کورد و شیعە، لە مەزڵومیەتی هاوبەشەوە بۆ ململانێ لەسەر دەسەڵەت

‌د. ئەمیر حسێن

پەیوەندیی کورد و شیعە لە مێژووی عێراقی هاوچەرخدا، یەکێکە لەو پەیوەندیە ئاڵۆزانەی تێکەڵە لە تێکۆشانی هاوبەشیی مێژوویی، پشتیوانیی ئایینی، خەباتی سیاسی، قوربانی و هەستی هاوبەشی مەزڵومیەت بەدەستی دیکتاتۆریەت وهەندێک جاریش ناکۆکی و ملمڵانێ لەسەر بەرژەوەندیەکان. ئەم پەیوەندییە سنوردار نیە، تەنها لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دوو هێزی سیاسییدا، بەڵکو لە هەندێک قۆناغدا ڕەهەندێکی مرۆیی و ئاینی و ئەخلاقیی بەخۆوە گرتووە، بە تایبەتی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس.

یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی ئەم پەیوەندییە، هەڵوێستی مەرجەعیەتی شیعەی نەجەفە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا. بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان (ئایەتوڵڵا سەید محسن ئەلحەکیم)، مەرجەعی گەورەی شیعەکان، دژی بەشدارییکردن بوە لە شەڕی دژ بەکورد، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵوێستی لەسەر پاراستنی خوێنی کورد گرتۆتەبەر. بۆ ئەوێ ڕۆژێ ئەم هەڵوێستە زۆر گرنگ بوو، چونکە ڕێگەی نەدا ئایین ببێتە ئامرازی ڕەوایەتیدان بەشەڕێک، لە بنەڕەتدا بنەمایەکی سیاسی و نەتەوەیی هەیە نەک ئاینی و مەزهەبی.

لە ساڵی (١٩٧٤)یشدا، لە قۆناغی دووبارە دەستپێکردنەوەی شۆڕش و هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە نێوان حکومەتی عێراق و گەلی کوردوستاندا، ناوی (ئایەتوڵڵا محەممەد باقر سەدر) دەردەکەوێت. بەپێی چەندین گێڕانەوەی مێژوویی، لەلایەن سەرکردە سیاسیەکانی کوردوستان بەتایبەت ڕەوانشاد( مام جەلال) کاتێک لە ئایەتوڵڵا محمد باقر سەدریان پرسیوە ئایا شەڕکردن لەگەڵ کورد لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەپێدراوە، وەڵامی داوەتەوە: (نەخێر، چونکە کورد گەلێکی موسڵمانن). ئەم وەڵامە، لە ڕووی ئەخلاقییەوە، جارێکیترسنوورێکی تۆخی کێشا لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەسەڵاتی بەعس بۆ بە ئایینی‌کردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی لەگەڵ گەلی کوردوستان.

لە بەرامبەردا و بەتایبەت دوای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، پەیوەندیی کورد و ئۆپۆزسیۆنی شیعە قۆناغێکی نوێی بەخۆوە بینی. کاتێک حیزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراق، بە سەرکردایەتی (محەممەد باقر حەکیم و نوری مالیکی)، لەگەڵ هەندێک لە هێزە کوردییەکان لە دژی ڕژێمی بەعس چالاکی مەیدانی و دبلوماسی هاوبەشیان دەستپێکرد. تەنانەت لەدوای ئەم قۆناغەوە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی شیعییە بەردەوام ناوچە شاخاویەکانی ژێرکۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەیان بۆ مەبەستی حەوانەوەو سەرکردایەتی جموجۆڵ و چالاکی هێزەکانیان لە قوڵایی عێراقدا بەکاردەهێنا، بەم پێیە پەیوەندیی و متمانەی زیاتر وهاوکاری و پشتیوانی زیاتر لە نێوانیاندا دروست بوو.

ڕاپەڕینی شەعبانیە لە پارێزگا شیعەنشینەکانی باشوری عێراق و هاوکات ڕاپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١)ی کوردوستان، دژی ڕژێمە ستەمکارەکەی بەعس وەرچەرخانێکی گرنگی ئەم مێژووە هاوبەشەیە. هەرچەندە ئەم دوو ڕاپەڕینە بە تەواوی لە ژێر یەک سەرکردایەتی و ستراتیژییەکی هاوبەشدا نەبوون، بەڵام ڕاپەڕینی هەردوک گەلی مەزڵوم لەیەک کاتدا لە بەرامبەر دیکتاتۆریدا بوو بە بەشێک لە مێژووی سیاسیی هاوبەش بۆ عێراقی ئایندە. بەتایبەت هەڵوێستی مرۆییانەی گەلی کوردستان و هێزە سیاسیەکان لە بەرامبەر سەربازە دیلە عێراقییەکان، لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا وەک دەرئەنجامی لێک تێگەیشتنێکی میللی بۆ مەزڵومیەتی کورد و شیعە تا ئێستا ئەژماردەکرێ.

لە ساڵی (١٩٩٢) بەدواوە، بەشداریی چالاکانەی حیزبە کوردی و شیعییەکان لە کۆنگرەی نیشتمانیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق، بەتایبەت لە کۆنگرەکانی( سەلاحەدین، ڤییەنا، لەندەن)، هەوڵێکی تری سیاسی هاوبەش بوو، بۆ گۆڕینی هاوخەباتی، وەک هێزی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، بۆ پڕۆژەیەکی هاوبەشی دەوڵەتسازی، لە عێراقی نوێدا. ڕاستە ئامانجەکە لەوکاتدا ڕووخاندنی بەعس بوو، بەڵام دواجار دامەزراندنی عێراقێکی فرەیی، دیموکرات و فیدراڵی لێکەوتەوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣) دا، ئەوهاوپەیمانییە گۆڕانی بەسەرداهات، بو بە بەشێک لە پڕۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە فەڕمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، بەتایبەت کە سونەکانی عێراق تاڕادەیەکی زۆر کەوتبونە پەراوێزەوە و دواتر لە پرۆسەی سیاسی کشانەوە. کورد و شیعە ڕۆڵێکی گرنگیان لە نووسینەوەی دەستووری(٢٠٠٥) گێڕا، دەستوورێک بۆ یەکەم جار مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانی لە ماددەکانی(١١٦ تا ١٢١)دا، لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا چەسپاند. ئەمە دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی بوو، بۆ گواستنەوەی خواستی کورد لە خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتیەوە، بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری، بێگومان پتەوی هاوپەیمانی کوردو شیعە نەبا، بەتایبەت فشارەکانی تورکیا، هەرگیز دەرفەتی بۆ دیفاکتۆیەکی لەم شێوەیە نەدەڕەخساند.

لە قۆناغی دواتردا، بە تایبەتی لە ساڵی (٢٠١٢)دا، کاتێک ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر گەیشتە ئاستی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، جارێکیتر هەڵوێستی حەوزەی نەجەف، بەرامبەر بە شەڕکردن لەگەڵ کورد بڵاوکرایەوە. ئەم هەڵوێستە لە چوارچێوەی پرەنسیپی (شەڕکردن لەگەڵ کورد حەرامە) لێکدرایەوە. هەروەها نووسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بانگەوازی هەموولایەکی کرد، لە پێناو ئارامی و دوورکەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆیی. ئەمەش وەک بەشێکی نەپساوە، لە مێژووی پەیوەندیی مەرجەعیەتی نەجەف، لەگەڵ گەلی کوردوستان ئەژمار دەکرێ، کە بەردەوام ڕەهەندێکی سیاسی و مرۆیی قوڵی لەخۆ گرتوە.

هاتنی داعش لە( ٢٠١٤) جارێکی دیکە هەماهەنگیی سەربازی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەگشتی و هێزە شیعەکانی حەشدی شەعبی دروست کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی تری هاوبەش.

ئەگەرچی لە دوای (٢٠٠٣)وە، ئەوهاوپەیمانییە مێژووییە، نەیتوانی هەموو ناکۆکییەکان لەناوببات. کێشەی نەوت، بودجە، مووچە، ناوچە جێناکۆکەکان و سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی بەردەوام بوونەتە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندیی بەغدا لەگەڵ هەرێم. بەتایبەت ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی (٢٠١٧)ە، بە ئاشکرا پێشانیاندا هاوپەیمانییە مێژووییەکەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن، بە تەنها ناتوانێ متمانەی سیاسیی درێژخایەن مسۆگەر بکات. بەڵام بەدرێژایی ئەم مێژوە شیعەکان چ وەک هێزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و حەوزە دینیەکان و تەنانەت خودی ئێران وەک تاکە دەوڵەتی مەرجەعی شیعەگەرایی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە ساڵی ( ١٩٧٩)وە بەردەوام پشتیوانی گەلی کوردی باشور و هێزەسیاسیەکان بوون، هەر لە( پارتی و یەکیەتی و سۆسیالست و هێزە ئیسلامی و تەنانەت چەپەکانیش)، لە زۆر وێستگەی گرنگدا وەک کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال، کۆڕەو سنوریان بۆ خەڵکی سڤیل و هێزەکانی پێشمەرگە خستۆتە سەرپشت.

لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە، ئەم مێژووە وانەیەکی گرنگی تێدایە: تێکۆشانی هاوبەش دژ بە دوژمنێکی دیاریکراو، بە تەنها بەس نیە وەک بنەمایەکی بەهێزی هاوبەش بۆ داهاتوو. ئەوەی پەیوەندییەکی جێگیر و بەردەوام دروست دەکات، دادپەروەری، متمانە، باوەڕ بەهاوبەشی ویەکسانی ڕاستەقینەیە، لەگەڵیدا ڕێزگرتن لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانە. ڕاستە لە سەردەمی ستەم و دیکتاتۆریەتدا، کورد و شیعە بەهۆی دوژمنیی هاوبەشەوە، لە سەنگەرو زیندانەکان لەیەکتر نزیک دەبوونەوە، بەڵام لە سەردەمی دەوڵەتداریدا دەبێت بەهۆی دادپەروەریی وەک هاوبەشی ڕاستەقینە پێکەوە بەردەوام بن، لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانیشدا پێویستە دەستور حەکەم بێت، نەک زمانی هەڕەشەو هێز.

ئێستا کە جارێکیتر ئەو هاوپەیمانیەتە کەوتۆتەوە ژێر ئیمتیحانێکی قورس، کورد و شیعە پێویستە پرەنسیپی مەزڵومیەتی هاوبەش لە ناوچەکە دووبارە چالاک بکەنەوە، لەکاتێکدا گەلی کوردوستان لە هەموو لایەکەوە پەلامار دەدرێ، ئەوەتا چاڕەنوسی ڕۆژئاوا و باکورهێشتا ڕوون نیە، لە ڕۆژهەڵات هێشتا هیچ نەبوە پلانی لەدژ دادەڕێژن، لە بەرامبەردا شیعە بەگشتی ئەمڕۆ لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، ئێران لەژێر هەڕەشە و جەنگ و گەمارۆی لەناوچون دایە، لە سوریا و لوبنان و یەمەن شیعەکان قەڵاچۆ دەکرێن، بۆیە باشترە بۆ هەردوکلا گوتاری شەعبەوی و هەڵچونی شۆڤێنی و قەومی تێپەڕێنن، بە سودوەرگرتن لە ئەزموونی کاری هاوبەش لە ڕابردودا، گفتوگۆیەکی عاقڵانی بەگیانی بەرپرسیاریەتی و بەرژەوەندی هاوبەش بێننە کایەوە، بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ لێکەوتەکانی ئەو گۆڕانکاریە خێرایانەی ناوچەکە چاوەڕێی دەکات. چونکە هاوپەیمانیی ڕاستەقینە، تەنها ئەوە نییە دوو لایەن تەنها لە دژی دوژمنێکی هاوبەش یەک بگرن، ( بێگومان ئەم پرەنسیپە بۆ پارتی و یەکیەتیش لە هەموو کاتێکدا هەر ڕاستە)، بەڵکو ئەوەیە دوای لەناوچوونی ئەو دوژمنەش بتوانن مافی یەکتر بپارێزن و بە پەیمانێکی ئەخلاقی و سیاسیی هاوبەشەوە پابەندبن، کێبڕکێ بۆ خزمەتی زیاتری هاونیشتیمانیان و ئاوەدانی وڵات بکەن .


AM:12:00:26/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی