ئازارەکانی هەرێم

‌دکتۆر ئەحمەد فاتح

دوێنێ شەو لەگەڵ هاوڕێیەکم لەدەرەوەی وڵات لەگفتوگۆدابووم، وتی تۆ لەکایەی سیاسیدایت ومنیش ساڵانێکی زۆرە نەگەڕاومەتەوە کوردستان بەڵام لەڕێگای سۆشیال میدیاوە ئاگاداری کوردستانم و لەڕووی سیاسیی و ئابوری تاڕادەیەکی باش چونەتە پێشەوە.

منیش وتم وەڵا ڕاست دەکەیت هەموو شتەکان لەبەرنامەدایە و تەنها جێبەجێکردن و بودجەی دەوێت بۆی تەرخان بکرێت، ئەوە هێڵی شەمەندەفەرەکە هەمووی ئامادەیە بەس نازانن چۆن دەست پێبکەن و هێڵەکە بەکۆیەدا بێت بۆ سلێمانی یاخود لەکەرکوکەوە بێت!؟

بەرنامەمان هەیە بۆ هەلی کار لە رێگای کەرتی تایبەت بەڵام داخەکەم جارێ بەهۆی سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری وچاکسازی حکومەتەوە کۆمپانیا ناوخۆییەکانمان مایەپوچ بون وکۆمپانیا بیانییەکانیش سیقەیان بە هەرێم نییە، باسی شەقامی سەد مەتریش هەرمەکە بۆتە حیکایەتی مێش، مەسەلەی کارەباش لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس چاوەڕێی کۆمپانیاکەین لەسەر شاخی گۆیژە وهەیبەت سوڵتان وسەفین ومەتین بێن خولخولۆکەکان دابنێن ولەئەزمەی کارەبا نەجاتمان بێت.

بۆ مەسەلەی بەنداو وگلدانەوەی ئاو وتم ئێمە پشتمان بەڕەحمەتی خودا بەستوە وەک ۲٠۱۸ بارانێکی زۆر ببارێت  وتا دوای ساڵێک ئاوی عەمبارکراو لەبەنداوەکاندا نەمێنێت.

لەکۆتایشدا وتم ئەگەر هاتیتەوە مۆڵەتە ئەلکترۆنییەکەی کوردستان بۆ غەریبیەکەشت دەخوات، هاوڕێیەکم وتی کاکە شەوێکی شاد.


PM:08:58:31/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی