پارتی سیاسی و ئایین: هیوایەک بۆ ئاییندەی دامەزراوەکان

‌لاوک سەلاح

لە پاش فەسلێکی دوور و درێژ لە لاپەرە خوێناویەکانی مەرگ لە "دە" یەکانی رابردوودا؛ هەر لە جەنگەکانی ئەفگانستان و عێراق و داڕمانی دوو تاوەرەکەی ئەمریکا پاشان سەرهەڵدانی توندوتیژی گروپە سیاسییە بەناو ئیسلامییەکان کە بە پاساوی پاراستنی ئایینی ئیسلام و گەڕانەوەی شکۆ و پێگەی مێژووی ئیسلام لە جیهاندا لە ژێر چەندان چەتری سیاسی جیاوازی چەواشەکراودا ئیجتیهادیان بۆ تیرۆر دەکرد، پاش هەموو ئەو کارەساتە سیاسی-ئایینیانەوە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە پێداچوونەوەیەکی ریشەیی بە پەیوەندی نێوان دامەزراوە سیاسیەکان وەک پارتی سیاسی و دەوڵەت و دامەزراوە ئایینیەکان بکرێت کە هەموویان مرۆڤ ئیدارەیان دەکات و ئەو راستیانە بزانرێن کە هاوکێشەی ئەم پەیوەندییە هەستیارەی بە درێژای چەندان قۆناغی مێژوو شێواند.

مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینە لەو خاڵەوە دەستی پێکرد لە پاش ئەو هەموو مەرگە، ئەو هەموو قوربانی و چەواشە سیاسییە، بێ دەنگییەکی فیکری بێ گیان و رۆح لە ئارادایە، هەر وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، و کەس نەبووبێتە قوربانی و هیچ نەتەوەیەک و پێکهاتەیەک زیانی کوشندەیان پێ نەگەیشتبێت. بۆ ئەوەی بە ویژدانەوە قسە بکەین هەوڵی تاکە کەسی هەبووە و هەیە، بەڵام نەچوونەتە خانەی پرۆژەیەکی دەستەجەمعی بۆ راستکردنەوەی چەمکە سیاسی و ئایینییەکان و هەڵسەنگاندنی ئەزموونە تاڵەکان، بڕوانە، یەک ناوەندی فیکری پسپۆر لە هەرێمی کوردستان نییە کە بوێرانە توانای ئەوەی هەبێت دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە ئایینەییەکان، بابەتییانە، بهێنێتە گۆ و دایالۆگێکی شارستانی لەگەڵ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە هەر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکە بێنێتە ئاراوە، ئەم دایالۆگە سیاسییە نیشتمانییە فراوانە دەبێت جێگای گەمە سیاسییە باوە ساویلکەکان بگرێتەوە، بێ دەنگی ئەو تەوژمە سیاسییە ئیسلامیانە لە ئێستادا مانای نەمانیان ناگەیەنێت.

مەبەستی سەرەکی ئەو دایالۆگە جیاکردنەوەی رەوتە ئیسلامییە نیشتمانییەکە بێت لەوانەی مزگەوت کە ماڵی خودایە بۆ مەبەستی تایبەت بەکار دەهێنن و مۆنۆپۆلی دەکەن، دووریش نییە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە ژێر زەمینە تاریکەکانەوە پاڵەوانی نیشتمانی دروست بکرێت بۆ ئیدارەدانی نیشتمان، خوانەخواستە، ئەگەر ئەم فۆرمی ئیدارەی ئێستا بەرەو ئاڵۆز بوون بڕوات و متمانەی نێودەوڵەتی لە دەست بدات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەبن گۆرانکاری سیاسی لە کۆی سیستمی سیاسی بکەن، بۆ نموونە، رێ نادەن سەرچاوەکانی وزە بکەونە دەست گروپی سیاسی یاخود سیاسی-ئاینییەوە.

ئەو گروپە توندرەوانە، لە بنچینەدا، مێژووی بونیاد و پەیکەر و کاری پارتە ئیسلامیەکانیان لە مێژووی هاوچەرخی ئیسلامدا تێپەڕاند، گروپە ئیسلامییەکان سەرەتا وەک "داعیە" لەگوند و شارۆچکەکانی دەوڵەتە عەرەبییەکان و وەک رێکخراوی خێرخوازی خۆیان بە خەڵک دەناساند. لەو ژینگە هەژارانەدا جوڵەی سیاسیان دەکرد کە هی توێژە کۆمەڵایەتییە کەم دەرامەتەکان بوون، بۆ نموونە، لە میسر، ئەندامە سەرەتاییەکانی گروپە سیاسییە ئیسلامییەکان کەسانی خوێندەواری قووڵ نەبوون، دەرچووی زانکۆ نەبوون، بەڵکو ئەو کەسانە بوون کە لە پیشەی جیاوازدا کاریان دەکرد، بەڵام دواتر بە پشتیوانی دەوڵەتانی دەرەوە، ئەجەندا و بەرنامەی سیاسیان دەگۆڕن و لە پاش هاوپەیمانیەتی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، دەبنە نەیار و میکانیزمی کاری سیاسییان، بە بڕوای خۆیان، بۆ بەرگری لە خۆیان، دەگۆڕن و دەست دەدەنە تیرۆری سیاسی دژ بە ئەندامانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی دیکە و دەبنە بەشێک لە گەمە سیاسییە گشتییەکە. لەم قۆناغەدا ئەوەی جێ سەرنجە، گروپە سیاسیە ئایینیەکان دژی ئاینێکی دیکە نەدەجەنگان، بەڵکو لە نێو "مەنزومە" و مێژووی دەوڵەتێکی ئیسلامی جووڵەیان دەکرد بۆ گەیشتن بە دەستەڵات و لەوێوە پرۆگرامێکی سیاسی لە ژێر پەردەیەکی رەشی دیاریکراودا جێبەجێ بکەن.
ئەوەی روویدا پەیوەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نەبوو، ئەوە دەوڵەتان بوون، بۆ بەردەوامی جەنگەکانیان ئایینی ئیسلامیان سیاسیانە وەک قەڵغان بەکارهێنا. گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان نەوەک هەر خۆیان لە گەوهەری ئیسلام دوور دەخستەوە بەڵکو زیانێکی گەورەیان لە بنەما و کۆڵەکەکانی ئیسلامدا و دامەزراوە ئایینەیەکانی وەک "ئەزهەر"یشیان لە میسر ئیفلیج کرد بەوەی نەهێڵن هیچ جۆرە پرۆژەیەکی هۆشمەندی ئایینی لەسەر کرۆکی رۆڵی ئایین بڵاو بکەنەوە، رەنگە ئەوە مەبەستە سەرەکییەکەی دەوڵەتە ئیسلامییەکان بووبێت!

ئەم دەوڵەتانە لە بری خوڵقاندنی پرۆژەیەک بۆ گەشەسەندنی ئایینی ئیسلام لە مێژووی سیاسی هاوچەرخدا بەرەچاوکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کەلتووری دەهاتنە ئاراوە، دەهاتن چەند لاپەرەیەکیان لە ئایینی سیاسی هەڵدەبژارد و رەواییان بە جەنگەکانیان دەدا و بەکاریان دەهێنان، نموونەیەکی سادە، ناونانی هەڵمەتەکانی قڕکردنی کورد بە ئەنفال، جورئەتێکی سیاسی دەوێت کە ئایین پێشێل بکەیت و مێژوو چەواشە بکەیت و ئێستا و ئاییندە بکەیتە قوربانی. ئاشکرایە، ئەمە ترۆپکی تاوانی دەوڵەت بوو کە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی بێ دەستەڵات ئەنجامدرا. بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام، لە پاش هەرەسی ئایدۆلۆجیای سیاسی کۆمۆنیستەکان و قەومییە فاشییەکان بەو فۆرمە سیاسیەی کە هەموو ناسیمان بەکارهێنرا، کێ بەکاریهێنا؟ چۆن بەکارهات؟ لە پەرەگرافەکانی دواتردا باسیان لێوە دەکەین.

لە مێژووی هاوچەرخدا، گروپە سیاسییە ئیسلامییەکان بوونە خاوەنی نوێترین تەکنەلۆجیا، باشترین راهێنایان لە رۆژئاوا بۆ دابین کرا بۆ ئەوەی بەرامبەر بلکۆی سۆڤیەتی جاران بوەستنەوە. ئەو کات ئایین دژ بە ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیست لە لایەن دونیای سەرمایەدارەوە بەکار هێنرا بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیست کە سۆڤیەتی جاران رابەڕایەتی دەکرد. ئەم گروپانە گروپی تەسەوف نەبوون، داعییەی ساف و بێگەردی ئیسلام نەبوون، ئەوان نوێنەرایەتی دەوڵەتانیان دەکرد یاخود لەبری دەوڵەت دەجەنگان و بەرژوەندییە سیاسی و ئابووری دەوڵەتانیان دەپاراست، هیچ عەقیدەیەکی باشتر لە ئیسلام لە ئارادا نەبوو کە خەڵکی پی کۆبکەنەوە و بازرگانی بە چارەنوسی نەتەوەکانەوە بکەن و دواتر بێکەسانە بۆ برسێتی و بێ دەرامەتی ونەخۆشی و پەتا بەجێیان بهێڵن، بێ ئەوەی ئاییندەیەکی روون هەبێت بۆ ژیان و بۆ گوزەرانی نەوەکانیان.

هەرەسی سۆڤێت، ئەو بۆشایە سیاسییە و ئەو زەمین و دۆخە سیاسیەی خوڵقاند کە پەنابردن و بەکارهێنانی چەوتی ئایین بەرامبەر پارەیەکی کەم کارێکی ئاسان بێت بۆ دامەزراندنی سەدان و هەزاران کەس لە نەوەکانی پاش جەنگە سەختەکان کە بەو شێوە چەواشەیە بە دوای ناسنامە و کەسایەتی نیشتمانی خۆیاندا بگەرێن و لەو بڕوایەدابن کە فریادرەس ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ میراتی ئایینی کۆن و یۆتۆبیای ئایین لە رابردوودا کە فۆرمێکی نموونەی بۆ ژیان و بۆ پەیوەندیکردن بە "بەهەشت"ەوە پێشەکەش دەکات و چارەسەرێکی ریشەیی دەبێت بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی و دیسپلین کردنی کەسەکان و لەوێشەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی وزە بۆ مەرامی نوخبەیەک کە یارمەتی پێشبرکێی سیاسی دەدات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستەڵات سوپایەک لە گەنجان لە سەرتاسەری وڵاتانی دەرەوەدا کۆبکرێنەوە و راهێنانیان لەسەر توندوتیژی پێبکەن.

لە رووی فیکرییەوە، ئەو هەوڵە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە تیۆرییە سیاسی بوو کە هەموو کۆمەڵگەیەک پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ناوخۆی رێکبخات. بە مانایەکی سادە بەکارهێنانی ئیسلام لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی کە گروپی سیاسی ئیسلامیان دروست کردبوو، خوڵقاندنی عەقیدەی شەڕ بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەی ناوچەکە، ئەوەی دەگوزەرا بەکارهێنانی سیاسی چەواشەکراوی ئایین بوو بۆ بەخشینی رەوایەتی بە جەنگی بەردەوامی وزە. کار لەسەر غافڵکردنی کۆمەڵگەکان دەکرا!
لە راستیدا ئایینی ئیسلام وەک هەر ئاینێکی دیکە مافی خۆیەتی پارتی سیاسی و رێکخراوی خێرخوازییان هەبێت، هەروەک پارتە مەسیحییەکانی ئەوروپا، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە سیاسەتیان دەرکرد و وەبەرهێنانیان لەسەر نەخوێندەواری و نایەکسانی و نادادپەروەری و برسێتی و گەندەڵی دەستەڵات و بێکاری دەکرد.

ئەوەی مایەی سەرنج و تێبینییە ئەو پارت و گروپە ئیسلامییە سیاسیانە هەر وەک چۆن لە لایەن دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و رۆژئاوا دروست کران، هەر لەو دەوڵەتانەوە، کە کاریان پێ نەما، کپ و بێدەنگیان کردن. خاڵێکی دیکەی پەیوەست بە ستراتیژیەتی ئەو گروپانە ئەوە بووە کە هەمیشە لە نێو دەستەڵاتەوە کاریان کردووە، ئەمە ئاماژەیەکی زۆر سادەیە کە ململانێکان بۆ هێنانەکاییەی پرۆژەیەکی رۆشنفیکری ئیسلامی نەبووە، ئەوەندە بۆ دەستگرتن بووە بەسەر دەسەڵاتدا، خاڵی سێهەم پرۆژەی ئەو گروپە ئیسلامە سیاسیانە بە شێوازێکی ئینتقائی و بە هەوەسی خۆیان ئایینیان بۆ مەرامی سیاسی بەکارهێناوە.

لە راستیدا لەو تەرحانەی کە لەم دوایدا ورۆژێنرا ئەوەیەکە کە ئایننی ئیسلام دەبێت لە ئاستی خێزاندا بمێنێتەوە و ئیسلام ئایینی سۆفییەکانە، ئەم جۆرە تەرحانە دەخوازێت روویەکی گەشی ئیسلام وەک گەوهەر دەربخات و لە توندوتیژی سیاسی دایماڵێت، بەڵام بەو شێوەیە،کارەکە ئامانج ناپێکێت، لەبەرئەوەی ئاینی ئیسلام، ئایینی دامەزراوەیە، ئەگەر وانەبوایە دەوڵەتان نەیاندەتوانی بەکاری بهێنن، هەر بۆیە ئەو تەرحانە دەبێت قووڵتر بڕوانێتە رۆڵی ئیسلام لە کۆمەڵگەدا و یارمەتی ئیسلام بداتەوە کە پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەدا وەدەستبهێنێتەوە، ئەم کارەش بەبێ بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی لێبوردە مەحاڵە، و بەبێ بوونی پرۆژەی زانستی-ئایینی سەرکەوتوو نابێت. سڕینەوەی رۆڵی ئیسلام و بەجێهێشتنی مزگەوتەکان بۆ کەسانێک کە بۆ مەرامی شەخسی بەکاری دەهێنن زیان بە گەوهەری کاری مزگەوت و ناوەرۆکی پیرۆزی قورئان دەهێنێت و دواتر بە خۆپیشاندان و تۆرەیی و شت سووتاندن دۆخە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکەن و ئەنجامیش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، لەبری بەرجەستەکردنی بنەماکانی چەمکەکانی لێبوردەی و پێکەوە ژیان و دیموکراسی شانە نوستووەکانی گروپە ئیسلامییەکان زیاد دەکات، بە پاساوی بەرگریکردن لە سڕینەوەی ناسنامەی ئایینیان، چەندان فۆرم لە تیرۆر دەگرنە بەر.

پوختەی قسە: کاتی گونجاوی خۆیەتی بە دیدێکی فراوانتر لە رۆڵی ئاینی ئیسلام و دەوڵەت بڕوانین، بەرپاکردنی دایالۆگێکی شارستانی بەردەوام بەمەبەستی ئارامکردنەوەی سەنگەرە سیاسییە پڕ وەهمەکان کارێکی پێشینەی دەوڵەتە، دارشتنی بنەما سەرەکییەکانی هاوڵاتیبوون دەبێتە چوارچێوەیەکی یاسایی کە سەروەری نیشتمان و ئەرک و مافی هەموو لایەک دەپارێزێت. ئایینی ئیسلام بەتەنها ئایینی نێو خێزان و دوعا نییە، ئایینێک چەندان دامەزراوە پشتگیری دەکات و پێویستە ئەو دامەزراوانە شان بەشان گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگە کارەکانیان فراوان بکرێن و تەوەرەکانی ئەرکەکانیان راست بکەنەوە، سەرەتاش بوێرانە، لە ئیدانەکردنی داعشەوە دەست پێبکات.


PM:03:41:14/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 12 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی