لە پەراوێزی لووتکەی سێقۆڵیدا؛ ڕووخساری کۆنی هێز لە ڕوانگەی نوێی جیهاندا
نووری بێخاڵی
دوێنێ پێنجشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، چاوی تەواوی جیهان لەسەر شاری شینجینی باشووری چین بوو، کاتێک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC)، سێ جەمسەرە سەرەکییەکەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و شی جین پینگ سەرۆکی چین، لە یەکەم لووتکەی ڕاستەوخۆی سێقۆڵیدا لەسەر یەک مێز کۆبوونەوە.
ئەم دیدارە کە لە میدیاکاندا وەک ڕووداوێکی مێژوویی وێنا کرا، بە دەرکردنی (ڕاگەیەندراوی هاوبەشی سەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕووسیا و چین بەرەو ئاشتی) کۆتایی هات، کە تێیدا جەخت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی جەنگ و بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ئەنجامدانی دیالۆگ لەو بارەیەوە کرایەوە، هاوکات باس لە پێویستیی چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و ڕۆیشتنی وزە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی کرا، هەروەها ئاماژە بە پاراستنی پارێزبەندیی بەرپرسانی فەرمی و سنووردارکردنی دەسەڵاتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی درا.
وەلێ وەک چاوەڕوان دەکرا، کۆبوونەوەکە دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێ بەرهەم نەهات و جگە لە دەستەواژە دیپلۆماسییە نەرم و گشتگیرەکانی ڕاگەیەندراوەکە، هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک واژۆ نەکرا و هیچ نەخشەڕێگایەکی یەکلاکەرەوەش بۆ کوژاندنەوەی ئاگری قەیرانە گەرمەکانی وەک جەنگی ئۆکرانیا، ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئێران ڕانەگەیەندرا. ئەمەش وا دەکات مرۆڤ لەبری سەرسامبوون بە دیمەنی کۆبوونەوەکە، بگەڕێتەوە بۆ لای وتە بەناوبانگەکەی هێنری کیسنجەر کە پێی وابوو: "لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شتێک نییە بەناوی هەواڵی نوێ، ئەوەی هەیە تەنیا شیکاریی نوێیە”.
ڕاستییەکەی، ئەم قسەیەی کیسنجەر پەردە لەسەر یەکێک لە تاڵترین و واقیعیترین ڕاستییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی هەڵدەداتەوە؛ ئەو ڕاستییەی کە ململانێی سەرەکیی نێوان زلهێزەکان لەسەر هەژموون، سنوورەکانی دەسەڵات، دابەشکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و پاراستنی پارسەنگی هێز، تەنیا لە بەرگێکی نوێ و بە ئامرازی سەردەمیانە دووبارە دەبێتەوە.
ئەو ناوەڕۆکە نەگوتراوەی لە پشت ئەم دەربڕینەی ئەم دیپلۆماتکارە خۆی حەشار داوە، ئەوەیە کە هەرچەندە تەکنەلۆژیا دەگۆڕێت، سیستەمی ئابووری شێوەی تر وەردەگرێت و ناوی دەوڵەت و هاوپەیمانییەکان دەگۆڕێن، بەڵام لۆژیکی بنەڕەتیی یارییە نێودەوڵەتییەکان هەر هەمان لۆژیکە، بەوەی کە هێز قسەی یەکەم و کۆتایی دەکات و بەرژەوەندی، نەک بەها ئەخلاقییە ڕاگەیەندراوەکان، ئاراستەی بڕیارەکان دیاری دەکات.
لەم سۆنگەیەوە، ئەو جەنگ و ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانەی ئەمڕۆ جیهانیان گرتووەتەوە، لە بنەڕەتدا هەواڵێکی ڕەهای چاوەڕواننەکراو نین، بەڵکوو درێژکراوەی هەمان ئەو کێبڕکێ مێژووییەن بۆ پێناسەکردنەوەی سیستەمی جیهانی و سەپاندنی هێڵەکانی هەژموون. کاتێکیش سەرۆکەکانی چین و ڕووسیا و ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەی سێقۆڵیدا کۆ دەبنەوە، دیمەنەکە زیاتر لەوەی گۆڕانێکی ڕیشەیی بێت لە سروشتی ململانێکان، کۆبوونەوەی جەمسەرە سەرەکییەکانە لەسەر یەک مێز بۆ خوێندنەوەی نوێی هاوسەنگییەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو گرژییانەی کە لەوانەیە لە کۆنترۆڵ دەربچن و زیان بە بەرژەوەندیی هەمووان بگەیەنن.
ئەگەرچی لەم کۆبوونەوانەدا ڕووخسارەکان و دروشمەکان و شێوازی مامەڵەکردن نوێن، بەڵام جەوهەری گفتوگۆکان هەر دابەشکردنی کاریگەری، کەمکردنەوەی مەترسیی پێکدادانی ڕاستەوخۆ و داڕشتنەوەی هاوکێشەی هێزە لە ناوچە گەرمەکانی جیهاندا.
ئەوەی بۆ چاودێران و ناوچە ململانێ لەسەرەکان گرنگە، تەنیا ئەوە نییە لەم کۆبوونەوە و ڕووداوانەدا چ دەگوترێت یان چ ڕێککەوتنێکی کاتی ڕادەگەیەندرێت، بەڵکوو ئەوەیە چۆن هێزە هەرێمایەتی و لۆکاڵییەکان دەتوانن بە شیکارییەکی ورد و واقیعیانە لەم جووڵە نێودەوڵەتییانە تێ بگەن، تا نەبنە قوربانیی یان کەرەستەی دەستی ململانێیەک کە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی باڵای ئەکتەرە گەورەکان ئاراستە دەکرێت.
بە کورتی، جیهان لە چاوەڕوانی هەواڵی سەرسوڕهێنەردا نییە؛ بە قەد ئەوەی پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و بێوەی هەیە بۆ هەمان یاسا کۆنەکانی هێز لە جیهانێکی تازەدا.
PM:11:37:29/11/2026
ئهم بابهته 12
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی