"جەوهەری ئەخلاق وێناکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتیشی وەک مرۆڤ"

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

ساڵانێکە هاتومەتە سەر ئەو بڕوایەی کەپارتی و یەکێتی  بەپیلان و پلانی داگیرکەرانی کوردستان ئەجندایەکی مەترسیدار بەمەبەستی هەڵوەشاندنی تەونی کۆمەڵایەتی لەکۆی جومگەکانی حوکمڕانی  حیزب و حکومەتی هەرێمدا پیادە دەکەن . ئەوەی مایەی نیگەرانی و بێئومێدی و رەشبینیە کۆمەڵێک کەسی (خاوەن قەڵەم، پلەداری خوێنەواری جیاواز، پیاوی ئاینی، ئەمنی و سەربازی) پشتیوانیان دەکەن و بەدوایدا لەشکرێکی نەخۆش و ئالودە بە نا ئەخلاقی هوتافیان بۆ ئەکێشن .

کورد لەباشور، گەیشتوە بە قۆناغێک هیچ سەوابتێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەسەری هەرەمەکەیدا نەماوە، لەناخیشدا هیچ پابەندبونێکی ئەخلاقی بەخاک و مێژوی  خۆیەوە نەماوە . ئەوەی مێژوی عێراق و ئێستای خوێناویکردوە، دەسەڵاتدارانی ستەمکاری سونە و شیعەی عەرەب بون .! نەزیفی خوێنەکەش ئێمەی کورد بوین .! ئەوەی مێژوی کورد و ئێستای گواوی کردوە، دەسەڵاتی ستەمکاری پارتی و یەکێتی بون، شەڵاڵی گواوەکەش هەر ئێمەی کورد بوین .!

تەنیا بیست ساڵی دەسەڵاتی حیزبە جیا جیاکانی شیعەی عێراقی، زیاتر لە هەشتا ساڵی گۆمە خوێناویەکەی سونەی عێراق تۆوی رق و تۆڵەکردنەوە و ئیهانەکردن و ئازاردان و پێشێلکردنی مافەکانی کوردیان چاندوە، بەکردەوەش زیاتریان پیادە کردوە، بەڵام یەک کەس لەو (عوسمان فایەق، ئیمام تابور، کاکل ئاغا، تەها محێدین ... )ە تازانەی کە هاوکار و پشتیوانی دەسەڵاتدارانی ئێستای شیعەی عێراقن، نابێزرێن و ناکوژرێن .!  بەپێچەوانەوە ئەو لەشکرە نەخۆشەی بەدوایانەوەن ستایشیان ئەکەن و چەپڵەیان  بۆ لێدەدەن .! ئێستاشی لەسەر بێت کەسێک نەیوت بۆ رەوایەتی مەسەلەی کورد و مێژوی قوربانیەکانمان جوان نیە هاوپەیمانی (واسیق بەتات و قەیس خەزعەلی) بین.

کەمامجەلال لەوتاری پلنیۆمی دوهەزارونۆدا لەهۆڵی رۆشنبیری وتی (نەوشیروان مستەفا کارەساتی هەڵبجەی بەسەردا هێناین) و کوشتنی چەندین تێکۆشەر و پیاوی ناوداری شاری سلێمانی خستە ئەستۆی ....  هەزار کادرو بەرپرسی ئەو حیزبە چەپڵەی بۆ لێئەدا و ئێستاشی لەسەر بێت کەسێک نەیوت ئەو قسەیەی مام  بۆ سومعە و ناوبانگی یەکێتی و گەلی کورد باش نیە .! خۆ کە نەوشیروان مستەفاش وتی ( مامجەلال هەمیشە ئەیوت ئاخ بۆ دوو هەڵەبجەی تر ) هەمان تاس و حەمام .!

چۆن رێگەچارەی دەرچون لەو  گۆمە خوێنەی عێراق، خۆفڕێدان نیە بۆ ناو حەوزی  ئەو گواوەی پارتی ویەکێتی  دروستیان کردوە، ئاوهاش رێگە چارەی دەرچون لەگواوەکە، خۆفڕێدان نیە بۆ ناو گۆمە خوێنەکەی عێراق .

لەدوای سەد ساڵ، جگە لەکوشتنی ئەم عێراقە " کەتابوری خوێن و گوو، پێی رەوا نیە و وەک کەری ناو خۆڵەمێش لەناویا ئەگەوزێن "، هیچ چارەسەرێکیترمان نیە .

تەنیا بەو رێگەیەش کورد بۆهەتایە لەنەزیفی خوێن رزگاری ئەبێت ، بەدوایدا ئەتوانین لەگواوەکەش بێتە دەرەوە .
ئەگەر بەم شێوەیەش بمێنینەوە .؟ لەناو خوێن و پیسایی ئەو عێراق و هەرێمی کوردستانەیا ، نەکەرامەت و نەوێنەکەمان وەک مرۆڤ پارێزراو نابێت .
-------------
*ناونیشانی ئەم وتارە وتەی مەریوانی وریا قانعە


PM:09:37:22/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 1068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی