لە وەڵامی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، گەل و حکوومەتی هەرێم چی بکات؟

‌سلێمان مستەفا حەسەن

هەڵسەنگاندنێکی یاسایی و دەستووری لە سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی و مافەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار و ڕێکارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت و پاراستنی سامانی گشتی، پرسیارێکی گرنگی دەستووری و یاساییان لەبارەی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی و مافەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. لە بنەڕەتدا، هیچ ناکۆکییەک لەسەر ئەرکی دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، ڕێگریکردن لە گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی نییە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا هەموو ئەو رێکارانەی ڕاگەیەندراون، لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی حکوومەتی فیدراڵیدان؟ ئایا بەهەماهەنگی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی کۆمار ئەو بڕیارانە دراون، دەستووری عێراق لە ماددەی یەکەمدا عێراق بە دەوڵەتێکی فیدراڵی و یەکگرتوو دەناسێنێت، لە ماددەی ١٠٩دا پاراستنی یەکێتی و سەروەری و سیستەمی فیدراڵی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، بەڵام ئەم ئەرکە بە مانای کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان نییە لە دەستی حکوومەتی ناوەندیدا (دەسەڵاتی فیدراڵی یەکێتی و یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و سەروەری و یاسایی دیموکراسیخوازانەی فیدراڵی عێراق دەپارێزێت). ماددەکانی ١١٥، ١١٧ و١٢١ ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی دەستووری لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق دەستنیشان کردوە. دەقی ماددەکان (ماددەی ١١٥) هەرشتێک لە سنووری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ نەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە. ئەگەر ناکۆکی دروست بوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە.

ماددەی (١١٧) یەکەم: ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی.

دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت کە بەگوێرەی بڕگەکانی دەستوور دادەمەزرێنرێن. ماددەی (١٢١) یەکەم: دەسەڵاتی هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەرییان هەیە بەگوێرەی ئەم دەستوورە جگە لەو دەسەڵاتانەی کە تایبەتن بە حکوومەتی فیدراڵییەوە.
دووەم: حکوومەتی هەرێم مافی هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی لە هەرێمەکەدا هەیە ئەگەر ناکۆکی یان دژەیەک لەنێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێک کە لە سنووری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت کە تایبەتن بە حکوومەتی فیدراڵی.

سێیەم: دەبێت لەو داهاتانەی لە حکوومەتی فیدراڵیدا بەدەست دەهێنرێت پشکێکی گونجاو بۆ هەرێمەکان تەرخان بکرێت کە بەشی هەستان بە ئەرکەکانی بکات بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستییەکانی و ڕێژەی دانیشتووانیشی.

چوارەم: نووسینگەی تایبەت بە هەرێم و پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵوێزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکاندا بەمەبەستی بەدواداچوونی کاروباری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان.

پێنجەم: هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمدایە، بەتایبەتی پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم.

سنووری دەسەڵاتەکان ماددەی ١١٠

دەروازە سنوورییەکان و سیاسەتی گومرگی و ئاسایشی نیشتمانی لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵی دادەنێت، ئەگەر سەرنجی دەقی ماددەکە بدەن (ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حکوومەتی فیدراڵییەوەبڕگەی سێیەم: ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی دارایی و گومرگ و دەرکردنی دراو و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنووری هەرێم و پارێزگاکانی عێراق و دانانی بودجەی گشتیی دەوڵەت و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی دراو و دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانکێکی ناوەندی. بەڵام ماددەی ١١٤ بەڕێوەبردنی گومرگ بە دەسەڵاتێکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمەکان دەزانێت و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بە پێویست دەزانێت. ئەگەر سەرنجی دەقی ماددەکە بدەین( دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان ئەمانەن) یەکەم: بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی گومرگ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت. هەروەها یاسای ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١٦ی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بوونی لقەکانی ئەو دەستەیە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە ڕێگەپێدراو دەزانێت. کەواتە، بوونی دەستەی فیدراڵی لە دەروازەکانی هەرێم لە خۆیدا پێچەوانەی دەستوور نییە، بەڵام دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان چاودێری و هەماهەنگیی فیدراڵی و گواستنەوەی تەواوی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بە شێوەیەکی یەکلایەنە. ئەوەی پێویستی بە ڕوونکردنەوەی یاسایی هەیە، بنەمای گواستنەوەی سەرجەم دەروازەکانی هەرێم و سنووری دەسەڵاتی دەستەی فیدراڵییە.

دووەم: لەماددەی ١١١ ی دەستوورنەوت و گاز بە موڵکی هەموو گەلی عێراق دەزانێت، دەقی ماددەی ١١١( نەوت و گازی موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا). بەڵام ماددەی ١١٢ بەڕێوەبردنی نەوت و گازی کێڵگە هەنووکەییەکان بە هاوبەشیی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان دەسپێرێت، دەقی ماددەکە: (یەکەم: حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان نەوت و گازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێک داهاتەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتووان لە سەرجەم پارچەکانی وڵاتدا دابەش بکرێت لەگەڵ دیاریکردنی پشک بۆ ماوەیەک بۆ ئەو هەرێمە زیانلێکەوتووانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشی کردبوون و ئەوانەش کە پاشتر زیانیان لێکەوت، بەجۆرێک گەشەسەندنێکی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەکانی وڵات مسۆگەر بکات و ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت. دووەم: حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجیی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز بەجۆرێک کە ببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوود و کەڵک بۆ گەلی عێراق، ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنیکی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان. هەروەها، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە ٥٩/فیدراڵی/٢٠١٢، یەکخراو لەگەڵ ١١٠/فیدراڵی/٢٠١٩، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا دەرچووە و لە بابەتی نەوت و گازی هەرێم بڕیارێکی پابەندکەرە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان. بەڵام ئەم بڕیارە نابێت ببێتە پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم لە بواری ئاسایش و بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆییدا.

سێیەم: ماددەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بڕیارەکە ئەوەیە کە لە باسکردنی کەرکووک و دیالە و نەینەوا و سەڵاحەدین، هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بە ماددەی ١٤٠ی دەستوور نەکراوە. ئەم ماددەیە ڕێکاری ئاساییکردنەوەی بارودۆخ، سەرژمێریی دانیشتووان و گشتپرسی بۆ دیاریکردنی ویستی دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە دیاری کردووە. دادگای باڵای فیدراڵیش لە بڕیاری ژمارە ٧١/فیدراڵی/٢٠١٩دا ڕایگەیاندووە کە تێپەڕبوونی ماوەی دیاریکراو لە ماددەکەدا، ئەرکی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو ماددەیە کۆتایی پێ ناهێنێت. بەڵام پێویستە وردبین بین، ماددەی ١٤٠ ناوچە جێناکۆکەکان دەگرێتەوە، بۆیە بارودۆخی هەر ناوچە و کێڵگەیەک دەبێت بە جیا بپشکنرێت، هیچ بڕیارێکی کارگێڕی نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی ڕێکاری دەستووریی ماددەی ١٤٠ یان بڕیاری پێشوەختە لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە.

چوارەم: کەواتە حکوومەتی هەرێم چی بکات؟ لە بەرامبەر ئەم بڕیارانەدا، حکوومەتی هەرێم نابێت تەنیا بە هەڵوێستی سیاسی و ڕاگەیاندن وەڵام بداتەوە، بەڵکوو پێویستە ڕێگەی یاسایی و دەستووری بگرێتە بەر:

١- داوای دەقی فەرمی و تەواوی بڕیارەکان و بنەمای یاسایی هەر بڕگەیەک بکات، بۆ ئەوەی سنووری جێبەجێکردن و دەسەڵاتی لایەنەکان ڕوون بێت

٢- لیژنەیەکی هاوبەشی یاسایی و تەکنیکی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ پێک بهێنێت، بۆ پشکنینی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازەکان، ڕێگە نافەرمییەکان و میکانیزمی چاودێریی بەرهەمە نەوتییەکان

٣- پابەندیی خۆی بە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و پاراستنی سامانی گشتی بسەلمێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا داوای پابەندبوونی حکوومەتی فیدراڵ بکات بە ماددەکانی ١١٤، ١١٥، ١١٧، ١٢١ و ١٤٠ی دەستوور.

٤ - دەبێت هەرێمی کوردستان لەڕێگەی یاسا و دادگاوە دژی هەموو ڕێکارێک بێتەوە کە لەگەڵ دەستوور و یاسا ناکۆکە، لە ڕێگەی دامەزراوە دادوەرییە پەیوەندیدارەکانەوە داوای پێداچوونەوەی بکات، نەک لە ڕێگەی پێشێلکردنی یاسا یان دروستکردنی ناکۆکیی ئەمنییەوە

٥- دەبێت پارتە سیاسییەکان بە تیمێکی یەکگرتوو لەسەر ئاستی فراکسیۆنە پەرلەمانەییەکان و تیمی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان و شاندی کوردستانی ئەرکی گفتوگۆ بگرنە ئەستۆ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەم ئەرکەش وەدی نایەت تا ناوماڵی خۆمان ڕێک نەخەینەوە و ڕێک نەکەوین لەسەر وەلانانی هەموو ناکۆکی و بەرژەوەندییە حیزبییەکانمان

٦-پێویستەکورد لە بەغداد لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی کۆمار وئەنجوومەنی وەزیران وئەنجوومەنی نوێنەران هەماهەنگی بکەن و ئەرک و بەرپرسیارەتیەکانیان پیادە بکەن بە پشت بەستن بە دەستوور مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان.

بنەمای دەوڵەتی فیدراڵی ئەوەیە کە یەکێتیی خاک و سەروەریی دەوڵەت لەگەڵ دابەشکردنی دەسەڵات و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمەکان پێکەوە بپارێزرێن. نەوت سامانی هەموو گەلی عێراقە و هیچ لایەنێک مافی دەستبەسەرداگرتنی نییە، بەڵام دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیش دەبێت لە سنووری دەستووردا بێت، دەستووریش بە ڕاشکاوی و بە دەق دەڵێت پێکەوە (معا). لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت، بەڵام دەسەڵات لە دەوڵەتی فیدراڵیدا بەپێی دەستوور دابەش دەکرێت، ئەمە بنەمای جیاکەرەوەی نێوان دەوڵەتی فیدراڵی و دەوڵەتی ناوەندییە. بۆیە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بە یاسا مافەکانی بپارێزێت و بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدراڵیش ئەوەیە بە یاسا دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بهێنێت، چونکە دەستوور بۆ هەموو لایەنەکانە، نەک تەنیا بۆ ئەو لایەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لە دەستدایە. کارێکی هەنووکەیی و لەپێشینە بۆ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەرووی هەمووانیشەوە بۆ یەکێتی و پارتی ئەوەیە: بە بەرنامە و پلان پاڵپشت بە دەستوور هێڵی سوور دابنێن لەژێر دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم و ڕێگەی یاسایی و جەماوەری بگرنە بەر بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە لەسەر ئاستی ناوخۆ و حکوومەتی فیدراڵدا، بە زووترین کاتیش بە کردار یەکبوون و ئاشتبوونەوەی گشتی ڕابگەیەنن، چونکە تەنیا بە یەکێتی و یەکبوونەوە دەتوانین مافەکانمان بپارێزین.


PM:10:35:24/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی