ئایندەی هەرێم لە نێوان یەکترازان و دووئیدارەیدا
سەڵاح ڕەشید
لەم رۆژانەدا باس باسی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتییە، بە تایبەتی دوای دانیشتنی تەواوکار یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٤/١١/٢٠٢٦ کە پارتی توانی رێژەیەک دروست بکات کە (شەرعیەت) بداتەوە بە پەرلەمان.
کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، یان بارزانی و مەکتەبی سیاسی کۆنی پارتی، جەلالی و مەلایی تەمەنیان لە تەمەنی پەرلەمان زۆر کۆنترە، مێژووی ئەم ناکۆکییە دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی گەرانەوەی بارزانی باوک لە یەکێتی سۆڤێت و دامەزراندنەوەی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەم ناکۆکی و کێشانەی نێوان ئەم دووباڵە، لە ماوەی چەندین ساڵدا زۆر قۆناغی جیاوازیان بریوە، شەڕی ناوخۆ، ئاشتی و گفتوگۆ، رێکەوتنی ستراتیجی جارێکی تر بۆ شەرو گرژی، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کێشەکان لە شوێنێکدا کۆتاییان پێبێت و لە بنەرەتەوە چارەسەربکرێن و ئاشتیەکی راستەقینە و پتەوی لێبکەوێتەوە.
نەبوونی (متمانە) لە نێوان ئەم دوو هێزەدا، هۆکارێکی سەرەکی بوە بۆ بەریەککەوتن و هەرلایەک هەوڵی داوە کە خۆی لە کوردستاندا باڵادەستی یەکەم بێت .
ئەم عەقڵیەتە وای کردوە کە بەدرێژای زیاتر لە سی ساڵی خۆبەرێوەبردنی بەشیکی باشور دوو (زۆن) بوونی هەبێت هەرلایەک لە زۆنی خۆیدا،
هەرچی دەسەڵاتی ئیداری و مالی و پێشمەرگایەتی هەیە.. بۆخۆی قۆرخکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ کام لەم دوو هێزە نەیانتوانیوە متمانە و دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستان یان زۆنەکەی خۆیان بەدەست بهێنن.
بۆ نمونە یەکێتی و نەوەی نوێ بەیەکەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تەنها ٤١١،٠٦٨ بەرێژەی ٢٨٪ دەنگدەرانیان بەدەست هێناوە، هەروەها پارتیش لە هەمان هەڵبژاردن و لە پارێزگای هەوڵیر و دهۆک تەنها ٧٤٩،٩٣٨ بە رێژەی ٣٣٪ دەنگیان بەدەست هێناوە.
کێشەی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی تەنها لە دانانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا یان دەسەڵاتەکانی خۆی نابینێتەوە، پرسیار ئەوەیە گەر سبەینێ سەرۆکی حکومەت بگۆڕرێت، ئایە ئەم گۆڕانکاریانە کلیلی چارەسەری هەمو ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی بە (نەخێر)ە، چونکە عەقڵیەتی بەرێوەبردن و ئیدارەدانی ناکۆکییەکان بە ئاڵوگۆرکردنی کەسێک بە کەسێکی تر، هیچ ناگۆرێت، چونکە ئەم شیوازی حوکرانییە سیستەمێکی دیموکراتی نییە و دەسەڵاتی حیزب و خێل و کەسە دەسترۆشتووەکانی خستۆتە سەرووی یاساوە.
دیارە لە دۆخێکی ئاوادا ئاسان نییە، تەنانەت دەنگ و کورسی پەرلەمانیش ناکرێتە مەحەک و هاوسەنگی تەواو لە نێوان ئەم دوو هێزە دروست ببێت، بۆیە گەر لایەک نیوەی دەنگی لایەکی تریش بهێنێت، هەر هەق بەخۆی دەدات داوای شەراکەت بکات و ئەوەش ناوبنێت هاوسەنگی هێز، چونکە هاوکێشەکە بە جۆرێکە بە هیچ لایەکیان ناتوانن بە تەنیا پەرلەمان و حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنن.
لە چەند رۆژی رابوردودا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی، دەربارەی ئەم ناکۆکییانە بەیانێکی دەرکرد، داوا لەو دوهێزە دەکات بەیەکەوە دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئەگەر سەرۆکی پارتی زۆری مەبەستبێت کە ئەم دوو هێزە لەیەکتر نزیکببنەوە، بۆ بەیان دەردەکات؟، بۆ خۆی راستەوخۆ بەشداری لەم پرۆسەیەدا ناکات نایەت و نیوەرۆیەک لای کورانی مام جەلال لە قەڵاچوالان نانێک بەیەکەوەبخۆن؟، وەک چۆن چەندەها جار مام جەلال لە کاتی کێشەکاندا بە تەنها سەردانی مەسعود بارزانی کردوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نێوانیان و هەموولایەک ئەم هەڵوێستەیان بەرزنرخاندووە.
ئیمرۆ لە هەمووکات زیاتر ئەوە ئاشکرا بوە کە ئەم هاوپیمانیە ناچارییەی لە دوای ١٩٩٢ وە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دروستبوە، بە کوردی پەتی (فەشەلی) هێناوە، بۆیە گرنگ و پێویستە بیر لە رێگایەکی تر بکرێتەوە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم لە داڕمان بپارێزرێت.
ناکرێت تۆ داوا لە حکومەتی عێراق بکەیت کە سیستەمی لامەرکەزی پەیرەوبکات، بەڵام خۆت لە هەولێر، مەرکەزیەت پەیرەو بکەیت، ناکرێت باسی شەفافیەت بکەیت و چەندین کابینەیە میزانییە نەهاتبێتە پەرلەمان،
دیارە لامەرکەزیەت مانای دابڕانی سیاسی یان جیاکردنەوەی هەرێمێک ناگەیەنێت، بەڵکو چارەسەرە بۆ لەت نەکردن و جیابوونەوە. نموونەی وڵاتانی جیهان زۆرن، کە ئەم سیستەمە پەیرەو دەکەن.
وڵاتێکی فیدرالی وەک ئەڵمانیا لە ١٦ ویلایەت پێک هاتووە و دەسەڵاتەکان لە نێوان ناوند و ولایەتەکاندا بە پێی دەستور دابەش کراون، ناوەند دەسەڵاتی سیاسەتی دەرەوە، بەرگری، بوجە و پارەی گشتی، سیاسەتی گومرگی گشتی هەیە، هەر ولایەتێکیش کۆمەڵیک دەسەڵاتی تری هەیە، وەک حکومەتی خۆجێیی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دێتە کایەوە، سیاسەتی پەروەردە، پۆلیش، دادگای ناوچەکە، بوجەی سەربەخۆی خۆی و کۆمەڵیک دەسەڵاتی تر کە لە دەستوردا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها حکومەتی خۆجێیی ولایەتەکە کۆمەڵیک دەسەلاتیان شۆرکردۆتەوە بەسەر قەزاو ناحیە و ناوچە جیاوازەکاندا.
لە سیستەمی فیدرالیدا، مەرج نییە هەموو دەسەڵاتە ئیداریەکان لە پایتەخت بێت، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا هەموو دەزگا گرنگەکانی حکومەت لە بەرلینی پایتەخت نین، ٧ وەزارەت لە شاری (بۆن)نن کە جاران پایتەختی ئەڵمانیا بوو، لەوانە وەزارەتەکانی ( بەرگری، تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ژینگە، ئابوری ، کشتوکاڵ..) بارەگای دووەمی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە شاری بۆنن، هەروەها ٧٠ دەزگای گرنگی حکومی کە هەندێکیان سەر بە وەزارەتەکانن و هەندێکیان سەربەخۆن و دابەشبوون بەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئەڵمانیادا، بۆ ئەوەی قورسایی سیاسی و ئیداری لە شارێک یان ناوچەیەکدا قۆرخ نەکرێت و ناوچەکانی تریش بێبەش و فەرامۆش بکرێن..
وڵاتێکی وەک سویسرا کە لە ٢٦ کانتۆن پێک هاتووە، یان نەمسا کە لە ٩ ولایەت پێک هاتووە، بە هەمان شێوەی ئەڵمانیا دەسەڵاتەکان لە نێوان ناوەند و کانتۆنەکاندا دابەش کراون و چەندین وڵات و ناوچەی تریش لە جیهاندا هەن کە بەهەمان شێوەن .
نزیکی ٢٤ وڵات لە کۆی ٢٠٠ وڵاتی جیهاندا سیستەمی فیدراڵی پەیرەو دەکەن کە نزیکەی لە ٤٠٪ دانیشتوانی سەر رووی زەمینن.
بیگومان ئیماراتەکانی کەنداوی عەرەبیش هاوشێ سیستەمی فیدرالیان هەیە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم زۆر لێوەیان نزیکە..
ئێستا دوای ئەو هەموو شکست و نیگەرانیانە، کاتی ئەوە هاتووە کە شێوەیەکی تری حوکمرانی بۆ هەرێمی کورستان بدۆزرێتەوە، ئەمەش تەنها بە لێکتێگەیشتن و رەزامەندیی دەبێت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، وە گونجاوترینیان ( دوو سیستەمی ئیداری لەژێر چەتری یەک هەرێمی یەکگرتوودا)، ئەم شێوە ئیدارییە نە پارچەکردنی کوردستانە و نە کۆتایی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو بە سودیش دەگەرێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان، بەوەی ئەم دوو زۆنە ئەتوانن باشترین منافەسەی ئاشتیانە و دیموکراتیانەی یەکتر بکەن لە بواری باشترین خزمەتگوزاری، دژایەتی گەندەڵی و قاچاغی و دەستێوەرنەدانی حیزب لە ناو بازار، دابینکردنی نەوت و گاز و سووتەمەنی و ئینجا دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیان کە موچە لە کاتی خۆیدا وەردەگرن.
کاتی ئەوە بەسەرچووە کە لە هەولێرەوە هەموو بڕیارێک بۆ هەموو کوردستان بدرێت، با حکومەتی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەبەخۆکانی گەرمیان و راپەرین خۆیان مشوری ناوچەی خۆیان بخۆن و ئەو پارە و بودجەیەی بۆ ئەو ناوچانە تەرخاندەکرێت خۆیان دابەشی بکەن و بێبەن بەرێوە و پاڵاوگەکانی ناوچەکانی خۆیان بخەنەوە کار و بژێوی ئیدارەکەیان مسۆگەر بکەن.
کورترین و گونجاوترین، رێگا بۆ ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەبێت کە دەسەڵاتدارانی هەدوو هێز، کۆببنەوە بۆ ئەوەی پلانی دوو ئیدارەی لە ژێر چەتری یەک هەرێدا بەیەکەوە دابرێژن.
PM:01:24:24/11/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی