ئێمە چێژی دادپەروەریمان کرد
ئاڵا لەتیف
نرخی سەربەرزی، چنینەوەی بەرهەمی گیانبازی و خۆفیداکردن زۆر قورسە پێناسە بکرێت، بەڵام رەنگە ئەوەندە بەس بێت کە دەبینن ئێمە لە سایەی نرخی ئەو سەربەرزییەدا چەندە بەهێزەوە ژیان بەڕێدەکەین.
سەیر بکەن مناڵەکانی شەهیدی جوانەمەرگ نەقیب محەمەد تەندروستن، جوان و گەش و دەم بەخەندەن.
براژنی جوان و گەنجمان شۆخانی ئازیز، هاوسەری شەهید نەقیب محەمەد، بە کۆڵێک خەمی قوڵەوە بۆنی مەرگ لە ماڵەکەی دەردەکات، مەبەستیەتی دایکایەتییەکی تەندروست بۆ دوو کچی جوان و روح شیرین یاران و یامور بکات.
شۆخان و یاران و یامور، دایکم و باوکم، خوشک و براکانم، برازا و خوشکەزاکانم هەڵگری ناسنامەی خێزانێکی کۆڵنەدەر و بەئیرادەن.
ئێمە هەڵگری لەقەبی خێڵ و بنەماڵەو عەشیرەت نین، ئێمە بەشار و مەملەکەتەوە خۆمان فەرز نەکرد، هەر بە واقعی دڵسۆزی لە راپەڕاندنی ئەرک و هەڵگرتنی بەرپرسیاریی ئێمەی کرد بە سیمبولی نموونەی خێزانێکی ماندووی رێگەی خەبات بۆ مافی مرۆڤ.
ئێمە بەیەکەوە خاوەنداریی قوربانیدانێکی مێژوویی دەکەین، دەتوانین رێگە بە خۆمان بدەین قسە لەسەر پاراستنی ئاسایشی خێزان بکەین، قسە لەسەر دڵسۆزی و کارامەیی و پیشەیی بوون بکەین، قسە لەسەر خەبات بۆ دادپەروەریی و سەروەریی یاسا بکەین. قسە لەسەر ماندوو نەبوون و کۆڵنەدان، کەوتن بەڵام هەستانەوەی پڕ لەدەستکەوت و سەربەرزیی بکەین.
دەتوانین بە دەنگی دلێر باس لەسەر پشتیوانیی یاسا و متمانە کردن بە دادگا بکەین. دەتوانین قسە لەسەر جوانیی کارکردنی پێکەوەیی بکەین لەکاتە سەختەکاندا.
ئێمە چێژی دادپەرەوەرییمان کرد، دەتوانین هاندەرو وزە و هێزی متمانە بین بۆ هەزاران خێزانی دیکە کە سەرباری قوربانیدان لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی دیسان جارێکی دیکە دەبنەوە قوربانی دەستی سوڵحی عەشایەری.
ئێمە نموونەیەکی جوانی قوربانیدانی راستەقینەین لە پێناوی پاراستنی مافی مرۆڤ، ئەمنییەت، سەروەری یاسا، گێڕانەوەی متمانە، کارکردنی پێکەوەیی. کە پێموایە ئەمە هێڵی ئەساسی سنوری نێوان خەبات بە قسە و خەبات بە کردار دەنەخشێنێ.
پیرۆزە ٨ی مارس لەم دوو ژنە ئامینی دایکم و شۆخانی براژنم کە هەڵگری ئاڵای سەربەرزییەکی ناوازەن، هەر بمێنن.
PM:02:02:08/03/2024
ئهم بابهته 1156
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی