مێزە سێقۆڵیەکەی (ترەمپ، پوتین، شی جین)، دەبێتە بەرمۆدای (ئێران، ئۆکرانیا، تایوان)؟
د. ئەمیر حسێن
بابەتێکی
شیکارییە لەسەر: ململانێی زلهێزەکان لە پەڕاوێزی ژانی لەدایکبوونی سیستەمێکی
جیهانیی فرەجەمسەرو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەردەمی
بلۆکبەندییە جیۆپۆلیتیکییە نوێکان و سەروەریی دیجیتاڵیدا.
پێشەکی:
سیستەمی سیاسی
نێودەوڵەتیی هاوچەرخ ڕووبەڕووی بەهێزترین وەرچەرخان لە پەیکەربەندی خۆیدا بۆەتەوە،
پێدەچێت ئاڵۆزترینیان بێت لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و ھەڵوەشانەوەی یەکێتیی
سۆڤیەتەوە. ئەوەتا تاک جەمسەریی جیهان کە لە باڵادەستیی ئەمریکادا خۆی دەبینییەوە،
بەرەو لەدەستدانی پێگەکەی دەچێت و جێگەی خۆی چۆڵ دەکات بۆ ژینگەیەکی جیوپۆلیتیکی
ھەمەلایەنەی نەرمتر، تا لەکۆتایدا دەمانگەیەنێت بە (فرەجەمسەرییەکی
تازەپێگەیشتوو). لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا، چەمکی (هێز) و ئامرازەکانی (فشار)
سەرلەنوێ پێناسە دەکرێنەوە، کێبڕکێی جیوپۆلیتیکی تەقلیدی لەسەر خاک و ڕێڕەوە
بازرگانییەکان، تێکەڵی ڕکابەریی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، نیمچەگەیەنەرەکان، ژیریی
دەستکرد و سیستەمەکانی چەکە ڕۆبۆتەکان بۆەتەوە.
دووبارە
کردنەوەی کۆنگرەی یاڵتای(١٩٤٥)، یان مەترسی دووبارە بەریەککەوتنیەوەی
بەرژەوەندیەکان و پاشاگەردانی؟
لە سەرەتاوە پرسیارێکی کۆنی - نوێ لەبەردەمماندا قوت دەبێتەوە کە
قوتابخانەی (ڕیالیزمی پراگماتی) لە زانستە ڕامیارییەکاندا لە شێوازێکی نوێدا
دووبارە دایڕشتووەتەوە: چارەنووسی هێزە بچووک و مامناوەندەکان چی دەبێت کاتێک
زلهێزەکان بە یەکدا دەدەن یان ڕێکدەکەون؟ ئایا وڵاتانی وەک ئۆکرانیا، تایوان و
ئێران تەنها دەبنە کارتێک بۆ مانۆڕکردن، یان ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتی
زلهێزەکان و پاشان لەسەر مێزی دانوستاندنە داخراوەکان بە ئیمزایەک دەستبەرداریان
دەبن؟ یاخود سروشتی هەڵپەی بەجیهانیبوون و ئاڵۆزیی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە سیاسی
و ئابوریەکان، هاوشانی پێشکەوتنی ناهاوتا لە تەکنەلۆژیادا، بواری جووڵە دەداتە ئەم
هێزانە، تا کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی ململانێ جیهانییەکان بەردەوامبێت، تەنانەت
هاوکێشەی پایتەختە گەورەکان ئاوەژوبکەنەوە؟.
بەربەستەکان
لەبەردەم ئەم کێشانەدا لە چوارچێوەی نەخشەیەکی جوگرافی دیاریکراودا ناوەستێ، بەڵکو
بە خێرایی پەرەدەسێنێت و سێبەری خۆی دەکێشێ بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،
ئەو ناوچەیەی بەدرێژایی مێژوو بەدەست (نەبونی سەروەری)و وابەستەیی دەرەکییەوە
دەناڵێنێت. لەکاتێکدا ڕژێمە سیاسییەکان هەوڵی پاراستنی مانەوەی خۆیان و
دەسەڵاتەکانیان دەدەن، لە ڕێگەی بەدەستهێنانی (گەرەنتی ئاسایش)، لەوپێناوەشدا
چەندان ڕێککەوتنی ئاشکرا و نهێنیان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا واژۆکردوە. پرسیارە
جەوھەریەکەی لەسەر توانای ئەم ناوچەیە ڕوبەڕومان دەبێتەوە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ
سیستەمی فرەجەمسەریدا لە ئێستادا ئەوەیە:
ئایا ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە (کێکێکی دابەشکراو)، مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی هەژموونی واشنتۆن،
پەکین و موسکۆ؟ یاخود هاوپەیمانییە هەرێمایەتیەکان و ئاراستە ناوچەیییە نوێیەکان،
وەک (ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و هاوپەیمانی مەککە ومیحوەرەکانی مقاوەمە)، گەرەنتی
ئاسایشی ناوچەکەیان لە توانادایە؟ یان بەرەو داهاتوویەکی نادیار و پڕ لە مەترسی و
ململانێی و بەیەکدادانی نەتەوەیی، مەزهەبی و ئابووری زیاتر ڕاپێچی دەکەن؟
ئەگەر سەرەتا،
لەو گریمانە چاوەڕوانکراوە دەستپێبکەین، کە سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو
(فرەجەمسەرییەکی جێگیر)، یان ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵیی نەرم، لە نێوان (ئەمریکا، چین،
ڕووسیا) ناچێت، بۆ دابەشکردنی جیهان وەک ئەوەی لە (کۆنگرەی یاڵتا ١٩٤٥)دا ڕوویدا،
بەڵکو بەرەو (فرەجەمسەرییەکی ئاڵۆز و تەنانەت پاشاگەردانی) هەنگاو دەنێت. لە
ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، مەترسییەکانی بەکارهێنانی ناوچەکە، وەک مەیدانی
بەریەککەوتنی بەردەوام زیاد دەکات، بەتایبەت لەگەڵ بێتوانایی وڵاتانی ناوچەکە، لە
بوون بە (یاریزانی سەربەخۆ)، بەهۆی وابەستەیی ئاسایشی وڵاتەکانیان بە پشتگیریە
دەرەکییەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕۆڵی سنورداریان، بەتایبەت لە سەردەمی تەکنەلۆژیا
و ژیریی دەستکرددا، کە زیاتر وەک (بەکارهێنەر و هاوردەکار) دەردەکەون، نەک داھێنەر
و دروستکەر.
هاوسەنگیی
هێز لە سیستەمی فرەجەمسەریی تازەپێگەیشتووی چاوەڕوانکراودا.
١-
هەڵوەشاندنەوەی پەیکەربەندی ڕکابەریی سێگۆشەی (واشنتۆن، پەکین، موسکۆ)
دەستخستنی
وێنەیەکی ڕوونی بێ ڕتوش لەو گۆڕانکاریە خێرایانە زۆر ئەستەمە بەبێ تێگەیشتن لە
سروشتی ململانێی نێوان سێگۆشە نێودەوڵەتییە گەورەکە، بێگومان لە ئێستادا زۆر
جیاوازە لە نەریتی جەنگی سارد (کە زیاتر ململانێیەکی ئایدۆلۆژی و داخراو بوو):
وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا: هەوڵی پاراستنی هەژموون و ڕاگرتنی باڵانسی ئەو یاسایانە
دەدات کە لە دوای ساڵی ١٩٤٥وە دایڕشتوون، لە ئانجامدا باڵادەستیان بەدرێژایی ئەم
ماوەیە بۆ مسۆگەر کردبوو، بەڵام لە ئێستادا بەرەوڕووی جۆرێک لە شەکەتی ستراتیژیی
ناوخۆیی و دابەزینی ڕێژەیی تواناکانی بووەتەوە، لە بەردەوامی سەپاندنی ئیرادەی خۆی
بە تەنیا. بەتایبەت دوای ئەم ھەموو گێچەڵەی تڕامپ بە ھاوپەیمانە ستراتیژەکانی لە
ناتۆ و ئەوروپاو شەڕی باج سەپاندنەی بە دونیای دەفرۆشێ، ئەمریکا لە ئێستادا
پەیڕەوی لە ستراتیژیی (گەمارۆدانی تەکنەلۆژی و هاوپەیمانیی تۆڕەکان) دەکات بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرەکانی.
چین: گەورەترین
ڕکابەر و مەترسیی ھەیکەلی و هەمەلایەنەیە بۆ سەر ئەمریکا. هێزی چین تەنها سەربازی
نیە، بەڵکو لەسەر ئاوێتەبوونی لەگەڵ ئابووریی زۆرترین وڵاتانی جیهاندا، لەگەڵیدا
دەستپێشخەریی بەردەوام بۆ (ڕێگە و پشتێنەی نوێی گواستنەوە)، تەقینەوە لە پێشکەوتنی
تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرددا وەستاوە. چین بەدوای بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی
سەربازیدا ناگەڕێت، بەڵکو سەرلەنوێ بەدوای داڕشتنەوەی لووتکەی ڕیزبەندی سیستەمی
ئابووری و دارایی جیهانەوەیە.
ڕووسیا:
نوێنەرایەتی (هێزی پێداچوونەوەی توند) و خەونی گێڕانەوەی ئیمپراتۆریرتی سۆڤیەت
دەبینێت، هەوڵدەدات هەژموونی ڕۆژئاوا بە بژاردەی سەربازیی ڕاستەوخۆ، بەکارهێنانی
چەکی وزە و بەریەککەوتنی نێوان کلتور و شارستانیەتەکان بپچڕێنێت، بانگەشە بۆ خۆر
ئاوابونی دەوڵەت نەتەوە و سەردەمی دەوڵەتشارستانی ئۆراسیا دەکات، ھەروەھا بە
پشتبەستن بە هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی نەنووسراو لەگەڵ چین و ئێران و کۆریای باکور
و ھەندێک لەوڵاتانی ئەمریکای لاتین بەردەوام کار بۆ لاوازکردنی ڕۆژئاوا دەکات.
٢-
وڵاتانی سەر گۆڕەپانەکە وەک کارتە جیوپۆلیتیکییەکان (ئۆکرانیا، تایوان، ئێران)
ئەو وڵاتانەی
کەوتوونەتە سەر هێڵەگەرمەکانی بەریەککەوتنی جیوپۆلیتیکی، وەک تاقیکردنەوەی
پراکتیکی بۆ تواناو بەرژەوەندی زلهێزەکان بەکاردێن، بەڵام خوێندنەوەی ڕەوشی هەر
یەکێکیان جیاوازی زیاترمان بۆ ڕووندەکاتەوە بەتایبەت لە نێوان چەمکی (ئامراز
وسەربەخۆییی) لەڕووی لەکرداریدا:
ئۆکرانیا
(دەروازەی ئەوروپا): لە ئێستادا وا بۆ پێنج ساڵ دەچێت بۆتە مەیدانی جەنگی داخوران
و پەرتبونی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا. بەڵام سەرەڕای پشتبەستنی تەواوی بە هاوکاریی
دارایی و تەکنۆلۆژیا سەربازییەکانی ڕۆژئاوا، خۆڕاگریی مەیدانیی ئۆکرانییەکان
سەلماندی هێزە مامناوەندەکان دەتوانن واقيعێک بەرهەمبهێنن ڕێگە نەدات زلهێزەکان
ڕێککەوتنێکی خێرا لەسەر کەوڵی ئەوان بەئەنجام بگەیەنن.
تایوان (دڵی
تەکنەلۆژیای جیهان): تەنها دوورگەیەک نیە بە پێگەیەکی جیۆ سەربازی هەستیارەوە لە
دەریای چینی باشووردا، بەڵکو دڵی لێدانە ئابوورییەکەی جیهانە لە ڕێگەی
دەستبەسەرداگرتنی بەشی هەرە گەورەی دروستکردنی نیمچەگەیەنەرەکان و چیپە
ئۆتۆماتیکییەکان (لە ڕێگەی کۆمپانیای TSMC)ەوە.
ئەم باڵادەستییە تەکنەلۆژییە جۆرێک لە پارێزبەندی وەک قەڵغانێکی زێڕین بە تایوان
بەخشیوە، وا دەکات هەر هەوڵێکی چین بۆ قووتدانی، یان ڕێککەوتنێکی ئەمریکا بۆ
دەستبەرداربوونی، ببێتە هۆی مەترسی لەسەر هەرەس هێنانی زنجیرەیی دابینکردن و
ئابووریی خودی زلهێزەکان خۆیان.
ئێران
(گرێکوێرەی ھەرێمی): ئێران خاوەن پڕۆژەی ئایدۆلۆژی و تاکە دەوڵەتی ئاینیە، خاوەن
تۆڕێکی فراوانە لە هێزەکانی بەناو مقاوەمەی ئەودیوی سنوور، لە ھەمان کاتدا
دەستڕۆشتو بەسەر کەنداو گەروی ستراتیژی ھۆرمزدا، وەک (قەڵغانێکی جیوپۆلیتیکی)
لەلایەن ڕووسیا و چینەوە بەکاردێت لە بەرامبەر ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکە،
بەڵام ئێرانیش ئەم ڕکابەرییە دەقۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە گۆشەگیری وشکاندنی
گەمارۆ کوشندەکان و پەڕاندنەوەی ڕژێمەکەی بە سەلامەتی لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی
جەنگی ئەمریکاو ئیسڕائیل، دواتر هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی پڕۆژە ئەتۆمیەکەی و
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی فۆڕمە دینی و مەزهەبییەکەی، کە دەستبەرداربوون لێی،
یان هەوڵدان بۆ لە قاڵبدانی بە واژۆیەک لەسەر مێزی وتووێژەکان، دەکاتە کارێکی زۆر
ئاڵۆز و سەخت ئەگەر نەڵێم ئەستەم.
٣-
سیناریۆی(یاڵتایەکی نوێ): ئایا دابەشکردنی جیهان لەئەمرۆدا ممکینە؟
بەشێک لە
شڕۆڤەکاران بەرەو شیمانەی سەرکەوتنی سیناریۆی کۆبوونەوەی سەرکردەی زلهێزەکان دەچن،
کە بڕیارە لەم ماوەیەدا لەنێوان( تڕەمپ و پوتین و شی جین) بۆ گەیشتن بە
(ڕێککەوتنێکی گشتگیر) لە پێناو دابەشکردنی جیهان بۆ ناوچەی هەژموونی تایبەت بەڕێوە
بچێت. بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەزموونی (کۆنگرەی یاڵتای ساڵی ١٩٤٥) بەسەر واقیعی
هاوچەرخدا تووشی ئاستەنگی جەوهەری دەبێتەوە لەبەر ئەم ھۆکارانە:
أ - پێکەوە
گرێدراوی ئابووریی جیھانی بە شێوەیەکی بەرفراوان: لە ساڵی ١٩٤٥دا هەردوو بلۆکی
سۆڤیەت و ڕۆژئاوا لە ڕووی ئابوورییەوە تاڕادەیەک سنورێکی جیاوازیان هەبوو، بەڵام
ئەمڕۆ ئابووریی ئەمریکا و چین و جیھان بەتایبەت لە قۆناغی جیھانگیریدا بە قووڵی
تێکەڵ بوون، تەنانەت بەشێکی زۆری کۆمپانیا پیشەسازی و تەکنۆلۆژیە زەبەلاحەکان
شوناسێکی جیھانیان وەرگرتوە، بڕیار لەسەر هەر جۆرە دابەشکارییەک مانای ئیفلیج بوونی ئابووریی جیهان دەگەیەنێت.
ب - لە دوای سەرهەڵدانی جۆرێک لە یاخیبونی هێزە
مامناوەندەکانەوە: جیهان چیتر تەنها لە دەستی سێ گەورەکەدا نییە. هێزەکانی وەک
هیندستان، تورکیا، بەرازیل و عەرەبستانی سعودییە میصر پەیڕەوی لە
هەڵوێستی(پاراستنی ستراتیژی) دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە بچنە بەرەی تەواوەتیی ھیچ
لایەکەوە، ئەمەش ڕێگە لە سێ زلهێزەکە دەگرێت بە تەنیا نەخشەی جیهان بکێشنەوە.
ج - لەدەستدانی متمانەو کاڵبونەوەی ئایدۆلۆژیای
کۆکەرەوە: هیچ ئیرادەیەک لە واشنتۆن یان پەکیندا بەدیناکرێ بۆ پێدانی ناونیشانی
(هەژموونی ڕەها) بە لایەنەکەی تر، چونکە ململانێی ئێستا ململانێیە لەسەر
ڕابەرایەتیکردنی داھێنراو کەرەستە تەکنەلۆژی و ئابوورییەکانی سەدەی بیست و یەکەم،
کە لە ئێستادا ململانێیەکی ئەنجام نەزانراوە، چونکە پرۆسەکە بەردەوام لە جوڵەو
لەبەردەم داھێنانی زیاتردایە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زریانی وەرچەرخانەکاندا، لە جەنگی وڵاتانەوە بۆ
تۆڕی هاوپەیمانەتیە نوێکان.
١-
سروشتی ئاڵوگۆڕی ململانێ ناوچەیییەکان و کاڵبوونەوەی سەروەریی کلاسیكی
نەخشەی ململانێکان
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوو دەیەی ڕابردوودا تووشی گۆڕانکاری بنەڕەتی بۆتەوە،
(جەنگە تەقلیدییەکانی نێوان دەوڵەتان) پاشەکشەیان کردووە و جێگەیان بۆ (ململانێی
نێوان ھاوپەیمانەتیەکان و بلۆکە ئابوریەکان) چۆڵکردوە. ئەم نەخشە نوێیە لەسەر
ڕووبەرە ئاڵۆزەکان کاردەکات کە تێیدا دەوڵەتە ناوەندییەکان داڕماون یان کاڵبوونهتەوە
(وەک سوریا، یەمەن، لیبیا و عێراق).
لە سەردەمی نوێدا،
هێز تەنها بە ڕووبەری جوگرافی یان ژمارەی سوپای نظامی پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە
توانای لایەنە ھەرێمیەکان دەپێورێت لە بەڕێوەبردنی تۆڕەکانی هەژموون، بەکارهێنانی
ھێزە سپۆنسەرکراوەکان لە دەرەوەی سنوری دەوڵەتدا، بەستنی هاوپەیمانیی تەکتیكیی کە
سنووری نەتەوەیی و مەزهەبی تێدەپەڕێنێت.
٢-
ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و مەککە و ئاڕاستەکانی (جێگیربوونەوەی ستراتیژی)
لە سایەی
هەستکردن بە پاشەکشەی ئەمریکا لەسەردەمی
تڕامپدا، بە پابەندبوونی ڕەھای ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەکە، بەتایبەت لەدوای
ھەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێراندا و ھەڵکشانی ئاسۆی ناڕونی چارەسەر، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە ڕوویان لە
ستراتیژیی (خۆپاراستن و دوبارە جێگیربوونەوە) کرد، بە ئاراستەی ڕێککەوتنەکانی
ئیبراهیمی و مەککە وهاوبەشیی ئابووریی پێشکەوتوو لە پێناو:
گەڕان بەدوای
چەتری ئاسایش و تەکنەلۆژیای سەربازی شوێنگرەوەدا: هاوپەیمانییەکان چیتر لەسەر
بنەمای ئایدۆلۆژیای کلاسیک نین، بەڵکو بوونەتە (هاوپەیمانیی پراکتیکی
بەرژەوەندخواز) کە لەسەر بنەمای بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە هاوبەشەکان (لە سەرووی
هەموویانەوە هەژموونی ناوچەییی ئێران و مەترسییە جیۆ سەربازیەکان) پێکهاتوون،
لەگەڵ هەوڵدان بۆ ئاوێتەکردنی ئابووریی ناوچەکە لەگەڵ زنجیرەکانی دابینکردنی
ئابوری جیهانی و ڕێڕەوە بازرگانییە گەورەکاندا.
پارادۆکسی
(خۆپاراستنی دوولایەنە): وڵاتانی کەنداو و هێزە ناوچەیییەکانی تر هەوڵدەدەن
ستراتیژییەکی تایبەت پیادە بکەن، کە لەلایەک بریتییە لە پاراستنی چەتری ئاسایشی
ڕۆژئاوایی، لەلایەکیتر کردنەوەی دەرگای هاوبەشیی ئابووریی گەورە لەگەڵ چین،
لەھەمان کاتدا هەماهەنگیی دۆسیەکانی وزە لەگەڵ ڕووسیا (لە ڕێگەی ئۆپێک پڵەسەوە).
بەڵام ئەم سەربەخۆییە هەمیشە لەژێر مەترسیدایە، چونکە ئەم وڵاتانە دەخاتە بەر
گوشارە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و چین، بەتایبەت لە کاتی یەکلاکردنەوەی بژاردە
تەکنەلۆژی و جیوپۆلەتیکییە گەورەکاندا.
٣
- کێشەی (ئاسایشی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان) لە بەرامبەر ئاسایشی دەوڵەت و کۆمەڵگە
تێکچوونی گەورە
لە پەیکەربەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە ئەولەوییەتی
دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، هەرگیز دروستکردنی (ئاسایشی نیشتیمانی گشتگیر
و سەربەخۆ) نەبووە، تا پشتبەستوو بێت بە ڕەوایەتیی جەماوەر و وەبەرھێنانی
ئابووریی، بەڵکو بە تەواوی لەسەر (ئاسایشی ڕژێمەکان، دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەکان
تەنانەت خێزانەکان) و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا وەستاوە. بۆ داپۆشینی ئەم
کەمتەرخەمییە ناوخۆییە، ئاڕاستەی مێژوویی ھەمیشە ڕووی بەرەو پشتبەستن بە پاراستنی
دەرەکی بووە (لە ڕێگەی بنکە سەربازییە بیانییەکان، سەودای چەکی گەورە، دەیان
ڕێککەوتنی ئاشکرا و نهێنی). ئەم وابەستەیییە ڕێگە لە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک
دەگرێت دەربارەی (سەربەخۆییی ستراتیژی ناوچەیی)، چونکە ڕژێمێک مانەوەی لەسەر
پشتیوانی دەرەکی وەستابێت، ناتوانێت ببێتە (کاراکتەرێکی سەربەخۆ)، بەڵکو ھەمیشە
لەژێر ڕەحمەتی ئەو هێڵە سورانەدا دەمێنێتەوە کە وەبەرھێنە نێودەوڵەتیەکان بۆیان
کێشاوە.
شۆڕشی
تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد و گۆڕانی خێرا لە پەیکەری دەسەڵاتدا.
١-
جیوپۆلیتیکی ئەلگۆریتمەکان و سەروەریی دیجیتاڵی
ئەگەر نەریتی
سیاسەتی نێودەوڵەتیی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەکانی نەوت و ڕێڕەوە دەریاییەکان
وەستابێت، ئەوە سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ سەدەی بیست و یەکەم لەسەر (سەروەریی
دیجیتاڵی و ژێرخانی ئەلگۆریتم و داتاکان) بنیات دەنرێت. لەم سەردەمەدا، هێز تەنها
بە ژمارەی سوپای تەقلیدی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دەوڵەت دەپێورێت لە
بەڕێوەبردنی سەنتەرەکانی داتای زەبەلاح، ئەلگۆریتمە بنەڕەتییەکانی ژیریی دەستکرد،
کۆنتڕۆڵکردنی پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرە پێشکەوتووەکان. ململانێی نێوان واشنتۆن و
پەکین تەنها بازرگانی نییە، بەڵکو (جەنگی چیپەکانە) بە ئامانجی بێبەشکردنی ڕکابەر
لە توانای پەرەپێدانی چەکەڕۆبۆتییەکان، ئاسایشی سایبەری پێشکەوتوو، لە ھەمووی
گرنگتر بەڕێوەبردنی ئابووریی دیجیتاڵی.
٢-
مەترسیەکانی بۆشاییە ناوچەییە گەورەکە :
وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر وەک (بەکارهێنەری پێشکەوتوو)ی
تەکنۆلۆژیان، بە بەراورد بە ھەندێک لە مۆدێلە ناوچەیییەکان. ئەوەتا ڕەوشی
تەکنەلۆژیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پارادۆکسێکی ئاشکرا پیشان دەدات، وڵاتانی
دەوڵەمەندی کەنداو سەدان ملیار دۆلار دەکەنە ژێرخانی دیجیتاڵی و سەنتەری
داتاکانەوە. بەڵام ئەم هەوڵە تاسەر سنووری (بەکارهێنان و بەگەڕخستن) بڕدەکات، نەک
(داهێنان و دروستکردنی ڕەسەن). چونکە هاوردەکردنی چیپی پێشکەوتوو و بەکارخستنی،
ھەرگیز مانای خاوەندارێتی توانای دیزاینکردن یان خاوەندارێتی فکری و دروستکردنی ئامێرە
ئاڵۆزەکانی ناکات (وەک ئەوەی کۆمپانیا هۆڵەندی، ئەمریکی یان تایوانیی و کۆریەکان
دەیکەن)، ئەمەش ژێرخانی دیجیتاڵی ناوچەکە بە تەواوی وابەستەی کۆمپانیا دابینکەرە
تەکنەلۆژییە گەورەکان دەکاتەوە، بۆ نمونە بەراوردکاریەکی سادە لە نێوان (ئیسرائیل،
تورکیا، ئێران).
ئیسرائیل:
بەردەوام بەرەو ئاوێتەبوونی زیاتر وەک ئەندام لە یەکێتی بەرهەمهێنەرانی داهێنانە
ڕۆژئاواییەکان دەڕوات، وەک (دەوڵەتێکی نوێی و گەورەی تەکنۆلۆژی) لە بواری ئاسایشی
سایبەری و ژیریی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای سەربازیدا.
تورکیا سەرنجی
خستۆتە سەر (تەوتینی پیشەسازی و سەربازیی ناوخۆیی) لە ڕێگەی دروستکردنی سیستەمێکی
ئەندازیاری بەرگریی پێشکەوتوو (وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و برەودان بە پیشەسازیی
قورس).
ئێران لە
ئەنجامی گەمارۆ توندەکاندا پەنای بردۆتە بەر مۆدێلی (پشت بەستن بە خۆماڵیکردنی
تەکنەلۆژیای سەربازی و سایبەری) بەتایبەت لەڕووی درۆنی ھەرزان و تەکنۆلۆژیای
ڕۆکێتدا.
لە بەرامبەردا،
زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان و بەتایبەت خلیجیەکان تەنها لە چوارچێوەی ڕۆڵی (بازاڕی
بەکارهێنەری گەورەدا) ماونەتەوە، لە ڕێگەی هاوردەکردنی تەکنەلۆژیای ئامادەکراوەوە
کە زیاتر لە دەرەوە ئاراستەو بەڕێوەدەبرێت.
٣-
ڕەنگدانەوەی بایەخی تەکنەلۆژیای سەربازی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە
هەنگاوە
گەورەکانی سیستەمی ژیریی دەستکرد بەتایبەت لە بواری سەربازیدا (وەک فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو، ڕوبۆتی جەنگی و سیستەمی ئاڕاستەکردنی زیرەک و جەنگە
ئەلیکترۆنیەکان) ڕێساکانی بەریەککەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت، بەجۆرێک
دابەزینی تێچووی ھێرش و پەلامارەکان بۆ قوڵکردنەوەی ململانێکان و هاتنەناوەوەی
لایەنی دەرەوەی دەوڵەت، وەک گروپەکان یان کۆمپانیاکان بۆ ناو کێبڕکێی بەدەستهێنانی
هێزی لە ڕادەبەردەر (لە ڕێگەی درۆنی هەرزان و جەنگی سایبەرییەوە) زۆر زیاتر دەکات.
بە ھەمان شێوە خێراکردنی (پەلامارو وەڵامدانەوە سەربازیەکان) کە لە ڕێگەی
ئەلگۆریتم و ئامێرەکانەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دیپلۆماسیی تەقلیدی و ڕاوێژ لە
بڕیاردان زۆر کەم دەکاتەوە و ناهێڵێت، تەنانەت ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی خێرا و
لەناکاو زۆرتر دەکات کە کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەت بێت.
لە
کۆتایدا ھەندێک دەرئەنجام و پێشبینیی:
لەژێر ڕۆشنایی
شیکارییە ڕەخنەیییەکەی پێشوودا، ئێمە لە قۆناغێکی ڕاگواستنی تائەوپەڕی
(ئێکستریملی) مەترسیدار و شڵەژانی جیۆپۆلەتیکیدا دەژین، کە لەکۆتایدا سیستەمێکی
جیهانیی فرەجەمسەریی لێ بەرھەم دێت. لەم ژینگە تاریک و ئاڵۆزەدا، هیچ شوێنێک بۆ
ئەو هێز و پێکهاتانە نییە، کە خاوەنی لانیکەمی توانا و هێزی بەرگەگرتنی خۆیان نین.
بە جۆرێک هێزە بچووک و مامناوەندەکان (وەک ئۆکرانیا، تایوان، ئێران، تەنانەت
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) باجی ئەم ململانێیە دەدەن.
سەبارەت بە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینیی داهاتوو دەمانخاتە بەرامبەر دوو ڕێگەی سەرەکی:
سیناریۆی یەکەم
(گۆڕەپانی کراوە و لێکترازانی بەردەوام) وەک چاوەڕوانکراوترین شیمانە لە ئایندەی
نزیکدا، وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە لە دەوری ستراتیژیی
وابەستەیی و پاشکۆیی دەرەکی و پاراستنی ڕژێمەکانیان لە ڕێگەی زلهێزەکانەوە، لەگەڵ
ڕازیبوون بە ڕۆڵی بەکارهێنەری تەکنەلۆژیا. ئەم سیناریۆیە مانای ئەوەیە ناوچەکە
دەبێتە مەیدانێکی بەردەوامی بەریەککەوتن بۆ بلۆکەکانی هەژموون و جەنگە ئیتنی و
ئاینی و مەزھەبیەکان، ناوچەکە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی ڕامکردنی سیاسی، ئابووری و
تەکنەلۆژیدا دەمێنێتەوە لەگەڵ هەر لەرینەوەیەکی هاوسەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا.
سیناریۆی دووەم (پێکهێنانی بلۆکێکی سەربەخۆی
هەرێمی) ئەمەیان دروستترین و زەحمەتترین سیناریۆیە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ناتوانێت خۆی دەربازبکات لەو بازنەیەی هەمیشە وەک (ئامرازێک) بەکار دەهێنرێت،
مەگەر کاتێک دەستەبژێرەکانی لەوە تێبگەن، چیتر ئاسایشی ڕاستەوخۆی ڕژێمەکانیان، بە
چەتری بیانی بەدەستنایەت، بەڵکو بە بونیادنانی پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی گشتی، لەڕووی
زانستی، پیشەسازی و تەکنەلۆژیی ناوخۆییەوە دەبێت، کە پشت ببەستێت بە چاکسازیی لە
پەیکەریی ناوخۆی سیستەمە سیاسی و ئابوریەکان و هاوکاریی ناوچەییی و ھەرێمی
ڕاستەقینە، لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، (لەوانەش بەتایبەت تورکیا، ئێران و جیهانی
عەرەبی)، تێپەڕاندنی قۆناغی کڕینی تەکنەلۆژیا بۆ قۆناغی بەرهەمهێنان و
دەستەبەرکردنی تەکنۆلۆژیا وەک کلیلی پێشکەوتنەکان لە ئێستاو ئایندەدا.
سیستەمی سیاسی
جیهانی لە داهاتوودا بەزەیی بە لاواز و وابەستەکاندا نایەتەوە، چارەنووسی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە سەوداو مامەڵەی زلهێزەکان، لە سەرمێزی گفتوگۆی ژوورە
داخراوەکان بڕیاری لێنادرێت، بەڵکو بە توانای گەلانی ناوچەکە و دەستەبژێرەکانیان
دەبەسترێتەوە، بەتایبەت لە ھەوڵەکانیان بۆ پچڕاندنی کۆت و بەندەکانی پاشکۆیی و
وابەستەیی، لە بەرامبەردا دروستکردنی بنەماکانی هێزی حەقیقی، لە برەودان بە
سیستەمی دیموکراسی ڕاستەقینە لە وڵاتەکانیاندا، پێڕەوکردنی لانیکەمی دادپەروەری لە
بڕیارەکانیاندا، لەگەڵ پەروەردەیەکی ھاوچەرخ لەپێناو بایەخی زیاتر بە توێژینەوەی
زانستی و ئابووریی بەرهەمهێنی زیرەکدا، ئەوە پێش ئەوەی شەپۆلی گۆڕانکارییە
تەکنەلۆژی و جیوپۆلیتیکییە زەبەلاحەکان هەموویان ڕابمالێت.
PM:01:18:17/11/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی