بڕوخێ دیموکراسی

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

تێگەیشتن لە ئایدۆلۆژیای نادەوڵەتی جیاوازە لە ئایدۆلۆژیای جێگیر لەناو پایەکانی دەوڵەتدا، لە هەرێمی کوردستان "یەکێتی و پارتی" هێشتا ئایدۆلۆژیای نادەوڵەتی پراکتیزە دەکەن و نەچوونەتە نێو قوڵایی پرۆسێسە دیموکراسیەکان و جەوهەری کاری پەڕلەمانیەوە، سروشتی بازنە وکۆمیتەو ناوچە حیزبیەکان و خێڵ و قەڵەمڕەوی سەربازی و سایکۆلۆژیای کادری حیزبی و بنەماڵەیی هێشتا بەهەند وەردەگرن، بۆیە دەبێت سازش لە چەمکە تیۆریەکانی دیموکراسی و بەشێک لە کەلتوری هەڵبژاردن بکەن وبیخەنە پشت کەنوو بۆ رۆژی خۆی.
 
دابەشکاری پۆستە حکومیەکان لە دەرەنجامی پرۆسەکانی هەڵبژاردن و کورسی پەڕلەمانی و نیسابی یاسایی هی دەوڵەتی تێرو جێگیرە، ئەوانەی بەتەواوی ڕۆچوونەتە نێو رۆحی پەڕلەمان و جەوهەری یاساکانیەوە، نابێت ئەم دوو هێزە دابەشکاریەکان بەپێوەری دەنگ و کورسی بپێون، دەبێت بیخەنە دەرەوەی گفتوگۆکانی پەڕلەمان و کورسی، چونکە ئەوە زیاتر سەربەکەلتوری دەوڵەتی دامەزراوەیی و خاوەن دەستورە نەک هەرێمێکی پڕلە کێشەو ئاریشەو قەپاڵی بەرەدەم دەوڵەتانی دراوسێ.
 
تا ئەم ساتەوەختە، درزو بۆشایی و بێمتمانەیی گەورە دروست نەبوە لە نێوان  "پارتی و یەکێتی" وەک دوو براوەو پێکهێنەری سەرەکی حکومەت، کە نەتوانن لەسەر پۆست و ئیمتیازاتەکان قسە بکەن، ئەوەی لە نێوانیاندا ماوە گەلێک زۆرترە لەوەی نەماوە، بەرژەوەندیی حیزبی و حکومیی، هەماهەنگی هێزەکانی پێشمەرگەو سوپاو دەڤەرەکانی یەک و دوو، هەناردەی نەوت و گاز پێکەوە، تیمی هاوبەشی دانوستانکاری بودجەو شایستە داراییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێکەوتنی ستراتیژیی بەجۆرێک لەجۆرەکان ماوەو بەردەوامە کە بەڕێککەوتنی مادلین ئۆلبرایت ناودەبرێت، واتە هەماهەنگی زیاترە لە پەرتبوون و لێکترازان، سەرباری هەموو ئەوانە مەترسیەکان هێشتا لەسەر قەوارەکە هەیەو مەترسی گشتین، بۆیە لەبری گەڕان بۆ ململانێی توندو بێ سەبر، گرنگە بۆ مۆدێل و پارادایمێکی حوکمڕانی هاوسەنگ بگەڕێن و ڕێککەوتن لەسەر ئەمە بکەن. ئەوەش دەزانین لەدەرەنجامی چەندین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان هیچ هێزو بەرەیەکی ڕادیکاڵی نوێ دروست نەبوە هەڕەشە بێ‌ لەسەر حەزف و قەزف و سڕینەوەی ئەو دوو هێزەو بەرژەوەندیەکانیان، هێشتا درزی گەورە نەکەوتۆتە نێوان یەکێتی و پارتی و دەستکاریی قاڵبە کۆنکرێتیەکانی ئەو دوو مەدرەسە مێژووییە نەکراوەو بانگەشەی پارادایمێکی تر بۆ حوکومڕانی لەئارادا نیە، ئەی کەواتە بۆ ڕێک ناکەون و کێشەی ئەم دوو هێزە چییە؟
 
کێشەی مۆدێلی حوکمڕانیی یان مۆدێلی نادادی و نایەکسانی؟
 
کێشەی ئەم دوو هێزە هەرچیەک بێت کێشەی مۆدیل و پارادایمێکی تازە نییە بۆ حوکمڕانی و تاڕادەیەک لەیەک دەچن و سەربەیەک جۆر مێنتاڵیتی و مەدرەسەی فیکری و ئایدۆلۆژین و راست و چەپی قەوارەکەن، گرفتە سەرەکیەکە ئەوەیە پشت بەیەک نابەستن و لەیەک دڵنیا نین و ناشتوانن بەبێ یەکتری دەسەڵاتی هەرێم بەڕێوەبەرن، ناتوانن لایەنی دیکەش بکەنە شەریک و یەکتر بکەنە دەرەوەی بازنەکە، خۆزگە حیزبی بێ ڕوئیاو بەناو بێلایەنی بچووک ئەکرایە دەرەوەی ئەم ململانێ تازەیەو حکومەتی بنکە فراوان نەدەما، ئاخر بێلایەنی چ مانەیەکی هەیە لەم دۆخە، یان لایەنگری دۆخی نیساب بەو لەگەڵ پارتی بوەستە، یان وەرە دەرەوەی پەڕلەمان و دژی دۆخی نیساب بوەستە لەگەڵ یەکێتی بەدەنگی بەرزو ئەم نیفاقە سیاسیە وازلێبهێنن.
 
پارتی و یەکێتی حیزبی ئۆپۆزسیۆن نین بەئاسانی دەسەڵات وازلێبهێنن وەک هەندێک شرۆڤەی دەکەن، سی بۆ چل ساڵە حیزبی بەرهەمهێنانی پۆست و ئیمتیازاتن، ئەزموونەکەیان ئەزموونی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتگەری تێکەڵی حیزبی و چوارچێوەی نادەوڵەتیە نەک دەوڵەتی، حیزبی دەسەڵات و دارایی و نەوت و کۆمپانیاو دەزگای ئەمنی و ئیستیخباراتن، ناتوانن لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومی بژین، حکومەتی هەرێمیش درێژکراوەی مەدرەسەو کەلتوری شەستەکانە تا بەرەی کوردستانی و ئێستا، بۆیە ئەم دوو هێزە نابێت بە پێوەری دەنگ و کورسی بکەونە گفتوگۆو دانوستان، بەڵکو دەبێت وەک هێزو مێژوو ئەدەبیات و ناوچەی جێ نفوزو جوگرافیا مەمەڵە بکەن و پێکەوەبن و ڕێککەوتنی نوێ بهێننە ئارا، هیچ نەبێ‌ بۆ ئەم قۆناغە.
 
ئەوەی بڕێک عەقڵانیەتی سیاسی تێدایە بۆ سازانی ئەم دوو هێزە، ئەوەیە چاویان لەکورسی نەبێت، دەرکەوت کۆنسێپتی دیموکراسی و کورسی و دیدگا پەڕلەمانیەکان بۆئەم قۆناغە ناخوات و نەیتوانیوە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزیی و یەکبوون بێت، ئینجا پەناش مەبەن بۆ کورسی کەمینەی لایەنی دیکە، ئەم دوو هێزە کەخۆیان بتوانن نیساب تەواو بکەن و بەتەنها حکومەت پێک بهێنن و ئەوەندە عاشق بە توڕەبوون و کەللەڕەقیەکانی یەک بن، چ پێویست دەکات پەنا بۆ کورسی و هاوبەشی لایەنەکانی ترو حکومەتی بنکەفراوان و دڵڕازیکردنی خێڵ و حیزبۆچکە ببەن؟ لەکاتێکدا لەچەندین جێگاو شوێن و کەناڵی سیاسی و دیبلۆماسیدا پێویستیان بە سازانی یەکتری هەیە بەتایبەتی لە بەغداد.
 
دەرکەوت مانۆڕو دانوستانی نهێنی لێرەو لەوێ لەگەڵ حیزب و پارتی بچوک و ئۆپۆزسیۆنی لاوەکی و زمانی توندو بەلاغیانەی شەڕی ناوخۆ، بۆ ئەم  دۆخە هەستیارە، سودی نیەو قەوارەی هەرێم لە مەترسی نزیکتر دەکاتەوەو هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆنیش هەرئەو تارگێتەیان دەوێ و کەیفیان پێ دێ، بۆیە درۆ لەپێناو چاکەی گشتیدا فەزیلەتە، گۆرانی و سەماش لەگەڵ تۆنەکانی دیموکراسی وەهمە، دیموکراسیش لەگەڵ ئاشتەواییدا جوانە نەک لەگەڵ جەنگ و ئاشوب بۆیە بڕوخێ ئەم جۆرە لە دیموکراسی لەخاچدراو.


PM:01:47:11/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 32 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی