دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە و چاکسازی (دەرچوون لە قەیران)

‌سه‌رۆ قادر

ئەمە بۆ جاری دووەمە کە لە دوو کەیسی دەستووری لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا، دەوڵەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پشتی عێراق دەگرێت و پشتی هەرێمی کوردستان چۆڵ دەکات، و لە هەردوو کەیسەکەشدا هەرێمی کوردستان بەناچاری پاشەکشەی پێ کراوە؛ یەکێکیان کەیسی ڕیفراندۆم لە 2017، ئەویتریان کەیسی بەناو دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە و ڕێگریکردنە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەلایەن عەلی زەیدییەوە.


پێویستە ئەم دوو ئەزموونە دیراسە بکرێن و لەلایەن سیاسەتمەدارانی کوردستانەوە وەکوو وانەیەکی مێژوویی لەمەودوا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات سوودی لێ ببینرێت. هەرێمی کوردستان بەبێ ئەمەریکا دروست نەبووە، بەبێ ئەمەریکاش نەیدەتوانی بەردەوام بێت؛ و ئێستا لە بەرەوپێشچوونی خۆی و لە گەڕانەوەی سەقامگیریدا، دیسان بەبێ خۆسازدان لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوەڕۆکدا نەک تەنیا لە ڕواڵەتدا، دیسان ناتوانێت بەردەوام بێت، و ئەوە حەقیقەتێکە کە لەبەرچاوی ئێمەیە.

ئەم بۆنەیە تەجرەبەیەکی چەند مانگ لەمەوبەری نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکای بەبیر هێنایەوە؛ کاتێک کە بەبێ ئاگاداریی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ جەنگی لە دژی ئێران ڕاگرت و داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد ئەو فڕۆکانەى کە لە ڕێگا بوون بەرەو ئێران، بۆ ئەوەی بۆردومانی بکەن، دەبێت بیگەڕێنێتەوە و ئەو بۆردومانە نەکرێت. دەوڵەتی ئیسرائیل بەخێرایی فڕۆکەکانی خۆی لە نیوەی ڕێگا گەڕاندەوە، و سەرباری ئەوەی کە ئەمە جۆرێک لە پاشەکشەپێکردن و سەرشکاندنەوەی بۆ دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تێدا بوو، بەڵام بەبێ دوودڵی ئەنجامیان دا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیسرائیل بەبێ ئەمەریکا و بێ هاوکاریی ئەمەریکا ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم نموونەیە لەسەر ئێمەش دوو جار دووبارە بووەتەوە.

بوارێکی دیکە، دەرکەوتنی ڕەوتی سیاسەتی تاکڕەوی و پۆپۆلیستیی لەناو سیاسەت لە کوردستاندا. ئەمە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەچێت پەرتوبڵاوی لەنێوان حزبەکانی کوردستاندا بەردەوامە، و پۆپۆلیزم بۆ کۆکردنەوەی توانایی لە دەوری سیاسەتێکی شمولیدا گەیشتووەتە هەموو کون و کەلەبەری دانیشتووانی ئەم وڵاتە و سەرەنجام هیچ تەبایی و هاوکارییەکیشی لەنێوان حزبە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارەکانی کوردستان نەهێشتەوە؛ بەتایبەتی لەنێوان دوو حزبی سەرەکیدا، بواری پێکەوەکارکردنی نەهێشت، تا گەیشتە ئەوەی کە بەر لە هەفتەیەک هەڕەشەی دروستبوونی دووهەرێمیی کوردستان لەلایەن دوو حزبەوە دەستی پێ کرد.

لەمەشیاندا دەبێت بە باشی ورد ببینەوە کە ئایا لە هەرێمێکی بێ سەروەریدا، کە بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەتوانێت بەردەوام بێت و پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانیشی دەوڵەتانی دیموکراتن، دەکرێت بە حەزی تاکڕەوی و بە بردنی نیزام بەرەو شمولییەت بەردەوام بێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؟ ئەوەی کە تەجرەبە نیشانی داوە و ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی حەقیقی پێمان دەگەیەنێت، ئەوەیە کە نەخێر، بە هیچ شێوەیەک تاکڕەوی و دیکتاتۆری لە هەرێمی کوردستاندا بواری گەشەکردن و مانەوەی نییە.

بۆیە پێویستە زۆر بە قووڵی، لێوردبوونەوەیەکی فیکری و واقیعی لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕووی مەیدانییەوە هەبێت، و لەوە تێبگەین و بیکەینە وانە کە تەنیا بە هاوکاری و بە هاوپەیمانێتیی نێوان حیزبەکان، فەزای سیاسیی کوردستان دەگەشێتەوە و متمانە بۆ ناو میللەتەکە دەگەڕێتەوە. کاتێک کە بە سیاسەتی پۆپۆلیستی و بە هوتافی دیماگۆگی خەڵک سەرقاڵ دەکەین، بەبێ ئەوەی کە گوێ بدرێتە دیاردەیەک کە لەگەڵ ئەوەدا ڕوو دەدات ، واتە هەڵوەرین و نەمانی متمانە لەبەینی هاووڵاتییان خۆیان و لەبەینی کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی ،کاتێک کە ئەم سیستەمە زەبری بەردەکەوێت، یەکپارچەییەکی ئەوتۆ لەنێو وڵاتەکەدا نابیندرێت و ناحەزانی هەرێمی کوردستانیش حیسابێکی زۆر لەسەر ئەم دیاردەیە دەکەن.

لە لایەکی تر، پەرەسەندنی لێڵی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا و نەبوونی ڕوونی لە سیستەمی ئابووریدا، بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتەکە، و پەرەسەندنی گەندەڵی بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە نەک هەر هەموو ڕۆژێک باسی ناو کۆمەڵگای کوردستانە، بەڵکوو سەرەنجام حکوومەتێکی خراپی وەکوو بەغداش توانی بیکاتە ئامانجێک و بیکات بە سەردێڕی کەڕەتێکی دیکە بۆ لاوازکردنی دامودەزگا لە هەرێمی کوردستاندا.

لە لایەکی ترەوە، لە ئەنجامی سیاسەتی خراپی ئابووری و پەرتوبڵاویی سیاسی لە کوردستاندا، ئاستی ژیانی خەڵک — یان بڵێین ژیانی خەڵک — دابەزیوەتە خوارەوەی هێڵی هەژاری، واتە ئاستەکە زۆر نزم بووەتەوە. سووتەمەنی دەست ناکەوێت؛ پارە (دیناری عێراقی) زیاتر لە 100% شکاوە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا؛ گرانییەکی زۆر هەیە و هاووڵاتییان تەنانەت بۆ هاتوچۆکردنیش تێچوویەکی زۆریان تووش دەبێت؛ ئەمە بڵێی یان نەڵێی، جۆرێک لە بێئومێدی و لە ناڕەزایەتی و بێمتمانەیی دیسان لەنێو کۆمەڵگاکە زیاتر دەکات.

پەرتوبڵاویی حیزبەکان، یەکنەگرتنیان، و نەبوون و بەکارنەکەوتنی سەرکردە کاریگەرەکان بۆ ئەوەی کە ئەم دۆخە چارەسەر بکەن و یەکگرتوویی بگێڕنەوە بۆ نێو فەزای سیاسی و بۆ نێو بزووتنەوەی سیاسی و دەرگا بکەنەوە بۆ بەشداریپێکردنی هەمووان بەپێی تواناکانیان، کوردستانی نەک بەهێز نەکردووە، بەڵکوو بە ئەندازەیەک لاوازی کردووە کە ئەمڕۆ ترسی ڕووخان لەلای هاووڵاتییان و دۆستەکانی دروست بووە. بەتایبەتیش بەرەنگارییەکتربوونەوەی دوو حیزبی سەرەکی، نیزامی سیاسیی لە کوردستان بە چۆکدا دا؛ کردیە دوو کەرت و پاش ئەوەش لە دووکەرتییەکەشدا داخیلی قەیرانێکی ئابووری و سیاسیی بێبڕستکەر و گیانپڕووکەری هێنا. پێویستە ئەمەشیان دوای لێکۆڵینەوە دەرسی لێ وەربگیرێت، و ئەو دوو حیزبە سەرەکییە لە کوردستاندا هەمیشە بنەما و کاریتەی ڕاگرتنی سەقفی یەکڕیزی و یەکپارچەیی کۆمەڵگای کوردستانن، و یەکڕیزیش لە بزووتنەوە سیاسییەکەیدا.

حکوومەتێکی باش لە هەبوونی نیزامێکی باشی هەرێمی کوردستاندا دەبێت، و هەبوونی نیزامێکی هەرێمی باش لە پاراستنی ستراکچەری نیزامەکەدا دەبێت. ستراکچەری نیزامەکە، واتە پەیکەری نیزام، ئەوە زیاتر لە 10 ساڵە یەک لە دوای یەک دەشکێندرێت. نیزامێک کە پەیکەرەکەى تێک بشکێت، کاری خۆی پێ ناکرێت. لە بەشە سەرەکییەکانی پێکهاتنی نیزامی حکوومەتی لە کوردستاندا، شکاندنی ستراکچەر لە چەندین شوێنەوە ڕووی داوە؛ چ وەکوو دامودەزگا، چ وەکوو سەرۆکایەتیی دامودەزگاکە، و چ وەکوو هەتا دابەزین بۆ ئاستەکانی خوارەوەی ئەو ستراکچەرەش لە بواری پەروەردە و لە بواری ئاسایش و بوارەکانی دیکەشدا. نیزامێک کە هەیکەلەکەی تێک شکابێت، ئەوا دەبێتە شوێنی پەرتانپەرتان و تاڵانکردن، و بە هیچ شێوەیەک توانای ئەوەی نابێت کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییەکانی بپارێزێت.

بۆیە ئەم سیاسەتە پێویستە پێداچوونەوەیەکی واقیعیانەی پێدا بکرێت، بەباشی لێی تەماشا بکرێت، و ئەو هۆکارانەی کە سیاسەتی لە کوردستان گەیاندە ئەم قۆناغە دەستنیشان بکرێن و ڕێگای چارەسەریان بۆ دیاری بکرێت
.

لە لایەکی دیکەوە، بەبنەماڵەکردنی سیاسەت لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان — واتە بە شێوەیەکی زۆر لە بنەماڵەبوون، واتە ئەو بنەماڵانەی کە دەستیان لە سیاسەتدایە لە کوردستان یەکجار زۆر بوون — وای کردووە کە جگە لە ژن و پیاوەکانی ناو بنەماڵە و دەستوپەیوەندەکانیان، هیچ کەسێکی تر لە لێهاتوو و شایستەکانی ئەم وڵاتە لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و لە ئابووریدا ڕێگای بۆ ناکرێتەوە؛ و ئەوەش وای کردووە کەوا ئاستی توانایی و زانایی و داهێنان لە بەڕێوەبردنی وڵات بە ئەندازەیەک دابەزێت کە تەنانەت نەتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات کە ئایا عێراق لە مشووری ئەوەدایە کە خۆی کۆ بکاتەوە و پەلامارمان بدات، یان وەکوو خۆی بێدەنگ دەوەستێت، یان هاوکاریمان دەکات.

لە لایەکی تر، گەڕانەوە بۆ سیستەمی عەشایەری هەڵەیەکی دیکەی قورسە کە ئەویشیان متمانە و یەکپارچەیی ناو کۆمەڵگای کوردستانی زۆر لاوازتر کردووە. سیستەمی عەشایەری لە حکوومەتێکی مۆدێرندا جارێکی دیکە تەعریف دەکرێتەوە و بەها باشەکانی دەپارێزرێن و بۆ پێشکەوتنی وڵات جێگەی تایبەتی خۆی بۆ دیاری دەکرێت؛ بەڵام عەشیرەت و سیستەمەکەی ناهێندرێتە شوێنی سیستەمی وڵات. چونکە ئەم جۆرە سیستەمە، واتە سیستەمی عەشایەری، لەجیاتی ئینتیما بۆ نیشتمان، ئینتیما بۆ عەشیرەت دروست دەکات؛ لەجیاتی پابەندبوون بە سەرۆکی وڵات و قانون، پابەندبوون بە سەرۆکی عەشیرەت دروست دەکات؛ و ئەندامی عەشیرەت دەزانێت کەوا هەموو بەرژەوەندییەکان لە ڕێگەی سەرۆکی عەشیرەتەوە دەبێت.

ئێمە دەزانین کە لە ساڵی 1991 کاتێک کە گەڕاینەوە، سەرباری ئەوەی کە عەشیرەتەکان چەکداری ڕژێمی سەددام حوسێن بوون، بەڵام سیستەمی عەشایەری وەکوو کار زۆر زۆر لاواز ببوو. هەبوونی تەنگوچەڵەمەی سیاسی لە کوردستان و جۆری تێگەیشتن بۆ ڕێکخستنی سیاسی وای کرد کە حیزبەکان لاواز بن و سەرکردەکان پەنا بۆ سەرۆکی عەشیرەتەکان بەرن بۆ دابینکردنی دەنگ و پشتیوانی. ئەم دیاردەیەش دەبێت بە شێوەیەکی زانایانە چارەسەر بکرێت؛ نەک دژایەتیی سیستەمەکە بکرێت یان عەشیرەتەکان بخرێنە ژێر پاڵەپەستۆ، بەڵکوو بە شێوەیەکی واقیعیانە سیاسەت بۆ سیستەمی سیاسیی مۆدێرن بگەڕێتەوە و نوخبەی سیاسی دەرگای بۆ بکرێتەوە و لە کەسە شایستە و لێهاتووەکان و خوێندەوارەکان بێت.

لە لایەکی تر، لێدانی پێگەی نوخبەی کارامە و شایستە لە کوردستان لە بواری سیاسەت و بەڕێوەبردن و پەروەردە و خوێندنی باڵا و هەروەها تەنانەت لە هێزە چەکدارەکانیشدا و لە هێزەکانی ئاسایشیشدا، وای کردووە کە ئاستی هەموو ئەم دامودەزگایانە دابەزێت، و پەیوەندسالاری — واتە واستەسالاری — و بەشداربوون لە پرۆسەی گەندەڵی و جۆرەکانی دیکەی جێگەی خۆکردنەوە، کە زۆربەی هەرە زۆریان بازدانە بەسەر قانوون و ڕێنوێنییەکانی حکوومەتیدا، شوێنی سیستەمە باشەکە لە حکوومەت لە هەرێمی کوردستاندا بگرێتەوە.

دیاردەیەکی دیکە کە ئەم شکستانەی بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، شکاندنی ستراکچەری سیاسیی هەرێمە؛ واتە نیزامی سیاسی کە هەموو دامودەزگاکانی لەسەر جێ دەکرێتەوە و بەپێی دەستوور دیاری دەکرێت، لە هەرێمی کوردستان لە چەندین جێوە شکاوە. سیستەمێک کە دەشکێت، توانای کارکردنی نامێنێت و وردەوردە دادەڕمێت.

ئەمەی ئێستا لە کوردستان هەیە داڕمانی سیستەمی سیاسییە، چونکە ستراکچەرەکەی تێک شکاوە. هەر بۆیەشە حزبێک لە سلێمانی سەرکردەکەی دەوری هەموو دەستوور و قانوون و پەرلەمان دەبینێت و حەق بە خۆی دەدات هەموو بڕیارێک دەربکات، تەنانەت ئەوەی کە سەرۆکێکی هەرێم دابنێت و هەرێمێکی تر دروست بکات؛ یان لە بەشەکەی دیکەشدا بڕیار بە شێوەیەکی ئەوتۆ دەدرێت کە تەنیا سەرکردەکانی کە بەرژەوەندییان تێدا هەیە بیرکردنەوەیان دەڕوات، و ئەو بیرکردنەوەیەش کوردستانی داخیلی ئەم تەنگوچەڵەمەیە کردووە.

لە لایەکی ترەوە، بەشێک لە شکاندنی ستراکچەری سیاسی لە کوردستاندا، بێدەسەڵاتکردنی دامودەزگای سەرۆکایەتییە و هەروەها بێدەسەڵاتکردنی پەرلەمانە. ئەم دوو دەزگایە هەردووکیان زۆر گرنگن لە پاراستنی سیستەمێکی بەهێزدا. کاری پەرلەمانی لە کوردستاندا، لە وردبوونەوە بۆ سیاسەتی باش و قانوونی باش و ڕێنوێنیی باشدا، دابەزییە خوارەوە بۆ ئەوەی کە پەرلەمان خۆی ببێتە بازیچە بە دەستی حیزبەکانەوە، و ئەندامانی پەرلەمان لە کەسانێک دیاری بکرێن کە لە ڕاستیدا بە شێوەی واستەسالاری و لایەنگیریی کوێری و ئەنواعی تری لایەنگیرییەکانی دیکەوە دابمەزرێن؛ بۆیە هیچ بەشدارییەکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی سیاسەت لە کوردستاندا نەماوە. پێویستە ئەم بوارە چارەسەر بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەدووکەرتیهێشتنەوەی پێشمەرگە لە کوردستاندا و دروستنەبوونی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی عەمەلی، وای کردووە کەوا ئێمە خاوەنی هێزێکی پێشمەرگەی ئەوتۆ نەبین کە چەک و تەقەمەنیی شایستەی ئەم زەمانەی لەبەردەستدا بێت و بتوانێت بەبێ دوودڵی ئاسایش و سەلامەتیی هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئەم قسەیەی من بە مانای کەمکردنەوە لە فیداکاریی پێشمەرگە نییە، بەڵکوو سیستەمی ڕێکخستنی پێشمەرگە وەکوو هەموو بەشەکانی تری سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا کێشەی تێدایە.

بوارێکی دیکە، بەحزبیکردنی هەموو بوار و جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستانە. هەبوونی حزبان بۆ ڕابەریکردنی سیاسی زۆر پێویستە، بەڵام بەحزبیکردنی هەموو هاووڵاتییان و بەستنەوەی بەرژەوەندیی ئەوانە بە بەرژەوەندیی حزبەوە یان بە جۆری لایەنگیری بە حزبەکانەوە، ئەوا وا دەکات کە هەوڵ و تەقەللای داهێنان لەنێو هاووڵاتییان نەمێنێت، هیچ کەسێک بە هیواوە تەماشای دواڕۆژی خۆی نەکات، و هیچ کەسێکیش لەوەی هەیەتی دڵنیا نەبێت کە دەتوانێت بە سەلامەتی بیپارێزێت؛ لە هەمان کاتدا متمانەی نێوان خەڵک کەم دەکاتەوە، و دیاردەی گەندەڵی و نەخۆشییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ یەکترشکاندن زیاتر دەکات، و لە هەمووی خەتەرتر ئەوەیە کە هیچ متمانەیەک لە نێوان کۆمەڵگایەکی قەیراندار لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسییەکی بەقەیران نامێنێت. وە ئەوە بە جۆرێکە کە ئێستا لە کوردستاندا دەبینین کە داهێنان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ئاستێکی هێندە نزم کە هەستی پێ ناکرێت هەیە یان نییە.

بۆیە ئەم قۆناغەی ئێستای کە هەرێمی کوردستانی تێدایە، وا دەخوازێت پێداچوونەوەیەکی زۆر واقیعیانەی زانایانە لە هەموو بوارەکاندا بکرێت، و شارەزایان و زانایانی کوردستان لەناو حزبەکان و دەرەوەی حزبەکان بەشداری پێ بکرێن لە دیبەیتێکی مونەزەمدا بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی ڕیفۆرم و چاکسازیی خێرا، کە هەموو کەموکوڕییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێمە بۆ تیماربوونەوە پێشنیاری عەمەلی و کردەیی و بەداهێنانی تێدا بێت.

کوردستانێکی بەهێز، کوردستانێک دەبێت کە دەستووری بێت؛ و پێش هەموویان دەستووری عێراق، مادام قبووڵی کردووە، بە دەستووری خۆی بزانێت و لەو شوێنانەی کەوا کەموکوڕیی هەیە ئیشی بۆ بکات کە چاکی بکات، نەک لێی دوور بکەوێتەوە. ئەوە دەرکەوت کە کاتێک کە کوردستان دەیەوێت بە کەیفی خۆی دەستووری عێراق تەفسیر بکات، بانگی بە هیچ شوێنێک ناگات؛ کاتێک کە بە بێقانوونی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت، دۆستەکانی لە کاتی تەنگانەدا هاوکاریی ناکەن. وە لە لایەکی دیکەوە، پێویست دەکات لەگەڵ پێداچوونەوە بە سیستەمی قانوونی و دەستووریدا، بە سیستەمی ئابووریی کوردستانیشدا چاو بخشێندرێتەوە و دەرگا بۆ ئابووریی ئازاد بە شێوەی عەمەلی و ڕاستەقینەیی بکرێتەوە؛ بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان، ئەوانەی کە توانایان هەیە، لە بازاڕێکی مونەزەمدا کە حکوومەت پشتیوانیی دەکات لە کێبڕکێ و داهێنانی خۆیاندا بن، و بەم پێیەیە کە وڵاتان پێش دەکەون.

لە لایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستان پێویستە لەو پرسە بە باشی تێبگات کە دەبێت لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا و ئەورووپا هەمیشە خۆی بگونجێنێت؛ و هەوڵ بدات کاتێک کە ئەوان لە سیاسەتی ئێمە تێناگەن، لەناو ئەم دەوڵەتانەوە کاریان تێ بکەن کە لە بەرژەوەندییەکانی ئێمە تێبگەن. کوردستان بە هاوکاریی ئەورووپا و ئەمەریکا دروست کراوە، بەبێ ئەوانیش ناتوانێت بەردەوام بێت. هەروەها لە سیاسەتدا بەرامبەر بە دەوڵەتانی دراوسێ، کە هەموو دراوسێکانی ئێمە پارچەیەکی کوردستانیان لەبەردەستدایە و داگیریان کردووە، بۆیە بە چاوی ناحەزەوە سەیری کورد دەکەن و هیچ کاتێک نایانەوێت هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت؛ بەڵام پێویستە سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی دراوسێیەکی واقیعبین و باش بێت بۆ ئەو دەوڵەتانە، بۆ ئەوەی کەوا ئازار و زەرەری ئەو دەوڵەتانە بە کوردستان کەم بکاتەوە.

ئەوەی پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە، کوردستان پشتی لە بەشداریی خۆی کردووە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی فیدراڵدا، هەر بۆیەش دەوڵەتەکە لە بەغدا بووەتە دەوڵەتێکی ناوەندى. ئەمە هۆکاری دووەمە دوای باوەڕی سیاسەتمەدارەکانی عێراق کە ئێستاش بە چاوێکی شۆڤێنیانەی تایەفییانەی مەرکەزییانە دەڕواننە کوردستان و دەڕواننە سیاسەت؛ دوورکەوتنەوەی کوردستانیش لە دامودەزگاکانی فیدراڵدا ئەو سیاسەتەی ئەوانی گەلێک ئاسان و خۆش کردووە. پێویستە کورد بەو نیسبەتەی کە لە بەغدا دامودەزگای هەیە یان تێیدا بەشدار دەبێت، کەسانی شایستە و خەللاق بنێرێت بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان ئەرکی بەشداریکردن و ڕابەریکردنی دوو حکوومەتە: حکوومەتێک لە کوردستان و حکوومەتێک لە بەغدا. هەرێمی کوردستان حکوومەتی بەغدای بەلاوە ناوە؛ تەنیا شتێک کە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکات بواری مالی و پارەیە. پێویستە لەمەودوا کوردستان وەکوو هەرێم، بە سیاسەتێکی ڕوون و بە قانوونی داڕێژراو، دامودەزگای کاریگەر لەسەر کۆمەڵگای عەرەبیی عێراقی دابمەزرێنێت، و ئەو زەمینە لەبارەی کە بۆ دۆستایەتی هەیە زیاتری بکات، و کارکردن و کاریگەریدانان لە نوخبەی سیاسیی عەرەب ببێتە کارێکی ڕۆژانەی ئەو دامودەزگایانەی هەرێمی کوردستان. ئێمە نابێت پشت لە ڕای گشتیی عەرەبیی عێراق بکەین، و دەبێت بە جۆرێک ئامادەیان بکەین کە ئەگەر لەگەڵمانیش نەبن، لە دژمان نەوەستنەوە.

بە گشتی، پێویستە سیاسەت و فیکری سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە گوڕوگەف و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردن لە عێراق و لە کۆمەڵگای خۆی و لە حیزبەکان — و حیزبەکان لە یەکتری — دوور بکەوێتەوە. پێویستە سیاسەتێکی واقیعبینانەی ئەوتۆ بێت کە متمانە بۆ کۆمەڵگا بگێڕێتەوە، تەبایی بۆ نێوان حزبەکان بگێڕێتەوە، و پەرلەمانی کوردستان هەرچی زووە ڕێگای چارەسەری بەکارکەوتنی بۆ بدۆزرێتەوە و حکوومەتێک پێک بێت کە لە هەردوو حزبی سەرەکی و لە هەموو حیزبەکانی دیکەی کوردستان بەپێی بەشداریی خۆیان بێت. حکوومەتێک بێت کە هێز و توانای کارامەی کوردستانی لەبەردەستدا بێت، کەسانی شایستە دەرگایان بۆ کرابێتەوە، و ڕێگە بکرێتەوە بۆ تەنزیمکردنەوەی سەرلەنوێی سیستەمی ئابووری، سیستەمی سیاسی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، و هەروەها هەڵسەنگاندن و پشتیوانیی ئەو کەسانە لە نوخبەی سیاسی و ئیداری کە بۆ پۆستی گرنگ لە کوردستان و لە بەغدا دەستنیشان دەکرێن.

واقیعی ژیان، هەرێمی کوردستان ناچار دەکات جارجار بگەڕێتەوە سەر خۆی، بە خۆیدا بچێتەوە، و لەپێناوی بەهێزتربوون و پێشکەوتن، لە مەیلی زاتی و تاکڕەوی و ڕق و کینەی مێژوویی و جیاوازیی ناوچەیی و زار و ئایینی و نەتەوەیی دوور بکەوێتەوە و ئەوانە چارەسەر بکات؛ لەوانەشدا پێکهاتەکانی کوردستانی غەیرەکورد بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و بە ئەندازەی توانایی و شایستەیی ئەوان، وەکوو مافی هاووڵاتیبوون لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی و دادوەریدا بەشداری پێ بکرێن. دەبێت هەموو هەوڵ و تەقەللاکان لەپێناوی جارێکی دیکە خۆگورجکردنەوە و باشتر تێگەیشتن و هەستانەوە بێت.


PM:10:48:27/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی