یادی سلێمانی بە ئەی ئای (بۆی دێنم بۆی دێنم...)
راز ئەسعەد
لە چەند ڕۆژی
ڕابردوودا، یادی 242 ساڵەی بوونیادنانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، وێڕای هەموو سەرنج
و تێبینیەکانمان لەسەر یادەکە و مێژووەکەی، دەکرا داهێنانێک لە بواری مێژوو و
گەشەپێدانی شار و پێشکەشکردنی چەندین توێژینەوەی زانستی گرنگی بە سلێمانی بدرایە،
لێرەدا نامەوێت باسی وردەکاری و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەراسیمە چەندبارە و
پچڕپچڕەکە بکەم، چونکە سەرنجەکان زۆرن و هەرگیز لەگەڵ باڵای ئەو مەڵبەندەدا
نایەتەوە، ئەوەی بەلامەوە زۆر گرنگ و جێگەی بایەخە وێڕای نەبوونی داهێنانێک لە
یادەکەدا، تا توانیویانە، بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، خستویانەتە خزمەت ویست و
ئارەزووی ئەوانەی هەرگیز چاویان بەشارە حەیاتەکە هەڵنەهاتووە، لەتوپەتکردنی
جوانیەکانی شار بە زوویی هەستی پێدەکرا و خۆی دەخزاندە ناو مێشک و دڵمانەوە،
بەجۆرێک ئاستی شێواندنیان تێپەڕاند بوو، کە هیچی لە فیستیڤاڵەکانی توور و تەڕەپیاز
جیاواز نەبوو.
لەڕۆژگاری
ئەمڕۆدا ڕووکەشگەرایی لەسەر حسابی ناوەرۆک ئاڕاستەیەکی مەترسیدارو وێرانکەری
وەرگرتووە، تائێستا کەسانێکی بە مەبەست دەنگ بڵندکراو واتێگەیشتوون، کە بەرنامە
سادەکانی (AI)
ناو مۆبایلەکانیان ڕووی گەشی پێشکەوتنیانە!
بەداخەوە لە
ماوەی ڕابڕوودا گۆرانییە نەتەوەیی و فۆلکۆرییەکانمان، کە میراتێکی کەلتووری و مۆرک
و شوناسی هەزاران ساڵەمانە کەوتۆتە بەر هەڕەشەی ژیری دەستکرد و بە بەرچاومانەوە
مێژووی هونەری نەتەوەیەک دەدرێت بەدەم هەباشەی ژیری دەستکردەوە!
ئەوەی جێگەی
سەرنجە ماوەی دوو ساڵە، لە ڕۆژی یادکردنەوەی شاری سلێمانیدا، لە ڕێگەی ئەی ئایەوە
یەکێک لە ئاوازە فۆلکۆرییە هەرە جوانەکان، کە زۆرینەی کورد ڕۆژگارێک لەگەڵیدا
ژیاون، دەکرێتە ترێندی سۆشیالمیدیا پانوپۆڕەکان. گۆرانی (بۆی دێنم)ی هونەرمەندی
ناوداری کورد مەزهەر خالقی، کە لەبنەڕەتدا هۆنراوەو ئاوازەکەشی فۆلکلۆرە و گوێی
هەموومانی بە سەدای بەرزی ئاوازی فۆلکلۆری کوردی گۆشکردووە، دەکەنە بابەتێکی نەشاز
و لەگەڵ تێکستێکی زۆر لاوازدا دەیکەنە گۆرانی یادەکە. لە ڕاستیدا ئەم کارە بە
بەرچاوی هەمووانەوە و لەژێر ناوی داهێنان و پێشکەوتندا، وێرانکردنی فۆلکلۆری
نەتەوەیەکە! چونکە خودی چیرۆکی گۆرانیەکە باس لە حیکایەتی خۆشەویستیەکی بێگەردی
ناو کۆمەڵگەی کوردی دەکات، کاتێک چیرۆکەکە باس لە دڵداری و سەربان و ئیشارەتی
نێوان لاوانی نیشتەجێی هەمان کۆڵان دەکات، سەربان و هاتوچۆو سەرەتاتکێ جۆرێک لە
بیرەوەری بیری هەمووان دەخاتەوە و بەشێکە لە بیرەوەری دەستەجەمعی شارێک یان
وڵاتێک، لەم جوانییەوە بابایەک دێت هەندێک وشە دەکاتە تێکستی ئاوازێکی وابەرز و بە
کۆمەڵێک وشەی ناڕێکوپێک ئاوازەکە تێکدەشکێنێت و لەگەڵیدا یادەوەری نەتەوەیەکیش
دەشێوێنێت. مامۆستا خالقی مەزن بەو دەنگە ئەفسوناویەیەوە دێت و تێکستی کەڵە
شاعیرانی وەک (نالی، وەفایی، بێخود، ئەحمەد موختاربەگی جاف، گۆران، بێسارانی، پیرەمێرد،
عابد سیراجەدین،...تاد) هەڵدەبژێرێت و بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە دەستوپەنجەی لەگەڵ
نەغمەو سەدای ئاوازەکاندا نەرمدەکات، کەچی بابایەکی بێ ئەزموون ڕەنجی دەیانی وەک
خالقی و گۆرانیبێژەکانی دیکە دەداتە دەست ئامێرێک کە بە دڵنیاییەوە خۆشی هیچی
لێنازانێت.
گۆرانیە
کۆنەکان بەشێکن لە ڕۆحی فۆلکلۆری کوردی، جێی داخە سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی، کە
ناوی فۆلکۆری و دروشمی قەبەی فۆلکۆریان هەڵگرتووە، لە ئاست ئەم وێرانکاریەی ئاوازی
گۆرانی (بۆی دێنم) نوتقیان لێبڕاوە، دەبوو ئەوان لانیکەم بە نیوەی دروشمەکانیان
کرداریان هەبووایە، هەرەها دەبوو وەزارەتی ڕۆشبیریش هەڵويستی هەبووایە و ڕێگری
بکردایە.
بە قەولی شێرکۆ
بێکەسی کەسی هەمووان دەنگی مامۆستا خالقی سنەوبەرێکی سەوزی چوار وەرزەی ساڵە،
ئەوپەڕی بێئەمەکییە بەرامبەر هونەر و مۆسیقای کوردی کەسانێک بۆ خۆشی خۆیان ئەو
گەنجینەیەمان بفەوتێنن و دەزگاو ڕێکخراوەکانیش تەماشاکەری بێئاگابن.
PM:06:35:16/11/2026
ئهم بابهته 644
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی