لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدادا کێ فریادڕەسی هەرێمە؟
هەڤاڵ عارف
وەک پێشبینی دەکرا دواجار بەغدا دەستی برد بۆ ئەو پرسانەی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پێگە و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
لەم تەوقیتەدا گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دووبارەکردنەوەی ئەوەی (ئەگەر وامان بکردایە، ئەمە رووی نەدەدا) هیچ لە لێکەوتەو گریمانەکانی ئەم پێشهاتەی دەرگای پێگرتووین کەم ناکاتەوە، بەڵکو قسەکە ئەوەیە چی لە دەستماندا ماوە بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیە لە هەرحاڵەتێکی نەخوازراوداو چیمان لەدەست دێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بریارەکانی ئێستای بەغدادا؟
کارتی سیاسی؟ یاسایی؟ دیپلۆماسی؟ بەڵێ هەموو ئەمانە پێویستن، بەڵام پێش هەموو ئەمانە، کارتێکی گرنگتر هەیە، کە ساڵانێکە لە حیساباتە سیاسییەکاندا بایەخی پێویستی پێ نەدراوە، ئەویش خەڵکە.
گرفتەکە ئەوە نییە ئایا خەڵک لە کاتی تەنگانەدا بەرگری لە قەوارەکە دەکات یان نا؟ لەهەموو بارودۆخەکاندا کردویانە بەڵام ئەی نابێت قەوارەکەش بەرگری لە گوزەرانی خەڵک بکات؟
ئەمە پرسیارە، بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کارەبا و ئەو هەموو قەیرانە کەڵەکەبووە، چۆن دەمانەوێت خەڵک ئامادە بکەین بۆ قۆناغێکی سەختتر؟ ئەی بۆچی سووککردنی باری سەر شانی هاووڵاتی نەکرێتە بەشێکی سەرەکی لە ستراتیژییەتی نوێی ئەم قۆناغە بۆ پاراستنی هەرێم؟ لەمپەرچیە؟
جا با بێینە سەر مەسەلەی لۆبییەکانمان.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو هەتا ئێستاش، چەندین ملیۆن دۆلارمان خەرج کردووە بۆ ئەوەی ئەکتەرێک، گۆرانیبێژێک، وەرزشەوانێک، جەنەراڵێکی خانەنشین، یان سیاسییەکی بێ دەسەڵات بێتە کوردستان و بڵێت کوردستان جوانە و خەڵکەکەی میواندۆستن، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە ناوی لۆبیکردنەوە خەرج کراوە،
ئێ باشە، ئێستا ئەوانە لە کوێن؟ کەی ئەو لۆبییانە بەکار دێن؟ لەمە تەنگانەتر هەیە؟
لێرەدا مەبەست لە رەتکردنەوەی گرنگی لۆبیکردن نییە، لۆبی لە دونیای سیاسەتدا یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی فشار و بەدەستهێنانی پشتیوانی، بەڵام گرفتەکە لە میکانیزم و بەرئەنجامی ئەو خەرجییانەدایە کە لەو ریگەیەدا کراوە، خۆ ئەگەر تەنیا بەشێک لەو سەرمایەیەی بۆ بەدەستهێنانی دۆستی دەرەکی خەرج کراوە، بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتی تەرخان بکرایە، ئەمڕۆ چ هێزێکی ڕاستەقینەترمان لەبەردەستدا دەبوو؟
ئەم بەراوردکارییە بۆ لۆمەکردنی ڕابردوو نییە، بەڵکو بۆ ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی ئێستایە، تا چیتر ئەو هێزەی لە ناوخۆدا هەمانە فەرامۆشی نەکەین و لە دەرەوە بەدوایدا بگەڕێین، ئەمە راستییە یەک بەرمیل نەوتی هەرزان بۆ ماڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە لەم زستانەدا لە دەیان وتاری ستایشئامێزی جەنەراڵێکی خانەنشین و کارەکتەرە دەرەکییەکان کاریگەرترە، چونکە ئەوانە بە پارە هاتوون بە پارەیەکی زیاتریش لە جیـهەتێکی دیکەوە دەڕۆن، بەڵام هاونیشتمانییەکەی خۆت لێرە دەمێنێتەوە و هەر ئەویش پارێزەری ڕاستەقینەی ئەم خاکەیە، بۆیە بەر لە هەر هەنگاوێک، پێویستە کار بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و یەکڕیزی بکرێت.
مەبەست و قسەکردن لەسەر بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و یەکڕیزی، بە مانای خۆئامادەکردن نییە بۆ پێکدادان لەگەڵ بەغدا، بەڵکو بۆ ئەوەیە، ئەگەر بە پشتیوانی خەڵکێکی ڕازییەوە بچینە سەر مێزی گفتوگۆ، سەنگ و قورساییەکی دیکەمان دەبێت، بەغداش باش دەبینێت لە ناوخۆدا چی دەگوزەرێت، کاتێک هاووڵاتییان نیگەران و ماندوو بن ئەو فشار دەکات و بڕیار دەسەپێنێت.
بۆیە هەستی نیشتمانی هەرچەندە گرنگ بێت، نابێت ببێتە جێگرەوەی حیکمەتی سیاسی، تا حکومەتی فیدڕاڵیش پابەندی دەستوور، یاسا و پێکەوەژیان بێت حکومەتی خۆمانە، ئێمە هاوبەشێکی سەرەکین و خاوەنی پێگەی کاریگەر و دۆستی زۆرین لەوێ، کەواتە هەڵەیە ناکۆکییەکی دەستووری بگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتی سیاسی و نەتەوەیی، لە کاتێکدا دەکرێت بە گفتوگۆ و کاراکردنی ئەو پێگە و دۆستایەتییانە چارەسەر بکرێت، خۆ ئەگەر ئاڕاستەی بەغداش بەرەو پەراوێزخستن و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان بێت، ئەوکات گەلی کورد ستەم و خۆسەپاندن قبوڵ ناکات.
بۆ ئێستاش جێگەی دڵخۆشییە، کە بڕیارەکانی بەغدا بوونەتە هۆی دروستبوونی یەکڕیزی و یەکگوتارییەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستاندا بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم یەکڕیزییە لە وەڵامدانەوەیەکی کاتییەوە بگۆڕدرێت بۆ ستراتیژییەکی درێژخایەن.
لە نەتیجەدا ئەم قۆناغە پێویستی بە ئەقڵییەتێکی چارەسەرخواز، پێداچوونەوە بە شێوازی حوکمڕانی، چاکسازیی ڕاستەقینە و دوورکەوتنەوە لەو گوتارە توندانە هەیە، کە هەر ناکۆکییەک بەرەو پێکدادان ببات، چونکە پاراستنی هەرێم بە بەرزکردنەوەی تۆنی قسەکان نییە، بەڵکو بە بەرزکردنەوەی توانا و دانایی سیاسی و یاسایی و ئاستی حوکمڕانییە، کەواتە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە ڕوونە، لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدادا، فریادڕەسی ڕاستەقینەی هەرێم لە دوو بنەمادا خۆی دەبینێتەوە، وەرگرتنی عیبرەتی کرداری لە هەڵەکانی رابردوو، پەیڕەوکردنی حیکمەت و دووربینی سیاسی بۆ هەنگاوەکانی ئێستا و داهاتوو.
PM:02:21:25/11/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی