هۆکارە شاردرا و باسنەکراوەکانی پشت هێرشەکانی جورفول سەخر و هەڕەشەکانی سەر هەرێم
شێرکۆ کرمانج
بەشی یەکەم
چەند ڕۆژێکە دوای "بەیاننامە سەربازییەکەی" عەلی زەیدی، سەرۆک
وەزیرانی عێراق، لەلایەن قسەکەری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، گفتوگۆیەکی زۆر
دروست بووە لەنێو خەڵک و چاودێران و شرۆڤەکاران. نامەوێ بچمە نێو ئەو گفتۆگۆ
بێکەڵکەی کە هەندێک لە دژی پارتی و یەکێتی پێیان خۆشە کە سەدام زەیدی بگەڕێتەوە بۆ
کوردستان و هۆکاری گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت دێننەوە، کە هۆکارەکەیان ڕاست و
ڕێگەچارەکەیان هەڵەیە. هەندێکیش هەن کە لە ترسی هاتنەوەی سوپای عێراق دەیانەوێت
چاوپۆشی لە هەموو کردە و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی بکەن و
تەنیا مەترسییە دەرەکییەکان لەسەر پێگەی هەرێم دەبینن و زەق دەکەنەوە.
لەم بابەتە
شرۆڤەکارییە هەوڵ دەدەم کە نەکەومە ژێر کاریگەریی ئەو دوو ئارگیومێنتە کە بنەمای
هەردوولایان هێندەی سۆز و ڕق و ملبادانە هێندە خوێندنەوەیەکی قووڵ نییە بۆ ئەوەی
کە دەگوزەرێت. بۆیە هەوڵ دەدین هۆکارەکانی دیکە بخەینە ژێر زەڕەبین، هەر بەشەی بۆ
چەند ڕەهەندێک تەرخان دەکەین، لە بەشی یەکەم فاکتەر و ڕەهەند و فشارەکانی ئەمریکا و
پرسە پەیوەنددارەکان تاوتوێ دەکەین.
دوای ئەوەی کە عەلی زەیدی لە ١٤ی ئەیلوول، دوو مانگ پێش ئێستا، دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لە واشنتن بە نهێنی دیت. بەڵێ، بە نهێنی چونکە نەیانهێشت
موتەرجیمەکەی، تەنانەت مۆبایلەکەشی، لەگەڵ خۆی بباتە ژووری کۆبوونەوەکە. لەوێ پێی گوترا کە دەبێت یان ئێمە یان ئێران هەڵبژێریت، ئەگینا نە ئێمە نە ئیسرائیل
دەست لە لێدانی ئەو گرووپانەی کە وەک پڕۆکسی ئێران ناسراون و چالاکن لە عێراق،
ناپارێزین. هاوکات، وەک چەندین جاری دیکە، ئەمریکییەکان هەڕەشەی ڕێگریکردن لە
گەیشتنی داهاتی نەوتی عێراقیان کردووە بە وڵاتەکە. وەک دەزانن لە ٢٠٠٣ەوە، بە
بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، لە چوارچێوەی سندوقی گەشەپێدانی عێراق، داهاتی فرۆشتنی
نەوتی عێراق بە دۆلار لە هەژمارێک لە بانکی فیدراڵی نیویۆرک کۆ دەکرێتەوە.
لەبەرئەوەی نزیکەی ٩٠٪ی هەموو داهاتی عێراق پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، بۆیە
ئەمریکا توانیویەتی ئەمە بەردەوام وەک کارتێکی بەهێز لەژی عێراق بەکاربێنێت.
لەبەرانبەردا، ئەمریکییەکان بەڵێنی پشتیوانیان بە زەیدی داوە، لە زۆر بوار،
لەوانە شەیرکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە هی تانکەرەکانی نەوت و دۆلاری بە
قاچاخبراون. ئەو بەڵگانەی کە زەیدی هەر ئێستا لە دژی گرووپە چەکدارەکانی وەک
حیزبوڵای عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەکاری دێنێت.
هاوکات، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێتەوە کە ئەمریکای ترەمپ مامەڵە لەگەڵ کەس
دەکات نەک دەوڵەت. عەلی زەیدیش ئەو کەسەیە کە پیاوەکەی ترەمپ لە ناوچەکە، تۆم
باراک، لەگەڵ پیلانگێڕەکەی پشت پەردە و سەرشانۆ، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی
باڵای دادوەریی عێراق، کاندیدیان کردووە بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵەی ئەمریکییەکان
دەیانەوێت پێی بسپێرن.
ئەوەی ئاسانکاری بۆ زەیدی کردووە ئەوەیە کە ئەو هاوکات کاندیدی ئیتاری
تەنسیقیشە، واتە پیاوی ئێرانییەکانیشە. بەڵام ئەوەی ئیشی زەیدی سەخت کردووە،
بەریەکەوتنی بەرژەوەندییەکان و ململانێکانی ئەم دوو هێزەیە لە ناوچەکە و لەناو
عێراق و لەسەر عێراق.
ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت و فرەڕەهەندە کە ناکرێت لەم کورتە-بابەتە هەموو
لێکەوت و ڕەهەندەکانی شرۆڤە بکەین، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە زەیدی پشتیوانی
ئەمریکای هەم بۆ هێرشکردنە سەر پڕۆکسییەکانی ئێران لە عێراق وەرگرتووە، هەم بۆ سنووردارکردنی
دەسەڵاتی هەرێم، بەتایبەتی لە کۆتاییهێنان بە بەقاچاخبردنی نەوت و دۆلار بۆ ئێران،
کە هەم لە سنوور و بازگەکانی ژێر دەستی عێراق، هەم ئەوانەی بن دەستی هەرێم، بە
بەربڵاوی ئەنجام دەدرێن.
ئەوەش نابێت لەبیر بکەین کە ساڵێک پێش ئێستا، لە ئایاری ٢٠٢٥، سەرۆک
وەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی، لەگەڵ چەند کۆمپانییایەکی ئەمریکی ڕێککەوتنێکی
واژۆ کرد بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێم کە بە ١١٠ بلیۆن دۆلار
مەزەندە دەکرا.
بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، هاوکات، ڕێگرییەکانی
عێراق ئەم ڕێککەوتنەی پێش لەدایکبوونی
مردار کردەوە. ئەمەش وای لە ئەمریکییەکان و کۆمپانییەکانیان کرد کە بۆ وەبەرهێنان
لە عێراق، بە هەرێمیشەوە، چاکترە ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی مامەڵە بکەن.
لەو پەیوەندەدا بۆ ئەمریکییەکان دوو شتی دیکەش گرنگە. یەکەم، سەقامگیریی
ئەمنی و کەمبوونەوەی جەمسەرەکانی هێز، کە ترەمپ بە سروشت دژیەتی. بۆیە
ئەمریکییەکان ئەو مەرجانەیان زیاتر لە حکوومەتی بەغدادا دەدیت نەک هەرێم. هەرێم
لەبەرئەوەی دەوڵەت نییە، بۆ ڕێککەوتنی گەورەی لەو شێوەیە، بەتایبەتی لە قۆناغی
بەهێزبوونەوەی بەغدا، قورسایی نییە. ئەمەش جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە
دەوڵەتت نەبێت، یاری پێکراویت نەک یاریکەر.
بەکورتییەکەی، ئەمریکای ترەمپ زەیدییەکی "بەهێز" و "قۆزی"
پێ لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و حکوومەتێکی هەرێمی دابەش و بێتوانا، کە هاوکاری
ئێرانیشە لە بەقاچاخبردنی نەوت و دۆلار، باشترە.
دیارە من پێم وایە ئەمریکییەکان لەم خوێندنەوەیان هەڵەن، بەڵام ئەوان بە
بنەما لەسەر خوێندنەوەی خۆیان و تۆم باراک بڕیار دەدەن، نەک ئێمەمانان. ئەمن پێم
وایە شیعەکانی عێراق، بەتایبەتی هەندێک گرووپی ناو ئیتاری تەنسیقی بە نوێنەرایەتی "زادەکان"
(زەیدی و زێدان)، کە خۆیان وەک کەسانێک لە دەرەوەی هەژموونی ئێران، نیشان دەدەن،
یارییەکی لێزانانە دەکەن. ئەوان نایانەوێت داواکانی ئەمریکا ڕەت بکەنەوە، ناشتوانن.
لەهەمان کاتدا، ناشیانەوێت ئێران زویر بکەن، یان هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی
دروست بکەن. ئەو نمایشەی کە لە جورفول سەخر کرا، لە شوێنی دیکەش دەکرێت، بەشێکە
لەو گەمەیەی زەیدی و زێدان و شیعەکان، کە گوایە باڵی ئێران لە عێراق دەبڕن، بەڵام
لە ڕاستیدا هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە دۆخەکە ڕووینەداوە، ئەگەری ڕوودانیشی زۆر
کەمە، چونکە: یەکەم، ئەگەر گرووپی حیزبوڵا بە تەواویش لە جورفول سەخر دەرپەڕێندرا
بێت، کە وانییە، ئەوە دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم گرووپە لەم قۆناغە تەنیا لە ڕووی داهاتەوە
هەندێک زەرەر دەکات. دووەم، نمایشەکەی جورفول سەخر بۆ ئەوە بوو کە حیزبوڵا لە
لێدانی ئەمریکا و ئیسرائیل بپارێزیت، ئێستاش ڕێک ئەوە کراوە، ئەویش بە هێنانی
سوپای عێراق بۆ ناوچەکە و تێکەڵکردنی لەگەڵ گرووپی حەشدی شەعبی عێراقی و هەندێک
لەوانەی حیزبوڵا کە ڕۆڵگۆڕکێیان پێ کراوە و لەوێ ماون. هەرکاتێک بیانەوێت
بگەڕێنەوە، دەگەڕێنەوە، یان لە شوێنێکی دیکە هەمان ڕۆڵ بۆ هاوکاری ئێران دەبین. لە
هەولێرێ دەڵێن، عەردی خوای زۆر و زەوەندە.
هەر لەو پەیوەندەدا، بە هەڵە تێگەیشتنێکی دیکەش هەیە، کەسانێک هەن کە پێیان
وایە ئەمریکاییەکان و ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت سەرچاوەی دارایی میلیشیاکانی ئێران
ببڕن بۆیە فشاریان لە زەیدی کردووە کە ئەو حیزبوڵا لەوێ دەرپەڕێنێ. لە ڕاستیدا ئەم
ناوچەیە، کە ساڵانێکە لە خەڵکەکەی چۆڵکراوە، گرنگییەکی ستراتیجی و دیموگرافی بۆ
زۆربەی لایەنەکان هەیە:
یەکەم، جورفول سەخر بۆ ئێرانییەکان گرنگییەکی ستراتیجی و وجودی هەیە. ئەوان
ناوچەکەیان بۆ تەجنید و ڕاهێنانی ئەو کەسانەی کە لە نێو حیزبوڵای عێراقی ڕێکیان
دەخست، بەکار دەهێنا. هاوکات، ناوچەکەیان کردبووە بنکە و پایەگایەک بۆ چاودێری
فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و ئاگادارکردنەوەی ئێران. لەوانەش گرنگتر، ناوچەکە
بۆ دروستکردنی درۆنە هەرزانبەهاکان کەڵکی لێوەردەگیردرا، ئەوە بێجگە لەوەی کە
بەکاردەهات بۆ ئەو هێرشە درۆنیانەی کە دەکرانە سەر بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق،
هەروەها سەر هەرێمی کوردستان و سعودیە و کوێت، تەنانەت سەر ئیسرائیلیش نەک بۆ
زەرەر لێدان بەڵکوو بۆ مەشغولکردنی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل.
دووەم، جورفول سەخر، بەگشتی ناوچەیەکی سوننەنشین بوو پێشووتر. حکوومەتی
بەعس ساڵانێک بوو خەریکی نیشتەجێ کردنی زیاتری سوننە بوو لە دەوروبەری بەغدا
تاوەکوو کەمەربەندێکی (حیزامێکی) سوننە لە دەوری شارەکە دروست بکات. لە ساڵانی
شەڕی سوننە-شیعە، لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٨، بەشی هەرە زۆری سوننەکانی ئەو دەڤەرە وەک بەشێک
لە دروستکردنی کەمەربەندییەکی شیعە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی کەمەربەندییە
بەعسییە-سوننییەکە، دەرپەڕێنداران. بۆیە هەم بۆ سوننەکان هەم بۆ شیعەکان گرنگییەکی
ستراتیجی و دیموگرافی هەیە. خۆ ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە ئەم ناوچەیە
شاری بەغدا، کە گەورەترین شاری عێراقە و دانیشتوانەکەی نزیک هەشت میلیۆنە، بە
هەردوو شاری کەربەلا و نەجەف دەبەستێتەوە کە مەزاری ئیمامە پیرۆزکراوەکانی شیعەی
لێیە، ئەوا هێندەی دیکە پێگەی ستراتیجی ئەم ناوچەیە بەرز دەبێتەوە. وا ئەوە بۆ
بیست ساڵیش دەچێت سوننەکان داوا دەکەن کە خەڵکەکەی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی، کەچی
ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕێگەیان پێ نادەن.
سێیەم، گرنگی جورفول سەخر بۆ ئەمریکاییەکان و ئیسرائیلییەکان لەو گرنگییەدایە
کە بۆ ئێرانییەکان هەیەتی. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت پێگەی ئێران لە عێراق
لاواز بکەن، ئەمەش تەنیا بەوە دەکرێت کە دەستی ئێران لەو بنکانە ببڕن، بۆیە فشار و
هەڕەشە دەکەن ئەگەر میلیشیاکانی ئێران دەرنەکرێن ئەوا بۆردومانی دەکەن.
بەکورتی، ئەوەی زەیدی دەیەوێت بیکات خۆخۆشەویستکردنییەتی لەلایەن ئەمریکا و
لەوێشەوە لای ئیسرائیلییەکان، چونکە زەیدی، وەک ئەحمەد شەرع بۆی دەرکەوتووە، کە
زەمانەتی مانەوەی ڕازی کردنی ئەو دوو زلهێزەیە. هاوکات، زەیدی دەزانێت کە ئەو
ناتوانێت هیچ شتێک بکات کە لە دەرەوەی ستراتیج و تێگەیشتنەکانی ئیتاری تەنسیقی و
ئێراندا بێت. بۆ ڕازی کردنی هەموو لایەنەکان، نمایشێکی ساز کرد، کە خۆی بکات بە
پاڵەوانی دژەگەندەڵی و سەرنجی جادەی عێراقی و سەدرییەکان بۆخۆی ڕاکێشێت.
هاوکات، هەر زوو، دوای شانۆگەرییە دیزاینکراوەکە، ویستی ڕووگەکە بگۆڕێت و
تەرکیز لەسەر جورفول سەخر نەمێنێت، نەکا ئێران و حیزبوڵا توڕە بن، بۆ ئەمەش دەبوو بەرەیەکی
دیکە بکاتەوە، هەم بۆ ڕازیکردنی میلیشیا ئێرانییەکان کە بەردەوام پرسی داماڵینی
چەکی خۆیان بە پێشمەرگە دەبەستەوە، هەم دەیەوێت ئێرانییەکان ڕازی بکات، بەوەی کە وازی
لە میلیشیاکانی ئەو هێناوە و سەرکوتی گرووپێک دەست پێ دەکات کە هەر خۆی لە ئەساسدا
داوایەکی ئێرانییەکانە.
لە بەشی داهاتوو، سبەی، شرۆڤەی ڕۆڵی ئێران و تورکیا دەکەین لە پەیوەند بە
فشارەکانی زەیدی بۆ سەر هەرێم و هۆکارە باس نەکراوەکان دەخەینە ڕوو.
PM:08:31:27/11/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی