نەوت لە سنوورەوە هەڵناقوڵێت؛ چارەسەر لە سەرچاوەوەیە!
بابەکر درەیی
هەر کاتێک باسی بە قاچاخبردنی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دێتە گۆڕێ، لێپرسراوان و چالاکوانانی باشوورو باکورو ناوەڕاست زۆر جار بە تووڕەیی و قەڵسبوونەوە باس لە سنوور و دەروازەکان دەکەن، وەک ئەوەی کێشەکە لەوێوە سەرچاوە بگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاستییە تاڵەکە زۆر لەوە سادەترە: نەوت لە سنوورەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە بیرە نەوتەکانەوە دەردەهێنرێت، لە ڕێگەی بۆری و تانکەرەوە دەگوازرێتەوە، و زۆر جاریش ئەو تانکەرانەی بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن، بارەکانیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتووە.
ئەم ڕاستییە نیشان دەدات کە هێنانەدی چارەسەر لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە سەرچاوەوە، نەک بە کۆنترۆڵکردنی سەرپێی سنوورەکان بەو شێوازەی ئێستا باس دەکرێت و خەریکە ببێتە کێشەیەکی سیاسی جدی نێوان هەرێم و ناوەند، لە کاتێکدا ئەگەر سیاسەتێکی ئازایانە و بێ سازش بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان، چاودێریکردنی وردی بەرهەمهێنان، و بەدواداچوونی ڕێڕەوی تانکەر و بۆرییەکان لە شوێنی دەرهێنانەوە بخرێتە کار، ئەوا بەشێکی زۆری ئەم سیناریۆیەی سنوورگرتن و تۆمەتبارکردنە یەکسەر هەڵدەوەشێتەوە و پێویستی بەو هەموو قەرەباڵغییەی ئێستا نامێنێت.
ئەزموونی یەکێتی ئەوروپاش ئەوە دەسەلمێنێت کە سەقامگیری و ڕێکخستنی ئابووری لەسەر بنەمای یاسا، دامەزراوەی بەهێز و چاودێریی ڕاستەقینە دەوەستێت، نەک لەسەر نمایشی هێز و قەڵسبوونی سیاسی. لە عێراقیشدا، تا ئەو کاتەی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ دەستبردن بۆ سەرچاوەی قاچاخ و بەرژەوەندییە شاراوەکانی پشتەوەی نەبێت، هەر قسەکردنێک لەسەر سنوورەکان زیاتر لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەچێت تا چارەسەرێکی جددی.
قاچاخی نەوت لە بیرەکانەوە دەست پێ دەکات و لە بێدەنگی و بەرژەوەندی نهێنیدا بەردەوام دەبێت؛ کاتێک سەرچاوەکان دەپارێزرێن، هیچ بیانوویەک بۆ یاریکردن بە کارتی سنوور نامێنێت.
PM:11:11:29/11/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی