فەرامۆشکردنی عەدالەتی راگوزار

‌کاوە محمود

فەرامۆشکردنی عەدالەتی راگوزار هۆکاری شکستیهێنانی پرۆسەی ئاشتی و بەیەکەوەژیان و سەقامگیریی گشتییە!

کۆمەڵگای ڕاگوزار لە قۆناغی دیکتاتۆری و حوکمی ئۆتۆکراتی بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیخواز، کە دیدی بۆ دیموکراسی لە بازنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن فراوانتر بێت و هەنگاوەکانی دەربازبوون لە قەیرانەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا بێت، پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەیەکی کۆمەڵگایی لەبار هەیە، کە تیایدا کارتێکردن و لێکەوتەکانی قۆناغی حوکمی دیکتاتۆری پاکتاو بکرێت.

لە قۆناغی ڕاگوزاردا گرنگە کار لەسەر بواری ئەو قەیران و گرفت و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتورییە بکرێت، کە لە میانەی حوکمی دیکتاتۆریی گشتگیر بەرهەمهێنراوە و، بۆتە هۆی پەراوێزخستن و سەپاندنی یەک دید و یەک ئاراستە لە حوکمرانی و هەڵسوکەوت و، هەڵبەتەش وردەکاریکردن لەو کێشانە بە پێی تایبەتمەندی هەر کۆمەڵگا و دەوڵەتێک و، لە چوارچێوەی تایبەتمەندی بواری نەتەوە و ئاین و ئاینزا و پێَکهاتە و کەلتوری جیاواز، ڕەنگدەداتەوە.

بەم جۆرە هەر کۆمەڵگایەک دووچاری مێژوویەک لە توندوتیژی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سیاسەتی داپلۆسین و پێکدادانی چەکداری ببێتەوە و، بیەوێت ڵاپەڕیەکی دیکەی نوێی ژیانی مەدەنی و بەیەکەوەژیان و سەقامگیری گشتگیر و ئاشتی بەردەوام و، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و عەدالەت و قایلبوون بە شوناسی بەرامبەر وەک خۆی دوور لە سەپاندن،  بنیاتبنێتەوە، ئەوا پێویستی بە قۆناغیکی گواستنەوە هەیە، کە بتوانێت شوناس و مۆرک و پێداویستی و مەرجەکانی تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە بە شێوەیکی سەرکەوتووانە دەستنیشان بکات.

مەرجی سەرەکی تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە و پاکتاوکردنی سەرجەم لێکەوتەکانی حوکمی دیکتاتۆری و دەسەڵاتی تاکە نەتەوە یان تاکە ئاین و ئاینزا لەو کۆمەڵەگا و دەوڵەتانەی فرە نەتەوەیی و ئاینی و کلتوری تێدایە، پێویستی بە قۆناغی عەدالەتی ڕِاگوزار هەیە.

عەدالەتی ڕاگوزار لە پراکتیکدا چەمکێک نییە تەنیا گۆشەیەک و لایەنێکی دیاریکراوی کۆمەڵگای ڕاگوزار بە تایبەتەمەندییەکانی خۆیەوە بگرێتەوە، بەڵکو چەمکێکی هەمەلایەنە، کە سەرەڕای تایبەتمەندی هەر کۆمەڵگایەکی تێپەربوو بەو قۆناغە، هەندێ پرنسیپی هاوبەش هەیە، کە تا ڕادەیک بیری سیاسی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێی گەیشتووە.

پرنسیپی سەرەکیی هاوبەش لە پێناسەکردنی عەدالەتی ڕاگوزار، کە چۆتە نێو بەڵگەنامەکانی یاسای نێودەوڵەتی، لە پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم چەمکە بەرجەستە دەبێت، کە عەدالەتی ڕاگوزار تێکڕای ئەو پرۆسە و میکانیزمانەیە کۆمەڵگا کاری بۆ دەکات لە پێناوی تێگەیشتن بۆ پاکتاوکردنی ئەو پێشێلکارانەی پێشتر ڕوویان داوە، بەو مەبەستەی لێپرسینەوە مسۆگەر بکات و عەدالەت جێبەجێ بکات و ئاشتبوونەوە ئەنجام بدات. بەم جۆرە مەبەست لە عەدالەتی ڕاگوزار داپێنانە بە قوربانیەکانی قۆناغی پێشتر، کە کەسانێکی خاوەن مافن و، زامنی جێبەجێکردنی ئەو مافەش مایەی درووستبوون و چەسپاندنی متمانەی تاکی خاوەن تایبەتمەندی جیاواز و فرە کەلتورە لە کۆمەڵگادا و، متمانەش بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و، هەنگاوەکانی پشتگیری لە مافی مرۆڤ  بتەوتر دەکات و، حوکمی قانون سەروەر دەبێت و، بوار بە دووبارەبوونەوەی پێشیلکاری لە مافی مرۆڤ و نەتەوە و پێکهاتەی جۆراجۆر نادرێت.

هەنگاو و میکانیزمەکانی عەدالەتی ڕاگوزار بواری لێکوڵینەوە لە ڕووداو و پێشێلکارەکانی قۆناغی پێشوو و، زامنکردنی قەرەبووکردنەوە بۆ قوربانییەکان دەگرێتەوە و، پێویستە سەرجەم ئەم ئاراستەیە هاوکات بێت لەگەڵ هەنگاونان بۆ چاکسازی دەستووری و قانونی و، بنیاتنانی دامەزراوەیی کارا و، بوونی کۆمەڵگای مەدەنی بەهێز و، دەستپێشخەری بۆ پەروەردەکردن بە دیالۆگی کەلتوور و شارستانییەکان و، سوود وەرگرتن لە ئەزموونە مێژوویەکان بۆ داڕشتنەوەی مێژووی هاوچەرخی ئەو کۆمەڵگایە، بە ئاراستەی بەیەکەوەژیان و چەسپاندنی نەریتی مرۆڤایەتی.

خاڵە گشتگیرە هاوبەشەکان، کە شوناسن بۆ چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار بریتییە لە چەندین بابەتی بەیەکەوە گرێدراو، لە سەرووی هەموویانەوە بابەتی گشتگیری لە پرۆسەی عەدالەتی ڕاگوزار، کە ناکرێ تەنیا گروپێک یان تاقمێک و دەستەبژێرێکی دیاریکراو بگرێتەوە. گشتگیری لە پراکتیکدا دەڕوانێتە سەرجەم خاوەن بەرژەوەندییەکان لە پرۆسەی عەدالەتی ڕاگوزار، کە بوونەتە قوربانی و ئەوانەش کە تاوان و پێشێلکاریان ئەنجام داوە، دوور لە تەماشاکردنی پاشخانی ئاینی و ئاینزایی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی ئەو گروپ و کەسانەی لە قوربانی و تاوانبار کە عەدالەتی ڕاگوزار دەیانگرێتەوە.

بەڵام بە شێوەیکی گشتی ڕەهەندی سەرەکی عەدالەتی ڕاگوزار دانپێنانە بە مافی ئەو کەسانەی لە قۆناغی پێشتر بوونەتە قوربانی و، کار بۆ پاراستنی شکۆیان و رێزگرتن لە بیروباوەڕیان و، قەرەبووکردنەوەیان لە ڕێگای دەزگا و دامەزراوە نیشتمانی و لۆکاڵییەکانەوە، ئەنجام بدرێت.

تێپەڕاندنی قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزار پێویستی بە ڕچاوکردنی ڕێڕەوی سیاسی و مێژوویی و یاسایی و تایبەتمەندی لۆکالی و کەلتووری هەر کۆمەڵگایەک هەیە، بە ڕچاوکردنی داوای چاوەڕوانکراوی قوربانییەکان و مافی تاکەکەسییان، کە وابەستە بە دابینکردنی عەدالەت و مسۆگەرکردنی ئاشتبوونەوەی گشتی و هەنگاونان بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدان.

هەنگاوە کردەییەکانی عەدالەتی ڕاگوزار دوای لێکوڵینەوە و گەیشتن بە ڕاستییەکان، هەنگاوی دادگاییکردنی تاوانباران و قەرەبوکردنەوەی قوربانییەکان مەرجی پێویست بەردەوامبوونی پرۆسەکەیە، لە سایەی سیستم و دەسەڵاتێکی دادوەریی  گونجاو لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکان، تا گەیشتن بە دۆخی ئاشتبوونەوەی گشتی و بەیەکەوەژیان.  

بەشێک لە مەرج و پێداویستییە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی عەدالەتی ڕاگوزار، وابەستە بە پرسی ژنان و بابەتی یەکسانی جەندری و، لابردنی نایەکسانی لە مافدا و، چارەسەرکردنی دەروونی ئەو ژنانەی، کە توندوتیژی سیکسی دژیان ئەنجام دراوە، کە ئەم حاڵەتانە لە مێژووی مرۆڤایەتی و لە هەلومەرجی هاوچەرخدا لە شاڵاوەکانی جینوسیایددا، ئەنجام دراوە.

عەدالەتی ڕاگوزار لەم جۆرە حاڵەتاشەدا پێویستی بە بەشدارکردنی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیار و، لە سەرکردایەتی پرۆسەکانی جیبەجێکردنی عەدالەتی ڕاگوزار و، لە هەموو دۆخێکدا بەشداری خودی قوربانییەکان لە پرۆسەکانی عەدالەتی ڕاگوزار و، گفتوگۆکردن لەگەڵیان و گوێگرتن لە پێشنیازەکانیان و، کارکردن بۆ تواناسازیکردنیان بنەمای سەرخستنی پرۆسەکەیە.

تێڕوانین بۆ چەمکی عەدالەتی ڕاگوزار لە دیدی ئەنجامدانی ئەم خاڵ و مەرج و پێداویستییانە، ئاسۆیەکی ڕوانینە بۆ ئایندە و، هەنگاوێکە لە کاروانی پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و، بێ پاکتاوکردنی لێکەوتەکانی رابووردوو و نەهێشتنی سیاسەتی پەراوێزخستن و، کردنەوەی لاپەڕەی نوێ ناکرێ، باسی لێوە بکرێت.

عەدالەتی ڕاگوزار بە شێوەیکی مێژوویی لە دوای دووەمین شەڕی جیهانەوە، بە چەندین قۆناغ تێپەڕێوە و، لە ڕێڕەوی ئەم کاروانەدا و لە ئەزموونی جۆراجۆردا بنەماکانی زیاتر گەڵاڵە بووە و، لە ئەزموونی نێودەولەتی هاوچەرخدا نموونەی جۆراجۆر لە ڕواندا و ئەفریکیای باشور و گواتیمالا و باشوری سودان هەبووە و، هەر کۆمەڵگا و دەوڵەتێکیش تایبەتمەندی خۆی و خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تیادا بەدی دەکرێت و، لە هەندێ نموونەش وەک دەوڵەتی عێراق پاش 2003 سەرکەوتوو نەبووە و، ئەم ئەزموونە شکستخواردووەش بابەتی باسکردنی ئایندەمان دەبێت.


AM:08:20:30/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی