سوپایەک بۆبەرگری لە (گەل و نیشتمان) یان سوپای حزب

‌سوبحى مەهدى

ناوێک (لەخەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا هەیە، کەهەر کەسێک ئەم ناوەی لەمێژووی ژیانیدا هەڵگرتبێت، مایەی شانازییە بۆ خۆی و کەسوکارو نەوەکانی، ئەویش ناوی پێشمەرگە) یە.

پێشمەرگە، ئەو تێکۆشەرانەن کە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسی بۆ داکۆکی لە ژیان و مانی گەلەکەیان، و ووشەکەش لێکدراوی( پێش) و ( مەرگ) ە.

زۆرێک لە شارەزایان مێژووی هاتنە نێو زاراوەی کوردی ئەم ناوە دەبەستنەوە، بە سەردەمی شۆڕشی مەهابادەوە.

لەشۆرشی مەهاباد دا، هێزێکی یەکخراوی پێشمەرگە بەجیاوازی بەشداربووەکانییەوە، لەژێر یەک فەرماندەییدا هەبووە، لەیەک ناوەندەوە ئەرکی پێدەسپێردرا کەپاراستنی کۆمار بووە، بە خاک و خەڵکەوە. بەو شێوەیە ئەم ناوە بووە سونبولی تیکۆشان و گیانفیدایی.

لە بزووتنەوە جیاجیاکانی خەباتی چەکداریدا لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، لەژێر ناوی جیاو، هێزی حزبی جۆراوجۆردا لەنمونەی (شەڕڤان و گەریلا و ...تاد) لاوانی گەل بەڕیزەکانی ئەم بزووتنەوەیەوە پەیوەست بوون و بە خوێنی گەشوئاڵیان داکۆکییان لە گەلەکەیان کردوەوشکۆمەندیان بۆ خۆیان نوسیوەتەوە.

لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا، پێشمەرگە، چ دەستە چەکدارییەکانی نێو شارەکان و چ ئەوانەی لە چیاکانی کوردستانەوە لەخەباتدا بوون، بەشداری چالاکانەیان لە سەرخستنی ڕاپەڕیندا کردو هاتنە ناو مەیدانی ئەرکەنیشتمانییەکەیان. ئەگەرچی هەریەک لە حزبەکانی بەرەی کوردستانی خاوەن هێزی پیشمەرگەی تایبەتی خۆیان بوون، بەڵام بە هۆی هەبوونی بەرەوە تاڕادەیەکی زۆر یەک ئامانج و یەک ئاڕاستەبوون.

لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان، لە دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمەوە، وەرچەرخانێکی نوێ هاتەبوون، و وەزارەتێک بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە دروستکرا، بۆ کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکان(پێشمەرگە) لەژێر یەک فەرماندەییدا کە ئەرکەکەی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بێت.

دەستبردن بۆ ئەرکێکی قورسی لەم شێوەیە، بە گواستنەوە لە کۆمەلێک هێزی چەکداری چوارحزبی سەرەکی خاوەن چەکدار کە حزبەکانی( یەکێتی و پارتی و شیوعی و سۆسیالیست) بوون بۆ هێزێکی نیزامی خاوەن دیسپلینی سەربازی، ئەرکێکی ئاسان نەبوو، و بەتایبەت لەدوای کێشەوململانێی ناوخۆیی و ساختەکاری لەهەڵبژاردنی ١٩٩٢ و دوای ئەو شەڕو خوێنڕشتنە زۆرەی ناوخۆیی لەشاخدا، پێکهێنانی سوپایەک و دەستەیەکی یەکگرتووی فەرماندەیی ،لەو کەسانەی کە دەستیان بەخوێنی هاوڕێکانی یەکتر سوور بوو، کارێکی زۆر سەخت بوو.

ئەم وەزارەتەو ئەم سوپایە لەبەردەم یەکەم ئەزموونی ناکۆکی نێوان هێزە پێکهێنەرەکانیدا ،شکستی خۆی سەلماند ولەبری هێزێکی هاوبەشی یەکگرتوی داکۆکیکار لە گەل و نیشتمان  لە یەکەم چەخماخەی شەڕی نەگریسی ناوخۆدا، بوونە دوژمنی سەرسەختی یەکتر و بەهەزاران کەس لەو لاوانەی کەدەبوو لە سەنگەرەکانی داکۆکیکردن لە گەل ونیشتماندا شەهید ببن، بونە قوربانی شەڕی براکوژی وئەمکارە دوژمنکاریانە چەندین ساڵ درێژەی کێشا.

دوای هەوڵە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ، وپێکهێنانەوەی حکومەت و یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارەو وەزارەتی پێشمەرگە، تا بەئەمرۆ دەگات نە حکومەت و نە وەزارەتێکی یەکگرتووی پێشمەرگە بوونی نییە، بەڵکو چەندین یەکەی جۆراوجۆری حزبی وکەسی بەفراوانی بوونیان هەیە، کە هەرکەسولایەنێک لەڕوانگەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە سەیری ئەم ئەرکە گرنگە نیشتمانی ونەتەوەییە دەکات.و هێزەکانی دەخاتە جووڵە.

ترسی گشتگیر بۆ سەر هەموان، لەنمونەی سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێشتریش ئەنسارولئیسلام، هاندەری دوبارەگەڕانەوە بوو بۆ کاری پێکەوەیی، بەڵام هیچیان نەبوونە فاکتەری یەکخستنەوەی هێزەکان لە یەک سوپای یەکگرتوودا، هۆکارەکەشی ڕوونە کە بەرژەوەندییە تایبەت وتێڕوانینە بەرتەسکە حزبییەکان هۆکاری سەرەکی سست بەڕێوەبردنی ئەم ئەرک وپرۆسە نیشتمانییەن. سەرەڕای هەڵسوکەوتی خراپی بەغدا، لەناردنی ماف و ئیمتیازەکانی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق، کە ئەویش لەو ترسەیانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بوونی هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگە لەبری دانانی بە هێزێکی پشتیوانی بۆ دەوڵەتی عێراق بە مەترسی دەزانێت بۆ یەکێتی و یەکگرتوویی عێراق.

هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و یارمەتیە جۆراوجۆر و هاندانەکانیان ،بوەتە هۆی یەکخستنی ١٠-١٢ لیوای پیادەی هاوبەش، بە ڵام لە نێوەڕۆکدا بەپێی بەشبەشێنەی نێوان دووحزبی پارتی و یەکێتییە وهەموو یەکەکان بەپێی پرەنسیپی (یەک بە یەک, واتە فەرماندە لە حزبێک ،جێگر لە حزبەکەی تر تادەگاتە ژمارەی پێشمەرگە پیادەکانیش) دابەشکراون،و هیچ بوارێکی لەبەردەم نە حزبەکانی تر و نە هاووڵاتی بێلایەندا نەهێشتۆتەوە کە ئامادەن لە بواری سەربازیدا خزمەت بکەن، و تەنانەت ئەگەر ئەفسەرێکی شارەزاو لێهاتووی سەربە حزبێکی سیاسی یان بێلایەن هەبوبێت، لەبری سوودوەرگرتن لە تواناکانی نێرراوەتەوە ماڵەوە.
هێزی سەربازی بەسروشتی خۆی و بەپێی ئەزموونی سوپاکانی جیهان ، پێویستە یەک ناوەندی فەرماندەیی هەبێت، وپەیکەری ڕیکخستنەکەشی هەر بەناوەندی دەکرێت، کە ئەم دۆخەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەپێچەوانەوەیە.

لە دۆخی ئێستادا کە ناوچەکە لە ئەگەری  گۆرانکاریدایە، بوونی هێزێکی سەربازی یەکگرتوو و ڕاهێنراو پێویستییەکی ژیانییە، چ بۆ بەرگری لەخۆکردن یان ئامادەیی لە بەجێهێنانی ئەرکە گەورە نیشتمانییەکاندا.

پێویستە هێزی پێشمەرگە( سوپای کوردستان) چ لە پێکهاتەیدا ، و چ لە فەرماندەییکردنیدا، هێزی تەواوی گەلی کوردستان بێت بەهەموو ئاڕاستە سیاسی و فیکری و پێکهاتە  نەتەوەیی و ئاینییەکانییەوە.

دواکەوتن لە بەجێهێنانی ئەم ئەرکە، بەرپرسیارێتی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی هەموو ئەوکەس و لایەنانەی کە ڕێگرن لەبەردەم ئەم ئەرکەدا، لەئەگەری لە دەستدانی هەر دەرفەتێکی مێژوویی لە داهاتوودا.


PM:12:32:30/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی