ئایا عێراق بەرەو یەکخستنەوەی دەسەڵات و لاوازکردنی فیدراڵیزم دەڕوات؟
فەرەیدون رەزا
پێشەکی: پرسیاری سەرەکی؟
بڕیارەکانی دوایین سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، لەبارەی نەوت، دەروازە سنووریەکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان، تەنها پرسێکی ئاساییی بەڕێوەبردنی نەوت و سنوور نین؛ بەڵکو بابەتێکی گرنگی سیاسی و دەستوورین کە پەیوەندیان بە داهاتووی سیستەمی فیدراڵی عێراقەوە هەیە.
لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، زەیدی فەرمانی دا کەدەسەڵاتی فیدراڵی کۆنترۆڵی چەندین کێڵگەی نەوت لە کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین بگرێتە دەست، هەروەها بەڕێوەبردنی دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە ژێر دەسەڵاتی دەزگای فیدراڵی دەروازە سنووریەکان، و هەرێم نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان بەبێ ڕێگەپێدانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی هەناردە نەکات.
لە ٢٥ی هەمان مانگیش، دادگای فیدراڵی لە وەڵامی داواکاری زەیدی، لێکدانەوەیەکی دەستووری دەرکرد کە پشتگیری بەشێک لە دەسەڵاتە فیدراڵیەکان لەسەر سنوور و نەوت دەکات.
بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە:
ئایا بەڕاستی مەبەست لەو بڕیارانە تەنها ڕێگرتنە لە قاچاخ و بەتاڵانبردنی نەوت و پاراستنی سامانە گشتیەکان، یان ئەوەش بەشێکە لە ستراتیژیەکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵات لە بەغدا و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت سەرەتا دەستووری عێراق و دواتر هەنگاوە کرداریە سیاسی و ئەمنی و ئابووریەکانی حکومەتی ناوەندی بخەینە بەر لێکۆڵینەوە.
١. سیستەمی فیدراڵی لە عێراق؟
عێراق بە پێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، وڵاتێکی یەکگرتووی فیدراڵیە، نەک دەوڵەتێکی ناوەندی. ماددەی یەکی دەستوور بە ڕوونی دەڵێت:
"کۆماری عێراق دەوڵەتێکی یەکگرتوو، فیدراڵی، سەربەخۆ و تەواو سەروەریە".
ئەم ماددەیە لە هەمان کاتدا یەکێتی عێراق و سیستەمی فیدراڵی دەکاتە بنەمای دەستووری دەوڵەت. واتە یەکێتی عێراق نابێت ببێتە بیانوو بۆ لەناوبردنی فیدراڵیزم، هەروەها فیدراڵیزمیش نابێت ببێتە بیانوو بۆ دابەشکردنی سەروەری دەوڵەت.
چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بە مەبەستی پێکەوەژیانی گەلانی عێراق و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراق بوو بەسەر هەرێم و پارێزگاکان، بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەی گەلانی عێراق. وەهەروەها مەبەست لە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بریتیە لە:
• هەبوونی حکومەتێکی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵات.
• هەبوونی حکومەتێک یان زیاتری هەرێمی بە دەسەڵاتی جێبەجێکاری، یاسادانان و دادوەری لە چوارچێوەی دەستووردا.
• دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمەکان.
• دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و سامانە سروشتیەکان.
• ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی دەستووری هەرێم و دامەزراوەکانی.
• رێزگرتن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیەکانی لەدەرەوەی ووڵات بەپێی دەستوور.
کەواتە، فیدراڵیزم تەنها داننان بە ناوی هەرێم نیە؛ بەڵکو داننان بە دەسەڵات و دامەزراوە و مافی یاسایی هەرێمەکانە. مەبەست لە فیدرالیزم پێکەوەژیانی گەلانی عێراقە بە کورد و عەرەب و ئاشوری و ترکمان و سریانی و تەواوی پێکهاتەکانی ترە. ئەگەر حکومەتی ناوەندی هەموو بڕیارەکان بە تەنها بدات و حکومەتی هەرێم تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی بەغدا بێت، ئەوکات سیستەمی فیدراڵی هیچ بەهاو مانایەکی نامێنێت و ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ کە بەشێوەی دەستوور لەنێوان گەلانی عێراق ریفراندۆمی لەسەر کراوە مانای نامێنێت و هیچ بریارێکی حکومەتی عێراقیش هیزی دەستووری نابێت بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.
لەسەرەتادا با زۆر رەشبینیانە مامەڵە لەگەڵ بریارەکانی زەیدی نەکەین و تەواوی رەهەندە سیاسی و دەستوری و ئابووری و ئەمنی بریارەکان هەڵسەنگێنین بۆ ئەوەی دواجار بتوانین بریاری کۆتایی لەسەر هەنگاوەکانی زەیدی و بریارەکانی بدەین کە ئایا دەستوورین یاخود سیاسی و هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق.
٢. ماددە دەستووریەکانی دیاریکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و هەرێم
بۆ تێگەیشتن لە ناکۆکیەکە، گرنگە ماددە دەستووریە سەرەکیەکان بخوێنینەوەو لێیان تێبگەین بۆ ئەوەی بتوانین شرۆڤەیەکی یاسایی و سیاسی بابەتەکان بکەین بۆ ئەم بارودۆخەی هاتۆتە ئاراوە.
ماددەی ١٠٩ – پاراستنی یەکێتی و سەروەری عێراق
ئەم ماددەیە ئەرکی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان دیاری دەکات لە پاراستنی یەکێتی، سەروەری، سەربەخۆیی و سیستەمی دیموکراتی فیدراڵی لە عێراقدا.
ئەم ماددەیە نابێت تەنها بە پاراستنی دەسەڵاتی بەغدا لێکبدرێتەوە؛ چونکە هەمان دەستوور فیدراڵیزمیشی کردووەتە بنەمای دەوڵەت.
ماددەی ١١٠ – دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی
ئەم ماددەیە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی ناوەندی دیاری دەکات، لەوانە:
• سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان.
• سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکان.
• سیاسەتی دارایی و گومرگی.
• بودجەی گشتیی دەوڵەت و سیاسەتی دراو.
• ئامار و سەرژمێری گشتی.
کەواتە، بەغدا دەسەڵاتی دەستووری هەیە لە بابەتەکانی ئاسایشی نیشتمانی، سنوورە نێودەوڵەتیەکان و سیاسەتی گومرگی. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نیە کە هەموو دەسەڵاتە ناوخۆیەکانی هەرێم دەبێت لە بەغدا کۆبکرێنەوە.
ماددەی ١١١ – خاوەندارێتی نەوت و گاز
ئەم ماددەیە دەڵێت:
"نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان".
ئەمە واتە نەوتی کوردستان موڵکی کەسێک یان تەنها حکومەتی هەرێم نیە، هەروەها نەوتی بەسرە و پارێزگاکانی تریش موڵکی تەنها حکومەتی ناوەندی نیە. کەواتە، خاوەندارێتی نەوت و گاز بۆ هەردوو حکومەت دەگەرێتەوەو دەبێت داهاتەکەی بە دادپەروەری دابەش بکرێت.
زۆر جار لێرەو لەوێ گوێبیستی ئەوەدەبین، بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم داوای بودجەو داهات لە بغدا دەکات لەکاتێکدا نەوتەکەی دەفرۆشێت، ئیتر باخۆی موچەب بدات و خەڵککەی بژیەنێت. من پێموایە ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، چونکە ماددەی ١١١ لە دەستوور پشتیوانی لەپشکی هەرێمی کوردستان دەکات لە داهاتی حکومەتی فیدراڵی، ئەمە مافێکی دەستووری و یاسایی خەڵکی کوردستانە. لەهەمان کاتدا حکومەتی عێراق هەمیشە داوای کۆنترۆلکردنی کێڵگە نەوتی و گازیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. بۆیە بریارەکانی عەلی فالح زەیدی ئەوەندەی سیاسیە ئەوەندە یاسایی و کارگێری نین.
ماددەی ١١٢ – بەڕێوەبردنی نەوت و گاز
ئەم ماددەیە دەڵێت حکومەتی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتە هەرێمیەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبات.
هەروەها داهاتەکان دەبێت بە پێی ڕێژەی دانیشتووان و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن، بە تایبەتی لەگەڵ دانانی پشکێکی تایبەت بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان. ئایە ئەمە جێبەجێ کراوە؟ بێگومان نەخێر.
بەشی دووەمی ماددەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیاسەتی ستراتیژیی گەشەپێدانی نەوت و گاز دەبێت بە هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمیەکان دیاری بکرێت.
دەستوور جیاوازی لە نێوان کێڵگەکانی وەبەرهێنانی نەوت و گاز دەکات کەلە ئێستادا بەرهەم هێنەرن لەگەڵ ئەوانەی کە لەداهاتوودا بەکار دەهێنرێن لەژێر رۆشنایی سیاسەتی گەشەپێدانی نەوت و گاز، بەڵام لەسەر مەودای دەسەڵاتەکان ناکۆکی یاسایی و سیاسی هەیە. بۆیە نابێت ماددەی ١١٢ بە جۆرێک لێکبدرێتەوە کە هەموو دەسەڵاتی نەوت تەنها بۆ بەغدا بێت، یان بە پێچەوانەوە هەموو دەسەڵاتەکان تەنها بۆ هەرێم بن.
ماددەی ١١٤ – دەسەڵاتە هاوبەشەکان
ئەم ماددەیە بەڕێوەبردنی گومرگ، سەرچاوە سەرەکییەکانی وزەی کارەبا، ژینگە، پەرەپێدان، تەندروستی و پەروەردە دەخاتە خانەی دەسەڵاتە هاوبەشەکان. کەواتە، بەڕێوەبردنی گومرگ بە پێی دەستوور دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتە هەرێمیەکان بێت.
ماددەی ١١٥ – ماددەیەکی زۆر گرنگ لە بەرژەوەندی هەرێم
ئەم ماددەیە دەڵێت:
• هەر دەسەڵاتێک کە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی نەهاتووە، بۆ هەرێم و پارێزگاکانە.
• لە کاتی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان، پێشینە بە یاسای هەرێم دەدرێت.
ئەم ماددەیە یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی پاراستنی فیدراڵیزم و ڕێگری لە کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە بەغدا دەکات.
ماددەی ١١٧ و ١٢٠ – داننان بە هەرێمی کوردستان
ماددەی ١١٧ هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بە فەرمی وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێنێت.
ماددەی ١٢٠یش مافی هەر هەرێمێک دەدات کە دەستووری خۆی هەبێت بۆ دیاریکردنی پێکهاتە و دەسەڵات و میکانیزمی بەڕێوەبردنی کارەکانی، بە مەرجێک لەگەڵ دەستووری عێراق ناکۆک نەبێت.
ماددەی ١٢١ – دەسەڵاتەکانی هەرێم
ئەم ماددەیە دەڵێت:
1. هەرێم مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری، یاسادانان و دادوەری هەیە.
2. لەو بابەتانەی لە دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵی نین، هەرێم دەتوانێت جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی لە ناو هەرێم بگۆڕێت، ئەگەر ناکۆکیەک لە نێوان یاساکاندا هەبێت.
3. هەرێم مافی پشکێکی دادپەروەرانەی داهاتی نیشتمانی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.
4. حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی، وەک پۆلیس، هێزە ئەمنیەکان و پاسەوانانی هەرێم.
ئەم ماددەیە بە ڕوونی دەسەڵاتی هەرێم لە ئاسایشی ناوخۆ، یاسادانان و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی نیشاندەدات.
٣. نەوت و سامانی عێراق؛ بۆچی یاسا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە یەک شێوە جێبەجێ ناکرێت؟
ئەمە یەکێکە لە گرنگترین پرسیارەکانی ئەم ناکۆکیەی کە لەئێستا لەئارادایە لەنێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی. ئەگەر مەبەست لە بڕیارەکانی زەیدی پاراستنی سامانە گشتیەکانی عێراق و ڕێگرتن لە قاچاخی نەوت بێت، ئەوا پرسیارێکی بنەڕەتی دروست دەبێت:
بۆچی ئەو هەموو هەوڵ و فشارە یاسایی و سیاسیە لەسەر هەرێمی کوردستان دەخرێتە کار، بەڵام لە بەرامبەردا کێشەی گرووپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی قاچاخی نەوت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هەمان ئاست چارەسەر ناکرێت؟
لە ڕاپۆرتی ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەورووپا (EUAA) کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە، پێی سەرچاوەکانی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە کراوە کە گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق لە قاچاخی نەوت لە عێراق بۆ ئێران کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، قەبارەی ئەو بازرگانیە نایاسایە بە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ مەزەندە کراوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان پەیوەندیان بە دامەزراوە حکومیەکان و تۆڕە سیاسی و ئابووریەکانەوە هەیە بۆیە کۆنترۆڵ کردنیان زۆر ئەستەمەو حکومەتی عێراق لە ئێستادا ناتوانێت کۆنترۆلیان بکات. ئەمە کێشەیەکی گەورەی دەوڵەتداریە؛ کاتێک گرووپێکی چەکدار هێزی چەکداری، نفووزی سیاسی و دەستگەیشتنی ئابووری هەبێت، بەڕێوەبردنی یاسا و سەپاندنی بڕیارەکانی دەوڵەت لەسەری قورس دەبێت.
حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان
سەرەرای نارێکی و پەرتەوازەیی و فرە جەمسەری گروپە جیاوازەکانی ناو حەشدی شەعبی، ئەم گرووپە بە یاسایەکی پەرلەمانی عێراق وەکو هێزێکی ئەمنی عێراق ناسێنراون، دەسەڵاتەکانیان زۆر لە هێزو سوپای عێراقی زیاترە. زانیاریە دەرەکیەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە هەندێک لەوگروپانە وەلائیان بۆ دەوڵەتانی دراوسێ زیاترە لەوەی کە بۆ عێراقیان هەبێت، بریارەکانیان فرە جەمسەرەو تەنانەتە لەدەرەوەی عێراقیش فەرمان وەردەگرن و جێبەجێی دەکەن. لەهەمان کاتدا تەواوی ئەو گروپە لەدەرەوەی دەسەلاتەکانی دەوڵەتدا نیە؛ هەندێک لە فەرماندە و یەکەکانی پەیوەندیان بە گرووپە سیاسیە عێراقیەکانەوە هەیەو خاوەنی نفوزی پەرلەمانین. بەڵام هەبوونی هێزێکی چەکدار لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا بە مانای ئەوە نیە کە تەواو یاسایین و پابەندی یاسا سەربازیەکانن و هەموو کردارەکانیان ڕەوایە. با لەرووی دەستووریەوە براوانینە ئەو هێزە.
ماددەی ٩ی دەستوور بە ڕوونی دەڵێت:
• هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبێت لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی مەدەنی بن.
• پێکهێنانی میلیشیا لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەیە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ دامەزراوە فەرمیەکان تێکەڵبوونی سیاسی و ئابووریان هەیە و ئەمە کاریگەری لەسەر توانای حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنیان دادەنێت. زیندووترین نمونەش بێتوانایی هێزی عێراقی بوو لەبەرامبەر گروپە چەکدارەکانی حیزبوللای عێراقی لە جزف الصخر کە نەیتوانی ئەو ناوچەیە بخاتە ژێر کۆنترۆلی حکومەتی ناوەندیەوە. کەواتە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا تەواوی گرووپەکانی ناو حشدی شەعبی پابەندن بەیاساو رێسا سەربازیەکانی عێراق و لەچوارچیوەی یاسا کاردەکەن. بێگومان زانیاریە دەرەکیەکان دەیسەلمێنن کە ئەوگرووپانە هەندێکیان بەتەواوەتی لەدەرەوەی یاساو دەستووری عێراقن و فەرمان و جوڵە و کارکردنیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازی عێراقی وەردەگرن، وە هیچ پەیوەندیەکیان نیە بە دامەزراوە سەربازیە عێراقیەکان و لەدەرەوەی وەزارەتی بەرەڤانی عێراق جوڵەو هەلوسوکەوت دەکەن.
کەواتە سەپاندنی بریارەکانی زەیدی لەسەر ئەو گرووپە ئەستەمەو پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی ئەو هێزانە بە حکومەتی ئێران و دەسەڵاتەکانی ئیران لەناو حکومەتی عێراق دا هەتە.
بۆچی حکومەتی ناوەندی ناتوانێت بە ئاسانی ڕێگری لە قاچاخ و بەتاڵانبردنی سامانەسروشتیەکانی عێراق بکات؟
هۆکارەکان تەنها یاسایی نین؛ سیاسی و ئەمنی و ئابووریشن:
1. لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوە کە هەندێک لەو گرووپانە خاوەنی چەکدار و نفووزی سیاسی و نوێنەرایەتین لە پەرلەمانی عێراق.
2. تێکەڵبوونی هەندێک گرووپ لە تۆڕەکانی ئابووری و بازرگانی نایاسایی، چاودێری و لێپرسینەوە قورس دەکات.
3. هەندێک لە فەرماندە و بەرپرسانی ئەمنی پەیوەندیان بە تۆڕە سیاسیەکانەوە هەیەو بریار لەدەرەوەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی عێراق وەردەگرن.
4. حکومەتی ناوەندی لە هەندێک باردا بۆ پاراستنی هاوپەیمانیە سیاسیەکانی پێویستی بە سازش لەگەڵ ئەو گرووپانە هەیە.
5. کێشەی جێبەجێکردنی یاسا و نەبوونی کۆنترۆڵێکی یەکسان لەسەر هەموو خاکی عێراق.
ناکۆکیەکان لێرەدایە: ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت لە هەموو ناوچەکانی عێراق یاسا بە یەک شێوە جێبەجێ بکات، ئەوا سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی تەنها لەسەر هەرێمی کوردستان، پرسیاری دادپەروەری و یەکسانی لەبەردەم یاسادا دروست دەکات و پرسیار لەسەر سیستەمی فیدراڵی دادەنێت. کەواتە پرسیاری جددی لەسەر ئەو بابەتە دیوی دووەمی یاسایی و سیاسی و ئەمنی بریارەکانی حکومەتی ناوەندە، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی ئەو ماددە دەستووریانەی لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە حکومەتی عێراق جێ بەجێیان ناکات و نزیکەی دوو دەیەیە حکومەت لەدوای حکومەت بەیەکتری دەسپێرن.
٤. ئەو ماددە دەستووریانەی کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراون
ئەگەر حکومەتی ناوەندی و ئەوانەی پشتگیری بڕیارەکانی زەیدی دەکەن، دەڵێن دەبێت دەستوور و سەروەریی یاسا جێبەجێ بکرێت، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی تەنها ئەو ماددانەی دەسەڵاتی بەغدا بەهێز دەکەن دەبێت بە خێرایی جێبەجێ بکرێن، بەڵام ماددەکانی مافی هەرێم و مافی گەلی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە جێبەجێ نەکراون؟ چەند نموونەیەکی گرنگ دەهێنینەوە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و فەلسەفەی کارکردنی حکومەتی عێراق لە جێبەجێ نەکردنی ئەو ماددە دەستووریانەی کە پەیوەستن بەهەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان لەو هەرێمە.
یەکەم: ماددەی ١٤٠ – چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان
ماددەی ١٤٠ یەکێکە لە گرنگترین ماددە دەستووریەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی کوردستان. ئەم ماددەیە سێ قۆناغی سەرەکی دیاری کردووە:
1. ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە جێناکۆکەکان و چارەسەرکردنی کاریگەریەکانی سیاسەتی تەعریب.
2. ئەنجامدانی سەرژمێری.
3. ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی ئارەزوومەندانەی دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان.
کۆتایی ئەم پرۆسەیە دەبوو تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ بێت. بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
گرنگتر لەوە، دادگای فیدراڵی لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٩ لێکدانەوەی کردووە کە ماددەی ١٤٠ هێشتا بەردەوامە و تا جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی هەیە بڕیارەکانی لە ماوەی چەند ڕۆژدا لەسەر سنوور و نەوتی هەرێم جێبەجێ بکات، بۆچی لە ماوەی نزیکەی ١٩ ساڵدا نەتوانیوە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات؟
دووەم: ماددەی ١١٢ – یاسای نەوت و گاز
دەستوور لە ماددەی ١١٢دا ئاماژەی بۆ هاوبەشی و دادپەروەری لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەکات.
بەڵام عێراق تا ئێستا یاسایەکی گشتگیری فیدراڵیی نەوت و گازی نەبووە کە بە ڕوونی:
• دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دیاری بکات.
• دەسەڵاتی حکومەتە هەرێمیەکان دیاری بکات.
• شێوازی بەڕێوەبردنی کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی ئێستا و کێڵگە نوێکان ڕوون بکاتەوە.
• شێوازی گرێبەست و وەبەرهێنان دیاری بکات.
• میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕوون بکاتەوە.
نەبوونی ئەم یاسایە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەردەوامبوونی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر.
بە پێچەوانەوە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ڕاگەیاند و داوای گواستنەوەی بەڕێوەبردنی نەوت و گرێبەستەکانی بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد.
لێرەدا ناکۆکییەکی گرنگ دروست دەبێت: یاسای نەوت و گازی هەرێم هەڵدەوەشێنرێتەوە، بەڵام یاسایەکی فیدراڵیی گشتگیر کە جێگەی ئەو بۆشاییە بگرێتەوە و دەسەڵاتەکان بە ڕوونی دابەش بکات، بە تەواوی چارەسەر نەکراوە و نیە. کەواتە ئەمە خۆی لەخۆیدا لایەنگیری دادگای فیدراڵیە بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆسەر حکومەتی ناوەند کە پێچەوانەی یاسای ١١٢ ی دەستوورە.
.
سێیەم: ماددەی ١٢١، بڕگەی سێیەم – پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی
ئەم ماددەیە مافی هەرێم بە پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتی نیشتمانی دەستنیشان دەکات. بەڵام لە کرداردا، دابەشکردنی بودجە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووەتە ئامرازێکی فشاری سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر.
بە پێی ڕاپۆرت و زانیارییەکانی حکومەتی هەرێم، لە ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ حکومەتی فیدراڵی مووچەی تەواوی ١٢ مانگی هیچ کام لەو سێ ساڵەی بە تەواوی دابین نەکردووە. هەولێر لە بەرامبەردا بانگەشەی ئەوە دەکات کە داهاتی نانەوتی خۆی گواستووەتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بەڵام مافی دارایی خۆی بە تەواوی وەرنەگرتووە.
پرسیاری یاسایی ئەوەیە: ئایا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مافی دەستووری نیە؟ ئایا نابێت بە هەمان شێوەی مووچەی فەرمانبەرانی بەسرە و بەغدا و پارێزگاکانی تر دابین بکرێت؟ زۆرێک لەهاوڵاتیان و نوخبەی سیاسی ئۆپۆزسیۆن زۆرجار تەفسیری هەڵەیان بۆ پێدانی موچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کردوەو بەخەڵکیان راگەیاندوە حەق نیە بغداد موچە بداتە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و هەناردەدەکات. ئەم تێگەیشتنە تەواو پێچەوانەی دەستووری عێراقە کەلەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوە کە ئەم ماددەیە مافی هەرێم بە پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتی نیشتمانی دەستنیشان دەکات. کەواتە حەقی خۆیەتی و خێری پێناکرێت کە موچەی فەرمانبەرانی بەپێی دەستوور بۆ رەوانە بکرێت چونکە حکومەتی ناوەندی بەردەوام خۆی بەخاوەنی تەواوی عێراق دەزانێت و بریارە نوێیەکانی حکومەتی عێراق ئەوراستیە دەسەلمێنێت. کەواتە ئێمە بۆ ئەو مافەی خۆمان وەرنەگرین، تاوەکو ئێستا لەرووی سیاسی و دەستووریەوە لەناو عێراقین پەیرەوکردن لەمافە دەستووریەکان نەخێر پێکردنە نە پارانەوەو چاو لەدەست بوونی حکومەتی ناوەندە. کەچی حکومەتی عێراق پەیرەوکردنی ئەو مافەی وەکو کارتی فشار لەسەر هەرێم بەکارهێناوە.
چوارەم: ماددەی ١٠٥ – نوێنەرایەتی هەرێم لە دامەزراوە فیدراڵیەکان
بەپێی ئەم ماددەیە دەبوایە دامەزراوەیەکی فیدراڵی هەبوایە بۆ دڵنیابوون لە بەشداری دادپەروەرانەی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە فیدراڵیەکان، نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکان و کاروباری دەوڵەت. ئەم ماددەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی فیدراڵی گرنگە، بەڵام دامەزراوەکەی پێویستی بە یاسا و میکانیزمی جێبەجێکردن هەیە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا سەرۆک وەزیران بۆ لەوماددە دەستوریە ناپرسێتەوە ئەگەر مەبەستی جێبەجێ کردنی یاساو سەروەری یاسایە بۆ ئەوەی تەوازنێک لەنێوان دەسەڵاتەکانی هەرێم و ناوەند درووست بکات. راستیەکە لەوە تاڵترە کە بەرووکەش دەبیندرێت و ئیدیعای بۆ دەکەن؛ چونکە تەواوی حکومەتەکانی عێراق خۆیان دەبوێرن لەمافە دەستووریەکانی هەرێم و دەیانەوێت هەیمەنەو هەژموونی ناوەند لەسەر هەرێم زیاتر بکەن تا ئەوحەددەی کە هێزی سەربازیشیان لەدژی هەرێم لە ٢٠١٧ بەکارهێناوە.
پێنجەم: ماددەی ١٠٦ – کۆمیسیۆنی دابەشکردنی داهاتی فیدراڵی
ئەم ماددەیە دامەزراوەیەکی گشتی بۆ پشکنین و دابەشکردنی داهاتی فیدراڵی دیاری دەکات.
ئەرکی ئەم دامەزراوەیە دەبوو:
• دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات.
• چاودێریکردنی شێوازی بەکارهێنانی سەرچاوە دارایەکانی عێراق.
• دڵنیابوون لە شەفافیەت لە دابەشکردنی پارە بۆ هەرێم و پارێزگاکان.
ئەم دامەزراوەیە بە پێی دەستوور دەبێت بە یاسا دروست بکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوی ئەم ماددەیە و دامەزراندنی میکانیزمێکی کارای دابەشکردنی داهات هێشتا کێشەیەکی بنەڕەتیە و هەربوونی نیە. ئەمە گرنگترین بابەتی شەفافیەت و دادپەروەریە دەربارەی داهات و داباشکردنی. پێویستە حکومەتی هەرێم بزانێت داهاتی عێراق چەندەو چۆن دابەشدەکرێت و پشکی دەستووری خۆی چەندە تاوەکو ئەویش بەشەفافیانە داهاتی خۆی بۆ حکومەتی عێراق بەردەست بکات.
بەداخەوە ئەو دامەزراوە گرنگە بوونی نیەو هیچ چاودێریەک نیە بەسەر داهاتی گشتی عێراق و کەسیش نازانێت چۆن دابەشدەکرێت. کەچی هەمیشە لەسەر بودجەی هەرێم کێشە دروست دەکەن و وەکو کارتی فشاری سیاسی بەکاری دەهێنن.
شەشەم: ماددەی ٩ – قەدەغەکردنی میلیشیا لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان
ئەم ماددەیە بە ڕوونی پێکهێنانی میلیشیا لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق قەدەغە دەکات. بەڵام لە کرداردا هەندێک گرووپی چەکدار بەهۆی نفووزی سیاسی و ئابووریەوە، بە ئاسانی ملکەچی یاسا و بڕیارەکانی حکومەت نابن.
ئەمەش پرسیارێکی گەورە دروست دەکات: ئەگەر حکومەتی عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی ٩ ناتوانێت بە تەواوی سەرکەوتوو بێت، چۆن دەتوانێت بانگەشەی جێبەجێکردنی یاسا بە یەک شێوە لە هەموو عێراق بکات؟
٥. بڕیارەکانی زەیدی؛ پاراستنی سامان یان گۆڕینی هاوسەنگیی دەسەڵات؟
بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەکانی زەیدی، پێویستە لە دوو لایەنی جیاوازەوە شرۆڤەیان بکەین.
لایەنی یەکەم: ئەو بەڵگانەی کە حکومەتی ناوەندی پشتیان پێدەبەستێت
حکومەتی زەیدی دەڵێت لە راپۆرتێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەدەرەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و گشتگیردا لە قاچاخی نەوت، دۆخی نائاسایی و دزینی سامانە گشتیەکانی ئاشکرا کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لەو لێکۆڵینەوەیەدا تۆڕێکی قاچاخی نەوت ئاشکرا کراوە کە پەیوەندی بە بەرپرسان و گرووپە چەکدارەکانەوە هەبووە و ئەو گرووپە قازانجی سەدان ملیۆن دۆلاریان لە بەتەڵانبردنی نەوت دەستکەوتوە. بەڵام ڕۆیتەرز خۆی هەموو وردەکاریەکانی ئەو تۆڕەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە ڕووی یاساییەوە، حکومەتی فیدراڵی مافی هەیە:
• لە قاچاخی نەوت لێکۆڵینەوە بکات.
• بەرپرسانی گومانلێکراو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.
• داهاتی نایاسایی بگەڕێنێتەوە.
• سنوورە نێودەوڵەتیەکان بپارێزێت.
• چاودێریی داهاتی گشتی و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان بکات، لە چوارچێوەی دەستووردا.
•
ئەمە دەسەڵاتێکی دەستووریە و رەتکردنەوەی ئاسان نابێت. بەڵام دەیان پرسیار لەدوای ئەو جێبەجێکردنەوە هەیە؛ ئایا ئەوداهاتە بۆکوێ دەگرێتەوەو کێ چاودێری دەکات. لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوە کە لەنەبوونی دەزگایەکی فیدراڵی هەرێمەکان بۆچاودێری دارایی و داهاتی عێراق، هەرێم ئاگادار نیە چۆن و چەند داهاتی عێراقەو دابەش دەکرێت.
لایەنی دووەم: هەڵسەنگاندنی سیاسی و دەستووری بڕیارەکان، ئایا پێویستن...
پرسیارەکە ئەوە نیە کە ئایا بەغدا مافی چاودێریی نەوت و سنووری هەیە یان نا؛ بەڵکو ئەوەیە: ئایا ئەم چاودێریە دەبێت بە شێوەیەک ئەنجام بدرێت کە دەسەڵاتی دەستووری هەرێم لەناوببات؟
بڕیارەکانی زەیدی کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دەرچون، سێ بابەتی هەستیار لەخۆدەگرن:
1. گواستنەوەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنووریەکانی هەرێم بۆ دەزگای فیدراڵی.
2. سنووردارکردنی مافی هەرێم لە پەسەندکردنی هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان.
3. دانانی مەیدانە نەوتیەکانی چوار پارێزگا لە ژێر بەڕێوەبردنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، هەرچەندە لە هەندێک لەو ناوچانەدا هێزەکانی هەرێم دەسەڵاتی ئەمنیان هەیە.
ئەمانەی سەرەوە لایەنی یاسایی بریارەکانن، بەڵام ئەمە تەنها پرسی یاسایی و چاودێری نیە؛ پرسی لەناوبردنی سیستەمی فیدراڵی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە و کۆنترۆلکردنەوەی ئەو ناوچانەیە کە بەجێگای ناکۆک ناوزەند کراون. بەپێێ دەستوور پێویستە جێگاناکۆکەکان کە لەدەستووردا هاتوە دەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و عێراق بەرێوەببرێن. ئایا حکومەتی عێراق ئەمەی کردوە؟ بێگومان نەخێر، بەڵکو رێگاشی نەداوە دەسەڵاتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لەوناوچانە جێگیربکرێن. کەواتە ناوەرۆکی بریارەکان روون و ئاشکران و پێویستە هەمیشە لەرووی سیاسی ئەمنیشەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت.
٦. ڕۆڵی دادگای فیدراڵی؛ پارێزەری دەستوور یان بەشێک لە ناکۆکی سیاسی؟
دادگای فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە. بە پێی ماددەی ٩٣، ئەرکەکانی لە هەشت بواردا خۆیان دەبیننەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
• لێکدانەوەی دەستوور.
• چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان.
• چارەسەرکردنی ناکۆکیی یاسایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمیەکان.
• یەکلایکردنەوەی ناکۆکیی دەسەڵاتەکان.
ماددەی ٩٤یش دەڵێت بڕیارەکانی دادگا کۆتایی و پابەندن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان . ناکۆکی ومشتومری یاسایی زۆرهەیە لەسەر پێکهاتەی ئێستای دادگاکەو دەرچونی بریاردانی. ماددەی ٩٢ی دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە بەشداری دادوەران، پسپۆڕانی فقهی ئیسلامی و شارەزایانی یاسایی دەکات، بەڵام یاسای هەمواری ٢٥ی ساڵی ٢٠٢١ پێکهاتەی دادگاکەی لەسەر بنەمای دادوەرانی پلەی یەکەم ڕێکخست.
لە ماددەی ٩٢ ی دەستوور دیاری کراوە کە چۆن یاسای پێکهاتە و کارکردنی دادگای فیدراڵی دەردەکرێت و کێ دەتوانێت ئەویاسایە دەربکات. بەپێی هەمان ماددە، دەبێت یاسای دادگای فیدراڵی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، لە کاتێکدا هەمواری ٢٠٢١ بە شێوەیەکی جیاواز پەسەند کراوە. بۆیە توێژینەوە و مشتومڕی یاسایی لەسەر گونجانی هەمواری ٢٠٢١ لەگەڵ ماددەی ٩٢ی دەستوور هەیە.
بۆیە هەمیشە کێشەی یاسایی و سیاسی لەسەر بریارەکانی ئەودادگایە هەیە. ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویداوە، هۆکاری دروستبوونی پرسیار و ڕەخنەی سیاسی و یاساییە لەسەر شێوازی کارکردنی ئەم دادگایە. لێرەدا تەنها ئاماژە بەچەند بریارێکی گرنگی ئەودادگایە دەکەین کە چەند لایەنگیری سیاسی پێوەدیار بوەو نەیتوانیوە بێلایەنی خۆی بپارێزێت.
یەکەم: بڕیاری ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێم
دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بەنادەستووری وەسف کردو ڕاگەیاند. بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە، ئەوەیە کە چۆن هاوسەنگیی نێوان ماددەی ١١١، ١١٢ و ١١٥ لە لێکدانەوەی ئەم دادگایەدا پارێزراوە و بۆچی یاسایەکی فیدراڵی هاوبەش و گشتگیر نەبووە کە ئەو ناکۆکیەی بە تەواوی چارەسەر بکات.
هەروەها حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم ئەو بڕیارەیان بە ڕووی دەستووریەوە ڕەت کردووەتەوە و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دەسەڵاتی نەوت و گازی هەرێم هەیە.
دووەم: بڕیارەکانی مووچە و بودجەی ساڵی ٢٠٢٤
لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، دادگای فیدراڵی بڕیارێکی دەرکرد دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دابینکردنی مووچەکان لە ڕێگەی بانکە فیدراڵیەکانەوە. هەروەها داوای گواستنەوەی هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بۆ خەزێنەی فیدراڵی کرد.
لە ڕووی مافی فەرمانبەرانەوە، دابینکردنی مووچە بە شێوەیەکی بەردەوام مافێکی دەستووریە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە دڵنیایی لەوەش بکرێت کە ئەو بڕیارە نابێتە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دارایی و ئیداریی هەرێم.
سێیەم: کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠
ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە دادگای فیدراڵی لە ٢٠١٩دا ڕایگەیاند ماددەی ١٤٠ هێشتا بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا چارەسەری کۆتایی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە. ئەمە نموونەیەکی گرنگە بۆ جیاوازی نێوان دەرکردنی بڕیاری دادگایی و جێبەجێکردنی لەسەر زەوی.
چوارەم: بڕیاری ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
ئەمە تازەترین گۆڕانکاریە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە داواکاری زەیدیەوە هەیە. دادگای فیدراڵی لە بڕیاری ژمارە ٢٦٨/فیدراڵی/٢٠٢٦دا لێکدانەوەی ماددە دەستووریەکانی پەیوەندیدار بە سنوور، گومرگ و نەوتی کرد. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەو دادگایە لە ماوی تەنها چەند کاتژمێرێک تەواوی بابەتەکانی لێکدایەوەو وەڵامی زیدی دایە. لەکاتێکدا دۆسیەهەیە چەندین ساڵی خایاندوە هەتە لێکدانەوەیان بۆ کردوە. ئەم بانێک و دووهەوایە لەسیاسەت و بریارەکانی دادگای فیدراڵی هیچ گومانی نەهێشتۆتەوە کە بریارەکانی سەربەخۆو بێلایەنین. لە نوێترین بریاری دادگاکەدا لێکدانەوەی بۆ بریارەکانی زەیدوی کردوە. بە کورتی، دادگا:
• پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتیەکانی بە دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵی داناوە.
• مافی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی دەزگاکانی دەروازە سنووریەکانی بۆ بەغدا پشتڕاست کردووەتەوە.
• دەسەڵاتی فیدراڵی لە چاودێری و پشکنینی کارەکانی نەوت و گاز جەخت کردووەتەوە.
• لەسەر سنووری جوگرافیایی دەسەڵاتی هەرێم لێکدانەوەی کردووە.
بڕیارەکە بە زۆرینە دەرچووە و دوو ئەندامی دادگا کە کوردن لەگەڵی هاوڕا نەبوون. لەهەمان کاتدا، بریارەکانی زەیدی پێویستیان بەدادگای فیدراڵی نەبوو چونکە دەستوور زۆر روونە لەسەر ئەوبابەتەو پێویست ناکات لێکدانەوەی یاسایی بۆ بکرێت. چونی بریارەکە بۆ دادگای فیدراڵی بێ هۆکار نیە و کۆمەڵێک ئەجێندای سیاسی و یاسایی لەدوای بابەتەکەوەیە کە چەندانێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان درکی پێدەکەن و چەندانکێش لەبەر ئەوەی سیاسەتەکە نادیارە و لە ئێستادا بەچاو نابیندرێت، بۆیە ئەستەمە هەتا لێککەوتەکانی نەبینرێت، ئەوچەندانە هەست بەزیانی ئەو بریارەانە ناکەن.
لێرەدا خاڵێکی یاسایی گرنگ هەیە کە دەبێت خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان بیزانێت کە دادگای فیدراڵی لە هەمان بڕیاردا دەبێت دەسەڵاتە هاوبەشەکان و مافی دەستووری هەرێمیش بپارێزێت؛ چونکە ماددەی ١١٤ و ١١٥ و ١٢١ هەر بەشێکن لە هەمان دەستوور.
ئەگەر دادگا لە لێکدانەوەی دەستووردا تەنها ماددەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێز بکات و لە بەرامبەردا ماددەکانی دەسەڵاتی هەرێم وەک بنەمایەکی هاوسەنگی فیدراڵی بە هەمان گرنگی نەبینێت، ئەوا دەتوانێت لە کرداردا هاوسەنگیی دەستووری تێکبدات.
٧. ئایا زەیدی خەونی ناوەندگەرایی و یەکخستنەوەی دەسەڵاتەکان دەبینێت؟
بۆ تێگەیشتن لە ئاراستەی سیاسیی زەیدی، دەبێت سێ بابەت لە یەک جیا بکەینەوە.
یەکەم: سەروەری دەوڵەت
بریارەکانی زەیدی چەند لێکدانەوەیەکی جیاوازی لەناوەندەکانی بریاردان لەسەرتاسەری جیهان بۆدەکرێت. لە بڕیارە نوێیەکانی خۆیدا زەیدی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ دەسەڵاتێک نابێت لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دەستوور کار بکات. لە ٢٦ی تشرینی دووەمیشدا لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی ئەورووپا، ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی لە بڕیارەکانی سەبارەت بە سنوور و نەوت پاشەکشە ناکات و دژی ئەوەیە کە چەکدار لە دەرەوەی دەستوور هەبێت.
کەواتا بریارەکانی زەیدی لەروانگەی دەوڵەتداری و سەروەری یاساوە پشتگیریەکی زۆری هەیە تەنانەت سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکی (ئیکسدا) پشتگیری لەهەنگاوەکانی زەیدی کرد. ئەگەر نیەتی سیاسی زەیدی لەچوارچێوەی یاساو سەروەری دەوڵەتەوە بێت، ئەمە دەتوانێت وەک هەوڵێکی حکومەت بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتداری و کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان لێکبدرێتەوە.
دووەم: کۆکردنەوەی دەسەڵات لە بەغدا
لە هەمان کاتدا، کاتێک دەسەڵاتی دەروازە سنووریەکان، نەوت و چاودێریی داهات بە شێوەیەکی فراوان دەگوازرێنەوە بۆ حکومەتی ناوەندی، ئەوا پرسیاری ناوەندگەرایی بە شێوەیەکی جدی دروست دەبێت.
ڕاپۆرتی ڕۆیتەرزی ٢٤ی تشرینی دووەم ئاماژە بەوە دەکات کە هەنگاوەکانی زەیدی دەسەڵاتی بەغدا لەسەر سامان و دەروازە سنووریەکان بەهێزتر دەکەن و لە هەمان کاتدا مەترسیی توندبوونی ناکۆکی لەگەڵ هەرێم زیاد دەکات. بەڵام ناتوانین بە بێ دەرەنجامەکانی کۆتایی بریارەکان لە چەند رۆژ و مانگی داهاتوو بڵێین هەموو ئەو هەنگاوانەی زەیدی تەنها بۆ لەناوبردنی فیدراڵیزمە پەیوەندی بەسەروەری یاساو سەروەری دەوڵەتەوە نیە. بەڵام هەرهەنگاوێک و بریارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق یان زەیدی پێویستە کردار و جێبەجێکردنیان لەگەڵ دەستوور بگونجێت. بۆ تێگەیشتنی زیاتر دەبێت لەگەڵ دەستوور بەراورد بکرێت. جێبەجێ کردنی یاسا نابێت پێچەوانەی سیستەمی فیدرالیزم بێت.
سێیەم: ئایا هەوڵی یەکخستنەوەی عێراق بە مانای لەناوبردنی فیدراڵیزمە؟
یەکخستنەوەی عێراق و پاراستنی سەروەریی دەوڵەت دەکرێت لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی هاوکات بن. بەڵام ئەگەر مەبەست لە یەکخستنەوە ئەوە بێت کە:
• هەموو بڕیارەکان لە بەغدا بدرێن.
• هەموو داهاتەکان بەبێ ڕێککەوتنی هاوبەش لە بەغدا کۆبکرێنەوە.
• دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنیی هەرێم سنووردار بکرێت.
• مافی دەستووری هەرێم لە پەروەردە، یاسادانان، ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەبردن کەم بکرێتەوە.
• دامەزراوە فیدراڵیەکان دروست نەکرێن.
• یاسای نەوت و گاز بەردەوام پشتگوێ بخرێت.
• ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت.
• قوتی خەڵک لە بودجەی هەرێم وەکو کارتێکی فشار بەکاربهێنرێت.
• رێژەی کورد لەدام و دەزگا فیدراڵیەکان و مەنزومەی سەربازی و هەواڵگری و ئەمنی عێراق کەم بکرێتەوەو نەهێلدرێت.
• نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لەناو سەفارەت و قونسڵیەکان لەدەرەوە نەهێڵێت.
• شایستە داراییەکانی هەرێم و پارێزگاکان لە داهاتی عێراق نەنرێت و بیان برێت.
• نوێنەرانی کورد لە دانیشتنە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ وەفدی عێراق بەشداری پێنەکات.
• ماددە دەستوریەکانی تری دەستوور جیبەجێ نەکرێن.
ئەوا ئەوکات هەربریارێک لەهەر بوارو ئاراستیەکەوە بدرێت دەچێتە ئاراستەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەند و سیستەمی فیدراڵیزم بەهیچ شێوەیەک مانای لەکردارو ئەرزی واقیعدا نامێنێت. بەڵام ئەگەر بریارەکانی زەیدی بەو مەبەستانەی سەرەوە نەبێت، بێگومان کاریگەری لەسەر سیستەمی فیدرالیزم نابێت.
٨. ئایا زەیدی دەتوانێت بریاری ناوەند لەدەرەوەی دەستوور بە سەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت؟
ئەم پرسیارە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکی سیاسی، دەستووری و ئەمنیەوە هەیە. لەهەمان کاتدا پەیوەندی بە رێککەوتنە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانەوە هەیە. یاخود راستەو خۆ پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی عێراق لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانێتی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. وەپەیوەندیشی هەیە بە هاوپەیمانێتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران. لەراستیدا هەموو ئەو هاوپێمانێتیانە هاوکێشەی سیاسی لە عێراق دەگۆرن و کاریگەریان لەسەر بریارەکانی زەیدی و جێبەجێ کردنیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.
یەکەم: دەستووری عێراق
زەیدی ناتوانێت بە فەرمانی سەرۆک وەزیران دەستوور بگۆڕێت یان ماددەکانی ١١٥، ١١٧ و ١٢١ هەڵبوەشێنێتەوە. گۆڕینی دەستوور پێویستی بە ڕێکاری تایبەتی ماددەی ١٢٦ هەیە، نەک تەنها بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران.
دووەم: هەڵوێستی حکومەتی هەرێم
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڕیارەکانی بەغدای ڕەت کردووەتەوە و داوای پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کردووە، بە تایبەتی ماددەی ١٤٠ و مافەکانی هەرێم لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا.
سێیەم: دۆخی سیاسیی ناوخۆی کوردستان
یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکان دۆخی ناوخۆی هەرێمە. ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسیە کوردیەکان و نەبوونی حکومەتێکی نوێی تەواو لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢٤، دەکرێت کاریگەری لەسەر توانای هەرێم بۆ یەکخستنی هەڵوێستی سیاسی و دەستووری خۆی هەبێت. ئەوبابەتە لە ڕاپۆرتی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئەیلوولی ٢٠٢٦یش ئاماژەی بەو دۆخە کردووە.
چوارەم: هێزە سیاسی و چەکدارەکانی عێراق
زەیدی لە هەمان کاتدا کە هەوڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەرێم دەدات، ڕووبەڕووی گرووپە چەکدار و تۆڕە سیاسیە بەهێزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبێتەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم گرووپانە هەندێکیان پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و ووڵاتی ئێرانەوە هەیە و مامەڵە کردن لەگەڵیان ئاسان نابێت. نمونەی زیندوش ئەو مانۆرە سەربازیەی جزف الصخر بوو کە حکومەتی عێراقی نەیتوانی لەرووی سەربازیەوە دەستبگرێت بەسەر ئەو ناوچەیەو لەژێر کۆنترۆڵی کەتیبەی حیزبوڵڵای دەربهێنێت.
پێنجەم: هاوپەیمانێتی هەرێمی و نێودەوڵەتی
هاوپەیمانی سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، و پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کاریگەریەکانی ئێران لەسەر بڕیارەکانی بەغدا، دەبنە بەشێک لە هاوکێشەی نوێی سیاسی عێراق. ئەمریکا لە لایەکەوە پشتیوانی لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و کۆنترۆڵکردنی چەک دەکات، بەڵام لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا دووبارە پشتگیری خۆی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر ڕاگەیاندووە. لە بەرامبەردا، ئێران هەوڵ دەدات کاریگەریی خۆی لەسەر گرووپە چەکدارەکان و هاوکێشەی سیاسی بەغدا بهێلێتەوە و بپارێزێت. بۆیە عەلی زەیدی ناچارە لە نێوان هاوپەیمانێتی لەگەڵ واشنتن، کاریگەریی تاران و پابەندبوون بە دەستووری عێراق هاوسەنگی دروست بکات؛ ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مامەڵەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە ڕووی دەستووریەوە، هیچ هاوپەیمانێتیەکی دەرەکی ناتوانێت مۆڵەت بە زەیدی بدات مافە دەستووریەکانی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە یان بڕیارێکی دەرەکی بەسەریدا بسەپێنێت. ماددەکانی ١٠٩، ١١٠، ١١٥ و ١٢١ی دەستووری عێراق سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی و مافەکانی هەرێم دیاری دەکەن. بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، وەک هەوڵی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنووریەکان و نەوت و گاز، نیشان دەدات کە هاوکێشەی هاوپەیمانێتیەکان دەتوانێت فشارێکی سیاسی و ئەمنی زۆر لەسەر هەرێم دروست بکات. لە کۆتایدا، پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە: ئایا زەیدی دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووردا هاوسەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر بپارێزێت، یان هاوپەیمانێتیە دەرەکیەکان دەکاتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی؟
بە پێی ئەوەی تاوەکوو ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ڕووی داوە، نیشانەکانی کردەوەی حکومەتی عەلی زەیدی زیاتر بەرەو بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ستراتیژیەکان دەچن، نەک تەنها پاراستنی هاوسەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر. لێرەدا چەند خاڵێک گرنگن کە باسیان بکەین بۆ تێگەیشتن لەوهاوکێشانە:
1. هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا: پشتگیریی دۆناڵد ترەمپ لە سیاسەتی زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوت، سنوورەکان و چەک، دەرفەتێکی سیاسی و دیپلۆماسی بە حکومەتی ناوەندی دەدات. ئەمە دەتوانێت فشار لەسەر هەرێم زیاد بکات، بە تایبەتی لە کێشەی نەوت و داهاتەکاندا.
2. هاوکێشەی ئێران: زەیدی لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات دەسەڵاتی گرووپە چەکدارە پەیوەستەکان بە ئێران سنووردار بکات. ئەو هەوڵەی زەیدی بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتی عێراق و ئەمریکا و پشتگیریەکانیەتی بۆ بریارەکانی؛ ئەگینا زەیدی ناتوانێت دژی ئێران و سیاسەتەکانی لەناو عێراق بوەستێتەوە. بۆیە چەند هەنگاوێکی سنورداری بە ئاگاداری ئێران لەدژی ئەوگرووپە چەکدارانە لە جزف الصخر گرتەبەر کە هاوپەیمانی ئێرانن بەڵام هیچ کاریگەریەکی سیاسی و ئەمنی و کۆنترۆلکردنی ئەو ناوچەی ژێردەستی ئێرانی لێ نەکەوتەوە.
3. مەترسی بۆ فیدراڵیزم: گواستنەوەی کۆنترۆڵی هەندێک دەروازەی سنووری و نەوت بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی، پرسیاری جدی لەسەر سنووری دەسەڵاتی هەرێم دروست دەکات. بەڵام ئەمە دەبێت لە ڕووی دەستووریەوە هەڵبسەنگێندرێت، نەک تەنها بە ناوی یەکپارچەیی عێراق پاساو بدرێت.
4. هەڵسەنگاندنی سیاسی: تا ئێستا ناتوانین بە دڵنیایی بڵێین زەیدی بڕیاری داوە مافە دەستووریەکانی هەرێم پێشێل بکات؛ بەڵام کردارەکانی نیشان دەدەن کە لە ئێستادا مەبەستیەتی دەسەڵاتی ناوەندی بەشێوەیەکی گشتی لەسەر هەرێم زیاد بکات و بریارەکان بەرەو ناوەندگەری بەرێت.
بۆیە پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا ئەمریکا پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی دەکات، یان پشتیوانی لە حکومەتێکی ناوەندی دەکات کە بە ناوی یەکپارچەیی عێراق دەسەڵاتی هەرێمەکان کەم دەکاتەوە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەش لێکدانەوەمان بۆ لێدوانەکانی ئەمریکاو سیاسەتەکانی لەچەند رۆژی رابدروودا کردوە. بە پێی دوا ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەڵامی فەرمی واشنتن ڕوونە:
ئەمریکا پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵی دەکات، نەک عێراقێکی ناوەندی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و گەشەسەندوو دەکات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە پێی دەستووری عێراق بێت.
بەڵام بەکرداری سیاسی جیاوازیەک هەیە لە نێوان سیاسەتی فەرمی ئەمریکا و پشتیوانیەکەی لە هەندێک هەنگاوی عەلی زەیدی. دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی لە هەوڵەکانی زەیدی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی نەوت و سنوورەکان و یەکخستنی چەک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت کردووە. ئەمە دەتوانێت بەغدا بەهێز بکات، لەرووی سیاسیەوە پشتگیری دۆناڵد ترەمپ بۆ بریارەکانی زەیدی بە پاشگەزبوونەوە لەسیستەمی فیدرالیزم دادەندرێت.
لەراستیدا ئەمریکا لە رواڵەت و قسەکردندا پشتیوانی فیدراڵیزمە، بەڵام لە کردەوەدا پشتیوانی لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقیش دەکات. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەم بەهێزکردنە لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت، یان دەبێتە هۆی گۆڕینی فیدراڵیزم بۆ سیستەمێکی ناوەندی؟
لەبەر ئەوەی سیاسەتی ئەمریکا ئالۆزەو لێدوانەکانیان لێلکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت، ئەستەمە بزاندرێت سیاسەتی گشتی ئەمریکا بەروونی چیەو پشتیوانی راستەقینە لە مافەدەستووریەکانی هەرێم و سیستەمی فیدراڵیزم دەکات یان پشتیوانی لە دەوڵەتێکی بەهێزی مەرکەزی عێراقی دەکات کە لەگەڵ دەستووری عێراق و سیستەمە سیاسیەکەی ناگونجێت. تێگەیشتنی من بۆ سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لە عێراق ئەوەیە کە مامەڵە لەگەڵ سیاستی دیفاکتۆ دەکات.
دەرەنجامی سیاسی و دەستووری بریارەکانی زەیدی
لە بەراوردی نێوان دەستووری عێراق و بڕیارەکانی زەیدی، چەند ڕاستیەکی گرنگ دەردەکەوێت:
1. بەغدا مافی دەستووری هەیە سەروەری عێراق، سنوورە نێودەوڵەتیەکان و سامانە گشتیەکان بپارێزێت.
2. هەرێمی کوردستانیش مافی دەستووری هەیە دەسەڵاتە جێبەجێکاری، یاسادانان و دادوەریەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
3. ماددەی ١١٢ پێویستی بە هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات دەکات.
4. ماددەی ١٤٠ و ١٠٥ و ١٠٦ و مافی دارایی هەرێم هێشتا بە تەواوی چارەسەر و جێبەجێ نەکراون.
5. کێشەی گرووپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی قاچاخی نەوت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق نیشانەی ئەوەیە کە جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا دەبێت لە هەموو عێراقدا یەکسان بێت.
6. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بەرێوەبردن و دەرچواندنی بریارەکانی ئەودادگایە مشتومری دەستووری لەسەرەو پێویستە بەپێی دەستوور ئەودادگایە رێکبخرێتەوە. پێوسیتە دادگا خۆی دووربگرێت لە بریارەسیاسیەکانی حکومەت و نەبێتە ئامرازی بەیاسایی بوونی بریارەکانیان. لێکدانەوەی ئەودادگایە نابێت بەپێچەوانەی دەستوور و رێکارەیاساییەکان و پەیرەوی ناوخۆی ئەودادگایە بێت. ناکرێت ئەودادگایە بە شێوەیەک لێکدانەوە بۆ بریارەکان و دەستوور بکات کە سیستەمی فیدراڵیزم و دەسەڵاتەکانی هەرێم کە لەدەستووردا هاتوون بێبایەخ بکات و یاساکانی هەرێم بەنایاسایی نیشانبدات.
کۆتایی
ناتوانرێت لە ئێستادا بە شێوەیەکی تەواوو دڵنیا پێشبینی بکرێت کە زەیدی دەتوانێت سیستەمی عێراق بگۆڕێت یان هەموو ئامانجە سیاسیەکانی بەدی بهێنێت. بەڵام هەنگاوەکانی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا نیشان دەدەن کە حکومەتەکەی دەیەوێت بریارەکانی ناوەند بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت و هەیمەنە و دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی بۆ هەموو عێراق بگەرێنێتەوە.زەیدی وا هەنگاو دەنێت کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی نەبێت و هەرێمی کوردستانیش وەکو پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. رووئیای سیاسی زەیدی فیدراڵی نیە تاوەکو کاربکات لەپێناو فیدرالیزم و چەسپاندنی دەستوور لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا.
کێشەکە لێرەدایە کاتێک زەیپێشنیار کرا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەبوایە هێزە سیاسیە کوردیەکان پێشەکی لەگەڵی دابنیشن و مامەڵەی ئەوەی لەگەڵدا بکەن کەچی دەکات بۆ سیستەمی فیدرالیزم و جێبەجێ کردنی و ئەو ماددە دەستووریانەی کە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دایە. کاتێک ئەمەیان نەکرد بێگومان لە بریارەکانیشی شۆک مەبن و هەمیشە مەترسیتان لە هەنگاوەکانی داهاتوویدا هەبێت.
ئەوەی لە ڕووی دەستووریەوە گرنگە ئەوەیە کە پاراستنی سەروەریی عێراق نابێت ببێتە بیانوو بۆ لاوازکردنی فیدراڵیزم، هەروەها پاراستنی فیدراڵیزمیش نابێت ببێتە بیانوو بۆ بێبەریبوون لە لێپرسینەوە لەسەر نەوت و داهات و سامانە گشتیەکان.
بۆیە، پێوەری سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتی زەیدی ئەوە نیە کە چەند بڕیار لە دژی هەرێم دەردەکات؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت هەمان دەسەڵات و هەمان یاسا بەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق، بەبێ جیاوازی، جێبەجێ بکات؟
ئەگەر لە بەسرە و بەغدا و دیالەش هەمان ئاستی چاودێری و لێپرسینەوە هەبێت و لە هەمان کاتدا مافە دەستووریەکانی هەرێم بپارێزرێن، ئەوا دەتوانرێت ئەم سیاسەتە وەک بەهێزکردنی دەوڵەتداری لێکبدرێتەوە. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی تەنها لەسەر هەرێم بەهێز بکرێت و گرووپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی قاچاغچی نەوت و گاز لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هەمان شێوە بەردەوام بن، ئەوا ناکۆکیەکە لەسەر سەروەریی یاسا نامێنێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ناکۆکیەک لەسەر دادپەروەری و هاوسەنگیی دەسەڵات لە عێراق.
دەمەوێت ئەوەبلێم کە عێراق بە یەکخستنەوەی دەسەڵاتەکان لە بەغدا یەکگرتوو نابێت؛ عێراق بە جێبەجێکردنی دەستوور، دادپەروەری، هاوبەشی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان
1. رۆیتەرز – بریارەکانی زەیدی لەسەر نەوت و دەروازە سنووریەکان، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
Iraqi PM cracks down on Kurds' control of oilfields, Kurds reject risky move, (November 24, 2026 and Updated November 25, 2026), Kawa Omar, Zainab Elhaj, Maher Nazih and Maha El Dahan.
https://www.reuters.com/world/middle-east/iraqi-pm-orders-takeover-kurdistan-regions-border-crossings-after-oil-smuggling-2026-11-24/
(accessed 25 & 28 /11/2026)
2. رۆیتەرز- بریاری دەدگای فیدراڵی لەسەر سنوورەکانی هەرێم، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
Iraq's top court says Baghdad can deploy troops to secure borders in Kurdistan region, (November 25, 2026, and updated November 25, 2026), Ahmed Rasheed, Tala Ramadan, Muayad Hameed and Zainab Elhaj.
https://www.reuters.com/world/middle-east/iraqs-top-court-says-baghdad-can-deploy-troops-secure-borders-kurdistan-region-2026-11-25.
(Accessed 26/11/2026)
3. حکومەتی هەرێمی کوردستان- بەڵگەنامەکانی ماددەی ١٤٠ (٢٠٢٥-٢٠٢٦)
Special Documents on Article 140 of the Federal Constitution of Iraq
(2005–2025), (21/02/2026), Kurdistan Regional Government (KRG), Department of Media and Information,
https://gov.krd/dmi-en/publications/news-service/?utm_source=chatgpt.com
(accessed on 26/11/2026).
4. ئاژاننسی پەنابەرانی یەکێتی ئەورووپا- راپۆرتی عەسائبی ئەهلی حەق و قاچاخچێتی نەوت، ٢٠٢٥
Asa’ib Ahl al-Haq militia, (30 September 2025), European Union Agency for Asylum (EUAA),
https://www.ecoi.net/en/file/local/2131104/2025_09_EUAA_COI_Query_Response_Q27_Iraq_Asa_ib_Ahl_al_Haq_AAH_militia.pdf
(Accessed 25/11/2026)
5. داداگای فیدراڵی – بریارەکانی مووچەو هەڵبژاردنی هەرێم، ٢٠٢٤
The Federal Supreme Court Resolves the Salaries and Elections Cases in the Kurdistan Region of Iraq, (28/02/2024), Supreme Judicial Council,
https://www.sjc.iq/view-en.79520/?utm_source=chatgpt.com
(Accessed on 26/11/2026)
6. کتێبخانەی پەرلەمانی بەریتانیا - دۆخی سیاسی عێراق و حکومەتی نوێی زەیدی، ٢٠٢٦
A new president and prime minister for Iraq: What challenges face the country in 2026? (18 September 2026), Philip Loft, House of Common Library, House of Common, UK,
https://commonslibrary.parliament.uk/research-briefings/cbp-10829/?utm_source=chatgpt.com
(Access on 25/11/2026)
7. رۆیتەرز- نارەزایەتیەکان لە هەولێر و دهۆک لە دژی بریارەکانی بەغدا، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
Iraqi Kurds protest against Baghdad leader's moves to assert central control, (26 November 2026), Kawa Omar, REUTERS,
https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-kurds-protest-against-baghdad-leaders-moves-assert-central-control-2026-11-26
(accessed on 26/11/2026)
8. عەرەب نیوز: ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران هۆشداری دەداتە عێراق کە نەبێتە ‘ئامرازی ترەمپ’، (٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)،
Iran’s supreme leader adviser warns Iraq not to become ‘tool of Trump’, (28 November 2026), Arab News, https://arab.news/bf6k3 (accessed 28/11/2026)
9. شفق نيوز- واشنطن: ندعم عراقا اتحاديا وكوردستان مستقرا وتسوية دستورية للخلافات
ندعم عراقا اتحاديا وكوردستان مستقرا وتسوية دستورية للخلافات, (27/11/2026) شفق نيوز,
https://shafaq.com/en/Iraq/US-backs-dialogue-to-resolve-Baghdad-Erbil-dispute (Accessed on 27/11/2026)
10. Al-Jazira: بۆچی ترەمپ پشتگیری لە هەڵمەتی دژە قاچاخچێتی عێراق دەکات؟
Why is Trump backing Iraq’s anti-smuggling campaign?
Baghdad’s push to seize control of smuggling routes, border crossings and oilfields has Washington’s support, (28/11/2026), Heba Habib, Al-Jazira,
https://aje.news/9zdoba (Accessed on 28/11/2026).
11. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق :دەستووری کۆماری عێراق
Constitution of the Iraqi Republic, (21/04/2024), Iraqi Council of Representatives, Media Directorate,
https://iq.parliament.iq/en/wp-content/uploads/sites/3/2024/04/Constitution-of-the-Republic-of-Iraq.pdf?utm_source=chatgpt.com (Accessed on 25/11/2026)
12. Al-Jazira: عێراق فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتیەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد دەدات:
Iraq orders takeover of oilfields in areas under Kurdish control: PM Ali al-Zaidi also orders his government to seize all crossings in the Kurdish region after an oil smuggling inquiry, (24/11/2026), Reuters,
https://aje.news/20rdk1 (Accessed on 24/11/2026).
13. حکومەتی بەریتانیا - ڕێنوێنی: تێبینی لەسەر سیاسەتی وڵاتان و زانیاریەکانیان: ئۆپۆزسیۆن و حکومەت لە هەرێمی کوردستان (KRI)، عێراق، ئەیلولی 2026.
Guidance- Country policy and information note: opposition to the government in the Kurdistan Region of Iraq (KRI), Iraq, September 2026, UK Government,
https://www.gov.uk/government/publications/iraq-country-policy-and-information-notes/country-policy-and-information-note-opposition-to-the-government-in-the-kurdistan-region-of-iraq-kri-iraq-july-2023-accessible?utm_source=chatgpt.com
(Accessed on 25/11/2026)
14. شەفەق نیوز: ئەمریکا پشتگیری لە دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەغدا و هەولێر
US backs dialogue to resolve Baghdad-Erbil dispute, (28/11/2026), Mustafa Hashem, Shafaq News- Washington,
https://www.shafaq.com/en/Iraq/US-backs-dialogue-to-resolve-Baghdad-Erbil-dispute?utm_source=chatgpt.com
PM:11:00:28/11/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی