ئازادكردنی 470 چه‌كداری داعش له‌كات و قۆناغێكی هه‌ستیار

‌کەنعان بەهادين

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی نەینەوا بڵاویکردەوە، 470 چه‌كداری داعش بە لێبوردنی گشتی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لە حەسەکە ئازادکراون، مەترسی هەیە دزە بکەنە سنووری پارێزگای نەینەوا.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌، 470 چه‌كداری داعش ئازادكراون و هه‌ر زوو نه‌ینه‌وای بریندار و خاپووركراوی ده‌ستی داعش ترسی لێهه‌ڵساو و زه‌نگی مه‌ترسی لێدا.

داعش له‌وه‌ته‌ی ده‌ركه‌وتنیان له‌ 2014ـه‌وه‌،  له‌ عێراق و سووریا، به‌شێكی زۆری خاكی ئه‌و دوو وڵاته‌یان وێران كرد، دوای كه‌وتنیان له‌ 2017، داعش له‌ كه‌مپی هۆل ده‌وره‌ دران، پاشان سه‌ركردایه‌تی خۆیان به‌ره‌و كیشوه‌ری ئه‌فریقا گواسته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا ئازادكردنی ئه‌و 470 داعشه‌، دووباره‌ ده‌ركه‌وتنیانه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ هێرشی پارتیزانییه‌وه‌ بیكه‌ن به‌ هێرشی فراوان.

پێش چه‌ند رۆژێكیش فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مه‌ریكا هۆشداری دووباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی داعشی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ حكوومه‌تی عێراق داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.

هاوكێشه‌ و پیلانگێڕییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ دووباره‌ ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، داعش مه‌قاشه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دیمۆگرافیا و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافی میلله‌تان ده‌گۆڕن و هۆكارێكیشه‌ بۆ دروستكردنی ناسه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی.

پێشتریش چه‌ندینجار سه‌رۆك بارزانی ئه‌و هۆشدارییه‌ی راگه‌یاندبوو، كه‌ داعش مه‌ترسییه‌ و ئه‌گه‌ر لێی تووند نه‌كرێت ده‌ركه‌ونه‌وه‌ و مه‌ترسی دروست ده‌كه‌ن.

داعش ته‌نیا مه‌ترسیی نییه‌ بۆسه‌ر عێراق و سووریا، به‌ڵكو مه‌ترسییه‌ بۆسه‌ر هه‌موو جیهان، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ پێشوودا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش پێكهێنرا.

قۆناغه‌كه‌ راگوزه‌ره‌ و ده‌كرێت میلله‌تانی ناوچه‌كه‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا هێزێكی وه‌ك هه‌سه‌ده‌، كه‌ باڵێكی په‌كه‌كه‌ن، بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ دروستكردنی ناسه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ ده‌بوایه‌ خه‌باتی ئه‌وان له‌ باكوور بوایه‌ و ئه‌وێیان ئازادكربا، له‌ كاتێكدا ته‌نیا له‌ باكوور نیین و له‌ هه‌موو شوێنێكن.


PM:05:06:24/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی