چیرۆکی توندوتیژیەکان خۆیان ئەدوێن!
شەدە بەشیر
لە کاتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، زیاتر لە واژۆ، چیرۆکی ئازار و لەدەستدانمان دەبیست، هەواڵی ژنانی کوژراو، ژنانی بە سووتان مردوو و منداڵانی بەبێ دایک و تەنیامان بیست.
دووەم رۆژی واژۆ کۆکردنەوە بوو، کوڕێکی گەنج هاتە لای مێزەکەمان و وتی"سێ ڕۆژە ژنێکیان لە نزیک ماڵی ئێمە کوشتووە، بەڵام نازانم بۆ ئێوە ئاگادارن یان نا؟".
زۆری نەبرد، ژنێکی گەنج لەگەڵ کچە چوارساڵەکەی کە بە بیانووی کڕینی میزەڵان هێنابوویە ئەوبەری شەقام، لە بەرامبەر مێزەکەمان وەستا، پرسیاری کرد "ئەم واژۆیە بۆ چییە؟".
پێم وت"دژی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنانە".
هاتە پێشەوەو وتی "نزیکترین هاوڕێم حەفتەیەکە بە سووتان مردووە، هێشتا نازانین خۆی خۆی سوتاندووە یان هاوسەرەکەی سوتاندوویەتی".
پێنوسەکەم بۆ درێژ کرد و وتم"تۆ دەبوو ئێستا لەگەڵمان بوویتایە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ، تا چیتر هاوڕێ و خوشک و کچەکانمان نەکوژرێن و ناچار بە خۆسوتاندن نەکرێن"
پێنوسەکەی لێوەرگرتم و بە ئاخێکی هەڵکێشاو وتی"ئێمە وا زانیمان پیاوەکەی خراپ بووە، بەڵام من داخم لە ماڵی باوکی دێت، ئەگەر لە پشتی کچەیان بوونایە، ئەگەر پشتیوانییان کردبایە، ئەوە هانای بۆ سوتاندن نەئەبردو کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت؟ هاوڕێکەم ماڵی باوکییشی پشتیوانیان لێ نەکرد. ئێستا کوڕەکەی بەبێ دایک ماوەتەوە".
ئەو قسەیەی گێڕانەوەی چیرۆکی هاوڕێیەکی لەدەستچوو نەبوو، زەنگێک بوو بۆ هەموو باوک و دایک و براو خێزانەکان. کچەکانتان لە کاتی قەیران و ناخۆشیدا بە تەنها مەهێڵنەوە، ماڵی باوک دەبێت پەناگەی کچەکانی بێت، نەک شوێنی سەرزەنشت و بێپشتیوانی. هەندێک جار ئەوەی ژنێک پێویستی پێیەتی، خێزانەکەیەتی تەنها کەسێکە باوەڕی پێ بکات، گوێی لێ بگرێت و پشتیوانی لێ بکات، ئەو پشتیوانییە دەتوانێت ڕێگە لە لەدەستدانی ژیانێک بگرێت و یارمەتیدەرێکی زۆر باش بێت بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوە.
دەمەو عەسرێکی درەنگی ئەو رۆژە، من و هاوڕێکانم لە سەرما خۆمان پێچابووەوە، بەڵام هێشتا بەردەوام بووین لە بانگەوازکردن بۆ واژۆی زیاتر، لەو کاتەدا گەنجێکی لاواز بە چاکەتێکی تەنک و جگەرەیەکەی دەستی هاتە لای مێزەکانمان دیار بوو ئەویش وەک ئێمە سەرمای بوو، دەستەکەی تری خستبوە گیرفانی وەستاو چاوی پڕ لە فرمێسک بوو، بە دەنگێکی لەرزۆک وتی"من هانام بۆ ئێوە هێناوە، ژنەکەم لێم تووڕەیە و ڕێم پێ نادات کچەکەم ببینم، یارمەتیم بدەن".
بەردەوام دەیوت "خەریکە باڵ ئەگرم بۆ کچەکەم"، دانیشی بە هەڵەکانی خۆیدا دەنا، بەڵام نەیدەزانی چۆن دڵی هاوژینەکەی و کچەکەی باش بکاتەوە، وتی "منیش زۆر پیاوێکی باش نەبووم، بەڵام ئێستا نازانم چۆن چاکی بکەمەوە".
ئەو پیاوە هانای بۆ چالاکوانان و رێکخراوەکانی ژنان هێنابوو، دەیزانی هەڵەی کردوەو هاوژینەکەی لێی عادزبوە، بەڵام ڕێگای چاککردنەوەی نەدەزانی. ئەو ساتە بۆ من واتایەکی گرنگ و قوڵی هەبوو، کەهەمیشە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها بە سزادانی تاوانباران کۆتایی نایەت، چونکە کاتێک سزا وەردەگرێت ئەمە بەتەنها بەس نیە بۆ پیاوێکی ئەم کۆمەڵگایە بۆ ئەوەی چاکسازی لەرەفتارو هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیدا بکات، بەڵکو پێویستی بە فێرکردنی بەرپرسیارێتی، گۆڕینی هەڵسوکەوت و فێربوونی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر هەیە.
ئەو ڕۆژە لەسەر مێزی واژۆ، ئێمە تەنها واژۆمان کۆ نەکردەوە، ئازاری دایکێکی لەدەستچوو، داخ و پەشیمانی پیاوێک، هیوای گەنجان و چیرۆکی ژنانێکمان بیست کە دەبوو ژیانێکی جیاوازیان هەبوایەو سەلامەت بونایە، بەڵام ئێستا لەگۆڕدان.
لەنێوان هەموو ئەو چیرۆکە تراژیدیەدا، شتێکیش هەبوو کە دڵی خۆش دەکردم، بەشداریی گەنجان، گەنجانی زۆر بە هەست و بەرپرسیارێتییەوە دەهاتنە لای مێزی واژۆکەمان، واژۆیان کرد و بە ڕوونی دەریان دەبڕی کە دژی کوشتن و توندوتیژین و دژی پیاوسالارین، هەبوو خوشکی نەبوو واژۆی ئەکردو ئەیوت "ئەگەر خوشکم هەبوایە، نەم ئەهێشت کەس خراپ بێت لەگەڵی"، ئەوان تەنها سەیرکەری ئەو دۆخە نەبوون، بەڵکو بەشدارییەکی کارایان لە هەڵمەتەکەدا هەبوو، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لە ناو کۆمەڵگاکەماندا نەوەیەک هەیە کە نایەوێت بەرامبەر کوشتنی ژنان بێدەنگ بێت.
تەنها واژۆیەک ڕەنگە ژیانێک ڕزگار نەکات، بەڵام دەنگێکی کۆکراوە دەتوانێت دەست بە گۆڕینی یاسا، هۆشیاری و کۆمەڵگا بکات، ئێمەش دەمانەوێت دەنگە کەسیەکان بکەینە دەنگی کۆمەڵ. ئامانجی ھەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان بەرپاکردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەو سەراسەریە بەرامبەر کوشتاری ژنان، ئەگەر ئێمە بتوانین دەیان ھەزار واژۆ کۆبکەینەوە یانی توانیمانە ھاوپشتی ھەزاران کەس ڕابکێشین بۆ پشتیوانی لە ھەڵمەتەکەو بۆ کردنی توندوتیژی لە دژی ژنان و کوشتنی ژنان بە دیاردەیەکی نەفرەتلێکراو و قێزەوون.
بۆیە بێدەنگ مەبن، لەگەڵمان بن لە واژۆ کۆکردنەوە و لە ھەنگاوەکانی دواتری ھەڵمەتاکەمان، ھەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، چونکە پاراستنی ژیان، بەرپرسیارێتیی هەموومانە.
PM:10:12:28/11/2026
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی