كێ بڕوانامه‌ی دكتۆرا ده‌كڕێت؟
سه‌میر داود حه‌نوش
له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه، پیاوی گێل هه‌یه بووه‌ته خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا، جا ئه‌وه هیچ شـتێكی سه‌یری تێدایه؟ ئه‌وه‌تا به‌رپرس و وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌یه، شایه‌نی ئه‌و پۆستانه نین كه وه‌ریانگرتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ریانگرتووه. سه‌ركرده هه‌یه به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ت قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تای ببات به‌ڕێوه، كه‌چی جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و كاروباری میلله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات. رۆشنبیر هه‌یه به‌كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ت ئهرزوحاڵێك بنووسێت، به‌ڵام ده‌نگیان له ناو ئێمه‌دا ده‌بیسرێت. ئایا گوێتان له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه بووه كه به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ت رانه مه‌ڕێك بله‌وه‌ڕێنێت، كه‌چی بووه‌ته نوێنه‌ری میلله‌ت، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌كه‌ی ته‌زویر كردووه؟
ژماره‌یه‌كی زۆر له هه‌ڵگرانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵا، وه‌زاره‌ته‌كان و كۆلیژه‌كان و وه‌زیفه‌كان و ته‌نانه‌ت سه‌ر شه‌قامه‌كانیشیان داگیركردووه. ئه‌وانه دوای ته‌واوكردنی خوێندن و دواكردنی دامه‌زراندن، ده‌بنه بارگرانییه‌كی راسته‌قینه بۆ كاره حكومییه‌كان. خوێندنی باڵا بووه‌ته ده‌رچه‌یه‌ك بۆ خزمه‌تكردن به به‌رژه‌وه‌ندی و سودبهخشینی شه‌خسی، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی گۆڕاوه بۆ بازرگانییه‌كی باو و له‌لایه‌ن هه‌ندێك له زانكۆكانه‌وه ته‌مویل ده‌كرێت، به تایبه‌ت له‌و زانكۆیانه‌ی ده‌كه‌ونه وڵاتی ئێران و لوبنان و چه‌ندانی دیكه كه په‌یوه‌ستن به كه‌سایه‌تی سیاسی و حیزبییه‌وه.
ئه‌مه په‌تایه‌كه و وه‌ك ده‌وترێت هاتووه‌ته عێراقیشه‌وه، ئاخر كاتێك گوێت لێ ده‌بێت ته‌نها له ئێران، حه‌فتا هه‌زار عێراقی خه‌ریكی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆران، له‌وانه‌یه هه‌مان ئه‌م ژماره‌یه‌ش له لوبنان هه‌بێت. ئه‌وانه له‌و زانكۆیانه ده‌خوێنن كه دانپێدانه‌نراون و تێیدا ده‌توانرێت به پێنج هه‌زار دۆلاری كاش و بۆ سه‌ره‌وه، بڕوانامه‌ی ماسته‌ر به‌ده‌ستبهێنرێت. ئا لێره‌وه مانای ئه‌م په‌تایه بۆ هه‌موان روونده‌بێته‌وه كه له‌سه‌ر كه‌رتی خوێندنی عێراق تۆمار كراوه.
سه‌باره‌ت به‌م جۆره خوێندنه، هه‌ندێك چیرۆك و به‌سه‌رهات هه‌یه، ده‌چێته خانه‌ی نوكته و گاڵته‌جاڕییه‌وه، ئه‌وه‌تا بڕوانامه‌ی دكتۆرای هه‌یه و ئاوا ده‌نووسێت: "شكرن جزیلن"، ئایا ئه‌مه قه‌سابخانه (مجزره) نییه ده‌رحه‌ق به خوێندنی باڵا؟ هه‌ندێك چیرۆكی دیكه هه‌یه، ئه‌ندامانی لیژنه تایبه‌ته‌كان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تێزه‌كان یان نامه زانستییه‌كان دهیگڕنهوه و ده‌ڵێن له‌كاتی ههڵسهنگاندنهكاندا، خوێندكار هه‌یه هه‌ر نازانن ناوه‌رۆكی نامه‌كانیان چییه كه گفتوگۆی ده‌كه‌ن، یان لانی كه‌م ئهلف و بێی زمانی عه‌ره‌بی نازانن.
ته‌نانه‌ت پله و پۆسته زانستییه‌كان و دامه‌زراندنه ئه‌كادیمییه‌كان، به شێوه‌ی پشك پشكێنه له نێوان حیزبه‌كان و كوتله سیاسییه‌كاندا دابه‌شكراوه، بێ گوێدانه شاره‌زایی یان ئاستی زانستی. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه وڵاتێكی وه‌ك عێراق كه قیبله‌ی خوێندكاران بوو له سه‌رجه‌م زانست و مه‌عریفه جۆراوجۆره‌كاندا و یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی بڕوانامه‌ی خوێندكاره‌كانی له به‌رزترین ئاستی زانستی و پیشهییدابوو. كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبییه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی گه‌رای خۆیان تێدا دانا، بڕوانامه‌كانی له نزمترین ئاست و له دوای دواوه‌ی لیسته‌كه‌دایه.
هه‌ندێك هه‌وڵده‌ده‌ن له ڕووی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ستبێنن و پیتی (د) له‌به‌رده‌م ناوه‌كه‌یان دابنێن، یان له‌به‌ر سودی مادیی و پله به‌رزكردنه‌وه به‌ده‌ستیبێنن، ئیدی له بیری ده‌كه‌ن وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی باڵا، وا ده‌كات خاوه‌نه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگادا به‌رپرسیاربێت و كۆمه‌ڵگا چاوه‌ڕێی پوخته‌ی خوێندنه‌كه‌ی لێ ده‌كات.
له وڵاتێكی وه‌ك عێراق، ژماره‌ی زانكۆكان و كۆلیژه حكومییه‌كان، له‌په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست تێنه‌ده‌په‌ڕی. كه‌چی حاڵی حازر، وایلێهاتووه له هه‌ر كۆڵان و گه‌ڕه‌كێكی شاره‌كاندا، كۆلێژێكی ئه‌هلی قوتكراوه‌ته‌وه. به چ شێوه‌یه‌ك یان به چ پاساوێك، پێناسه‌ی هه‌ره‌سهێنانی خوێندنی باڵا له وڵاتێكدا بكه‌ین؛ كه له رابردوودا، زانكۆكانی په‌ناگای ئه‌و خوێندكارانه بوو كه له وڵاته‌كانی خۆیان، ده‌بوون به سه‌رۆكی وڵات و حكومه‌ت و رابه‌ر. چ لاواندنه‌وه‌یه‌ك وامان لێده‌كات بگرین كه ده‌بینین به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست، هه‌ره‌س به پرۆسه‌ی خوێندن ده‌هێنرێت؟ ئایا قسه‌كردن له‌م بابه‌ته، شایه‌نی هه‌مو جۆره ماتهمینییهك نییه؟
له كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، یه‌كێك له راوێژكاره‌كان، له سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی به‌ریتانیا وێنستۆن چه‌رچڵ ده‌پرسێت و پێی ده‌ڵێت: "داموده‌زگاكانمان وێران بووه و ژێرخانی وڵاتیش هه‌ره‌سیهێناوه"، چه‌رچڵ لێی ده‌پرسێت: "ئه‌ی حاڵی په‌روه‌رده و دادگاكان چۆنه؟"، راوێژكاره‌كه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده باشه و دادگاش دادپه‌روه‌رانه‌یه". چه‌رچڵ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: "كه‌واته ئێمه باشین"
ئاخۆ تا ئێستا په‌روه‌رده‌ی ئێمه باشه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ ئێوه به‌جێده‌هێڵم.
نووسینی: سه‌میر داود حه‌نوش
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
سه‌رچاوه
ماڵپه‌ڕی ئیلاف
PM:02:00:25/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1332
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی