‌ خراپه‌یان بۆ بكه‌ین كه‌ له‌ پشت هه‌ندێك له‌و ماڵپه‌ڕانه‌وه‌ هه‌یه‌.

پێویسته‌ ئێمه‌ دانبه‌وه‌دابنیین منداڵه‌كانمان، زۆر له‌وه‌ زیاتر ده‌زانن كه‌ ئێمه‌ له‌ ته‌مه‌نی ئه‌واندا ده‌مانزانی. له‌به‌ر ئه‌وه، واباشتره‌ له‌كاتی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمان، شه‌رم نه‌كه‌ین و زۆر به‌ روونی و راشكاوانه‌ له‌گه‌ڵیان بدوێین و متمانه‌یان به‌ده‌ستبێنین. ده‌بێت ئه‌وان له‌وه‌ تێبگه‌ن و ده‌ركی پێبكه‌ن قسه‌كردنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان، به‌ مه‌به‌ستی سه‌ركوتكردن یان سه‌پاندنی سزا یا بێبه‌شكردنیان له‌ شتێك نییه‌ كه‌ به‌لایانه‌وه‌ خۆش و چێژبه‌خشه‌، به‌ڵكو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌لامه‌تی ئه‌وان دڵنیابینه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: www.alarabiya.net


PM:02:16:27/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی