لەبارەی مەرکەزییەتەوە
توانا عوسمان
لەوەتەی هەیە کێشەی
کورد لەعێراقدا لەسەر مەرکەزیەتی بەغدا بوە، کەواتە ئەبوایە کورد لەناو هەرێمی
کوردستاندا پێچەوانەوە بوایە، خۆی لامەرکەزیەتی پیادەبکردایە.. چونکە تۆ کەبڕوات بەمەرکەزیەتی
بەغدا نەبێت، پێویست وایە بۆ ناو هەرێمیش هەر بڕوات پێی نەبێت.
لەئەسڵدا ئەو داواکاریانەی
لەسلێمانی هەیە، بەئەنجومەنێکی ڕاستەقینەی پارێزگا یان ئەنجومەنێکی بەهێزی شارەوانیەکان
حەل ئەبێ، بێ ئەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەستکاریبکەن، داواکاریەکانی خەڵک
دەربارەی ڕاییکردنی پڕۆژەو دادپەروەریە لەخزمەتگوزاریە خۆجێییەکاندا، هیچی دژی ئەوەنیە
کەکوردستان هەرێمێکی بەهێزی یەکگرتوی هەبێت.
بەڵام دوو ئیدارەیی یان
دووهەرێمی دروستکردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی حیزبیە کەئەگەر هاتەکایەوە دوو حیزبەکەی هەرێمی
کوردستان ئەیکەین بەسنوری جێی نفوزی حیزبی خۆیان، ئەمەش هەردوو هەرێمەکە دەخاتە بەردەم
ئەگەری هاتنەکایەی تۆتالیتاریەتی حیزبیەوە.
لەحاڵەتی لەوجۆرەدا دەبێت
خەون بە ئۆپۆزسیۆنێکەوە ببینین کەهەوڵی لابردنی دیواری قەڵەمڕەویی حیزبی باڵادەستبدات
و دیسان داوای یەکگرتنەوە بکات، ئەوکاتەش بەشێکی زۆر لەووزەی ناوەکی کۆمەڵگەی کوردی
خەساردەبێت بۆ یەکخستنەوەی ئیدارەو قەوارەی هەرێم وەک ئەوەی لەئەڵمانیادا ڕویدا و
بە 28 ساڵ دیواری بەرلین لابرا.
کاک مەسعود کەهەوڵیدا
بەڕیفراندۆم کەرکوکیش بهێنێتەوە سەر سنوری هەرێمی کوردستان، نابێت بهێڵیت بکرێتە
باعیسی دووکەرت بوونی هەرێمی کوردستان، ئەو کەلە دوای کۆچیدوایی مام جەلال و کاک نەوشیروانەوە،
دوا ڕەمزی جیلی دێرینی سەرکردایەتی سیاسیە و نەیشادۆتەوە کە کەڵکەڵەی بەدەوڵەتکرنی
کوردستانی هەیە، حەق وایە نەک پۆستێکی باڵا بەڵکو گورزەیەک پۆست بداتە یەکێتی و لایەنەکانی
تر تاوەکو ببێتە ناونیشانی هێشتنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، نەک ئەدرەسی
پارچەپارچەبوونی.
لەڕاستیدا بۆ ئەوەی ڕاستگۆبین
لەگەڵ خۆماندا ئەبێ بیرمان بێت کە پەڕلەمان لەکوردستان دامەزراوەیەکی کارتۆنیە، هەڵبژاردنیش
تائێستا ڕێگەیەکی ڕاستەقینە نیە بۆ ئاڵوگۆزی هاوسەنگی هێز، لەهەرێمی کوردستان سیستەمی
حیزبۆکراتی Partyocracy هەیە کەحیزب زاڵە بەسەر دەستگاکاندا،
ووزەی ناوەکی حیزبیش دەچێتە خزمەتی دوو خێزانەوە بەقەولی تۆم باراک، ئینجا مەلا بەختیار
وتەنی مەسەلەکە جوگرافیای هێزە نەک کورسی، بۆیە حەق وایە پەرلەمان و کورسی و
ماتماتیکی 50+1 نەکرێت بەبیانو بۆ تێکدانی ئەو فەنتازیا جوانەی ناوی هەرێمی باشوری
کوردستانە.
PM:01:06:17/11/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی