دەسەڵاتی دادوەری، کەی گوێمان لە دەنگت دەبێت؟

‌ئاوات جەمال ساڵح

نە تاوانباران سزای مەحکومی خۆیان دەدرێن و نە تاوان لێکراوان ژیان و رۆحیان ئاسودەیە!، لەگەڵیدا عەشرەت و حزبەکانی پاڵپشتیان فشار دەکەن، بۆ ئەوەی دادگا رێچکەی یاسایی خۆی وەرنەگرێت و خۆشیان لە تێوەگلانێکی نایاسایی و تاواندا جیا ناکانەوە!

ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ، وێنەیکی تاریک و بە مافیابوونی حزبە دەسەڵاتدار و عەشیرەتەکانە، بەسەر دەسەڵاتی یەکسان و مافی خەڵکەوە.

 DHRD بە نموونە؛ لە ماوەی 12 ساڵی کارکردنی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، لە پرۆژەی ( پاڵپشتی دادگا) وە لە میانەی 11 ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر دۆخی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێشێلکاریەکان دژی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی، ھەزاران حاڵەتی پێشێلکاری یاسایی تۆمارکراون!

لەوانە:

یەکەم/ دەیان حاڵەتی دەستوەردانی حزبی لەکاروباری دادگاکان.

دووەم/ دەیان حاڵەتی دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەکاروباری دادگا و داوەری .

سێیەم/ سەدان حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگا لەلایەن حزبەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن .

چوارەم/ سەدان حاڵەتی زەقی پێشێلکاری دژی یاسا و مافی مرۆڤ و مافی تۆمەتبار لەلایەن دادوەران .

کە کۆی سەرجەم پێشێلکاریەکان لەماوەی پرۆژەکەدا گەشتووە بە (9088) نۆ ھەزار و ھەشتاوھەشت حاڵەتی پێشێلکاری لەسەر ھەموو ئاستەکان و بەھەموو جۆرەکانیەوە بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەم ئەنجومەنە بۆ یەکجاریش وەڵامی نەبووە، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، تاک حیزب مافی دەدات نەک دادگا، کە سەرانی پارتی و یەکێتی بڕیاردەرن تێیدا.

 

وەک ئەوەی ئەم ئەنجومەنە نەیبیستێت یا زمانی نەبێت، ھیچ وەڵامێکی نەبوو، نەک ھەر ئەوە بەدرێژایی دروستبوونی ئەنجومەنی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان دەیان حاڵەت و ڕووداو ھەبووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەنجومەنی دادوەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکەی ھەبووە کەلە ھەندێ حاڵەتدا گەشتووە بە ڕادەی سوکایەتی و ناوزڕاندن، بەڵام وەک ھەمیشە ئەم دامەزراوەیە بێ دەنگی ھەڵبژاردووە کەلەخوارەوە بۆ بیرھێنانەوە چەند نموونەیەک دەھێنمەوە؛

یەکەم/ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت (بەجۆرێک دادگاکانمان بە حزبی کردووە کە ھیچ کەس متمانەی پێیان نەماوە).

دووەم/ ئەندامێکی سەرکردایەتی (پ.د.ک) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکان گەندەڵترین دەزگای ھەرێمی کوردستانن.

سێیەم/ پاشەکەوت کردنی موچەی دادوەران لەلایەن وەزارەتی دارایی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری .

چوارەم/ بڵاوبوونەوەی ناوی چەندین دادوەر وەک کادری پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڤاری لڤین .

پێنجەم/ بەشداری کردنی چەندین دادوەر لە ئاھەنگ و بۆنە حزبیەکان.

شەشەم/ لێدوانی بەرپرسانی حزبی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری وەک پشکی ھەڵبژاردن و دابەشکردنی پۆستەکان.

ئەمانە و دەیان نموونەی تر کە لەسەردەمی کرانەوەو شەفافیەت و بوونی وتەبێژ و وێب سایت و دەیان کەناڵی ڕاگەیاندن، دووبارە ئەنجومەنی دادوەری وەڵامێکی نیە لەمەڕ ئەو ڕووداوانە کە دواھەمینیان درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەپێی فەرمانێکی ئەنجومەنەکە، بەڵام ھەریەک لە دەستەی دەستپاکی ھەرێم و وەزارەتی دارایی و یەکێتی دادوەران و چەندین دادوەر ئەم کارەیان بە نایاسایی و نادەستوری لەقەم داو تەنانەت وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە ناچنە ژێر باری ھیچ کارێکی نایاسایی . کەچی وەک سروشتی ھەمیشەییان ئەنجومەنی دادوەری بێ وتەو بێ ھەڵوێست لەسەر ئەم بڕیارەش بێ دەنگە ماوەتەوە.

ئەوە جگە لە دەیان دۆسیە، کە سەفەقاتی پێوە دەکرێ و خەڵکیش یان هۆشیار نییە، یان بەبێدەنگی جێبەجێی دەکەن و هەندێک کاتیش دەبێت بە بارگرانی لەسەریان، بۆیە کاتی خۆیەتی و  دەپرسم، ئەنجومەنی دادوەری کەی گوێمان لە دەنگت دەبێت!؟


PM:09:58:24/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 1092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی